سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » هەڵەبجە هاوشێوەی هێرۆشیما تایبەتمەندییەکی نێودەوڵەتی هەیە

د. مەهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە:

هەڵەبجە هاوشێوەی هێرۆشیما تایبەتمەندییەکی نێودەوڵەتی هەیە

د. مەهاباد کامیل، یەکێکە لەو خانمە دیارانەی کە دامەزراوەیەکی هەستیاری پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە دەبات و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە، لەم دیمانەیدا باس لە هەندێک لایەنی تایبەتی شاری هەڵەبجە و ژیانی تایبەتی خۆی دەکات.

کوردستانی نوێ

* کۆنترین بیرەوەری تۆ لە هەڵەبجە چییە؟
د. مەهاباد کامیل: بێگومان کۆنترین بیرەوەری هەر یەکێکمان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مناڵیمان کە لەگەڵ مناڵیماندا خواست و ئارەزووەکانیشمان سادەو ساکارن، هەمیشە مناڵانیش ئەو کەرەستە مادییانەیان وەبیردێتەوە کە بوون بەهی خۆیان و لە یادگەیاندا دەمێنێتەوە تەنانەت لە گەورەیشماندا خەونەکانمان هی سەردەمی مناڵیمانە، بۆیە منیش وەک هەرمناڵێکی تربووم بەڵام من کچی نۆبەرەی ماڵ بووم و لای خێزانەکەم نازدار بووم داواکارییەکانم رەتنەکراونەتەوە، ئەوەی کە وەک شانۆگەرییەک لە بیرم ماوە رۆژێک دەمە و ئێوارە لەگەڵ باوکمدا بە شاری هەڵەبجەدا پیاسەمان دەکرد زۆربەی دیمەنەکانی ئەو کاتەم لەبەرچاوە، لە کاتی ئەو پیاسەیەدا و بەدەم رێگاوە کە دەستم لە دەستی باوکمدا بوو لە دوکانێک چاوم چووە سەر پێڵاوێکی سپی و سوور چووینە دوکانەکەوە پیاوێکی تەمەن ناوەند بوو بەدەم پێکەنینەوە پێلاوەکەی بۆ داگرتین و منیش زۆر بە دڵخۆشییەوە پێلاوەکەم لە پێکرد و دڵم نەهات دایکەنمەوە هەر بە پێلاوەکەوە هاتینە دەرەوە، ئێستاش حەزم دەکرد تەمەنی مناڵیم بگەڕێتەوە پیاسەیەک لەگەڵ باوکمدا بکەم، بەڵام بە داخەوە نە هەڵەبجە ئەو پێڵاوەی لێماوە و نە باوکیشم لە ژیاندایە تا پیاسەی لەگەڵ بکەم و نە حەزی منیش پێڵاوە سوورو سپییەکەیە.

*ئەویادەوەرییانە چین کە کەس و کارت بۆیان گێڕاویتەتەوە؟
د. مەهاباد کامیل: یادەوەرییەکانی ئەوان بەشێکی یادەوەرییە ناخۆشەکانی ئەوانە کە هەمیشە دەستیان بەگوێیانەوە بووە کە دەنگی تۆپ وتەیارە نەبیستن و بتوانن بەئارامی ژیان بەرێبکەن، بەشێکیشی ئەو یادەوەرییانەیە کە خۆزگەی پێدەخوازن کە ژیانیان پر بووە لە چالاکی و تێکەڵاوی رۆشنیبری، بۆ نموونە سەردەمی خوێندکارییان لە ساڵانی شەستەکاندایە و کات قوتابخانەکان تێکەڵاو بوون جیاوازی رەگەزی نەبووە کچ و کوڕ پێکەوە مافی خوێندنیان هەبووە. هەر لە قوتابخانەکان نوێنەر هەڵبژێرراوە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی خۆی هەبووە. هەروەها کچان و کوڕان وەک یەک لە چالاکییە هونەرییەکاندا بەشدارییان کردووە لە مۆسیقا وهەڵپەڕکێ وگۆرانی و شانۆگەری کە بۆ یەکەمجار شانۆگەری مەم و زین نمایش کراوە. خاڵێکی تر ئەوەیە شارێکی زیندوو بووە مەڵبەندی بیرو هزرە نوێکان بووە و چەق بەستوو نەبووە و سیاسەتکردن لێرە برەوی هەبووە دوو چین رۆلیان هەبووە، چینێکی کۆمۆنیستی کە بیری رۆشنگەری و یەکسانیان بڵاوکردۆتەوە تەنانەت بەم شارە وتراوە مۆسکۆی بچووک، چینی دووەم دەرەبەگ و ئاغاکان بوون، بەڵام ئەمان جیاوازتر لە ئاغا و دەرەبەگی سەردەمی خۆیان کە خەڵکیان نەدەچەوساندەوە و هەمیشە لە بەرەی خەڵکی خۆیان بوون.

*ئەو چیرۆکە چییە کە خۆت تیایدا بەشدار بوویت؟
د. مەهاباد کامیل: هەرچەند من ماوەیەکی زۆر کەم لە ناوەندی هەڵەبجە ژیاوم، بەڵام ئەو چیرۆکە کە رۆحمی لەگەڵدا ئاوێتە بووە یادەکانی نەورۆز بووە کە ئەو کات وەک بەشێک لە بەگژداچوونەوەی دەسەڵات چالاکییەکانی تێدا دەکرا، هەمیشە وەک تابلۆیەک دێتە بەرچاوم لەو تابلۆیەدا خۆشەویستی وڵاتم دەبینی یەکسانی ژن و پیاوم دەدی و ئاڵو واڵای جل وبەرگی رەسەنی کوردیم دەدی و جار جار خۆم دەکرد بە هەڵپەرکێکاندا بەڵام لەبەرئەوەی من مناڵ بووم باڵام کورتتر بوو زوو دەستم بەردەدا و ئومێدم لە چاویاندا بەدیدەکرد.

*جیاوازی پێش کیمیاباران دوای کیمیاباران چییە؟
د. مەهاباد کامیل: پێش کیمیاباران هەڵەبجە شارێکی پڕاوپڕ لە جوانی و ئومێدو خۆشەویستی بوو، پێشکەوتن و تازەگەریی مۆرکی ئەم شارە بوون، چەندین کەسایەتی دیار و پێشکەوتنخوازی لێ دەژیا، مەڵبەندی هزرو مەعریفە بوو، کارگەی جۆراو جۆری تێدا بوو، کشتوکاڵ برەوی هەبوو، بازرگانەکان خەریکی بازرگانی خۆیان بوون، بەڵام لە ماوەی 48 سەعاتدا لە (16/3/1988) هەموو ژیان لەم شارەدا وەستا، ئەم تاوانە هۆکارێک بوو بۆ تێکچوونی باری دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تاکەکان لە یەکدابڕان، تا ئێستاش چەندەها بەتاسەوە چاوەرێی مناڵەکانیان دەکەن، ناجێگیری تا ئێستاش بەشارەکەوە دیارە، بەشێک لە خێزانەکان هەوڵی کۆچکردن بۆ دەرەوەی شار دەدەن.

*چی وایکردوە هەڵەبجە تایبەت بێت؟
د. مەهاباد کامیل: تایبەتمەندی هەڵەبجە تایبەیمەنییەکی نێو دەوڵەتییە کە هاوشێوەی دەستەخوشکەکەی هێرۆشیما کیمیاباران وقەتڵ و عامی خەڵکی بێتاوان مۆرکی دیاری ئەم شارەن. سەرەڕای ئەوەش چەند جیاوازییەکی لۆکاڵی ئەم شارە لە شارەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەویش تایبەتمەندی ژنانە کە ژنان لە هەڵەبجەدا خاوەنی دنیابینییەک ئێجگار جیاوازە هەمیشە وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف وێنا کراوە، کە بەشدار بووە لە کارو پیشە دەستییەکان و لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵداری وتەنانەت نیشانەشکێنیشی کردووە و بەشدار بووە لە بڕیارە کۆمەڵایەتی ئیدارییەکاندا و لەدیوەخانەکاندا گوێیان لێ گیراوە و رایان بەهەند وەرگیراوە و گرنگی بە هوشیاری و خوێندەواری ژنان دراوە و تەنانەت شاعیر و بیرمەندەکان شانازییان بە دایکییانەوە کردووە وەک شێرکۆ بێکەس و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و کە لە ولایەتی شارەزوور ماوەیەک ژن دەسەڵاتدار بووە ئەم کلتوورە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە کە چوار ژن لە لووتکەی دەسەڵاتدان ئەوانیش قایمقامی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری شارەوانی دادوەری گشتی و سەرۆکی زانکۆ کە تەنانەت کە بۆ یەکەمجارە لە کوردستان وعیراقدا ژنێک ببێت بەسەرۆکی زانکۆ. مێژوو شایەتی ئەوە دەدات، کە هەڵەبجە بنەماکانی بوونی شاری تێدابووە یەک مزگەوت کە سەرچاوەیەک بووە بۆ پەخشکردنی زانست و زانیاری تەنانەت یەکێک لە مزگەوتەکان بە ناو جامعەوە بووە کە چەندین شاعیر و رۆشنبیر بڕوانامەی مەلایەتیان لەم شارە وەرگرتووە. دووەم بوونی قەیسەری کە ئاماژەیەکی گرنگی جموجۆڵ و ئالوگۆری بازرگانی بووە و تاکی ئەم دەڤەرە هەمیشە پشتیان بەخۆیان بەستووە و خودبژێوی مۆرکی ئەوانە. سێیەم بوونی حەمام لە هەڵەبجە نیشانەیەکی تری شارستانییەتە و ئاماژەیەکی سەرەکییە بۆ گرنگیدان بە پاک و خاوێنی حەمامی پاشا نمونەیەکی جوانی ئەم شارە بووە.

*مۆسیقا، شیعر، هونەر، سروشت، جوانی خواردن کامیان جێی سەرنجی تۆیە؟
د. مەهاباد کامیل: ئەوەی بۆ من جێی سەرنج و تێرامانە ئەوەیە ئەم شارە لەسەرجەم کایەکاندا پێشەنگ بووە هیچ یەکێک لە مانە فەرامۆش نەکراوە، بەڵام بوونی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیر و نووسەربە گەنجینەیەکی مەعریفی دەزانم چونکە لە بەرهەمی ئەواندا مێژووی جوانی ئەم شارە تۆمار کراوە و بەرهەمەکانیان گوزارشت بووە لە خەم و ئازاری میللەتەکەیان ئەحمد موختار جاف و تاهیربەگی جاف دوو نموونەی جوانی ئەم شارەن هەرچەن کوڕی دیوەخان بوون بەڵام هێندە جوان پەروەردەکراون، بەرهەمەکانیان ئاوێنەی میللەتە چەوساوەکەیان بووە بانگی ئازادی بووە بۆ سەربەخۆیی تاک لە چیرۆکی مەسەلەی ویژداندا ئەم بابەتە بەڕوونی دیارە، ئەم دوو برایە پەروەردەی دەستی ژنێکی خاوەن دەسەڵاتی هەڵەبجە بوون، ئەویش عادلە خانمە کە نموونەی دەسەڵاتێکی سەرکەوتوو میانڕەو بووە لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەری جەنجاڵیدا بووە.

*چۆن دەتوانرێت کلتوور زیندوو بکرێتەوە؟
د. مەهاباد کامیل: کلتوور بەشێکی دانەبڕاوی هەر نەتەوەیەکە، کە بەپێی سەردەم و شوێن و رووداوەکان لە گۆڕاندایە، دنیابینی هەر میللەتێک لە کلتوورەکەیەوە وێنا دەکرێت، کلتوور بەشێکی لە رۆشنبیریی و بەشێکی لە ئاین و مەزهەبەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و فرە رەهەندە و بۆ هەر سەردەمێک جیاوازە و چەق بەستوویی لە کلتووردا نەهامەتی بۆ گەلان دەهێنێت، بەڵام دەکرێت بەشێکیان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنرێن.هەندێکیشیان رۆژگار ستەمی لێکردوون و نەماون. کلتووری پیشە دەستییەکان لەگەل کۆچکردنی بەتەمەنەکان کۆتایی دێت بۆیە دەکرێت ناوەندێک هەبێت بۆ پاراستنیان کلتووری کارکردن و پشتبەستن بە خود نابێت هۆکارێک بێت بۆ لەناوچوونی پیشە دەستیەکان لە رانک و چۆخە و کڵاش و کەرەستەکانی چێشتخانە و شێوازی بیناکاری خانوو باخەکان. زیندووکردنەوە و بەردەوامی کلتوورە جوانەکان کاری هوشیارکردنەوەی ناوەندە رۆشنیبیرییەکان و راگەیاندن و سۆشیال و رێکخراوە ناحکومییەکانە.

 397 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*