سەرەکی » ئابووری » وێڕای قه‌یرانى دارایى‌و بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌ گه‌رمیان كاركردن له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانى بوارى رێگاوبان به‌رده‌وامه‌

وێڕای قه‌یرانى دارایى‌و بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌ گه‌رمیان كاركردن له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانى بوارى رێگاوبان به‌رده‌وامه‌

راپۆرتى: یادگار عه‌لى

وێڕای قه‌یرانه‌ دارایى‌و ته‌ندروستییه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌رمیان كاركردن له‌پڕۆژه‌كانى بوارى رێگاوبان به‌رده‌وامه‌و به‌پێى خه‌مڵاندنه‌كان پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌كانى ئه‌و بواره‌ قۆناغى زۆرباشى كاركردنیان بڕیوه‌و ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌كاتى خۆیدا پێشینه‌ى كۆمپانیاكان خه‌رجبكات، ئه‌وا پڕۆژه‌كان له‌واده‌ى خۆیاندا ته‌واو ده‌كرێن.

له‌گه‌رمیان دوو پڕۆژه‌ى گرنگ‌و ستراتیژى بوارى رێگاوبان له‌بوارى جێبه‌جێكردندان، یه‌كه‌میان: (پڕۆژه‌ى سایدى دووه‌مى كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخان – سلێمانى) و دووه‌میان: (پڕۆژه‌ى چاككردنه‌وه‌‌و فراوانكردن‌و به‌رزكردنه‌وه‌و دروستكردنى سایدى دووه‌مى كه‌لار – رزگارى – كفرى).

به‌ هه‌وڵى جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت
ئه‌ندازیار عه‌دنان خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان، به‌كوردستانى نوێی راگه‌یاند، پڕۆژه‌ى یه‌كه‌میان به‌دوو قۆناغ‌و به‌درێژایى (63 كیلۆمه‌تر) و به‌ بودجه‌ى (183) ملیار و (597) ملیۆن و (51) هه‌زار و (800) دینار جێبه‌جێده‌كرێت.

وتى: “قۆناغى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌كه‌ له‌ (ده‌روازه‌ى باكوورى شارى كه‌لار – گوندى سه‌ید مه‌حمود) به‌ درێژایى (24 كیلۆمه‌تر) ده‌ستیپێكردوه‌و له‌واده‌ى خۆیدا كاره‌كانى به‌ڕێژه‌ى (100%) ته‌واو بووه‌. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر رێگاكه‌ ژماره‌یه‌ك ئاوباره‌و پێنج پردى كۆنكرێتى به‌ درێژایى (720 مه‌تر) هه‌بوون ته‌واوكراون كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بوون: پردى گوندى قوله‌به‌رز، پردى عیسایى، پردى تازه‌دێ‌و پردى به‌رده‌سور.

پڕۆژه‌ى قۆناغى یه‌كه‌مى دروستكردنى سایدى دووه‌مى رێگاى سه‌ره‌كى (كه‌لار – سلێمانى)، له‌ رۆژى (17ى ئایارى 2013) ده‌ستكراوه‌ به‌كاركردن تێیداو بۆ ماوه‌ى ساڵێك به‌هۆى قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كاكردنى تیایدا وه‌ستاوه‌و دواتر به‌هه‌وڵى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كاره‌كانى ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌و له‌ رۆژى (15ى ئایارى 2019) كاره‌كانى پڕۆژه‌كه‌ به‌یه‌كجارى و به‌بڕى (46) ملیار و زیاتر له‌ (335) ملیۆن دینار ته‌واوكراوه‌.

(33) پردى كۆنكرێتى
قۆناغى دووه‌مى پڕۆژه‌ى سایدى دووه‌مى رێگاى سه‌ره‌كى (كه‌لار – سلێمانى) له‌گوندى (سه‌ید مه‌حمود – ده‌ربه‌ندیخان) و به‌درێژى (41 كیلۆمه‌تر) و به‌بودجه‌ى (137) ملیار و (765) ملیۆن و زیاتر له‌ (224) هه‌زار دینار ده‌ستیپێكردوه‌.
به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان، كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ (19ى كانوونى یه‌كه‌مى 2017) ده‌ستیپێكردوه‌، به‌ڵام له‌ رۆژى (18ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018) به‌هۆى قه‌یرانى دارایى كاره‌كانى وه‌ستاون‌و له‌ رێكه‌وتى (15ى نیسانى 2019) جارێكى دیكه‌ ده‌ستبه‌كاركردن كراوه‌ته‌وه‌.

وتیشى: “جگه‌ له‌چه‌ندین ئاوباره‌، ژماره‌یه‌كى زۆر پرد كه‌ بریتیه‌ له‌ (33) پردى كۆنكرێتى‌و (14) پردى ده‌بڵ‌و درێژى هه‌موویان دوو هه‌زار و (686 مه‌تر) بووه‌ له‌سه‌ر رێگاكه‌ هه‌ن‌و كاریان تێدا ده‌كرێت”. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، پانى سایدى رێگا نوێیه‌كه‌ (8.5 مه‌تر) ده‌بێت‌و ئه‌و قۆناغه‌ى پڕۆژه‌كه‌ سه‌ربارى قه‌یرانى دارایى‌و بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام تائێستا كاره‌كانى به‌رده‌وامه‌و كۆى گشتى كاره‌كانى به‌ڕێژه‌ى (36%) ته‌واوبووه‌.

زیاتر له‌ 519 ملیۆن دینار
پڕۆژه‌ى چاككردنه‌وه‌‌و فراوانكردن‌و به‌رزكردنه‌وه‌و دروستكردنى سایدى دووه‌مى كه‌لار – رزگارى – كفرى)، یه‌كێكى تره‌ له‌و پڕۆژه‌ گرنگ‌و ستراتیژییانه‌ى بوارى رێگاوبان كه‌ ئێستا له‌گه‌رمیان له‌بوارى جێبه‌جێكردندایه‌و به‌ چوار قۆناغ جێبه‌جێده‌كرێت.
ئه‌ندازیار عه‌دنان خه‌لیل، له‌باره‌ى قۆناغى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌كه‌وه‌ وتى: “بریتى بووه‌ له‌ دروستكردنى سایدى دووه‌م بۆ رێگاى قیرى (كه‌لار – رزگارى) و هه‌رچى ئه‌و بڕگانه‌ى تر كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر رێگاكه‌ و له‌ رۆژى (18ى كانوونى یه‌كه‌مى 2012) كاره‌كانى ده‌ستیپێكردوه‌و له‌ (25ى حوزه‌یرانى 2015) سه‌رجه‌م كاره‌كانى به‌سه‌ركه‌وتویى‌و به‌ بودجه‌ى هه‌شت ملیار و (519) ملیۆن‌و زیاتر له‌ (183) هه‌زار دینار ته‌واوكراوه‌”.

هه‌رچى قۆناغى دووه‌مى پڕۆژه‌كه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ چاككردنه‌وه‌ى سایدى كۆنى رێگاى قیرى (رزگارى – كفرى) و له‌ (28ى كانوونى یه‌كه‌مى 2012)ه‌وه‌ ده‌ستبه‌كاركردن كراوه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌و له‌ رێكه‌وتى (15ى حوزه‌یرانى 2015) كاره‌كانى به‌ڕێژه‌ى (100%) ته‌واوكراوه‌. ئه‌م قۆناغه‌ به‌درێژاى (37.8 كیلۆمه‌تر) له‌ده‌روازه‌ى شارى كفرى بۆ ناحیه‌ى رزگارى گرتۆته‌وه‌و زیاتر خۆى له‌چاككردنه‌وه‌ى قیرى تێكچو له‌هه‌مو وێستگه‌كان‌و فه‌رشكردنى قیرى باینده‌ر بۆ رێگاكه‌ به‌پانى (7.2 مه‌تر) له‌گه‌ڵ پاككردنه‌وه‌و چاككردنه‌وه‌ى ئاوباره‌و دروستكردنى (دوو) پایپ كه‌ناڵ له‌سه‌ر رێگاكه‌. كرى بودجه‌ى ئه‌م قۆناغه‌ش؛ سێ ملیار و (943) ملیۆن دینار بووه‌.

(73%)ى كاره‌كانى ته‌واو بووه‌
قۆناغى سێیه‌مى پڕۆژه‌كه‌ بریتى بووه‌ له‌ فراوانكردن‌و به‌رزكردنه‌وه‌ى سایدى كۆنى رێگاى (كه‌لار – رزگارى) به‌درێژایى (8.8 كیلۆمه‌تر) له‌گه‌ڵ دانانى (ئیناره‌) به‌ درێژایى رێگاكه‌. له‌باره‌ى ورده‌كارى ئه‌م قۆناغه‌؛ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ رێگاكه‌یان به‌ڕووبه‌ڕى (12 مه‌تر) پانى دروستكراوه‌و هه‌رچى ئاوباره‌و پایپ كه‌ناڵى رێگاكه‌ش هه‌بون به‌شێوه‌یه‌كى مۆدێرن دروستكران، له‌گه‌ڵ دانانى رووناككردنه‌وه‌ى به‌درێژایى رێگاكه‌ كه‌ له‌ رۆژئاواى كه‌لار تا ناو ناحیه‌ى رزگارى درێژ ده‌بویه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان وتیشى: “كاره‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ له‌ (28ى كانوونى یه‌كه‌مى 2013) ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایى له‌هه‌رێمى كوردستان، كاره‌كانى زیاتر له‌ساڵێك راگیرا و دواجار له‌ڕێكه‌وتى (10ى حوزه‌یرانى 2019) و به‌بودجه‌ى (11) ملیار و (493) ملیۆن و زیاتر له‌ (882) هه‌زار دینار ته‌واوكران.

قۆناغى چواره‌م‌و كۆتایى پڕۆژه‌ى رێگاوبانى (كه‌لار – كفرى)، له‌ناو ناحیه‌ى رزگارى تا كفرى‌و به‌درێژایى (25.6 كیلۆمه‌تر) و له‌ڕێكه‌وتى (20ى نیسانى 2014) ده‌ستیپێكردوه‌و پانى رێگاكه‌ بریتییه‌ له‌ (8.5 مه‌تر)، له‌گه‌ڵ دروستكردنى چه‌ندین پایپ كه‌ناڵ‌و ئاوباره‌ى سه‌ر رێگاكه‌ـ به‌ڵام دیسان به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایى له‌هه‌رێمى كوردستان، بۆماوه‌ى زیاتر له‌ساڵێك كاركردن له‌پڕۆژه‌كه‌ راگیراوه‌و له‌ئێستاشدا كاره‌كانى به‌رده‌وامه‌و به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان، (73%)ى كاره‌كانى ته‌واوبووه‌و كۆى گشتى پڕۆژه‌كه‌ خۆى له‌ (44) ملیار و (456) ملیۆن و زیاتر له‌ (849) ملیۆن دینار ده‌بینێته‌وه‌.

print

 411 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*