سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » هەوڵدان لە پاندیمیای کۆرۆناوە بۆ پاندیمیای بەڕێوەبەرایەتیی گەلان :

هەوڵدان لە پاندیمیای کۆرۆناوە بۆ پاندیمیای بەڕێوەبەرایەتیی گەلان :

گفتوگۆیەک لەگەڵ پرۆفسۆری بەناوبانگی یونانی یورگۆس کۆنتۆیورگیس

ئامادەکردنی: د.هیڤا پەناهی

دەستپێکێکی کورت‌:
سەرەتا دەبێت وشەی پاندیمیا روونبکەینەوە، پان واتە گشت دیمۆ، یاخود دیمۆس- شارەوانی دەوڵەت شارە کۆنەکان کە لە دەوری یەک لە هێلاسی کەوناردا کۆدەبوونەوە و گلەیی و بیروبۆچوونەکانی خۆیان شی دەکردەوە، بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵات. لە سەردەمی نۆژەندا، چونکە ئەم کاراکتەرە لەکۆمەڵگە داماڵدرا نەخۆشییە بەرفراوان و گشتگیرەکانیان بە “پاندیمیا” ناو دەبرێت، واتە هەمووانی گرتۆتەوە.

ئەم سەردێڕی گفتوگۆیەم بۆیە هەڵبژارد، تا هەم مرۆڤی کورد توانای بیرکردنەوەی مێژوویی بچێتەسەرەوە و هەم توانای بەراورد و دەرکی بە دیاردەکانی کوردەواری و دونیای خۆرئاوا لە کەسانی سەرچاوە و ئەسڵەوە فێربێت و ئەوەی لەم نووسینەدا هاتووە لایان بمێنێتەوە و جۆرێک پاندیمی بەرە باشە و دڵسۆزی هەمەلایەنەی خەڵک و گەلی کوردستان بێت، بە سوپاسەوە.

*ئێوە چۆن کرۆنا دەبینن؟ پێتانوایە چ جۆرە قەیرانێکە و دەتوانێت چ جۆرە ئاکام گەلێکی هەبێت لە داهاتووی نزیک و یان دووردا؟ چۆن بوو گەلی یۆنان بەدەم بانگهێشتنی حکومەتەوە هاتن و دڵسۆزانە گوێبیستی رێنوێنییەکانی حکومەت بوون، چونکە خەڵکی یۆنان زۆر گوێ بە دەسەڵات و حکومەت نادەن؟

-سەرەتا دەبێت بیرمان بێتەوە کە وەک مرۆڤ لە بیرمان کردبوو کە ئێمە بەشێکی سروشتین، سروشت یاساکانی خۆی هەیە، رازەکانی خۆی هەیە، مرۆڤ تاکێکی بچووکی جیهانی مەزنە و بەهۆی تەماع و پڕۆژە پێشکەوتووە تەکنۆلۆژییەکانەوە کە توانای کۆنترۆڵی هەندێک شتی هەیە، وای دەزانی ئیتر هەموو شتێک خاس و تەواوە بۆ ئەو و بەسەر دونیادا زاڵ بووە، بەڵام مرۆڤ ژیانی کورتە و بەشی ئەم هەموو تەماع و بێ سنووریی رووانینە لە خۆشیی بەکارهێنان و وێرانکارییە زۆرە ناکات.
لە بەشی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی مێژووییشدا ئەو هێزگەلەی کۆنترۆڵی مەزنتر و بەرینتریان هەیە بەسەر دونیای دەوروبەردا، دەستی مرۆڤی ئاسایی پێ ناگات و دەکرێت هەموو پێشکەوتوویی مرۆڤ و کۆمەڵگە بشووبهێنین بە منداڵێکی بچووک، واتە لە سەردەمی منداڵیی مرۆڤ دا دەژین. تەماع و بیرنەکردنەوەی مرۆڤ هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە، پێیوایە چونکە توانای هەیە لەملای جیهانەوە بۆ ئەولا بفڕێت بە فڕۆکە و لەرێگەی تەکنۆلۆژیاوە زۆر شت دەکات وادەزانێت خاوەنی هەموو شتێکە؛ بەپێچەوانەوە وەک کڕیارێکی سادەیە کە دەچێتە سوپەر مارکێتێک و کەسان و ئێلیتی دیکە هەن کە کۆنترۆڵی ئابووریی و بایۆلۆژی، سیاسی و حکومی و سەلامەتی و… هتد-یان بەدەستەوەیە، ئەم جۆرە کونترۆڵ و کارکردنەیان بۆ قازانجی خۆیانە نەک کۆمەڵگەکان.
گەلان کەوتوونەتە بەر بەزەیی و شەڕێکی ناڕەوا و هەر گەلانیش دەتوانن کار بکەنە سەر دەرئەنجامی ئەم وێرانییە بە قازانجی مرۆڤەکان.

لە دنیای ئەمڕۆماندا نەخۆشییە گشتگیرەکان وەک زەمانی دەربازبوو مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، کەمێک باشترن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پێش کۆرۆنا دۆخی ئابووریی و کۆمەڵگەکان لە ئاستێکی زۆر باش و خۆش و رێک و پێکدا بووبێت. کۆرۆنا کاریگەریی ناخۆشی بەسەر کۆمڵگەکانەوە بووە و چەند سەدە بەرەو دواوەی بردووین، بەڵام زۆرجار ئەم دیاردەگەلە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هەبوون و دەرفەتێکن بۆ ئەوەی مرۆڤ دووبارە خۆی نوێ بکاتەوە و ناحەزییەکان لەخۆی دابماڵێت و روو لە ژیانێکی پاکژتر و بەماناتر بکات.

ئەمە رەنگە سەرەتا ئاسان نەبێت، بەڵام کە مرۆڤ چاری نەبوو، چارەسەر دەدۆزێتەوە و دەبێت ئەرکە چارەش بدۆزێتەوە.

دەبێت پاش کۆرۆنا بەوپەڕی دڵسۆزیی و تواناوە دووبارە رووبەڕووی ژیانی رۆژانە ببینەوە و بەرەوپێش بچین و داهێنانمان هەبێت لەهەموو بوارێکدا و هەروەها هەوڵی بەشداربوون بدەین لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا و نابێت ئیتر لە قەیرانێکەوە بازبدەین بۆ وێرانییەکی خراپتر و دابڕزێین.

وەک خۆتان دەزانن خەڵکی یۆنان مەزنترن لە ئاستی حکومەتەکەمان، گەلی یۆنان ئاواتەخوازبوون حکومەتێکی جوانتر و رێکوپێکتریان هەبێت لەمەی ئێستا بەسەرماندا سەپاوە، خەڵک قوربانیی زۆری داوە و کەمی بینیووە لە حکومەت. زۆریی کارەساتە نەتەوەییەکانمان بەدەستی چەند نەزانێک لەناو حکومەتی خۆماندا کراوە بۆئەوەی هێزمان نەبێت دڵسۆزیی بۆ گەل و وڵاتمان نیشان بدەین لەداهاتوودا.

ئەمجارە چونکە خەڵکی خۆمان زیرەکن بینییان کە گۆڕانە جیهانییەکان ئەم پەتا بەربڵاوەشی هێناوە بەگوێی حکومەتیان کرد و بە خۆشییەوە دەرئەنجامی پۆزتیڤی هەبووە.

بۆ نموونە جێگەی دڵخۆشییە کە دەیان پسپۆڕی یۆنانی بەهۆی تەکنۆلۆژیاوە یارمەتیی خەڵکی خۆمانیان داوە و بەشیکردنەوە لەسەر کۆرۆنا.

قەیرانە جۆربەجۆرەکان. بۆ نموونە کۆرۆنا و ئابووری، کۆرۆنا و پۆلەتیک، کۆرۆنا و پەروەردە و داهاتووی مرۆڤ و خوێندن، کۆرۆنا و بابەتی تەندروستی ناوخۆیی و جیهانی، کۆرۆنا بۆ بایۆلۆژی و هی دیکە. بەشەکانی خۆشمان بەشی پۆلتیکی ناو خۆیی و جیرانی و جیهانی بەتایبەت وڵاتێکی وەک تورکیا کە رێزی هیچ یاسایەک ناگرێت.

*واتە پێتانوایە دەوڵەتان لەمە تێبگەن کە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی چەندە لەهەوڵ و تەقەلادان بۆ ژیانی ئارام و نۆرماڵ پاش کۆرۆنا و هەوڵی چارەسەری قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی پاش کۆرۆنا دەدەن؟

-ئەوەی راست بێت نیگەرانی زۆر گرنگ لەم بوارەدا وەک ئەریستۆلیس دەڵێت: ئەمە نییە کە هەژارەکان داوایەکیان هەبێت، بەڵام نیگەرانی دەبێت، ئەوکەسانە بێن کە دەوڵەمەند و دارا بوون هەنوکە نەدارن و هیچیان نییە. بۆیە دەبێت چاوەڕوان بکەین نەهامەتی و نەداری ئەم توێژە قەیران بخاتەوە و رەنگە دەرئەنجامەکانی زۆر قەیرانی گەورەتر بخەنەوە.

*کەواتە پێتانوایە سەرمایەدارە گەورەکان پەیامەکەیان وەرگرتووە، مەبەستم بانکە گەورەکان و کارگێڕە زۆر دەوڵەمەندەکانی چەند وڵات و چەند گرووپێکی دیاری جیهانین؟

-بە داخەوە پێموایە بەرپرسانی گەورە لە کەرتی بانک و دەوڵەمەندەکانی دونیا بەباشی لەمە تێنەگەیشتوون، چونکە دونیای ئەوان دەبێت جودا بێت لە خەڵک، ئەگەرنا تا ئەم ئاستە نابەرابەرییەکان قووڵ نەدەبۆوە، قەرزی وڵاتان لە ئاستێکی مەترسیداردایە و وڵاتان و خەڵک توانای دانەوەی قەرزەکانیان نییە و چەند مانگێکە ئابووریی جیهان بێدەنگ کراوە و مرۆڤەکان لەکار و پیشەکانیان دوورخراونەتەوە.

میدیای خۆرئاوا و رۆژنامە و دەزگا راگەیاندنە گەورەکان، بیرۆکەیەک بە دونیادا بڵاودەکەنەوە کە پاش کۆرۆنا چۆن بەڕێوەبەردنی جیهان پتر کەناڵیزە بکرێت و مرۆڤ و کۆمەڵگەکان چۆن زیاتر هەڵبسووڕێنن و کەڵک لە تەکنۆلۆژیایە وەربگرن بۆ ئەم مەبەستە، وەک چۆن خوداکان هەبوون لە سەردەمی میسۆلۆژیدا مرۆڤەکان وەک مێروولە کارگێڕیی ژێر دەستی ئەوان بوون، دووبارە ئاوا لە مرۆڤ بکەنەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش ترس و دڵەراوکێ دەخوڵقێنن. ئەمە ئاستی دەرک و دووریی ئەوان و خەڵکی سادە دەگەیەنێت. هەربۆیە لەناکا و کۆمەڵگەیەک دژی بابەتێک دەوستێتەوە، بۆ نموونە بریتانیا کە بڕیاریدا لە یەکێتیی ئابووریی ئەوروپا بچێتە دەرەوە، یان چەند حزب ماسک و سیمایان گۆڕیوە و بوون بە پارتی فاشیستی. واتە سەرمایەداریی بیر لەمە دەکاتەوە کە کایەی سیاسەت و کۆمەڵایەتی بباتە ئاستێکی بەرزترەوە کە ئەمە خۆی ناخۆشەو قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەمە دەکەن؟ دیارە بۆ قازانج و خۆشیی خۆیان. لێرەدا خەڵک و گەلان دەبێت پرسیاری ئەمەیان هەبێت، ئەم گۆڕانکارییە بە قازانجی کێیە؟ چۆن چارەسەر دەکرێن؟ چۆن بەشە جوانەکانی پێش کۆرۆنا هەڵگرین و بچینە دونیای پاش کۆرۆناوە. هەردەم لە دایکبوونەکان لەسەرچاوەیەکەوە دەستپێدەکەن وەک سکی ژنێک لە منداڵی دووهەم وەک مدناڵی یەکەم لە دایک دەبێت و دێتە دونیاوە. مرۆڤایەتی لە نێوان سیستمی فیوداڵی و سیستمی بیرکردنەوەیەکدا گیری خواردووە کە لەسەدەی ١٨ بەرەوسەرەوە بەسەریاندا سەپاندووە و قانوونەکانی هیچ نەگۆڕاوە. جۆری ئابووریی سەردەمی کۆرۆنا زۆر خزمەتی بە دەوڵەمەندە گەورەکانی جیهان کردووە بەهۆی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکانەوە با ئەمجارە خەڵک پرۆگرام و بەرنامە دابنێت، با ئەم گۆڕانکارییانە قازانجیان بۆ گشت هەبێت، ئەمەش بەبیر و بەرنامە و توانا و داوای بەردەوام دەتوانێت مسۆگەر ببێت.

*واتا سیستمی ئەمڕۆی خۆرئاوا بەدیموکرات نازانن؟

-نا هەرگیز دیموکراسی نەبووە، دیموکراسی واتە خەڵک رێز لە بیری یەکە یەکەیان بگیرێت و کۆبوونەوە بکەن لە هەر شارەوانییەکدا و بڕیارەکانیان رەچاو بکرێت و بەگرنگ دابنرێت. ئەم سیستمەی خۆرئاوا درێژەی سیستمی زەمانی ئیمپراتۆریی رۆم-ە کە دەستڕۆیشتووەکان بڕیاردەربوون بە گۆڕانکاریی و جۆرێک هەڵخەڵاتاندنی خەڵک کاناڵیزەی دەکەن کە بێت هەرجارە یەکێکیان هەڵبژێرێت و پەسەندیان بکات بۆ دەسەڵات بەڕێوەبردن، شۆڕشی پیشەیی توانای سەپاندنی داو بوون بەخاوەن خەڵک. جۆرێکی دیکە و هەر چەند ساڵ جارێک هەڵبژاردنێک دەکەن و بەم شێوەیە پاڵ بەکۆمەڵگەوە دەنێن تا بڕۆن دەنگی ئۆکەی و ئەرێیان پێ بدەن و تەواو.

ئولیگارشی پەرلەمانی و دیموکراسی دوو سیستمی جیاوازن، ئەوان هێندە لە دیموکراسی حاڵی بوون، هەربۆیە سیستمی بەڕێوەبردنی جیهانیش لەسەر قازانجی ئولیگارشی بەشدار و چالاکە لە بڕیارە سیاسییەکاندا.

ئەم ساڵانەی دوایی لە گروپی کاری کۆنسولی ئەوروپا بەشداربووم، تەواوی خەم و دڵنیگەرانییان ئەوەیە کە چۆن تەکنۆلۆژیا بە قازانجی ئابوورییە زەبەلاحەکە بێت، پێشنیازم کرد خەڵک بەشداریی بڕیارەکان بکەن و دواتر بەرپرسان بانگیان کردم و وتیان مەبەستم چییە روونی بکەمەوە بۆیان؟ وتم: بابەتێکی ساکارە، خەڵک رەچاو بکەن و ئەوانیش تاکە بیانوویان ئەوە بوو ئەگەر خەڵک هات و تاوانباربوون و کاری ناحەزیان ویست بیکەن؟ وتیان دەی ئەگەر وامان کرد و خەڵکی تاوانبار کۆنترۆڵیان کەوتە دەست وەک ئەوەی کە هەنووکە تاوانبارەکان لە ئەملاو ئەولادا نەبن و هیچ رێزێکیان بۆ جگە لەخۆیان نییە، ئەمە دیموکراسیی نییە.

*ئایا پێتانوایە هێشتا سیستمی فیوداڵی لە کۆمەڵگەی خۆرئاوادا هەیە و بە جۆرێک ناوی گۆڕاوە؟

– بێگومان، خەڵک لە باشووری ئەوروپاوە دژی فیوداڵەکان راپەڕینیان کرد و مانای دەوڵەت و شتی وایان نەدەزانی، هیچ بەڵگەنامەیەکی وامان لەبەردەستدا نییە، فیوداڵەکان زەویی گەورەیان هەبوو و رەعییەت و کوێلە. بزووتنەوەی رۆشبیری – رێنیسانس و کەسانی هەڵکەوتوویان توانیان خۆیان تەیار بکەن بەهۆی خوێندنی بەرهەمە کلاسیک و نەمرەکانی یۆنانی کۆنەوە، بەڵام چونکە لەنێو فەزا و کەلتورێکی دیکەدا مانایان بۆ هەموو شتێک دەکردەوە، لەزۆر جێگەدا بە جوانی لە ناوەڕۆکی تێکست و بەرهەمەکان نەگەیشتوون، بۆیە دواتر بە هۆی کەناڵیزەکردنییەوە و دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمەوە پێمانیان فرۆشتەوە کە مانای گەل و نەتەوە چییە.

زۆر بابەتی گرنگ کە رووناکبیرانی خۆرئاوا لێکیان داوەتەوە، هەڵە و ناتەواوە، ئەوان ئێمە لە خوارەوە دەبینن لە کاتێدا سەرچاوەی کارەکانیان لە گەلەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ خۆشت کە لێکۆلێنەوە و وانەی سیاسەتی عوسمانی و هی دیکەت لای باشترین مامۆستای جیهان خوێندووە، بیرتە کە تەنانەت لە سەردەمی داگیرکاریی عوسمانی دا خەڵکی یۆنان تەنیا باجی ئابوورییان بە عوسمانییەکان دەدا و جاروبارە ئەگەر گوندێک دەرەقەتی باجە قورسەکە نەهاتبان کۆبوونەوەیان دەکرد و بەهۆی نوێنەرەکانیانەوە بە دەسەڵاتداری ئابوورییان رایان دەگەیاند ئەگەر باجەکە کەم نەکەنەوە و کەم و کوڕییەکان لە بەرچاو نەگرن، ئەوا باج نادەن و دەچنە گوندێکی دیکە، پتر باجخانەی عوسمانی زەرەرمەند دەبێت.

واتە دەمەوێت بڵێم تەنانەت ئەوسا خەڵکی ئێمە کوێلە نەبوون وەک سەردەمی زێرێنی دەوڵەت، شارەکان بەشداریی سیاسەت بوون، بەڵام لەباشووری ئەوروپا کوێلایەتی هەبوو و دەستەواژەی دەوڵەت بۆ ئەوان نوێیە، بەڵام تەنانەت یۆنانییەکان هەردەم بەناوی گەلەوە خۆیان پێناسە کردووە، هێندەش کورد بناسم، کورد هەر گەل بووە و هەبووە و دەسەڵاتی هەبووە.

ئەمجۆرە کەموکوڕی و ناڕەوا روانینە، خۆی گرفتێکی مەزنە و هەوڵ دەدەن ئاستی دەروونیی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان بەجۆرێک کۆنترۆڵ بکەن کە بەردەوام سوپاسگوزاریان بین کە دەستەواژەی دەوڵەتیان پێداوین، لەکاتێکدا سەردەمی شەڕی فارس و یۆنان بەرەنگاربوونەوەی فارسەکان بەناوی دەوڵەت و شارەکانەوە نەبوو، بەڵکو بەناوی گەلی هەلەنیک – یونان-ەوە بوو.

هەربۆیە لە ١٨٢١ کە دەوڵەتی نوێی یۆنان دامەزرا، وڵاتانی گەورەی ئەوروپای خواروو بەردەوام بە بڵاوکردنەوەی هەستی داڕزینی لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەوڵی کۆنترۆڵی بیر و داهێنانیان لە وڵاتی ئێمە کردووە، بریتانییەکان لە تاڵانکردنی سەروسامانی کۆن و هونەریی ئێمەدا باڵادەستبوون و ئێستاش نکۆڵی دەکەن پەیکەر و سەرمایە مێژووییەکانمان بنێرنەوە و بەردەوام بەڵگەنامەیەکی عوسمانی دەخەنەڕوو کە بەئیزنی ئەوان بردوویانە و پێیان فرۆشراوە، مانای ئەمە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم.

پەیکەرێکی ئەفرۆدیت، خواوەندی جوانی هەیە کە دەستێکی شکاوە، ئێمەیان وا دەوێت شکاوو ورد و پەرێشان. جا ئەم جۆرە سیستمانە کە تاڵان و وێرانی و داڕامانی گەلی ئێمەیان مەبەست بووە، چۆن لە روویان دێت ناوی خۆیان دەنێن دیموکرات کە مانای دیموکراسی واتە بەشداریی خەڵک و رێزگرتن لە خەڵک و جۆری دژایەتیان لە دەسەڵات.

تەمەنێکە و لەمێژە سیستمەکانی بەڕێوبەرایەتیی مێژووی هەموو مرۆڤ دەخوێنمەوە و هەوڵی بەراورد و لێکۆڵینەوەیان دەدەم هێندەی نیسکێک دیموکراسیم نەبینیووە!

*دەکرێت پێمان بڵێن چۆن کورد دەناسن، رەنگە بۆ خوێنەران گرنگ بێت؟

من ساڵی ١٩٧٢ لە پاریس کوردەکانم ناسی، تەنانەت بابەتی ماستەرەکەم بوو و زۆر گەلی کوردم خۆشویست، چونکە هێندە لە گەلی یونان دەچوون کە مرۆڤ سەری سووڕ دەما، بۆ نموونە ئەرمەنەکان زۆر لە فارس نزیکن، بەڵام لەو دەمەوە هەردەم پەیجۆریی هەواڵ و زانیارییەکانم لەسەر کورد کردووە و بۆم ساغ بۆتەوە گەلێکی کەونار و ژیر و خەڵکی ناوچەکەن، وڵاتی کەسیان داگیرنەکردووە و لە حەشیمەتێکی بەربڵاودا دەژین. زلهێزەکان بەرپرسیارن لەو سەپاندنی ئازار و تەفروتووناکارییەی کورددا، بەڵام ئەگەر کوردەکان فۆڕمێک بدۆزنەوە و دەنگ و بیریان یەک بخەن، کەس مافی ئەوەی نییە بە گەلێک بڵێت لەسەر چاوت برۆ هەیە و بۆچی بوونت هەیە؟‌! ئەم ساڵانەش لە زانکۆ کە تۆم ناسی کە هەم وەک قوتابی و لێکۆڵەر جێگە و پلەی دیاری خۆت هەیە لە یۆنان و ئێمە بەیۆنانیت دەزانین و دڵنیام کوردەکانیش قەدری کەسانی وەک بەڕێزت دەزانن و یان ئاواتەخوازم وابێت، واتە حکومەتی کوردی کەمتر بدوێت و زیاتر بیر و کرداری جوانی هەبێت، کورد دەبێت سەربکەوێت، ئەمە قەرزی ژیان و قەرزی مێژووە، بێ منەتە لە زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتەکان، زۆری خزمەت کردووە و زۆرکەمی بەرکەتووە.

پرۆفایلی پرۆفسۆر یورغۆس کۆنتۆیورگیس:
*پرۆفسۆر یورغۆس کۆندۆیورگیس یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی ئاکادمیستەکانی ئەوروپا و لەو زانا و شارەزا دەگمەنانەیە کە لە یۆنانی ئەمڕۆدا هەن و بەرپرسی باڵای پێشووی زانکۆی پاندیۆس، زانکۆی زانستی پۆڵتیک و زانستە مرۆڤییەکان لە ئەسینای پایتەختی یۆنان.

ناوی فەرمیی یۆنان لەسەر بەڵگەنامە رەسمییەکانی وڵات “هێلاس”ە، واتە سەرزەمینی رووناکی.

کۆنتۆیورگیس ساڵی ١٩٤٧ لە دوورگەی لێفکازا لە نیزری لە دایکبووە و مەڵبەندەکەیان دوورگەی بیرمەندان و هەڵبەستڤانە گەورەکانە و سێ شاعیری گەورەی نەتەوەیی لێ هەڵکەوتووە.

خوێندنی لە لێفکازا و ئەسینا درێژە پێدەدات و بەشی ماف تەواودەکات و دواتر لە فەرەنسا درێژە بە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەدات لە بەشی پۆلەتیک دا.

لە فەرەنسا بەهۆی زیرەکیی تایبەتییەوە هەر ئەو دەمە دەستدەکات بە وانە وتنەوە لە زانکۆی سۆربۆن و پرۆگرامی پۆلەتیک و خوێندنی زانستی پۆلەتیک لە زانکۆکانی ئەوروپا پرۆگرام رێژیی دەکات.

لە کارو چالاکییە گرنگەکانی دیکەی ناوبراو دانانی بەشی گۆڕینی خوێندکارانە لە نێوان دەوڵەتانی ئەوروپایی کە بە ئەرازمووس ناسراوە.

داهێنەر و بەرپرسی باڵای ئەنیستوتی زانستی پۆلتیک لە ئەوروپا، بەرپرسی باڵای بەشی لێکۆڵینەوەی ئەوروپایی بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و یەکسانی، بەرپرسی بەشی زانستی سیاسی لە زانکۆی فلۆرانسە لە ئیتاڵیا و زیاتر لە ٢٧ کتێبی بە زمانی یۆنانی نووسیووە و زۆربەی بەرهەمەکانی بە فەرەنسی و ئینگلیزی و زمانی دیکە بڵاوکراونەتەوە. ئەم پڕۆفسۆرە بەناوبانگە لە ئەسینا لە زانکۆ و هەروەها لەناو خەڵکدا زۆر خۆشەویست و جێگەی رێزە و حکومەتە یەک لە دوایەکەکان گرنگی بە بیری قووڵ و دڵسۆزانەی دەدن، بۆیە بە پێویستم زانی لەم سەردەمی قەیرانە مەرگهێنەرەی کۆرۆنادا ئەم گفتوگۆیەی لە گەڵدا بکەم و بە کوردی بڵاوی بکەمەوە بۆ سوودی نەتەوەکەمان.

print

 829 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*