سەرەکی » ئەدەب و هونەر » دراوسێكان

دراوسێكان

زویا پیرزاد

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

من ژنه‌كه‌ی دراوسێی به‌رامبه‌رمان ناناسم، به‌ڵام هه‌موو رۆژێك له‌ په‌نجه‌ره‌ی موبه‌قه‌كه‌مه‌وه‌ له‌ موبه‌ق و حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا ده‌یبینم. به‌یانییان جله‌ شۆراوه‌كان ده‌هێنێته‌ حه‌وشه‌ و به‌ ته‌نافه‌ درێژه‌كه‌دا هه‌ڵیانده‌خات كه‌ سه‌ره‌كانی له‌ دوو دارچناری پیر به‌ستراون. پاشان ده‌چێته‌ موبه‌ق و خواردنی نیوه‌ڕۆ دروست ده‌كات. هه‌مان كات منیش له‌ چێشتخانه‌كه‌م چێشتی نیوه‌ڕۆ لێ ده‌نێم. له‌ دووری كۆڵانێكی باریك و حه‌وشه‌یه‌كی بچووكه‌وه‌ ئیش و كاری هاوشێوه‌ی یه‌ك ده‌كه‌ین.

نیوه‌ڕۆ مێردی ژنه‌كه‌ی دراوسێمان له‌سه‌ر ئیش و مناڵه‌كه‌یان له‌ قوتابخانه‌ دێته‌وه‌. ژنه‌كه‌ی دراوسێمان خواردن له‌سه‌ر مێزی موبه‌قه‌كه‌یان داده‌نێت. مێرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مناڵه‌یاندا یاریی ده‌كات. ژنه‌كه‌ خواردنه‌كه‌ تێده‌كات. مناڵه‌كه‌ پاڵ به‌ قاپه‌كه‌وه‌ ده‌نێت و نان ناخوات. ژنه‌كه‌ خواردن به‌ مناڵه‌كه‌ ده‌دات. مێرده‌كه‌ی نانه‌كه‌ی ده‌خوات و به‌ ره‌فتاری مناڵه‌كه‌یان پێده‌كه‌نێت. دوای نانخواردن مێردی ژنه‌كه‌ی دراوسێمان له‌گه‌ڵ مناڵه‌كه‌یاندا له‌ حه‌وشه‌ تۆپ تۆپێن ده‌كات. ژنه‌كه‌ خواردن و قاپ و قاچاغی سه‌ر مێزه‌كه‌ كۆده‌كاته‌وه‌.

عه‌سر مێزی ئوتو و كه‌ل و په‌لی به‌رگدروویه‌كه‌م ده‌هێنمه‌ موبه‌ق. موبه‌قه‌كه‌ رووناكتر و گه‌رمتره‌. له‌و‌ێ زیاتر هه‌ست به‌ ئیسراحه‌ت ده‌كه‌م.

ژنه‌كه‌ی دراوسێمان عه‌سرانی له‌گه‌ڵ مناڵه‌كه‌یاندا به‌سه‌ر ده‌بات. وانه‌كانی پێ ده‌ڵێته‌وه‌. جاریوایه‌ یاریی له‌گه‌ڵ ده‌كات و جاریواشه‌ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ده‌كات و لێی ده‌دات. مناڵه‌كه‌ ده‌گری. ژنه‌كه‌ش ده‌گری. مناڵه‌كه‌ ئارام ده‌بێته‌وه‌، ژنه‌كه‌ش له‌سه‌ر مێزی چێشتخانه‌كه‌یان داده‌نیشێت. هه‌ردوو ئانیشكی ده‌خاته‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ و سه‌ری ده‌خاته‌ ناو هه‌ردوو ده‌ستییه‌وه‌. جاریوایه‌ جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێ و له‌ جێگایه‌كی نادیار راده‌مێنێت. پاشان له‌ناكاو له‌ شوێنی خۆی راده‌په‌ڕێت. چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك دوای ئه‌وه‌ به‌ زه‌میله‌یه‌كی به‌تاڵەوە‌ دێته‌ حه‌وشه‌. جله‌كانی سه‌ر ته‌نافه‌كه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، قه‌دیان ده‌كات و ده‌یانخاته‌ زه‌میله‌كه‌وه‌.

من له‌ چێشتخانه‌ چێشتی ئێواره‌ لێ ده‌نێم. ژنه‌كه‌ی دراوسێشمان له‌ چێشتخانه‌كه‌یان چێشتی ئێواره‌ لێ ده‌نێت. مناڵه‌كانم له‌ قوتابخانه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ و مێرده‌كه‌شم له‌سه‌ر ئیش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. قسه‌ ده‌كه‌ن. گوێم لێیه‌. ده‌پرسن «په‌رداخ له‌ كوێیه‌؟» «قه‌ڵه‌م له‌ كوێیه‌؟» «سابوون له‌ كوێیه‌؟» ده‌ڵێم «په‌رداخ له‌ قه‌فه‌زه‌ی حاجه‌ته‌كاندایه‌، قه‌ڵه‌م له‌سه‌ر مێزی نووسینه‌كه‌یه‌.» لای به‌لووعه‌ی ده‌ستشۆره‌كه‌وه‌ سابوونێكی تازه‌ داده‌نێم. مناڵه‌كان باسی به‌سه‌رهاته‌كانی قوتابخانه‌ ده‌كه‌ن. من خواردنی ئێواره‌ له‌سه‌ر مێزی نانخواردنه‌كه‌ داده‌نێم. مێرده‌كه‌م باسی به‌سه‌رهاته‌كانی فه‌رمانگه‌ ده‌كات. بزه‌م دێتێ. مناڵه‌كان وانه‌كانیان ده‌خوێنن، نانه‌كه‌یان ده‌خۆن، هات و هاوار ده‌كه‌ن. مێرده‌كه‌م دوای نانخواردن رۆژنامه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌. من قاپه‌كان ده‌به‌م بۆ موبه‌ق. ژنه‌كه‌ی دراوسێمان له‌ موبه‌ق قاپ ده‌شوات. من بیر له‌نانی نیوه‌ڕۆی به‌یانی ده‌كه‌مه‌وه‌.
سه‌رچاوه‌: زویا پیرزاد سه‌ كتاب ص6-7 چاپ نوزدهم.

 487 جار بینراوە