سەرەکی » وتار » حەمید باتاسی ، سەفەرێک لە باکووری وڵاتەوە

حەمید باتاسی ، سەفەرێک لە باکووری وڵاتەوە

هیوا سەرهەنگ

شەھیدی ھەمیشە زیندوو حەمید محەمەد ئەحمەد ناسراو بە (حەمید باتاسی) لە باکووری کوردستانەوە ھاتۆتە باشوور و لە گوندی باتاس لەگەڵ ماڵی باپیرەم سەرھەنگ نیشتەجێ بووە.

ھاوتەمەنی باوکم بووە و پێکەوە ژیاون، لەکۆندا بە (حەمیدی تاسێ) دەناسرا، بەڵام دوای گیرسانەوەی لە باتاس بە (حەمید باتاسی) ناسراوە. ھەروەک لە باوکمم بیستووە، دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە کاری حزبییان کردووە و کادرێکی سەرڕاست و تێکۆشەرێکی راستەقینە و  دڵسۆزێکی بەئەمەک و  بێ ھاوتای رێبازی کوردایەتی بووە .

 نھێنی پارێز و ورەبەرز و کەڵە خەباتکارێکی بێ وێنە بووە.. کەسێکی دەگمەن بووە لە رەوشتی جوان و داوێنپاکی .. راستگۆ و وەفادار بووە. ماوەیەکی زۆر لە پەنجاکاندا بۆ کاری حزبی لە کەرکوک نیشتەجێ بووە، لەوێ لەگەڵ مامۆستا برایم ئەحمەد و مام جەلال و عومەر دەبابە و عەلی عەسکەری پەیوەندیی بەھێزیان ھەبووە.. ماوەیەکیش لە شاری موسڵ ژیاوە.

لە ژیانی حزبایەتیدا و زیاتر لە خەباتی نھێنی و ژێرزەمینیدا کاری کردووە و مەینەت و ناخۆشیی ژیانی دەربەدەری و دەردەسەری زۆری بینیووە، بەڵام بە ورەیەکی بەرز و پۆڵایینەوە رووبەڕوویان بۆتەوە و ھەمیشە بە سەربەرزیی و سەرفرازییەوە لێی دەرچووە و نەسڵەمیوەتەوە و بەردەوام بووە لە کاری رێکخستن، بۆیە ناویان نابوو ھەڤاڵ مێروولە.

لە دوای ساڵی ١٩٦٤ لەگەڵ مەکتەبی سیاسی مایەوە و درێژەی بە خەبات دا. لە ساڵی  ١٩٧٤ پەیوەندیی بە شۆڕشەوە کردو لە فرۆشگەی شۆڕش لە شارۆچکەی چۆمان دامەزرا. دوای ھەرەسھێنانی شۆڕش گەڕایەوە ھەولێر و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیوەندیی بە شۆڕشەوە کرد تا رۆژی شەھیدبوونی لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٧ لە ناوچەی چۆمان دەکەونە بۆسەی دوژمنەوە، یەک سات کۆڵی لە خەبات و بەرخۆدان نەدا لەپێناوی خاک و نیشتمان. سڵاو و دروود بۆ گیانی شەھیدی نەمر     (حەمید باتاسی) و رەوانی شاد و ئارام .. گۆڕی پڕ لە رووناکی و گوڵ و چراخان بێت.

print

 381 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*