سەرەکی » راپۆرت » تیرۆركردنی هیشام هاشمی كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌

تیرۆركردنی هیشام هاشمی كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌

تیرۆركردنی هیشام هاشمی شرۆڤه‌كاری ئه‌منی ‌و سیاسی ناسراوی عیراق، كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ ‌و داوا ده‌كرێت به‌ زووترین كات تاوانباران بدۆزرێنه‌وه‌ ‌و راپێچی دادگا بكرێن.

لاهور شێخ جه‌نگی: پیاوێكی نیشتمانپه‌روه‌ری پاك بوو
لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ توێتێكدا رایگه‌یاند: تیرۆركردنی ترسنۆكانه‌ی یه‌كێك له‌ دره‌وشاوه‌ترین عه‌قڵه‌كان له‌ عیراق نابێت به‌بێ سزا تێپه‌ڕ بێت. هیشام هاشمی پیاوێكی نیشتمانپه‌روه‌ری نه‌زیهو پاك بوو، به‌بێ ترس داكۆكی له‌ عیراق ده‌كرد ‌و باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بوو ده‌كرێت عیراق ئاشتیخواز ‌و گه‌شه‌كردوو بێت.

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی: هاوڕێیه‌كی باشی گه‌لی كورد بوو
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ ‌و تیایدا رایگه‌یاند: توانایه‌كی نیشتمانیی ناسراو، بڕوای به‌ تۆكمه‌كردنی رۆڵی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی یاسا ‌و حوكمی مه‌ده‌نی هه‌بوو، هاوڕێیه‌كی باشی گه‌لی كورد ‌و ستایشكاری رۆڵی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ حكومه‌تی عیراق كردووه‌، ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ی جددی بكات بۆ به‌دواداچوونی تاوانی تیرۆر ‌و راپێچكردنی تاوانباران بۆ دادگا.

سه‌رۆك كۆمار: تاوانێكی قێزه‌ونه‌
د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر رایگه‌یاند: تیرۆركردنی هیشام هاشمی توێژه‌ر ‌و چاودێری سیاسی به‌ ده‌ستی ده‌رچووان له‌ یاسا تاوانێكی قێزه‌ونه‌ ‌و به‌ئامانجگرتنی مرۆڤی عیراق ‌و مافه‌كانێتی له‌ ژیانێكی ئازاد ‌و شكۆمه‌ندانه‌.

سه‌رۆك كۆمار راشیگه‌یاند: ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌، به‌ئامانجگرتنی ئه‌و به‌هایانه‌شه‌ كه‌ بۆ نیشتمان بنیاتمان ناوه‌. لانیكه‌م ئه‌ركی ئێمه‌ ئاشكراكردنی تاوانباران ‌و راده‌ستكردنیانه‌ به‌ دادگا، له‌پێناوی زامنكردنی ئاسایش ‌و ئاشتی بۆ وڵات.

سه‌رۆكی هه‌رێم ئیدانه‌ی كرد
هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ توێتێكیدا وتی: به‌ توندی ئیدانه‌ی تیرۆركردنی هیشام هاشمی لێكۆڵه‌ر ‌و پسپۆڕی ئه‌منیی عیراقی ده‌كه‌م، كه‌ له‌ هێرشێكی پلان بۆ داڕێژراودا له‌ به‌غدا شه‌هید كرا.

مسته‌فا كازمی: ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن
مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئیدانه‌ی تیرۆركردنی هیشام هاشمی ده‌كات ‌و رایگه‌یاند: ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن ‌و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌. هه‌روه‌ك جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ چه‌ك ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ده‌ستی حكومه‌ت.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم: ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ بدۆزرێنه‌وه‌
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكیدا وێڕای سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی هیشام هاشمی، هیوای خواست كه‌ به‌ زووترین كات ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ بدۆزرێنه‌وه‌ ‌و به‌ سزای خۆیان بگه‌ن.

حه‌لبوسی: تاوانباران ئاشكرا بكرێن
محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش سه‌باره‌ت به‌ تیرۆركردنی هیشام هاشمی رایگه‌یاند: له‌ كاتێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ چه‌په‌ڵ ‌و بێ شه‌رمانه‌ ده‌كه‌ین، هاوكات داوا له‌لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌ین به‌ په‌له‌ تاوانباران بدۆزرێنه‌وه‌ ‌و بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نرێت ‌و ئه‌و لایه‌نانه‌ش ئاشكرا بكرێن كه‌ ده‌ستیان له‌م كرده‌وه‌ چه‌په‌ڵ ‌و ترسنۆكانه‌یه‌دا هه‌یه‌.

بلاسخارت: توشی شۆكی كردین
هینیس بلاسخارت نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ قێزه‌ونه‌ی كرد ‌و رایگه‌یاند: تیرۆركردنی هیشام هاشمی توشی شۆكی كردین، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌ قێزه‌ون ‌و ترسنۆكانه‌یه‌ ده‌كه‌ین. بلاسخارت داواشی له‌ حكومه‌تی عیراق كرد، كه‌ تاوانباران به‌ زوویی بدۆزرێنه‌وه‌ ‌و راپێچی دادگا بكرێن.

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا: راپێچكردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ بۆ به‌رده‌م دادگا
له‌ راگه‌یه‌نراوێكی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق هاتووه‌: وه‌فدی دیپلۆماتكاری ئه‌مریكا له‌ عیراق تووشی شۆك بووه‌ ‌و زۆر نیگه‌رانه‌ به‌ تیرۆركردنی هیشام هاشمی. هه‌روه‌ك داوای له‌ حكومه‌تی عیراق كردووه‌ تاكو په‌له‌ بكات له‌ دۆزینه‌وه‌ ‌و راپێچكردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ بۆ به‌رده‌م دادگا.

باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غدا: ئامانجی ئه‌و جۆره‌ كرده‌وانه‌ لێدانه‌ له‌ سه‌قامگیریی عیراق
باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌توندی ئیدانه‌ی تیرۆركردنی هیشام هاشمی كرد ‌و رایگه‌یاند: بێگومان ئامانجی پارێزه‌ر ‌و ئه‌نجامده‌ری ئه‌و جۆره‌ كرده‌وانه‌، لێدانه‌ له‌ ئه‌من ‌و سه‌قامگیریی عیراق ‌و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ ‌و دووبه‌ره‌كییه‌ له‌ نێوان رۆڵه‌كانی ‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌ بۆی.

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، كه‌ ئێران هه‌میشه‌ پاڵپشتی سه‌قامگیری ‌و ئاسایشی عیراقه‌ ‌و به‌ توندی ئه‌و جۆره‌ كرده‌وانه‌ ئیدانه‌ ده‌كات.

كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌ب: حكومه‌تی عیراق لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌و دۆسێیه‌ بكات
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ تیرۆركردنی هیشام هاشمی، كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی كرد ‌و داواشی له‌ حكومه‌تی عیراق كردووه‌، كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌و دۆسێیه‌ بكات ‌و ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كه‌ راپێچی دادگا بكات.
له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌ب جه‌ختیشی له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی حكومه‌تی عیراق كردۆته‌وه‌، بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌ك له‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌ ره‌سمییه‌كاندا.

شایانی باسه‌، دوێنێ دووشه‌ممه‌، هیشام هاشمی شرۆڤه‌كاری ئه‌منی ‌و سیاسی ناسراوی عیراق له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ ناوچه‌ی زه‌یونه‌ له‌ به‌غدا، تیرۆر كرا.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 237 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*