سەرەکی » ئابووری » بەرهەمی زەیتون لە هەڵەبجە

بۆ ترشیات و سركە و زەیتی زەیتون

بەرهەمی زەیتون لە هەڵەبجە

پارێزگای هەڵەبجە جگە لەپڕۆژەی حكومیی پێنج هەزار نەمامی زەیتون، ژمارەیەكی زۆر داری زەیتونی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كارگەیەكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیت، ناتوانرێت لە ناوخۆی پارێزگاكە سود لە بەرهەمەكە وەربگیرێت.
پڕۆژەی چاندنی پێنج هەزار نەمامی زەیتون لە ساڵی ٢٠٠٨ بەناوی پێنج هەزار شەهیدی كیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن وەزارەتی ژینگەی عیراق بنیاتنراوە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی بووە تا لەسەرەتای ئەمساڵ خرایە سەر كشتوكاڵی هەڵەبجە.

دەبڕیتە كارگەیەك لە هەولێر
لەدوای پێنج ساڵ دەست بەچنینەوەی بەرهەمی زەیتونی باخەكە كراو پاش فرۆشتنی، داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بە دوو جۆر سود لە زەیتونەكە وەردەگیرێت، ئەوەی سەوزە زیاتر بۆ ناو ترشیات‌و سركەو رەشەكەشی بۆ زەیتی زەیتون، كە دەبرێت بۆ كارگەیەكی تایبەت لە هەولێرو زەیتەكەی لێ دەردەهێندریت.
لەساڵانی رابردوودا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانییەوە كرێكارو باخەوانی تایبەت بۆ خزمەتكردن‌و چنینەوەی بەرهەمی باخەكە ئامادە دەكرا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی دارییەوە بەرهەمی باخەكە بە تەندەر دراوەتە چەند وەبەرهێنەرێكی رۆژئاوای كوردستان.

جگە لەم پڕۆژەیە، نزیكەی ٣٠٠ دۆنم زەوی تر لەسنووری هەڵەبجە باخی زەیتونە
جەمیل حەمەئەمین، لێپرسراوی پڕۆژەی باخی زەیتونی هەڵەبجە رایگەیاندوە: باخەكەمان تووشی چەندین گرفت بووە، لەوانە كەمی كارمەندو كرێكار بۆ زیاتر خزمەتكردنی پڕۆژەكە، بچوكی حەوزی گلدانەوەی ئاو.
جگە لەو گرفتانە، نەبوونی كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی زەیتی زەیتون لە سنوورەكە گرفتێكی دیكەیە، چونكە زەیتوونی ئەو كارگە دەتواندرێت ساڵانە بڕێكی زۆر لەو زەیتە لەناو پارێزگای هەڵەبجە بەرهەم بهێندرێت‌و هەناردەی دەرەوەی پارێزگاكەشی بكەن، بەدەر لە دابینكردنی هەلی كار بۆ چەندین گەنج‌و كرێكاری ئەم شارە.

بەرهەمی زەیتون كەمی كردوە
هاوكات، ئیسماعیل محەمەد خاوەنی تەندەری ئەمساڵی پڕۆژەی باخی زەیتونی هەڵەبجە، كە خەڵكی كۆبانی رۆژئاوای كوردستانە، دەڵێت:»ماوەی دوو ساڵە ئەم پڕۆژەی زەیتونە دەگرین‌و لەبەرامبەر پێدانی بڕێك پارەی دیاریكراو بەرهەمەكەی دەچنینەوە و بەشێكی دەكەین بە ترشیات‌و ئەوی تریشی دەبەینە هەولێر و لەوێ لەكارگەیەك دەیكەنە زەیتی زەیتون‌و دەیفرۆشین».
ئیسماعیل، وتیشی:»لەبەر كەمی خزمەت‌و كەمئاوی ئەمساڵ بەرهەمی زەیتون زۆر كەمیكردوە‌و زۆریش باش نییە،‌ زەیتونی ئێرە لە ١٥ كیلۆ ئینجا كیلۆیەك زەیت بەرهەم دێت بەپێچەوانەی رۆژئاوای كوردستان لە پێنج كیلۆ یەك كیلۆ زەیت بەرهەم دێت».

داهاتێكی باشی هەیە
نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداریی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ئاماژەی بە گرفتێكی دیكەی باخەكە كردو وتی:»جۆری نەمامی زەیتونەكان تێكەڵن‌و دەبو هەمووی لەو جۆرە بوایە، كە بكرێت بە زەیت».
وتیشی:»خواستی هاووڵاتیانی بۆ زەیتونی ناو ترشیات دیاری كراوەو رێژەكەی كەمە، بۆیە لەپلانماندایە كە بۆ ساڵانی داهاتوو لەبری ئەو دار زەیتونانەی كە بۆ ناو ترشیات بەرهەم دەهێنرێن بگۆڕین بۆ زەیتی زەیتون، كە داهاتێكی باشی هەیە و دەتوانین سودی زۆری لێوەربگرین».
سەبارەت بەگرفتەكانی دیكەش، ئاماژەی بەوەدا: لە هەوڵداین‌و داواشمان كردوە لە وەزارەتی كشتوكاڵ بەزووترین كات ئەو گرفتانەمان بۆ چارەسەر بكەن.

سەرچاوە: ماڵپەڕی رۆژ نیوز

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*