سەرەکی » وتار » د.ئه‌رسه‌لان بايز‌ » بۆ كێ دەنووسی…؟

کـۆڵەپـشت

بۆ كێ دەنووسی…؟

(93)

# تۆ بۆ دەنووسی… بۆچی قسە بۆ ڕادیۆو تەلەفزیۆنەكان دەكەیت… پێم ناڵێی بۆ كێ قسە دەكەیت و دەنووسی…؟ تاكەی دەنووسی. تاقەتت لە سیاسەت و نووسین نەچووە…؟ تۆ ئەزانی لە كەیەوە سەرقاڵی سیاسەت و نووسینی… ئەوەتا ڕیشت سپی بووە… پێم بڵێ‌ كەی واز دەهێنی و بە ئارامی دادەنیشی…؟ ئێستا… ئەم تەمەنەی تۆ هی ئەوەیە جنێوت پێ بدرێت… ئاگات لەوەیە كە ئێستا كەسانێك پەیدابوون ئاگاداری خەبات و ماندوو بوونی كەسانی پێش خۆیان نین. ئەوان بە چاوی ئێوە سەیری شۆڕش و قوربانی و قۆناغی زیندان و پێشمەرگایەتی ئێوە ناكەن. هەر لە خۆیانەوە ڕاست و چەپ شمشێر دەوەشێنن و جنێو دەدەن. بەسە… بەسەو چیتر ئێمەش بە خۆتانەوە سەرقاڵ و ماندوو مەكە. (ئەمانەی سەرەوە گلەیی و ڕەخنەكانی حاجی عەلی بەگی برا گەورەم بوو).

# ڕۆماننوسی ناسراوی تورك (ئۆرهان پامۆك) دەگێڕێتەوە: بە هۆی دەربڕینی هەندێ‌ ناڕەزاییم لەسەر چەند لاپەڕەیەكی مێژووی كۆنی سەردەمی حوكمڕانێتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەلایەن توركە نەتەوە پەرستە توند ڕەوەكان ڕاكێشی بەردەم دادگا كرام.

نووسەری (ژاپۆن)ی (كێنزابۆرۆ ئی.م) نووسیویەتی: كاتێك لە (تۆكیۆ) داوای ئەوەم كرد. قسە لەسەر ئەو دەستدرێژییانە بكرێت كە لە كاتی داگیركردنی ژاپۆن بۆ سەر چین و كۆریا كراوە لەلایەن ناسیۆنالیستە ژاپۆنیەكان دووچاری پەلاماردان بووم.

# دوای ساڵەها كاركردنم لە جومگە سەرەكیەكانی (ی.ن.ك). هەر لە دەسپێكی سەرپەرشتی كردنی ڕادیۆی شۆڕش لە مانگی ئەیلوولی ساڵی (1980) تا كۆتایی ساڵی (2019)، لە ژێر چاودێری و لێپرسراوێتی پیاوێكی گەورەی ناودارو ووردبینی وەكو مام جەلال . خوا لە ئاسمان و خوێنی شەهیدانیش لەسەر زەمین ئاگادارن كە دەمێكە چاوم لە هیچ پۆست و لێپرسراوێتیەك نەماوە. بەتایبەتیش دوای نەخۆش كەوتن و كۆچی دوایی مام . پڕ بە دڵیش هیوای سەركەوتن بۆ سەركردایەتی نوێی (ی.ن.ك) دەخوازم.

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە (وەكو هاوڵاتیەك) لێپرسراوێتی نەتەوەیی و نیشتمانیم لە ئەستۆدا نەماوە. مانای ئەوە نییە لەسەر ئەو هەڵەو كەم و كوڕیانەی كە خوا نەخواستە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان ببێتە هۆی لاوازكردن و بەلاڕێدا بردنی (ی.ن.ك)، یان لەكەدار كردنی ئەزمونەكەمان، سەر لەنوێ‌ دابەش كردنەوەی كوردستان. (قڕوقەپ) دانیشم و بێدەنگ بم. ئەوساش بێ باكانە هەر بە زمانی گوڵ و بە زمانی گلەیی بێ بریندار كردنی ئەم و ئەو بۆچوونەكانی خۆم دەڵێم و دەنووسم.

# بۆ كێ دەنووسم…؟ بۆ خۆم دەنووسم… دەنگ و ڕەنگی خۆم بە دەورو بەرم دەگەیەنم و ویژدانی خۆم ئاسودە دەكەم. خوێندنەوەو نووسین هاوڕێ و هاودەمی دەیان ساڵەی ژیانمە… بۆیە هەرگیز ناتوانم دەست بەرداریان بم. خوێندنەوەو نووسین فریشتەی فریاد ڕەسی ئارامی و هێمن كردنەوەی كاتەكانی دڵتەنگی و شەوانی تەنهایی و غەمی ڕۆژگارە سەختەكانە… لە بری گریان و هاواری ئازارەكانی دەروونم لەكاتی ناهەقیدا دەخوێنمەوەو دەنووسم.

# كێ هەیە قسەی لەسەر نەكرێت…؟ خوای مەزن بەو گەورەییەی خۆیەوە دروست كەری زەمین و ئاسمانە، كەسانێك هەن بێ پەروا قسەی لەسەر دەكەن. جا تۆ بەرامبەر بەندەكانی خوا دەڵێی چی.

# ئەوەی من كە جار جارە لە تەلەفزیۆنەكان قسە دەكەم، یان لەم گۆشەیە دەینووسم، دژی هیچ كەسێك نیە، بۆ حزبەكەم و، ئەزموونی كوردستانیش شكست نییە، بەڵكو ڕایەكە بۆ گفتوگۆو پێداچوونەوە بە هەندێ‌ ڕووداوی وەكو (نا تەبایی نێو خۆمان) (شەڕی ناوخۆ) (جنێودان بەیەكتر) لە ئێستاو ڕابردوودا. جا ئەوانەی گوێی لێدەگرن و بە چاكی دەزانن ماڵیان ئاوا بێت، ئەوانەش ڕەتی دەكەنەوە، جار جارەش قسەی توندو جنێو دەدەن هەر ماڵیان ئاوا بێت. نە بەندە بەو جنێوانە دەڕوخێم نە ئەوانیش بە مەرامی خۆیان دەگەن.

دنیا سەیرو سەمەرەیە برام، هەتا تەمەنیش درێژ بێتەوە قسەو كارو ڕووداوی سەر سوڕهێنەری تریش دەبینین.

print

 365 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*