سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » گۆران سدیق،پشکۆیەک لەشیعر

گۆران سدیق،پشکۆیەک لەشیعر

جەمال نوری

تەوزیفکردنی دەق بەزمانی شیعر، خەسڵەتێکی گرنگی ماریفەی شاعیر وێنادەکات، کاتێک دەیەوێت بوونی وەک کائینێک لەناو دێڕەکانی ژیاندا بگێڕێتەوە، کە لەرێگای هەستە باڵاکانیەوە وێنای کردوە و دەیەوێت لە بونیادی شیعردا، تام و چێژی ئەو دێڕانەی رۆژانی ژیانی خۆی بکاتەوە .

گۆران سدیق، دەرئەنجامی رامان و دنیابینی بۆ ژیان و ئاڕاستەکردنی لەدنیای ئەدەبدا، پێ بەپێی قۆناغەکانی ئەزموونی شیعری گەشەی کردووە و هەستە باڵاکانی باڵاتربووە، بەڵام وردتر فۆکسی خستۆتەسەر ئەو حاڵەتە ئینسانیانەی مرۆڤ کە رۆژانە لە رێگای ئەو واقیعەی دەوروبەری کە بەری دەکەوێت، وێنای دەکات، هەروەک بڵێی گۆران بەزمانی وێنەی جوڵاو و فۆتۆگرافەر و جۆرەکانی هونەری شێوەکاری، بدوێت، واتە شاعیر ورد ئیشیکردوە لەناو سروشتی ژیانە تایبەتیەکەی خۆی. بۆ شیکار و سەلماندن دەبێت لە تایتڵی دەقە شیعریەکەی گۆران خۆیەوە رامێنین، بە ناوی پاسی ژمارە 77 .
شاعیر بەهانابردنی بۆ کۆدی ژمارەکان بە پەنهانی و هێماکانی زمانی شیعر سیمۆلوژیای بوونێک دەستنیشان دەکات کە چیرۆکی خودی شاعیر خۆیەتی.

شاعیر پشکۆیەکە لە شیعر کە لە جەهەنمەوە هاتووە
گۆران سدیق ئەو دەنگە شیعرییە درێژکراوەییە، کە سەر بەمەعریفەی فکری بونگەراییە روئیای گۆران سدیق وەک شاعیرێک خاوەنی زمان و هێما و خەیاڵ و وێنای شیعری خۆیەتی، بەڵام لەچوارچێوە گشتییەکەدا زمانی دواندنی شیعری و پرسیارگەلێک لە زهنی گۆراندا هەمان ئەو پرسیارانەن کە پێشتریش لەلایەن شاعیرانی سەر بەو دیدگا فەلسەفییە کردوویانە وەک قووڵبوونەوە لەبوون و کاریگەرێتی نەبوون لەناوبووندا؟ زەرووریەتی بوون لەناو فەزای سروشتدا شاعیر دەگەیەنێت بەکوێ؟
گۆران سدیق بەئاگایەکی تەواوە لەناو دەقەکەیدا لەگەڵ خۆیدا لە دەستپێکی جوڵەکردنی پاسی ژمارە 77دا ئێمەی موتەلەقی سەردەخاتە ناو ئەو پاسەی کە خۆی و چەند سەرنشینێکی هەڵگرتووە، تاوەکو ئەو دیمەنانەی نیشان بدات کە پێشتر بەری نەکەوتوە، گوران سدیق وەک هەر شاعیرێکی تر ژیانی غوربەت و تەنیایی و هەڵکەندنی لەنیشتمان لەکلتوور و نەریت و فەرهەنگی گەلەکەی بەرەو جێگایەکی تر دەیبات کە پێی ئاشنانەبووە گۆڕینی شوێن لای شاعیر دەیکاتە پشکۆیەک لەگڕی شیعر کە لە جەهەنەمێکەوە هێناوێتی وەک ئینسان نە ژیاوە و خاوەن شوناس نەبووە و پێی بناسرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو جێگۆڕکێیەی شاعیر رێگای نەداوە غوربەت، هیواکانی هەڵلوشێت بیرەوەریەکانی ژیانی بسڕێتەوە، بەڵکو ئەوەی تەوزیفی دەکات لە دنیای غەریبی ئەودا قووڵبوونەوەیەتی لەناو ئەوشتانەی دەوروبەری کە هەندێک جار بە چاوی ئاسایی و هەستی سروشتی نابینرێن. بەڵام لەگەڵ هیواکانی دەژی و خەونەکانی گەورە دەکات.

زمانی شیعری گۆران زمانێکی تەسویرییە، کاتێک خۆی وەک سەرنشینێک دەبینێتەوە لەپاسی ژمارە 77دا، رۆڵی کەسێتی خۆی و سەرنشینانی تری ناو پاسەکە، شوێن نایانبەستێت بە یەکەوە و چیرۆکەکانیشیان جیاوازە و لەیەکتر ناچێت، بەڵام زەمەنی خێرایی پاسەکە کاراکتەرەکانی دەقەکەی دەبەستێت بە یەکەوە .

گۆران لە دەستپێکی دەقە شیعریەکەیدا پێمان دەڵێ:

هەتاوی ئەمڕۆ
ئەخەمە ناو گیرفانەکانم
بۆ سبەینێ،

بۆ تێگەیشتن لە مانا و دۆزینەوەی مەدلوولی شیعری لای گۆران سدیق، دەبێت هەڵکوڵین لەناو دەقەکەیدا بکەین، کاتێک شاعیر دەڵێت
هەتاوی ئەمڕۆ / ئەخەمە ناو گیرفانەکانم / بۆ سبەینێ/ واتە خوێنەری لەگەڵ خۆیدا گەڕاندۆتەوە بۆ سەردەمی مناڵیی، سەردەمێک گیرفانەکانی هەرشتێکی تێدا بوبێت، هێندە بە نرخ بووە لەلای بۆ رۆژی دوایی هەڵیگرتوە، ئەوەی جێگای رامانە، لەسیاقی مێژووی قۆناغەکانی تەمەنی، لەگەڵ گەورەبوونیدا گیرفانەکانی شاعیر لەدەمی منداڵیدا چکلێتی تێدا بووبێ، ئەمێستا زەمەن زەمەنێکی ترە لە جیاتی زهنیەتی شاعیر گۆڕانێکی نەوعی بەخۆوە بینیوە و ئەمێستا خاوەن دنیابینی خۆیەتی، وەک لێرەدا دەڵێت هەتاوی ئەمڕۆ دەخاتە گیرفانەکانییەوە بۆ سبەینێی، لێرەدا شاعیر دەستنیشانی زەمەن و شوێن دەکات کە لە مناڵیدا (شوێن) حزوری نییە ئیشی لەناو(زەمەن) کردووە. بەڵام لەئێستایدا شوێنی شاعیر وڵاتێکە دەبێ بگەڕێی بەدوای خۆردا، شوێنێکی سارد، تەنهایی، غەریبی، نامۆبوون پانتاییەکی فراوانی داگیرکردوە. وەک لێرەدا دەڵێت:

لە تاریکی ئەم رۆژگارەدا
دڵم وەک ماسییەک
لە تۆڕی راوچییەکدا دەلەرزێ
باران و تەنهایی
دیوارو هێڵی پەڕینەوەی شەقام
تێپەڕبوونی دووچەرخەیەک
ونبوونی لەنێو تەمێکی شیندا
ئاسمان و چەند بەلەمێکی خەوتوو
لەکەنار دەریادا… هتد.

بزانین دڵی شاعیر وەک ماسییەک لەتۆڕی راوچییەکدا بۆچی دەلەرزێ؟ شاعیر خۆی دەستنیشانی واقیع و رۆژگارەکە دەکات واتە ئەودەمە هەست دەکات رۆژگارەکەی تاریکە کە لەجێگای خۆی هەڵدەکەنرێت و خۆی دەداتە دەست چارەنوسێک، نازانێ بەرەو کوێی دەبات، پاشان لەخەمی چارەنووسی ژنێکی سوری دایە، بە مناڵێکی ساواوە هەمان شێوە لەجێگای خۆی ئەویش هەڵدێت .

ئەو جێگایەی لێ رادەکات لەنێوانی هەستی مرۆڤەکاندا دیواری دابڕان وتێپەڕبوونی دووچەرخەیەک باران و تەنیایی و ونبوونی لەناو تەمێکی شیندا، ئاسمان و چەند بەلەمێکی خەوتوو لەکەنار دەریادا، تەواوی ئەو دیمەنانەی بەر شاعیر دەکەون، بەشێوەیەکی ئەبستمۆلۆژی کار دەکاتە سەر هەستە باڵاکانی بەجورێک دایببڕێ لەو عالەمە خاریجییەی تیایدا دەژی، واتە شاعیر دەمانباتە ناو دیوی ناوەوەی رووداوەکانی ناو وێناکانی ناو پاسەکە و هه‌ستێکی قووڵ شاعیر داگیردەکات، که‌ قووڵ رۆبچێت به‌ناو وێنا شیعرییەکانی کە لەسەر زەمینی واقیعدا بونیادی ناوەهه‌ستێکی ئاشکراکه‌ر که ‌ئاگایی نووسەر هەڵدەکۆڵێ
لەو چرکە ساتەوە دەست پێدەکات کە چۆلەکەیەک لەسەرمادا، خۆی دەکێشێ بە جامی پاسەکەدا هەست و هۆشی شاعیر بە ئاگا دەهێنێتەوە، دواتر
لەگەڵ هاوڕێ ئەفغانییەکەی دایەلۆگێک دروست ببێت، پاش دیالۆگی شاعیر لەگەڵ هاوڕێ ئەفغانییەکەی کە بەتلیاکی دوێ شەو سەری قورسە، واتە هاوڕێکەی بەڕەگەز ئەفغانییە هێشتا سەرمەستە بە رووداوەکانی پێشوویی کە لە ئەفغاندا بەری کەوتوە و هێشتا بە ئاگا نەهاتۆتەوە، بەم حاڵەتە هەستێکی کتوپڕ لەناو شاعیردا دەردەکەوێت، کە لەئەوی ترەوە هاتوە بۆی، ئەو هەستەیە کە دەتوانێ(من). لە خۆمدا ئاشکرا بکات. واتە شاعیر لە رێگای ئەو هەستەی لەویدیەوە بۆی دێت شیعر لە زهنیەتی شاعیردا ئاشکرا دەکات .

من و ئەو لەپاسی ژمارە 77 داین
هاوڕێ ئەفغانیەکەم
کە بەکێشانی تلیاکی دوێ شەو سەری قورسە
تەماشام دەکات لە ژێر قورسایی پێڵووەکانیەوە پێم دەڵێت:
من لێرەم لەگۆشەیەکی دووری ئەم دونیا تاریک و ساردەدا تەماشای ئاسمان دەکەم رۆژگاری ئەمڕۆ خراپ گۆڕاوە هیچ شتێک لەشوێنی خۆیدا نەماوە دونیا لە هاوارێکی ترسناکدایە.
تۆش هەست بەو خوێنە دەکەی لە گەرووی زەوییەوە دەڕژێت!؟ لەهەر شوێنێکی زەوییەوە دەرکەویت دەپێکرێیت..
شاعیر لەدیالۆگی لەگەڵ هاوڕێ ئەفغانییەکەی بەزمانی ئەوەوە دەیەوێت پێمان بڵێ، ژیان گۆڕاوە، گۆڕانێکی فیزیکی بەرۆکی زەوی گرتوە، واتە ئازارێکی تر جودا لە ئازارەکانی پێشووتری هەست پێدەکات.
لەگەڵ ئەمەشدا هیچ ده‌قێک ناتوانێت کۆی هه‌ستی نووسه‌ر بنوێنێته‌وه‌، هه‌ر ده‌قێک پارچه‌یه‌که‌ له‌ زه‌ینی نووسه‌ر وەک شاعیر لەدوا بەشی قەسیدەکەیدا دەیەوێ وەها وەڵام بداتەوە.

لەجامی پێشەوەی پاسەکەوە
تەماشای رێگاکانم دەکرد
تا دەهات درێژتر دەبوونەوە
لە دڵی گوشراوی خۆمدا قسەکانیم کۆدەکردەوە
وەک نێچیرێکی بیندار

کە سەدان جاربەر رەقی و بێمانی ژیان کەوتبێت هەستامە سەرپێ پێم وت: (من بەرەو رۆژگارێکی تر دەڕۆم ئەم پاسە نەمگەیەنێت بەهیچ شوێنێک لە وێستگەی پێشەوەی دڵ تەنگی دادەبەزم.) واتە گەرچی شاعیر لەو شوێنەش کەتیایدا دەژی و کردوویەتی بەجێگای ژیان، واتە بە ئاگاییەوە لەساتەکانی رۆژگاری دەڕوانێت
وه‌ک “بلانشۆ ” ده‌ڵێت: «ئاگایی ئاگاییه‌». ئاگایی نه‌ ئه‌و شته‌یه‌ که‌ بوونی هه‌یه‌، به‌ڵکه‌ نیگایه‌که‌ بۆ ئه‌و شته‌ی که‌ بوونی هه‌یه‌، له‌ یه‌ک وشه‌دا، ئاگایی یه‌ک نیگای په‌تییه‌. ‌ بینینی یه‌ک بینینه‌. نیگاکردن واته‌ بینین و ئیتر نه‌بینین، واته‌ چوون بۆ ناو قه‌ڵمڕه‌وی تاریکی و ژیانی زوڵمه‌ت، شاعیر لەکۆتا قەسیدەکەی دەڵێت:

من هەمیشە لێرەم
لە گۆشەیەکی ئەم دونیا ساردەدا
سەیری ئاسمان دەکەم
دونیا لە هاوارێکی ترسناکدایە
بەدەم تەماشاکردنی هەردووکمانەوە
دیمەنی ناو پاسەکە
هێدی هێدی
دەبووە فلمێکی ڕەش و سپی

شاعیر دەیەوێ پێمان بڵێ کە من له‌ جیهاندا ون ده‌بم، وه‌ک چۆن جیهان له‌ من دا: ده‌بێت به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ملکه‌چی کوێری بین. ئەو ره‌خنه‌ لەو واقیعەی تیایدا دەژی دەگرێ و دەیەوێت ئەوە ببینین کە خۆی دەیبینێ، واته‌ بینین به‌مه‌وداوه‌، واته‌ ئه‌مه‌ی که‌ من ـی ره‌خنه‌گر قه‌زاوه‌ت نەکا لەسەر دەق، بە مەی کە ئه‌زموونی ده‌که‌م، خۆمی تیا ده‌دۆزمه‌وه‌.

“بۆ سابیر سدیق
بۆ ئەو ئێوارە ساردانەی
رۆحی یەکتریمان لە بڵێسەی ژیان هەڵدەکێشاو
کوڕی ئەو پشکۆیانەبووین کە لەجەهەنەمەوە هێنرابوون
پاسی ژمارە 77

print

 349 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*