مۆدى 2018

گۆڕينى سێستمى حوكمڕانى داواكاريه‌كى قه‌ديمه‌، له‌ نێو هه‌ياهووى هه‌ڵچوون و خۆپيشاندانى توندو تيژه‌وه‌‌، ديسانه‌وه‌ ته‌رح كراوه‌ته‌وه‌ .
خواستى گۆڕينى نيزامى حوكمڕانى، له‌ سه‌رۆكايه‌تى و نيوه‌سه‌رۆكايه‌تى بۆ په‌رله‌مانى، لايه‌نگرى زۆرى هه‌يه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌بۆته‌ جوڵانه‌وه‌يه‌كى سه‌رتاسه‌رى كاريگه‌ر، كه‌ ده‌رفه‌ت بۆ مانۆڕدان و خۆلێ نه‌بان كردن نه‌هێڵێته‌وه‌.
دوو ده‌وره‌ى په‌رله‌مانى كه‌ يه‌كه‌ميان هاو زه‌مانى ده‌ركه‌وتنى ( به‌هارى عه‌ره‌ب ) و هى دووه‌ميان هه‌ڵتۆقينى ( داعش ) بوو، له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ كێشه‌ و ململانه‌ى زۆرى له‌ دوو هات و به‌هاكه‌شى بۆ خه‌ڵكى كوردستان گران كه‌وت، به‌ڵام له‌و 8 ساڵه‌دا ئه‌و پرسه‌ هه‌روا وه‌ك خۆى مايه‌وه‌ .
خۆپيشاندانى هه‌فته‌ى رابردوو ، كه‌ به‌رى ناكۆكى قوڵى سياسى حزبى نێوانى هێزه‌ سياسيه‌كان و ناته‌بايى ( ده‌روون حزبى ) و ته‌نگناى سه‌ختى ئابوورى و بژێوى بوو، ئه‌و داخوازيه‌ى وه‌كو سه‌رله‌وحه‌ى داواكارى جه‌ماوه‌رى هێنايه‌وه‌ رۆژه‌ڤ .
هه‌ڵبه‌ت روون نيیه‌ خۆپيشانده‌ران بۆ گۆڕينى مۆدى حوكمڕانى چ رێگايه‌ك ده‌گرنه‌ به‌ر و چ وه‌سيله‌يه‌ك به‌كار دێنن، گه‌ره‌كيانه‌ بروخێنن يانه‌كو ريفۆرم بكه‌ن ، چاوه‌ڕێى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن له‌ داهاتووى نزيكدا ، يان به‌ زه‌برى هێز پرسه‌كه‌ به‌لادا بخه‌ن .
له‌ گه‌رمه‌ى توندبوونى ململانه‌ى حزبى سياسى كه‌ ته‌نيا له‌ نيوه‌ى هه‌رێمه‌كه‌مان نمايشى بازوو ده‌كرێ و بێ ره‌حمانه‌ سيباقى زه‌بر و زه‌نگ ساز ده‌كرێ ، دوو رێچكه‌ى ته‌واو جياواز بۆ تێپه‌ڕاندن يان هيچ نه‌بێ ساردكردنه‌وه‌ى دۆخى داغانى هه‌رێم و گه‌له‌كه‌مان له‌ كێبڕكێى ماراسۆنيدان كه‌ هه‌ردووكيان دوا به‌دواى ريفراندۆم وه‌ك رێگه‌ چاره‌ ده‌نوێنن، يه‌كه‌ميان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حكومه‌تى ئێستا چ به‌ كشانه‌وه‌ى حزبه‌كان يان به‌ ئه‌ستاندنه‌وه‌ى متمانه‌ و پێكهێنانى حكومه‌تى (رزگارى) و دووه‌ميان پێشخستنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنى ( دواكه‌ووتو ) ى په‌رله‌مان .
رێچكه‌ى يه‌كه‌م پشتى به‌ گوشارى جه‌ماوه‌رى و مناوه‌ره‌ى لاوازكردنى به‌رامبه‌ر و ناچاركردنى به‌ رازى بوون به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حكومه‌تى ئێستا كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنيدا به‌ حكومه‌تى ( يه‌كريزى نيشتمانى ) ناوكى بڕابوو دواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ش دووباره‌ دامه‌زراندنى حكومه‌تى كاتى له‌ پێناو ئاماده‌سازى هه‌ڵبژاردنى گشتى ( هه‌ڵبژاردنى پاك و بێ گه‌رد ). باوه‌ڕ و ئومێدى ئه‌وانه‌ى ئه‌و رێچكه‌يه‌يان هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ سه‌ر وه‌شاندنى گورزى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌يه‌، وه‌كو بژارده‌يه‌كى به‌ هێزى وورد و خاشكردنى ئيراده‌ى خه‌صمه‌كانيان . خۆپيشاندانه‌كانى پيره‌مه‌گرون و كۆيه‌ و ته‌قته‌ق و رانيه‌، ئه‌و ئاماژانه‌ى به‌ راشكاوى تێدابوو، كه‌ نيه‌ته‌كه‌ ئێسك شكاندنه‌ نه‌ك بادانى بازۆڵه‌ .
رێچكه‌ى دووه‌م كه‌ نيازى وايه‌ هه‌موو شتێك له‌ پێناو يه‌كريزيدا بكا تا ئه‌و ئه‌زمه‌يه‌ى تووشى خۆى و هه‌رێمه‌كه‌مانى هاتووه‌‌، به‌ به‌شدارى و مه‌سئوليه‌تى هه‌مووان كۆتايى پێ بێنێ و به‌ توانايه‌كى يه‌كگرتووه‌وه‌ به‌ره‌و ديالۆگى به‌غدا به‌ڕێ بكه‌وێ و زه‌ره‌ر له‌ نيوه‌ بگێڕێته‌وه‌، تا ئه‌ندازه‌يه‌كى زۆر ئيعتيمادى له‌سه‌ر پشتيوانى نێو‌نه‌ته‌وه‌ييه‌ كه‌ وا وورده‌ وورده‌ خه‌ريكه‌ به‌ده‌ستى دێنێته‌وه‌ . ئه‌وانه‌ى ئه‌و رێچكه‌يه‌يان گرتۆته‌ به‌ر باوه‌ڕ و قه‌ناعه‌تيان له‌سه‌ر سندووقه‌كانى هه‌ڵبژاردن رۆناوه‌، هه‌رچه‌نده‌ لێره‌وه‌ له‌وێ به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كرێن كه‌ له‌ سه‌رينى ته‌زويركردنه‌وه‌ بردنه‌وه‌يان مسۆگه‌ره‌ بۆيه‌ راڕه‌وى هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وان هه‌موارتره‌ .
لايه‌نگرانى ئه‌و دوو رێچكه‌يه‌ وا ئيدعا ده‌كه‌ن كه‌ ره‌چێته‌ى چاره‌سه‌رى سيحرى دۆخى قه‌يرانگرتووى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ڕكى واندايه‌ و گه‌ره‌ك دانيشتوانى كوردستان له‌ هه‌ق و ناهه‌ق پشتيوانيان بكه‌ن .
له‌ دۆخى قه‌يرانگرتووى هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌ريه‌ك له‌و رێچكانه‌ گاشه‌به‌ردى گه‌وره‌ى له‌ پێشه‌، حكومه‌تى رزگارى ئيتفاقى نه‌زه‌رى له‌سه‌ر نيیه‌، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختيش به‌ بيانگه‌ى پۆخه‌ڵى ليستى ده‌نگده‌ران و هه‌موارنه‌كردنى قانونى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم و .. تاد ، ئاسان تێناپه‌ڕێ، بۆيه‌ قورسه‌ (رزگارى) سه‌ربگرێ و هه‌ڵبژاردنيش به‌ سێنايى بكرێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*