سەرەکی » زانست » دەستكێشێكی نوێ ئاماژەكان دەگۆڕێت بۆ قسە

دەستكێشێكی نوێ ئاماژەكان دەگۆڕێت بۆ قسە

كەشتی نوح

زانایان جۆرە دەستكێشێكی نەرمیان داهێناوە كە دەتوانێت زمانی ئاماژە بكاتە زمانی قسەكردن.

گۆڤاری(Nature Electronics) بڵاویكردەوە، زانایان و ئەندازیارانی ئەمریكا جۆرە ئامێرێكی هەستەوەری نەرمیان لە ناو دەستكێشێكی تەنكدا داناوە كە دەتوانێت چاودێریی جوڵەی هەرپەنجەیەك لە پەنجەكانی دەست بكات و دوو توێژاڵی هەستەوەریش كە پەیوەستە بەو سیستمەوە لەسەر روخسار دادەنرێت كە یەكێكیان لای دەم و ئەویتریان لە نێوان برۆكاندایە و ئەم دوو سیستمەش پێكەوە كار دەكەن و ئاماژەكانی ڕوخسار و دەستەكان دەگۆڕن بۆ قسە.

وەك خودی داهێنەرەكانیش باسیان كردووە ئەو داهێنانە سوودی بۆ ئەوانە دەبێت كە بەهەر هۆكارێك بێت ناتوانن قسە بكەن.
دیزاینەرانی ئەو سیستمە باس لەوە دەكەن كە سیستمەكەیان دەتوانێت جووڵەی كەسی ناگۆ بگوێزێتەوە بۆ توێژاڵێك كە درێژییەكەی (٢.٥) سانتیمەترە لە هەردەستكێشێكدا و دەستكێشەكەش بە شێوەی بلوتوس دەیگوێزێتەوە بۆ تەلەفۆنێكی زیرەك، تەلەفۆنەكەش ئەپڵیكەیشنێكی تایبەتی ژیریی دەستكردی تێدا دانراوە و بە هۆی ئەوەشەوە ئاماژەكان دەبنە قسەیەكی بیستراو.
پێشتر داهێنەرانی دەستكێشەكە (٦٦٠)ئاماژەیان لەسەر چوار كەسی ناگۆ تاقیكردووەتەوە كە پیتەكانی ئەلفبێی لاتینی و ژمارەكان لە (٠-٩) و هەروەها چەند وشە و دەستەواژەیەكی لە خۆگرتووە، دەستكێشەكە توانیویەتی ئاماژەكان بگۆڕێت بۆ زمانی ئینگلیزیی ئەمریكی و ڕێژەی سەركەوتنەكەشی (٩٩٪) بووە.

داهێنەرانی دەستكێشەكە ئاماژە بەوە دەكەن ئەو (٦٦٠) ئاماژەیە تەنها سەرەتایە، چونكە نمونە كردەییە بازرگانییەكان دەستەواژە گەلێكی زۆرترن، ئەو ماددانەش كە توێژاڵە پتەوەكە و دەستكێشەكەیان لێ دروستكراوە و بەرهەم هاتووە گران نین.

لە كۆتاییدا داهێنەران دەڵێن” دەستكێشەكەیان یارمەتیدەرێكی باشیی كەسانی ناگۆ دەبێت، بەڵام بۆ ئەوانەی كە ناگۆ و نابیستن بە شێوەیەكی كەمتر سوودی دەبێت، چونكە ئەوان ناتوانن گوێیان لە قسەكەرەكانی دەوروبەریان بێت كە نەتوانێت زمانی ئاماژە بەكار بهێنێت.

داهێنەرەكان سوودێكی تری دەستكێشەكەشیان خستەڕوو و ئاشكرایانكرد ئەو دەستكێشە دەتوانێت یارمەتی كەسانی ئاسایی بدات بۆ ئەوەی فێری زمانی ئاماژە بن.

ئەندازیارەكان دەڵێن” ئێستا دەستكێشەكە تەنها دەتوانێت ئاماژەكان بكاتە زمانی ئینگلیزیی ئەمریكی، بەڵام ئەوان كاردەكەن بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كورتدا، چەندین زمانی تر بۆ داهێنانەكەیان زیاد بكەن بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بتوانێت سوودی لێ ببینێت.

سەرچاوە: علوم والتكنولوجیا

print

 181 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*