سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » رۆشنبیریی دەمامکەکان

رۆشنبیریی دەمامکەکان

ژینگەی گوند و ژینگەی شار «سلێمانی»، دوو جیهانی زۆر دژو پێچەوانە بەیەكترن لەمەڕ پرسی كۆرۆنا، لە گوندەكاندا ژیان هێشتا پاڵتۆیەكی كۆنی مێژوویی لەبەردایە و بەهەمان هەنگاوی جارانی رێ دەكات، بەڵام ئێستا لە سلێمانی هەست دەكەم لە تەنیشتمەوە دەنگی تەقینەوەیەك دێت و ناوی كۆرۆنایە!، وا هەست دەكەم لەم رێڕەوەی ژیانەدا هاوڕێكانم پێیان خستۆتە سەر بۆمبی كۆرۆنا، یان لانیكەم دەنگی كۆرۆنا ئەوەندە نزیكمانە، ناوێرین زۆر ئازادانە وەك جاران هەنگاو هەڵبهێنین.

دەنگی گریان دەبیستم، ئەمڕۆ وا هەست دەكەم هەموو گریانەكانی ئەم شارە مەرگی ئازیزێكیانە بە كۆرۆنا، ئیسعافەكە بە گوزەرەكەی (تووی مەلیك)دا دێت و بە خێراییەكی زۆر دەی ئاژوێ بەرەو نەخۆشخانەكە و من دەڵێم ئەوە نەخۆشێكی تریش بە كۆرۆنا مرد.

چەند مانگێك پێش ئێستا كە بەسەر رێگاكەی كەلار ــ سلێمانیدا دەهاتمەوە بۆ سلێمانی، هەستم دەكرد ئێمە لەناو شەڕێكی قورسی خراپی رێگاوبانەكانی گەرمیانداین، بەڵام دواینجار (7/6/2020) كە بەو رێگایەدا گەڕامەوە بەرەو سلێمانی، هەستم وابوو شەڕی ئەسڵی لەپێشەوەیە و بەرە و قووڵایی شەڕەكە دەڕۆم.

ئێستا لە فولكەكانی (باوەنوور)دا یان لە پێچاوپێچەكانی تونێلی دەربەندیخاندا تیژ رۆشتنی ئەمبوڵانسەكان بەرووداوی هاتووچۆ نازانم، ئاوەزم پێم دەڵێت ئەوە تووشبوویەكی تری كۆرۆنایان بەرەو سلێمانی تاودا.
ئێستا دایكم و دوو خوشكەكەم كاتێك ماچی ماڵئاواییم دەكەن، دەڵێن وریای خۆت بە، كۆرۆنا تەشەنەی كردووە، پێچەوانەی جاران كە دەیانوت: «ئاممان پەلە مەكە لە لێخوڕیندا، منیش وەعدم پێ دەدان بە خێرایی لێنەخوڕم، ئێستا دەبێت وەعدیان بدەمێ خۆم دەپارێزم لە بەڵای كۆرۆنا.

ئێستا زیاتر لەجاران مردن رام دەچڵەكێنێت!، ئێستا پێموایە مردن لەهەموو كات زیاتر لێمانەوە نزیكە. ئێستا لەهەموو كات زیاتر ترسنۆكم لەئاست مردندا، من چەند ترسنۆكم، هاوڕێكەم لەتەنیشتمەوە دەڵێت بەیانیت باش، من ناوێرم تەوقەیەكی لەسەر سوننەتی پێغەمبەر لەگەڵ بكەم و بڵێم تەوقەكردن خۆشەویستیی زیاد دەكات!

ئێستا لەشوێنی كارەكەم تاكو شوێنی حەوانەوەم، بینینی كەمامە بەدەمەكان و دەستكێش لەدەستەكان بە فشەو پۆز و تەقلید و….هتد نازانم، بەڵكو پێموایە كەمامە بەستن و دەستكێش لەدەستكردن، نیشانەی رۆشنبیریی كەسەكانە لەبەرامبەر بەڵای! كۆرۆنادا.

print

 369 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*