سەرەکی » وەرزش » باشترینەکانی ئەم وەرزەی خولی ئیتالیا دیاریكران

باشترینەکانی ئەم وەرزەی خولی ئیتالیا دیاریكران

پاولۆ دیبالای ئەستێرەی یانەی یۆڤانتۆس توانی پێش سەرجەم ركابەرەكانی بكەوێت و خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا بباتەوە، ئەمەش دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەكاندا پێشكەشی كرد.

پێگەی رەسمی خولی ئیتاڵیا باشترینەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیای بڵاوكردەوە كە ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە توانیی جێگەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی هاوڕێی بگرێتەوەو خەڵاتی باشترین بباتەوە.

دیاریكردنی باشترینەكانی خولی ئیتاڵیا وەكو پێگەكە ئاماژەی پێداوە لە رێگەی سەرجەم ژمارەی یاریزانانی خولەكەوەبووە و بۆ ئەمەش پشت بە تۆڕی كەی سپۆرت و دامەرزاوەی نیتكۆ سپۆرتس بەستراوە.

ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوە داوە لە پاڵ یارییەكانی خولی ئیتاڵیا ئاستی ئەو یاریزانانە لە جامی ئیتاڵیا و جامی سوپەریش بەهەند وەرگیراوە، بۆیە دیاریكردنی باشترینەكان تەنها بۆ خولی ئیتاڵیا نییە بەڵكو بۆ تەواوی ئەم وەرزەی خول و پاڵەوانێتییەكانی ئیتاڵیا بووە.

دیبالا ئەم وەرزە بە ئاستێكی زۆر بەرز دەركەوت و لەو 33 یارییەی كە لەخولی ئیتاڵیا بەشداری كردو، 11 گۆڵی تۆماركردوەو لەگەڵیشدا 11 ئەسیستیشی هەبووە.

ئەو ئەستێرەیە دوای ئەوەی وەرزی رابردوو نەیتوانی لەگەڵ ئەلیگری راهێنەر خۆی لەگەڵ یاریكردنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بگونجێنێت، ئەم وەرزە بە پشت بەستن بە پلانەكانی ساری راهێنەر دووانەیەكی بەهێزی لەگەڵ ئەو ئەستێرە پرتوگالیە پێكهێناو رۆڵی سەرەكییان گێڕا لە بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا بۆ نۆیەم وەرز لەسەریەك.

دیبالا لە ریزبەندیەكەدا پێش رۆناڵدۆ کەوت كە دوای تۆماركردنی 31 گۆڵ پێی وابوو بۆ دووەم وەرز لەسەریەك دەبێتە باشترین یاریزانی خولی ئیتاڵیا، بەڵام ئاستە بەرزەكەی دیبالا بووە هۆی ئەوەی رۆناڵدۆ نەتوانێت خەڵاتەكە بباتەوە.

یانەی یۆڤانتۆس لەپاڵ خەڵاتی باشترین یاریزان، خەڵاتێكی تریشی پێدراوە ئەویش خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی ئەم وەرزەیە كە چیزنی بە براوەی خەڵاتەكە دانرا، ئەمەش دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەكاندا پێشكەشی كرد.

خەڵاتی باشترین بەرگریكاری وەرزیش بە ستیفان دی ڤریجی ئەستێرەی یانەی ئینتەر بەخشراوە، ئەویش ئاستی بەرزی پێشكەش كردو هۆكاری سەرەكی بوو كە یانەكەی كەمترین گۆڵی لەم وەرزەدا لێكرا.

خەڵاتی باشترین یاریزانانی ناوەندیش لە ئیتاڵیا ئەم وەرزە بۆ ئەلیخاندرۆ گۆمێزی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بوو لە یانەی ئەتەلانتا كە ئاستێکی بەرزی پێشكەش كرد لە پشت هێرشبەرەكانی یانەكەیەوەو چەندین گۆڵی تۆماركرد و دروستكرد.

خەڵاتی باشترین هێرشبەریش بە شایستەیی بۆ چیرۆ ئیمۆبێلی ئەستێرەی لازیۆ بوو كە توانی ببێتە گۆڵكەری ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا و خولە ناوخۆییەكانی ئەوروپا.

ئیمۆبێلی ئەم وەرزە 36 گۆڵی كردو ریكۆردەكەی گۆنزالۆ هیگواینی یەكسان كردەوە كە خاوەنی زۆرترین گۆڵ بوو لە وەرزێكی خولی ئیتاڵیا و دوای 13 ساڵیش دابڕان خەڵاتی گۆڵكەری خولە ناوخۆییەكانی ئەوروپا كە بە گۆڵدن بوت ناسراوە گەڕاندەوە بۆ ئیتاڵیا.

پێگەی خولی ئیتاڵیاش ئاماژەی بەوە داوە ئەو یاریزانانەی كە بە باشترین دیاریكراون لەسەرەتای وەرزی داهاتوو خەڵاتی تایبەتیان پێدەدرێت لەسەر درێسەكانیان تا كۆتایی وەرز هێمای باشترین بە سنگیانەوە هەڵدەواسرێت.

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*