سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » گیوی موكریانی خەرمانێك وشەی چاپکراو!

چراکانی نیشتمان

گیوی موكریانی خەرمانێك وشەی چاپکراو!

خەلیل عەبدوڵڵا

كتێبی (گوڵچنی گیو) شاكارێكی بەنرخ‌و بەهاداری مێژوویی‌و كەلتووریی مامۆستا گیوی موكریانی نەمرە.

د.كوردستان موكریانی لەدوو توێی دوو بەرگی گەورەی 1123 لاپەڕەدا بەچاپی گەیاندووە.

ئەم كتێبە ژیاننامەی 333 شاعیری كلاسیك‌و هاوچەرخی لەخۆگرتووە‌و وێنە‌و نمونەیەكی شیعرەكانیشیان لەگەڵیدا بڵاو بۆتەوە.

ئەم پڕۆژەیە ئەتوانرێ‌ بەپڕۆژەی تەمەنی گیوی موكریانی دابنرێت، چونكە لە كۆتایی ساڵانی سییەكانی سەدەی رابردوەوە دەستی پێكردووە‌و تا دوا رۆژەكانی ژیانی لە 24ی تەمموزی 1977 بەردەوام بووە.

د.كوردستان موكریانی، وەك خەمحۆرێكی دڵسۆزی باوكی، هەموو بەرهەمەكانی چاپكردۆتەوە، ئەم كتێبە دوا یادگاریی دەستنووسی گیوی موكریانییە، كە دوای ماندوو بوونێكی زۆر‌و پاش بژاركردن‌و رێكخستن‌و ساخكردنەوە‌و زێدكردن‌و تەواو كردنی لە دووتوێی دوو بەرگی جوان‌و قەشەنگدا چاپی كردن.

گیوی موكریانی خولیای ئەوەی بووە كەزانیاری لەسەر ژیان‌و بەرهەمەكانی شاعیرانی كورد كۆ بكاتەوە‌و بەچاپی بگەیەنێ‌، بۆ سۆراخی ئەوە زۆربەی شارو شارۆچكە‌و گوندەكانی كوردستان گەڕاوە‌و زانیاری لەو بارەیەوە كۆكردۆتەوە‌و لای خۆی تۆماری كردوون. بێلەوە نامەی بۆ شاعیران ناردووە كە زانیاری پێویستی بۆ بنێرن.

ئەم كتێبە گەنجینەیەكی بەنرخی مێژوویی‌و كەلتوورییە، تیشك ئەخاتە سەر ژیان‌و بەرهەمەكانی دەیان شاعیری كلاسیك‌و هاوچەرخ.

د.كوردستان زۆر بەلێكۆڵینەوە‌و ساخكردنەوە‌و گۆڕینی رێنووسی ئەو پڕۆژەیەوە ماندوو بووە‌و لەو كەرەسە خاوە ئەو شاكارە بەنرخەی دروست كردووە. كە جێگەی ستایش‌و دەستخۆشییە.

بنەماڵەی موكریانی بنەماڵەیەكی روناكبیرو خوێنەوار بوون، بەپێشەنگ‌و سەرقافڵەی ئەو كەسانە دادەنرێن لەكوردستانی باشور، كەبایەخیان بەچاپخانە‌و چاپەمەنی داوە‌و لەو بوارانە خزمەتێكی گەورەیان پێشكەش بەكایەی رۆشنبیریی كوردی كردووە.هەردوو برا حسێن حوزنی موكریانی‌و گیوی موكریانی دوو شۆڕەسواری ئەو مەیدانە بوون‌و بەپێشەنگی هێنانی چاپخانەبۆ كوردستان‌و شۆڕشی چاپەمەنی‌و رۆژنامەگەری دادەنرێن‌و شوێن پەنجەیان بەو بوارەوە دیارە.

عەبدولڕەحمان كوڕی سەید عەبدوللەتیف كوڕی شێخ ئیسماعیلی غەزایی ناسراو بە(گیوی موكریانی)، لەساڵی 1903 لەشاری مەهاباد لەدایك بووە.

لەتەمەنی 10ساڵیدا لەگەڵ حسێن حوزنی موكریانی برای چۆتە شام‌و لەوێ‌ خوێندویەتی.

لەساڵی 1915 حوزنی برای مەكینەیەكی چاپی ئەڵمانی دەكڕێ‌‌و لەشاری حەڵەب دایدەنێ‌، ئەویش بۆ ماوەی 10 ساڵ هاوكاری دەبێ‌ لەبواری چاپەمەنیدا‌و چەندین كتێب‌و گۆڤار لەشام چاپ ئەكەن.

لەساڵی 1925 هەردوكیان گەڕاونەتەوە كوردستان‌و چاپخانەكەیان بردۆتە رەواندز‌و لەوێ‌ رۆژنامەی(زاری كرمانجی) ‌و گۆڤاری ( روناكی)یان دەركردووە.

لەناوەڕاستی سییەكانەوە چونەتە هەولێر ‌و چاپخانەی هەولێریان دامەزراندووە. لەساڵی 1947 حسێن حوزنی موكریانی برای كۆچی دوایی ئەكات. ئیدی ئەركی بەرێوەبردنی چاپخانەكە ئەكەوێتە ئەستۆی گیوی موكریانی‌و ساڵی 1948 ناوی چاپخانەكەی بۆ چاپخانەی كوردستان گۆڕیوە.

گیو لە ساڵی 1954 ەوە تا 1960 گۆڤاری (هەتاو)ی لەشاری هەولێر دەركردووە‌و 188 ژمارەی لێ بڵاو كردۆتەوە.

گیو دیوانی شاعیرانی وەك ( مەلای جزیری، نالی، سالم، كوردی، حاجی قادری كۆیی،وەفایی،دڵدار،خانی،ئەدەب، سافی)‌و چەندانی تری لەچاپخانەكەی چاپكردووە.

گیوی موكریانی خاوەنی چەندین فەرهەنگ‌و بەرهەمی بەنرخ‌و ناوازەیە لەوانە( فەرهەنگی رابەر، فەرهەنگی كۆلكە زێرینە، فەرهەنگی مەهاباد، فەرهەنگی نۆبەرە، فەرهەنگی كوردستان، گیونامە، كەشكۆڵی گیو )‌و چەندانی تر.گیو ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كورد‌و ئەندامی یاریدەدەری كۆڕی زانیاری كورد بووە.

گیوی موكریانی تا ماڵئاوایی لەژیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كارەكانی چاپ‌و چاپخانە‌و رۆژنامەگەری‌و نووسینی كردووە.

ئەم روناكبیرەی گەورەیەی كوردستان ، پاش خزمەتێكی زۆر بەكایەی كلتووری كوردی لەرۆژی 24ی تەمووزی 1977 لەنەخۆشخانەی موسڵ بەنەخۆشی دڵ كۆچی دوایی كرد‌و تەرمە پیرۆزەكەی برایەوە بۆ شاری هەولێر‌و لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد بەخاك سپێردرا‌و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.

درود بۆ رۆحی بێگەردی مامۆستا گیوی موكریانی ئەو پیاوەی لەمەهابادەوە بەدوای زانست‌و روناكبیری‌و مەكینەكانی چاپەمەنی وێڵ بوو ‌و چەندین شاری كوردستان‌و وڵاتی دیكەی تەی كرد‌و دواجار لەرواندز‌و هەولێر گیرسایەوە‌و خەرمانێك بەرهەمی ناوازەی پێشكەش بەوڵاتەكەی كرد.

print

 153 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*