سەرەکی » کەلتوور » جوانیەکانی سەما یان گێڕانەوەی سەربردە پڕ عەشقەکان

جوانیەکانی سەما یان گێڕانەوەی سەربردە پڕ عەشقەکان

نازم دڵبەند

گەلانی هەموو دنیا کلتورێکیان هەیەو پێیدەناسرێنەوەو هەمیشە بە گەورەیی سەیری دەکەن کە سەما میللییەکان بەشێکە لەو کلتورەی باسی لێوەدەکەین (یۆنان ، بەرازیل، ئیسپانیا)یەکەم وڵاتن لەسەمادا لەهەر شوێنێ رەنگی(سامباو زۆربا)ببینرێ دەزانرێ ئەوە سیماو پێناسەی چ وڵاتێکمان پیشاندەدا ..

لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقیا و ئاسیاش هەربەم جۆرەیە تادەگاتە وڵاتی عێراق و کوردستانی خۆشمان.لەهەمووشی سەرنجڕاکێشتر ئەو موزیکەیە کەلەگەڵ سەماکە یەکدەگرنەوە و دیارە هەردووکیشیان پێناسەی نیشتمانێک دەبەخشنەوە و لە فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەبنە بەشێک لەئاڵا.

راستە کورد جاران بەهەندێ جۆری شایی و هەڵپەڕکێ لەگەڵ گەلانی دیکە لێکجیادەکرایەوەو لەداوەتی بوک گواستنەوەو بۆنە نەتەوەییەکان و سەیرانەکاندا ئەم هەڵپەڕکێیانە دەکراو لەهەندێ دەڤەریش زیاتر دەهۆڵ و زوڕنا لەسەردەستی هونەرمەندانی زوڕناژەن و دەهۆڵساز ئەو هەڵپەڕکێیانە گەرم دەکرابەتایبەت لەکوردستانی باکور و باشور ،لەکوردستانی رۆژهەڵات-یش زیاتر بەندبێژ ئەو گەرمییەی دەسازاند،بەڵام دروست لەسەرەتای هەشتاکاندا گۆڕانێکی ئەکادیمی بەسەر ئەو ستایلە هەڵپەڕکێیانە داهات ئەویش دوای ئەوەی تیپی هونەرە میللییەکانی (هەولێر) بەرەسمی دامەزراو راهێنەری کارامەی وەکو(رەشیدیان)ی سۆڤیەتی و (سەلمان مەحەمەد)بەرەگەز فەڵەستینی کەلەژیانی هونەری خۆیدا یەکێ بوە لەسەماکارە لێهاتوەکانی (تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی عێراق)ی راهێنەری کورد (قادر کوردی) ئەو کۆمەڵە کوڕوکچە گەنجانەیان کۆکردەوەو توانییان شایی و هەڵپەڕکێی کوردی بەرگێکی ئەکادیمیانەی لەبەربکەن و بیکەن بەبابەت و لەدەهۆڵ و زوڕناوە گۆرانی و موزیکی بۆ دابنێن و دابەشکردنی موزیکی بۆ بڕەخسێنن و لەماوەیەکی کورتدا کۆمەڵە بەرهەمێکی شایستە بەبەرگێکی هونەریی لەدووتۆی چەند تابلۆیەک ئامادەبکەن و نمایشی تایبەتی لە(مۆسکۆ و هەردوو ئەڵمانیای جاران و نەمسا)پێبکەن و ئەوپەڕی دەنگدانەوەی خۆی هەبێ و دنیا لەم مینبەرەوە کورد بناسێ.

سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر کورد داهاتووە ،بەڵام ئەو گەنجانەی دوێنێ کە نۆبەرەی ئەم پڕۆژەیان بنیادنا وازیان نەهێنا و بوون بەراهێەری بەتوانا سەرلەنوێ توانیان لەبەرگێکی نوێتر پارێزگاری لەمێژووی ئەم تیپە بکەن و ئەمجارەیان بەئاڵای کوردستانەوە بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەکان بکەن و تابلۆی تازەتر بەرهەمبهێنن..

کەواتە بۆیە لەم نووسینەمدا دەمەوێ پەنجه بخەمە سەر راستییەک ئەویش پەروەردەکردنی کلتوری ئێمە نەک هەرلەم بوارەوە بەڵکو لەوانی دیکەش جێی خۆیەتی هەمیشە هەنگاوی نووێبوونەوەی بۆ بنرێ دواجار دەیڵێمەوە ئەو سەماکارانەی کەتیپی هونەرە میللییەکانی کوردیان بەدنیا ناساند بەتایبەت کچانی شایستەی مێدالیای ئازایەتین ،چونکە ئەو سەردەمەی ئەوان هاتنە سەرشانۆ هەموو بەهرە پیرۆزەکان بۆ کچان (بڤە)بوو.

print

 151 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*