سەرەکی » راپۆرت » ״ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكان״

״ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكان״

كەركوك، كوردستانی نوێ
تەئكید لە «ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكان» دەكرێتەوە و ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، رایگەیاند: مادەی 140 شاڕێی چارەسەری كێشەكانە لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: داوامان لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كردووە هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان دەستپێبكات.

چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور
حەسیبە عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستە كاری جددی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان بكرێت، وتیشی: پێویستە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران هەنگاوەكانی لە بواری ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكانیش دەستپێبكات، ئاماژەی بەوەشدا «پێویستە بەپێی دەستوور كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلاییبكرێتەوە و لەوبارەیەوە مادەی 140 شاڕێی چارەسەری كێشەكانە لە ناوچە جێناكۆكەكان»، راشیگەیاند: چارەسەری كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان دەبێتە كلیلی چارەسەری زۆربەی كێشەكانی دیكەی عیراق.

جێبەجێكردنی مادەی 140
لەلایەكی دیكەوە، جەمال شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا وەك پەرلەمانتارانی كەركوك بەرچاوڕوونیمان داوەتە سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ چارەسەری كێشەكان، داواشمانكردووە هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشەكان لە ناوچە جێناكۆكەكانیش دەستپێبكات، بۆ ئەو مەبەستەش ئامار و داتاكانمان خستۆتە بەردەم سەرۆك وەزیران، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا كە هەندێ لایەنی شۆڤێنی كار بۆ تەعریبكردنەوەی ئەو ناوچانە دەكەن، راشیگەیاند: پێویستە پێش هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عیراق، هەنگاوی خێرا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان بنرێت، وتیشی: پێویستە بە گفتوگۆ و دانوستان و بەپێی دەستوور و مادەی 140 كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان بكرێت.

print

 211 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*