سەرەکی » ئاراستە » جیاکاریی نەژادی سیستەماتیکی

جیاکاریی نەژادی سیستەماتیکی

د. رزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز*

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین تێپەراندنی کۆیلایەتی و هەڵگرتنی یاسای جیم کرو بە دەستکەوتی گەورە لە بواری کەمکردنەوەی جیاکاری نەژادی دەژمێردرێن و دەبێت بە بایەخەوە سەیریان بکەین، بەڵام ئەوەی جیگای نیگەرانییە، هەتا ئیستاش رەگ و ڕیشەی جیاکاریی نەژادی لە کۆمەڵگای ئەمریکاییدا بوونی هەیە و لە فۆرمی جیاوازدا دەردەکەوێتەوە، بە شێوەیەکی کەمێک بێدەنگتر لەجاران لە زۆربەی گۆشە و رەهەندەکانی ژیانی خەڵکیدا خۆی نمایشدەکاتەوە.

لە سەرەتای مانگی شوباتی 2020 دا،لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی ئەکادیمی بەریتانی بۆ فیلم BAFTA،جواکین فینیکس لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەردا وتی ((من خۆشحاڵم ئەمرۆ ئەم خەلاتە وەردەگرم، لە هەمان کاتیشدا هەست بە نا ئارامی دەکەم، چونکە کەسانێک کە خزمەتی زۆری پیشەسازی فیلمیان کردوە لەم جۆرە ئاهەنگانەدا بە باشی جێگایان نابێتەوە، پێویستە ئەو پەیامە بە ڕوونی بگات بۆچی ڕەشپێستەکان لەم جێگایانەدا پێشوازیان لێناکرێت، من هەست بە شەرم دەکەم کە بەشیکم لەم گرفتە، ئەمە تەنها مەسەلەی جیاوازی کولتوور نییە،ئێمە پێویستە بە جدی کاربکەین بۆ ئەوەی لە نەژادپەرستی و جیاکاری سیستەمی تێبگەین)).

مەرگی جۆرج فلۆید ئەو بۆمبە بوو کە لەگەڵ خۆیدا خەڵکی ئەمریکایی لەم فۆرمە نەرم و بێدەنگەی جیاکاریی نەژادی وەئاگا هێنایەوە،شۆڕشی (ژیانی رەشپێست گرنگە) سەریهەڵدا، هاوکات بە چڕی قسە لەسەر جیاکاریی نەژادی سیستەمی لە دامودەزگاکانی ئەمریکادا دەکرێت. جیاکاریی لە کرێی کار،لە داهات و سامان،لە فرسەت و هەلی یەکسان،لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردەیی،لە شوێنی نیشتەجێبوون …تد.

چەمکی نەژادپەرستی سیستەماتیکی یانی پرۆسەی باڵادەست بوونی Supremacy سپیپێست لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، وەک جۆن ریکس دەڵێت ماوەیەکی زۆرە ئەمریکایی سپیپێست چاوی لەگەڵ نەژادپەرستی سیستەماتیکیدا هەڵهێناوە، کە بە مەبەست و بێ مەبەست فرسەت و هەلی بێئەژمار بۆیان دەستەبەرکراوە، لەبەرامبەردا هەل و فرسەتی کەمینە و رەشپێستەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە قاڵبداوە

راسیسزمی سیستەمی واتە باڵادەستبوونی سپیپێست لە سەرئاستی تاک، ئایدۆلۆژی و لە سەرئاستی دامودەزگایی، لەسەرئاستی تاک هیج کەسێک خۆی پێ نەژادپەرست و راسیسزم نییە،بەڵام بەردەوام دەتوانێت سوود لە سیستەمێک وەربگرێت کە دەنگ و رەنگی سپیپێست تێیدا زاڵ و باڵادەستە، بۆ نموونە بەپێ توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد، کاتی پڕکردنەوەی فۆرم و ناردنی سیڤی بۆ دەستخستنی هەلی کار،ئەوانەی هاوناوی سپیپێستن چانسی چاوپێکەوتنیان زیاترە، تەنها لە 10٪ بۆ چاوپێکەوتن بانگ دەکرێن ئەگەر سیڤییەکە وەک رەشپێستیک بنێرن،بەڵام ئەگەر وەک سپیپێستیک بینێرن ئەوا چانسیان بۆ 25٪ بەرزدەبێتەوە.!!!

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم چارەسەری ریشەیی جیاکاریی نەژادی ئەوەیە هەمیشە مەسەلەکە سادە دەکرێتەوە بۆ کردار و رەفتار و هەڵچوونی تاکەکەسی،رۆڵی سیستەم و دامودەزگاکان بە بیانووی هێنانەوەی نالۆژیکی وندەکرێت،ئەم بیانووهێنانەوە نالۆژیکییە فۆرمێکی سیستەماتیکی وەرگرتوە کاتێک سپیپێستێک کارێکی ناجۆر ئەنجام دەدات. ریکس دەڵێت هەنگاوی یەکەم ئەوەیە دەستهەڵگرین لەم جۆرە بەرگریکردن و بەکەسیی کردنەی بابەتەکە،پێویستە بە باشی ڕادەی نەژادپەرستی خۆمان ببینین، رەگەکانی ئەو نەژادپەرستیە لە سیستەمدا بدۆزینەوەو چارەسەری بکەین. رۆبین دیانگیلیۆ دەڵێت، نەژادپەرستی مەسەلەی پیاوی چاک بەرامبەر پیاوی خراپ نییە ،وەک هەندێک بە هەڵە تێیگەشتوون،بەڵکو بریتییە لە داننان بە دەسەڵاتی تەواویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەزگایی سپیپێستان بە سەر کەمینە و نەژادەکانیتردا (رەشپێستەکان ). بۆ راستی ئەم ووتەیە سەرنجی ئەم داتایانەی خوارەوە بدە:

*دە یەکەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەمریکی 100٪ سپیپێستن.

*ئەندامانی کۆنگریس ٪90 سپیپێستن.

*پارێزگاری ویلایەتەکان 96٪.

*سەرۆک و جێگرەکەی 100٪.

*91٪ کابینەی سەرۆکایەتی ئێستا .

*نزیکەی 85٪ بۆ 95٪ ئەوانەی کە بڕیار دەدەن کە خەڵکی سەیری چ فلیمێک، چ بەرنامەیەکی تیڤی، یان چ کتیبێک بخوێنێتەوە سپیپێستن.

*خاوەنداری یانەکانی تۆپی پێ 97٪ سپیپێستن.

*خاوەنداری یانەکانی تۆپی پێ 97٪ سپیپێستن.

*82٪ مامۆستایان و 84٪ مامۆستایانی زانکۆ سپیپێستن.

جیاکاری نەژادی لە لە ناوەندەکانی خوێندن
سکولی کارو بزنس لە زانکۆی هارڤارد بە یەکێک لە گرنگرترین ناوەندەکانی خویندن لە ئەمریکاو جیهاندا دادەنرێت،زۆربەی سەرکردە و سیاسی و بەرێوبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکان دەرچووی ئەم سکوڵەن . ساڵی 1987،رۆژنامەی نیویورك تایمز دەرچوون و بەدەستهێنانی بروانامەی لەم سکوڵەدا بە پاسپۆرتی ئاڵتونی ژیانکردن لە چینی باڵادا ناوبرد،هەربۆیە زۆرینەی زۆری بەرێوبەری جێبەجکاری (500) یەکەمین کۆمپانیای ناوداری جیهان و ئەمریکا دەرچووی کۆلیژی کاری هارڤاردن. بەڵام لە (30) ساڵی رابوردوودا تەنها کەمتر (٪5) ی دەرچووی ئەم سکوڵە رەشپێست بووە. واتە چانسی خوێندنی رەشپێستەکان لەم سکولەدا زۆر کەمبووە،هەر دەرئەنجامی ئەم جیاکارییە دەبینین،سەڕەرای هەبوونی بەرنامە و پرۆگرامی جۆراوجۆر بۆ کەمکردنەوەی جیاکاری بەڵام لە لیستی 500 یەکەمین بەرێوبەری جێبەجێکاراندا تەنها پێنج یان رەشپێستن .

هەربۆیە لە مانگی 6 ی ئەمساڵدا راگری کۆلێژەکە نیتین نەهریا کە بە رەگەز هیندیە،لە نامەیەکی کراوەدا لە بری هەموو ستافەکەی داوای لێبوردنی کرد لەوەی لە ڕابووردوودا نەیانتوانیوە وەک پێویست رووبەرووی جیاکاری نەژادی ببنەوە،پەیمانی ئەوەی دا لە داهاتوودا بە ووردی توێژینەوە لە رەگە قووڵەکانی جیاکاری نەژادی بکەن ،بۆ ئەوەی بە باشی لە رایەڵەکانی پەیوەندی نێوان راسیسزم و نادادپەروەری و تیبگەن و چارەسەری بکەن، چونکە ئەوەی تەنها خوێندکاران نین کە تووشی پرۆسەی جیاکاریی نەژادی بوونەوەتەوە بەڵکوو پسپۆران و مامۆستایانیش تووشی هەمان دەردو بەڵا بوونەتەوە،ئەو لە نامە کراوەکەیدا ئەوەی باسکردوە لە ماوەی 30 ساڵی رابوردوودا تەنها 50 خوێندکاری رەشپێستیان هەبووە، لە مێژووی زیاد لەسەد سالی کۆلێژەکەدا تەنها 4 پرۆفیسۆری رەشپێستی لە خۆگرتووە کە بە گرێبەستی بەردەوام کاریان کردوە،بەشێکی ئەوانەشی بەکاتی دادەمەزرێن بە هۆی هەستکردن بە جیاکاری و مامەڵەی ناتەندروستی هاوکاران و خوێندکاران هەر زوو جێگاکە جێدەهێلن.

هەر لەبەرئەمەیە کە هەندێک پێان وایە ریشەی نادادپەروەری و نایەکسانی لە داهات و ساماندا رەگێکی لە جیاکاریی نەژادیدایە.

گاریگەری لەسەر منداڵان
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی جیاکاری نەژادی سیستەماتیک لە ئەمریکا سەیرکردن و مامەڵەکردنی مندالانی ڕەشپێستە وەک کەسێکی کامڵ و گەورە،هەمیشە لە هەست ونەستی خەڵکی سپیپێستی ئەمریکاییدا منداڵێکی رەشپێشت وەها سەیر دەکرێت لە داهاتووودا تاوانکارێکی زیاتری لێ دەرناچێت، ئەمەش هەمیشە باوک ودایکی منداڵانی رەشپێست دەخاتە دۆخێکی سایکۆلۆژی سەختەوە،وەک کوپەر ژنە رۆژنامەنوسێکی رەشپیستە،دەڵێت: بۆ ئەوەی بەر لە گوناحی گەورە بگرین کە پێدەچێت ژیانی منداڵەکانیان بخاتە مەترسییەوە،پێویستە زیاد لە پێویست لە سەر شتی بچوک لەگەڵ مندالەکانیان توند بن،بهێنە پێش چاوی خۆت، چەندە سەختە بۆ دایک و باوک،کاتێک مامۆستا و دوکاندار و خەڵکی ئاسایی و پۆلیس و هەمووان بەم چاوەوە سەیری منداڵەکەت بکەن، چ دۆخێکی سایکۆلۆژی سەخت بۆ منداڵەکەت، بۆ خۆت دروست دەبێت؟

سەرنجی ئەم چیرۆکە بددە،کوپەر دەڵێت: پێش ئەوەی کە نیتفلیکس بێتە ئاراوە، بە دیاریکراوی ساڵی 1997،وەک نەریتێکی خێزانی هەموو کۆتایی هەفتە دەچووین سیدی فیلمێکی دیاریکراومان لە دوکانێک وەردەگرت،جارێک لەو جارانە، جەی کورە دە ساڵانەکەمان زۆر داوای فیلمی ئەکشنی کرد،ئێمەش رازی نەبووین،کاتێک چووینە دەرەوە جەی دای لە قاقای پێکەنین و لە بن چاکەتەکەیەوە سیدیەکی دەرهێنا، من و باوکی زۆر توڕە بووین، ئاسمانمان بەسەری ئەو منداڵە بێچارەدا رووخاند، دواتر داوامان لێکرد دەبێت بچێت داوای لێبوردن لە دوکاندارەکە ( کە پیاوێکی سپیپێست بوو) بکات، جەی دەستیکرد بە گریان،ئاخر ئەو لە تەمەنی ئەو کارەدا نەبوو، بەلام ئێمەی رەشپێست لە ترسی ئەوەی کە بە خراپ باس نەکرێین،بە چاوی کەمەوە سەیر نەکرێین، زۆرجار هەم زیاد لە پێوسیت فشار دەخەینە سەر خۆمان هەمیش مندڵەکانمان، رۆشتین بۆ لای دوکاندارەکە وداوای لێبوردنمان کرد و وتمان منداڵە و هەڵەی کردوە و دووبارەی ناکاتەوە، ئەو سەیرێکی کردین و تەلفونەکەی دەرهێنا و وتی ئێستا تەلەفون بۆ پۆلیس دەکەم،منداڵەکەی ئێوە دوکانبڕە و دەبێت سزای خۆی وەربگرێت،هەرچی باوکی جەی هەوڵی لەگەڵدا،سودی نەبوو، رۆشتینە ناو ئۆتۆمبیلکە و لەگەڵ دڵنەواییکردنی کوڕە ترساوەکەماندا لە ئاوێنەکەوە چاوەڕێی پۆلیسمان دەکرد، چەندە سەیرە ئیمە دەمانویست دادپەروەری و دەستپاکی فێری منداڵەکەمان بکەین بەلام ئێستا دەستگیر دەکرێت ) کوپر دەڵێت ئیستا کاتێک هەموومان بە دیار مەرگی جۆرج فلۆید ەوە دانیشتوین و خۆپیشاندانەکان هەموو جێگایەکی گرتووەتەوە،من و جەی 32 ساڵ پێکەوە هەوڵدەدەین هاودڵی یەکتری بکەین و مەعنەویاتی خۆمان بەرز ڕاگرین،هەمیشە کە سەیری کورەکەم دەکەم دەڵیم باشە بۆچی دەبێت خەڵکی وەک ئاژەڵێکی دڕندە سەیری ئەم کوڕە باش و میهرەبان و بێ زیان و مرۆڤ دۆستەی من بکەن ؟خەیاڵ بردمیەوە بۆ لای هاواری فلۆید بۆ دایکی،کاتێک دەیگوت (دایکە ناتوانم هەناسە بدەم)،وەرە یارمەتیم بدە.

کوپر دەڵێت ئەوکاتەی لە کۆلیژی یاسای زانکۆی ڤیرجینیا خوێندکار بووم،لە کۆی (300) خوێندکار تەنها (25) خوێندکار رەشپێست بووین، مامۆستاکەمان پرسیارێکی کرد،وتی کێ لە ئێوە بە بێ هۆکار لە لایەن پۆلیسەوە ڕاگیراوە و پرسیاری لێکراوە دەست بەرز بکاتەوە،سەرەتا کەس دەستی بەرز نەکردەوە،دواتر ،مامۆستاکەمان وتی مەبەستم ئەوە نییە تاوانێکتان کردبێت و سزا درابن، دەڵێم بە بێ هۆکار .، دواتر(3) خوێندکار دەستیان بەرزکردوە،سەرنجمدا هەرسێکیان رەشپێست بوون.

ئەمە چیرۆکی میلیۆنان ژن و منداڵ و پیاوی ڕەشپێستە، بە بێ هۆکار،بێ ئەوەی تاوانێکیان کردبێت سزادراون،ڕاگیراون، لێکۆلێنەوەیان لەگەڵ کراوە، لە رووی سایکۆلۆژییەوە ئازاردراون، فایلیان لە پۆلیس ڕەشکراوە، دواتر وەک جۆرج فلۆید بە دەم هاواری (ناتوانم هەناسە بددەم) گیانیان سپاردووە.

*مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئەندامی مونتەدای ئابووری کوردستان .

print

 271 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*