سەرەکی » دۆسێ » پەرلەمانتارێكی مەسیحی بۆ (كورستانی نوێ‌) هەڵسەنگاندن بۆ حكومەتی نوێی عیراق دەكات

پێیوایە دەستەواژە ئەرێنییەكان بەدی دەكرێن

پەرلەمانتارێكی مەسیحی بۆ (كورستانی نوێ‌) هەڵسەنگاندن بۆ حكومەتی نوێی عیراق دەكات

پەرلەمانی عیراق لە شەوی 6ی ئایاری 2020، متمانەی بەخشی بە كابینە وەزارییەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كە لێوەی سەركردایەتی عیراق دەكات لە قۆناغی راگوزەریی بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وڵات، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەر بە پێكهاتەی مەسیحی، بۆ (كوردستانی نوێ‌)، كابینە وەزارییەكەی كازمی و ئەرك و بەرپرسیارێتی حكومەتی نوێ‌ لە سایەی ئەم رەوشەی عیراقی پێدا تێدەپەڕێت هەڵدەسەنگێنێت.

سەرەتای دەستبەكاربوون
بورهانەدین ئیسحاق، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی عیراق، بۆ (كوردستانی نوێ‌)، لەبارەی دەستەواژە سەرەتاییەكانی دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق، رایگەیاند:»مستەفا كازمی هێشتا لە سەرەتای گرتنەدەستی پۆستی سەرۆك وەزیراندایە، لە سەرەتای ئەم كاروانەشدا دەستەواژەی ئەرێنی و هەنگاونان رووەو چاكسازیی بەدی دەكرێت ، بەڵام ئەو چاكسازییەی لە كارنامە حكومییەكەیدا باسی كردووە، تائێستا رۆڵی راستەقینەی خۆی نەبینیوە، بۆیە هیوادارین گرتنەبەری رێوشوێنەكان لە ئازادكردنی زیندانییان و خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازە دەستگیركراوەكان و بەسزاگەیاندنی بكوژانیان بەئەنجام بگەیەنێت».
لەبارەی چاكسازی ئابوریی و بنبڕكردنی گەندەڵیش، بورهانەدین ئیسحاق وتی:»بۆ چاكسازی ئابوری لە وڵاتدا، پێویستە كازمی بە دەستپێكی ئاسنین رووبەڕووی گەندەڵكاران ببێتەوە، گەندەڵكاران ئاشكران كێن و كێن ئەوانەی سەركردەی گەندەڵكارانن لە عیراق، بۆیە هیوادارین هەموو ئەوانەی راپێچی دادگا بكات، بە تایبەتیش لەم تەنگژە ئابورییەدا كە عیراق گیرۆدەی بووە».

دەستپێكی كارەكانی حكومەتی نوێ‌
بورهانەدین ئیسحاق دەڵێت:»عیراق لەئێستادا بە رەوشێكی ئابوری قورسدا تێدەپەڕێت، بە تایبەت كە تائێستا بودجە پەسەندنەكراوە، نرخی نەوت دابەزیوە، لەم رەوشەدا ئەگەر بێت و كازمی بتوانێت عیراق لە چنگی چەند گەندەڵكارێك رزگاربكات، ئەوا كارێكی باشە، سەبارەت بە دەستپێكی كارەكانیشی،دەتواژەكان ئەرێنی دەركەون، بەڵام هیوادارن لەسەر ئەم رێڕەوە بەردەوام بێت و عیراق بەرەو هەڵبژاردنێكی پێشوەخت و ئازاد و بێخەوش و كار بۆ پەسەندكردنی یاسای بودجە و یاساكانی نەوت و غاز و مافەكانی مرۆڤ بكات و هەوڵ بۆ پەسەندكردنی یاسای دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بدات».
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە:»لەئێستاوە ناتوانیین هەڵسەنگاندنی تەواەوەتی بۆ كابینە وەزارییەكەی كازمی بكەین، بەڵام لە دوای 100 رۆژ دەكرێت هەڵسەنگاندن بۆ كاری حكومەت بكرێت كە هیواخوازین ئەرێنی بێت».

كازمی و خۆپیشاندەران
لەبارەی تەوژمەكانی ناڕەزایی لە عیراق و بەدەنگەوەچوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق، بۆ داخوازیی و داواكاریی خۆپیشاندەران، بورهانەدین ئیسحاق دەڵێت:»با بە راشكاوانە قسە بكەین، هەموو سەرۆك وەزیرەكان لە كارنامەی حكومی خۆیاندا بەڵێنیان داوە لەو ئاستی بەدەنگەوەچوونی خواست و داواكاریی و داخوازیی عیراقییەكاندابن، ئەمە بەر لەوەی خۆپیشاندانەكان سەرهەڵبدەن،لەدوای خۆپیشاندانەكان و ئەو رووداوانەی هاوشانی خۆپیشاندانەكان بوون، مستەفا كازمی كە لەو دەمەدا سەركردایەتی گەورەترین دەزگای ئەمنی كردووە لە وڵاتدا، بۆیە بە دڵنیاییەوە خۆپیشاندەران داوای مافەكانیان دەكەن، داوای بەسزادانی بكوژەكانیان دەكەن، دەوای تۆڵەكردنەوەی خوێنی رێژراوییان دەكەن، بە دیوێكی تردا داوا دەكەن ئەو لایەنانە ئاشكرا بكرێن كە دەستییان لەو تاوانانەدا هەبوو، بۆیە كازمی كە لەو دەمەدا سەركردایەتی دەزگای هەواڵگری دەكرد، دەبێت ئاگاداری ورد و درشتی رووداوەكان بێت و بە دڵنیاییشەوە، دەزانێت ئەوان كێبوون كە لە خۆپیشاندەرانیان دەدا و خۆپیشاندەرانیان ئازاردەدا، بۆیە هیوادارین پەلە بكات لە بەدەنگەوەچوونی خۆپیشاندەران و راپێچكردنی تاوانباران بۆبەردەم دادگا، بەمشێوەیە راپەڕین و لاوە خۆپیشاندەرەكان كاردانەوەی ئەرێنی زیاترییان دەبێت، گەر ببینن داواكاریی و داخوازییەكانیان دەهێنرێتەدی».

هەڵبژاردنی پێشوەخت
بورهانەدین ئیسحاق، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی عیراق لەبارەی زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وڵاتدا، پێیوایە:»لە كارنامەی حكومەتەكەیدا، كازمی دەڵێت كار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، بەو پێیەی داخوازیی لاوانی خۆپیشاندەرە و بەرنامەیەكی هەڵبژاردنی نوێ‌ دادەنێت و كۆمسیۆنێكی تر پێكدەهێنێت، ئەگەر ئەمانە بهێرێنەدی، ئەوا خۆپیشاندەران چی دییان ناوێت، ئەوان نیشتمانیان دەوێت و نیشتمانیش پێویستی بە ئازایەتی و چاونەترسییە بۆ هێنانەدی ئەو داواكارییانە، لە دوای ئەوەش بە دڵنیاییەوە خۆپیشاندانەكان هێوردەبنەوە و وڵاتیش ئارام دەبێت».

print

 191 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*