سەرەکی » وتار » فه‌لاح كه‌ریم‌ » تورکیا دەمێکە دەستی لە موسڵ هەڵگرتووە

تورکیا دەمێکە دەستی لە موسڵ هەڵگرتووە

رێکەوتنەکەی 1926

لە 11 ئاداری 1917 هێزەکانی بەریتانیا بەغدادیان داگیرکرد و وردە وردە رووە و ناوچە کوردییەکان هەڵکشان و لە ئۆکتۆبەری 1918 گەیشتنە دەوروبەری موسڵ، دوای ئەوەی سوپای عوسمانی بەتەواوی شارەکەی چۆڵکرد و کشایەوە رووە و باکوور، دەستیان بەسەر هەموو ناوچەکەدا گرت و ئەمەش بووە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشمەکێشی نێوان عوسمانی و ئینگلیزەکان کە چەندین ساڵی خایاند و تێیدا مافەکانی خەڵکی کوردستان بەئومێدی بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی لە گۆڕنرا. لە دوای دەست بەسەراگرتنی موسڵ بەریتانیا ئەیویست دووبارە چاوێک بە بەندەکانی رێکەوتنی سایکس-پیکۆ دا بخشێنێتەوە، چونکە پێی وابوو زۆربەی شەڕەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوان کردوویانە، بۆیە ئەبێ دەستکەوتی زیاتریان بەرکەوێ، بۆیە لە دیداری نێوان لۆید جۆرج سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و کلیمانسۆی سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا لە دیسەمبەری 1918، فەرەنسا لەبەرامبەر وەرگرتنی سوودی زیاتر لەبەشی چەپی رووباری راین و بوونی پشک لە نەوتی موسڵ، ئەوەی قبووڵکرد کە موسڵ و فەلەستین بدات بە بەریتانیا.

بێگومان دواتر دوای کۆنفرانسی سان ریمۆی سەرانی ئەوروپا (1920) کە مافی ئینتیدابی بە بەریتانیا و فەرەنسا دا و دوای رێکەوتنی سێڤرو لۆزانی یەکەم 1922، کێشەی نێوان تورکیاو بەریتانیا زیاتر پەرەیسەند و رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستی هەڕەشەی سەربازی و بەکارهێنانی پلانی ئەمنی دژ بە یەکتر، سەری کێشا. لەڕاستییا هەم تورکیا و هەم بەریتانیاش لەسەر مەسەلەی زۆرینە کوردبوونی موسڵ گرفتیان نەبوو، بەڵام هەریەکەیان لەگۆشەیەکی جیاوازەوە سەیری بابەتەکەیان ئەکرد. تورکەکان ئەیانوت: کوردەکان لەڕووی نەژاد و زمانەوە زۆر لە خەڵکی تورکیاوە نزیکن.

بەریتانییەکان ئەیانوت: کورد هیچ پەیوەندی بە نەژادی تورکەوە نییە و زمانیشیان جیاوازە. بەریتانییەکان سەرژمێری 1921 یان بە بەڵگەوە ئەهێنایەوە کە دانیشتوانی موسڵ 450000 کەسە، کە لە نیوە زیاتری ئەم ژمارەیە کوردن و 185000 عەرەب و 65000 تورکمانن و ئەوانیتریش جولەکە و ئیزیدین کە ئەمانیش (ئیزیدییەکان) زمانیان کوردییە. هەروەها بەریتانییەکان ئەیانوت: لە هیچ قۆناغێکی مێژووییشدا کوردەکان بە تەواوی لەژێر فەرمانڕەوایی عوسمانیدا نەبوون. هەر ئەم بابەتانەش وایکرد کە دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنی لۆزان لە 24/7/1923 کێشەی موسڵ بەپێی بەندی 2 لە مادەی 3 چارەسەر بکرێ کە ئەڵێ: سنووری نێوان تورکیاو عیراق ئەبێ بە بڕیارێکی دۆستانە لە نێوان تورکیا و بەریتانیا لە ماوەی ساڵێکدا دیاریبکرێ و ئەگەر لەو ساڵەدا چارەسەر نەکرا دۆسێکە ئەنێردرێ بۆ ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان. هەروا تێیدا هاتووە: هەردوولا بەڵێن ئەدەن هەتا یەکلابوونەوەی دۆخەکە هیچ جۆرە کردەوەیەکی سەربازی یان شتی تر کە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی سنووری ئێستا، نەکەن.

گفتوگۆی راستەوخۆی تورکیا و بەریتانیا 1924:
بەپێی مادەی 3ی لۆزان گفتوگۆى نێوان تورکیا و بەریتانیا لە 19/5/1924 هەتا 6/8/1924 درێژەی هەبوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە. ماوەی یەک ساڵەکەش کۆتایی هاتبوو کە لە رێکەوتنی لۆزان بڕیاری لەسەر درابوو، بۆیە بابەتەکە لەسەر داوای بەریتانیا خرایە بەرنامەی کاری کۆمەڵەی گەلانەوە. لە 21/10/1924 کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بابەتەکە پێکهێنراو لە 29/10/1924 یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە شاری برۆکسل کرد و هەمان ئەو سنوورانەی کە لە سەردەمی رێکەوتنی لۆزان لە نێوان تورکیاو عیراق هەبوون، وەکو خۆی ناسێنراو بووبە (هێڵی برۆکسل). لە 3/9/1925 ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە درا بە ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان و بەچەندین هۆکار داوای کردبوو کە موسڵ بە عیراقەوە بلکێنرێ.

سۆڤێت و ئێران و مەسەلەی موسڵ:
دوای پێکهاتنی دەوڵەتی نوێی کۆماری تورکیا، پەیمانی دۆستی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت بەست، ئەڵبەت تورکەکان چاویان لەوەبوو کە یەکێتی سۆڤیەت پشتیوانیان بێت لە گرفتەکانیان لەگەڵ بەریتانیا بۆ یەکلادنەوەی مەسەلەی موسڵ بەوجۆرەی کە بە سوودی تورکیا بێت، وەک لە بەڵگەنامەیەکی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا هاتووە کە لە ساڵی 1924 نێردراوە بۆ وەزارەتى دەرەوەو ئەوە نیشان ئەدات کە سۆڤێت و فەرەنسییەکان پشتیوانیان لە دەسەڵاتدارێتی تورکیا بەسەر موسڵدا کردووە. هەربۆیە تورکیا لە 17/12/1925 وەزیری دەرەوەی ناردە پاریس و پەیمانێکی دۆستی لەگەڵ فەرەنسادا، بەئامادەبوونی سۆڤێت بەست، بەڵام لەبەرامبەر بەهێزیی بەریتانیادا نەیتوانی ئەنجامێکی باشی بۆ تورکیا هەبێت.

ئێران و مەسەلەی موسڵ:
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی موسڵەوە ئێران بە وردی چاودێری بارودۆخەکەی کردووە. ئێران ئاوا سەیری بابەتەکەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان لە نێوان تورکیاو عیراق بێ، بەشداری ناکات لە کێشەکەدا، بەڵام بەریتانیا مافی ئەوەی نییە چارەنووسی ناوچەیەک دیاری بکات کە زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی هاونەژاد و هاوزمانی ئێرانییەکانن. لە هەمانکاتیشدا ئێران پێی خۆشبوو موسڵ بخرێتە سەر عیراق، نەک تورکیا، چونکە لەو باوەڕەدا بوون لەگەڵ عەرەب باشتر ئەتوانن گفتوگۆ بکەن هەتا تورکەکان و رەنگە لە داهاتووشدا تورکیا وەک کارتێکی گوشار کوردەکان بەکاربێنێ دژ بە ئێران.

رێکەوتنی عیراق و تورکیا لەبارەی سنوورەوە:
هەرچەند تورکیا لە مانگی 10/1925 دوای راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی گەلان زۆر ناڕەزایەتی دەربڕی و نامەیەکی ناڕەزایی لە چوار خاڵدا بەرزکردەوە بۆ ئەنجومەنی گەلان و ناڕەزایەتییەکەی تورکیا نێردرایە سکرتارێتی ئەنجومەن، بەڵام دوای دەرکردنی بڕیاری سکرتاریەت لە 26/10/1925 بەوەی کە هەردوو وڵات نوێنەریان بنێرن بۆ روونکردنەوە، تورکیا پاشەکشەی کرد و نوێنەری نەنارد. بێگومان بەریتانیا هەموو خاڵەکانی راپۆرتەکەی بەدڵ بوو، بۆیە دوای ناردنی نوێنەری خۆی لە 21/11/1925 سکرتاریەت بڕیاری خۆی لە 2 خاڵ و چەند ئامۆژگارییەکدا دەرکردو بەڕەسمی موسڵ خرایە سەر عیراق.

دواى ئەوەى تورکیا لەم بابەتەدا دۆڕاندی و هیچی پێنەکرا، لە 5/6/1926 کۆبوونەوەی تورکیاو عیراق کرا و سەرەڕای قبووڵکردنی واقیعە نوێکە و بوونی موسڵ بە بەشێک لە عیراق، لایەنى تورکیا دانی بە سنووری فیعلی نێوان عیراق و تورکیاشدا نا. لەبەرامبەر ئەم رازی بوونەدا تورکیا دوو دەسکەوتی بەدەستهێنا:

1.لە هەندێ شوێنی هێڵی سنوورەکەدا (هێڵی برۆکسل) بە سوودی تورکیا دەستی لێ هەڵگیرا لەلایەن بەریتانیاو عیراقەوە.

2.بۆ ماوەی 25 ساڵ 10% ی نەوتی موسڵ ئیمتیازی بدرێت بە تورکیا، ئەگەر ئەوەشی نەویست بڕی 500،000 پێنج سەد هەزار لیرەی تورکی بەشێوەی نەقد وەربگرێ. کە سەرەنجام پارەکەی وەرگرت.

لەڕاستییا ئەو هۆکارانەی وایکرد تورکیا بەم رێکەوتنە رازی بێت بریتی بوون لە:

1.هەوڵەکانی تورکیا لە ئاستی کۆمەڵەی گەلان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ ئەنجام بوون.

2.بوونی هێزێکی زۆری بەریتانی لە عیراق و ناوچەکە.

3.کۆماری تورکیا تازە ئەیویست لەسەر پێی خۆی بوەستێ و پێویستی بە ئارامی و هاوسێی باش هەبوو کە نەبنە هۆی دنەدانی ناوخۆیی بەتایبەت کارتی کورد.

4.ئەم دەوڵەتە تازەیە ئەیویست ببێت بەئەندامی کۆمەڵەی گەلان و پێویستی بە پشتیوانی بەریتانیا هەبوو.

هەر لەدوای ئەم رێکەوتنە رۆژی 16/3/1927 وەفدی چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکان چوونە زاخۆو لەژێر چاودێری سەرۆکی لیژنەکە کە پرۆفیسۆر (باسلین) باشلین_ی سویسری بوو دوای (5) کۆبوونەوە لە هاوینی 1929 بە تەواوی سنووری ئێستا جێگیرکراو دۆسێی خاوەندارێتی موسڵیش بە تەواوى داخراو بوو بە بەشێک لە عیراق.

ساڵانی دواتر کە تورکیا ناوچەکانی ئەنتالیا و ئەسکدەرونەى لە سوریا وەرگرت و داگیری کردەوە ترس و دڵەڕاوکێیەکی فراوان لە شەقامی عیراق بڵاوبووەوە کە تورکیا رەنگە موسڵیش لە عیراق وەربگرێتەوە، بەڵام چونکە بەریتانییەکان پێگەیان لە عیراقدا بە بەهێزی مابووەوە تورکیا نەیتوانی ئەم کارە بکات و تەنانەت سەرەڕای دنەدانی ناوخۆیش بۆ مەسەلەیەکی وا لەناو تورکیا، بەشێوەی رەسمی لەلایەن حکومەتەوە باس نەکرا.

لەڕاستییا هەڵدانەوەی لاپەڕەی خاوەندارێتی زەوى لەسەر رووی زەوى ئەگەر مەبەستەکە داگیرکاری نەبێت هیچ بیانووێکی تری نییەو شەڕو کوشتارو ماڵوێرانی بەدوا دێت، هەروەک چۆن سەدام حسێن رێککەوتنی 1975ی بەشێوەی تاکلایەنە هەڵوەشانەوەو پەلاماری ئێرانی دا. تورکیا کاتێک ئەتوانێ داوای موسڵ و سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بکات کە رێکەوتنی ئەرزەرۆم 1848و رێکەوتنی دوو لایەنەی لەگەڵ عیراق 1925 ئیمزا نەکردبێ. کە ئەوەى ئەرزەرۆم بەهۆی لەناوچوونى هەردوو دەوڵەتی ئەوکاتی ئێران و عوسمانی و گۆڕانی رژێمی سیاسییان بەتەواوی کۆتایی هاتووە و دەوڵەتێکی تر لەرووی دانپیانانی نێو دەوڵەتییەوە بووە بەخاوەنی ناوچەکان. ئێستاش تورکیا کاتێک ئەتوانێ باس لە گەڕانەوەی موسڵ بکات کە رێکەوتنی 1925 هەڵوەشێنێتەوە. ئەو کاتیش وەک دەوڵەتێکی لەیاسا دەرچوو ئەناسێرێ و کارەکەی ئەبێتە داگیرکارى.

*بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لە بەشێک لە راپۆرتی باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکانی ئێران لە سویسراو پاریس و عیراق و تورکیا وەرگیراوە.

print

 309 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*