سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » یەک دوو قسە لە بارەی رۆڵی رۆشنبیر و نووسەرانەوە…

یەک دوو قسە لە بارەی رۆڵی رۆشنبیر و نووسەرانەوە…

یەک دوو قسە لە بارەی رۆڵی رۆشنبیر و نووسەرانەوە لە هەرێمی کوردستاندا

ماوەیەکە قسەوباسی زۆر لە بارەی رۆڵی نووسەران و رۆشنبیران لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت. هەندێک پێیان وایە کە رۆڵێکی خراپ دەگێڕن و بەشێکی کێشەکانی ئەم هەرێمەش لە ئەستۆی ئەوانە، چونکە هەڵوێستیان نییە. هەندێکی تر توندڕەوانە تر دەڕۆن و پێیان وایە کە هۆکاری سەرەکی نووسەرانن چونکە ئەوان بە قەڵەمەکەنیان پشتگیری دەسەڵات دەکەن.

کاک مەریوان وریا قانعیش لە نووسینێکیدا دەڵێت، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا نووسەرانی کورد بێهەڵوێست نەبوون.

دیارە سەرەتا پێش ئەوەی باسی ئەم نیقاشە لە لای خۆمان بکەم، پێمخۆشە ئەوە بڵێم کە مەسەلەی پەیوەندی نێوان نووسەران و دەسەڵاتی سیاسی، نیقاشێکی کۆن و گەورەی ناو نووسەران و فەیلەسووف و بیرمەندانی جیهان بووە و کۆمەڵێک تێز و قسەوباسی زۆر لەمبارەیەوە کراوە. هەر بیرمەندەش بە پێی بۆچوونی خۆی باسیکردووە.

بۆ نموونە فەیلەسووفی ناسراوی ئینگلیزی بێرنارد راسڵ، پێی وابوو رۆشنبیر یان بیرمەند، خاوەنی دەسەڵاتێکی بەهێزن و هیچ جیاوازییان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا نییە و دەبێت بیرمەندان دەسەڵاتی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی جیابکەنەوەو خاوەنی سەربەخۆیی خۆیان بن. بیرمەندی ئەمریکیش بە رەگەز فەلەستینی، ئێدوارد سەعید، پێی وابوو پێویستە رۆشنبیر یان بیرمەند، هەمیشە دژی دەسەڵات بێت و رابەرێتی بزووتنەوەی ناڕەزایی بکات و نابێت ببێتە بەشێک لە دەسەڵات. فەیلەسووفی فەرەنسی ئەلبێرت کامۆش پێی وابوو، پێویستە هەمیشە رۆشنبیران و بیرمەندان، رۆحێکی بەرەنگاریی و یاخی بوونیان تێدابێت، بۆئەوەی بتوانن داهێنان بکەن. گەرچی بیرمەندی عیراقی هادی عەلەوی پێی وابوو، پێویستە رۆشنبیران وەکو سۆڤی وابن و دەبێت خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دووربخنەوە، بۆئەوەی بتوانن خزمەتی گەلەکەیان بکەن و رۆحیان گەندەڵ نەبێت.

دیارە گەر سەیری کتێبخانەی جیهان بکەیت، قسەی زۆر لە بارەی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەوە کراوە، بەڵام هەتاوەکو ئەمڕۆش هیچ بنەمایەکەی سەرەکی بۆ ئەم پەیوەندییە دانەنراوە، لەبەرئەوە هەر وڵاتە و هەرکەسە و بە شێوەی تایبەت مامەڵەی کردووە.

لە ئێستاشدا هەرکەسە و بەپێی بۆچوون و پێگەی خۆی دەیەوێت نووسەران هەڵسووکەوت بکەن. هەیە لەبەرئەوەی خۆی لە حزیبێکی ئۆپۆزسیۆنە، دەیەوێت هەموو رۆژێک نووسەران بەیانێک لە دژی حکومەت دەربکەن، ئەمەش وێنەی راستەقینەی نووسەرە لای ئەوان. هەموو داهێنان و بەرهەمێکیش جگە لە هەڵوێستی سیاسی ، لای ئەمجۆرە کەسانە سفر دەکرێتەوە.

گەرچی ئەوانەی کە لە ناو دەسەڵاتدان یان نزیکن لێیەوە، دەیانەوێت نووسەران هەمووکاتێک بە شانوباڵی حکومەتدا شیعر بنووسن و وەسفی جوانی حکومەت بکەن و ناشیرینەکانیشی داپۆشن.

دیارە پێش ئەوەی باسی هەڵوێست وەرگرتن لە نووسەران بکەین، پێمخۆشە باسێکی گشتی رەوشی نووسین و نووسەران باس بکەم، کە بە بڕوای من ئێجگار رەوشێکی خراپ و ترسناکە.

هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ پێگەی نووسەران لەناو کۆمەڵگەدا لاواز نەبووە. جاران شاعیرێک دەیتوانی گەورەترین رای گشتی دروست بکات و ئاگری شۆڕشێکی گەورە دابگیرسێنێت، بەڵام ئەمڕۆ نووسەران لاوازترین دەنگیان هەیە لەناو کۆمەڵگەدا. ئەمەش لە بەر دوو هۆی سەرەکی: یەکەمیان پەیوەندی بە تەکنەلۆژیاوە هەیە، کە دەتوانین بە هۆکاری دەرەکی ناوی بەرین.

هۆکاری دووەمیش کە بەشێکی دەرئەنجامی هۆکاری یەکەمە، کەم بوونەوەی خوێنەر و جەماوەری نووسەرانە.

لە ئێستادا تەکنەلۆژیای مۆدێرن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەلەفونی زیرەک، یارییە زۆرەکانی کات بەسەربردن، هەموو ئەمانە بوونەتە دوژمنێکی سەرسەختی نووسین و نووسەران. تەکنەلۆژیای نوێ بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە سەرچاوەی زانیاریی زۆرێک لە خەڵكی، بە شێوەیک پێش تەلەڤزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە و کتێبێشی داوەتە. هەروەها بوونەتە مەیدانێکی گەورە بۆ بە فیڕۆدانی کات.جگە لەوەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە شوێنی خۆدەرخستن بە هەموو شێوەیەک. مرۆڤەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە شۆڕشگێر، قارەمان، هەرچی کەفووکوڵی شۆڕش هەیە لێرە بەتاڵی دەکەنەوە.

داگیرکردنی کات و جەستەی مرۆڤ لە لایەن تەکنەلۆژییاوە وایکردووە، کە کەمتر یان هەر گوێ بۆ سەرچاوەکانی تری مەعریفە نەگرێت بەتایبەتی کتێب. لە کوردستانیشدا رەوشەکە زۆر ترسناکترە لە وڵاتانی تری جیهان. کام نووسەرە زۆر ناسراو بەناوبانگە، تیراژی کتێبەکانی ناگاتە 2 هەزار دانە، لە کاتێکدا لە ساڵانی هەشتا و حەفتاکاندا، کام نووسەرە زۆر داماو نەناسراو بوو، تیراژی کتێبەکانی سەرو دوو هەزار دانە بووە. لە لایەکی ترەوە ئێستا کە کۆڕێک دەبەسترێت، هێندە چۆڵە بەزەییت بە نووسەرەکەدا دێتەوە، هەرئەمەش وایکردووە کە زۆر نووسەر نەوێرن کۆڕ یان سیمینار ببەستن. لە کاتێکدا کۆڕ و سیمیناری نووسەران و شاعیران لە ساڵانی هەشتا و حەفتاکاندا، هێندە قەرەباڵخ بووە، کە رژێمی بەعس چەندە لە هێزی پێشمەرگە دەترسا، هێندە لەم کۆڕو کۆبوونەوانە دەترسا. لەو کاتەدا نووسەر لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا گوێی بۆ دەگیرا، بۆچوونەکانی مایەی رێز و گرنگی پێدان بوو لای خەڵکی بەتایبەتی گەنجەکان، بە پێچەوانەی ئێستاوە، کە نووسەران رێژەیەکی کەم گوێیان بۆ دەگرن.

لە ئێستادا گۆرانیبێژێک گەعدیەکی خۆی بڵاودەکاتەوە، هەزاران کەس سەیری دەکەن و هەزاران لایک و کۆمێنتی بۆ دەچێت، بەڵام کام نووسەرە زۆر ناسراوە، لایف بکاتەوە، ناگاتە سەد کەس.

ئیمە لە ئێستادا بەرەو نەخوێندەوارییەکی مۆدێرن دەچین، چەند ساڵێکی تر وا بڕوات زۆرینەیەکی نەخوێندەوار بەرهەم دێت، ئەمەش مەترسییەکەی گەورەیە بۆ ئەم کۆمەڵگەیە. نەخوێندەواری ئێستا پێچەوانەی نەخوێندەواری سەردەمانی زووە، جاران خەڵکی نەیدەزانی بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵام ئێستا خەڵكی دەزانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵام ئامادە نییە یان تاقەتی نییە بخوێنێتەوە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە.

ئەم نەخوێندەوارییەش وایکردووە کە نووسەران ناچاربن بۆ بژوێی ژیانیان پەنا بۆ وەزیفەی حکومی یان حزبی بەرن، چونکە ناتوانن تەنها پشت بە فرۆشی کتێبەکانیان ببەستن.

پێشتر نووسەر و بیرمەندی فەرەنسی ئێمیل زۆل پێی وابوو، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خوێندەواری، کۆتایی بە ئەدەبیاتی ساڵۆنەکان دەهێنرێت کە تەنها نوخبەی ئەرستۆکراتی بەسەریدا زاڵ بوو، چونکە لە سەردەمی مۆدێرندا، رێژەی خوێندەوار زیاد دەبێت، ئەمەش وا دەکات نووسەرانیش زیاتر سەربەخۆ دەبن، چونکە دەتوانن پشت بە فرۆشی کتێبەکانیان ببەستن، بەمشێوەیەش چیتر چاوەڕێی دەستی کەس نابن و بژێویی ژیانیان دابین دەکەن و بەمەش کۆتایی بە ئەدەبیاتی ساڵۆنەکان دەهێنرێت. بەڵام بەداخەوە ئێستا من هەست دەکەم، کە جارێکی تر دووبارە بەرەو ساڵۆنە ئەدەبییەکان دەگەڕێینەوە، چونکە کتێب خوێندنەوەو گوێ گرتن بۆ نووسەرو رۆشنبیران، بۆتە کەمینە لەناو کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.

لە کاتێکدا کە رێژەیەکی کەم ئامادەن کتێبەکانی نووسەران بخوێننەوە، کە کۆڕێک یان سیمینارێک دەبەستێت، خەڵکانێکی کەم بەشداری دەکەن و گوێی بۆ دەگرن. ئیتر من تێناگەم خەڵكی بۆچی دێن رەخنە یان گلەیی لە نووسەری کورد دەگرن؟! ئایا خەڵكی ئاسایی ئامادەیە گوێ لە نووسەران بگرێت هەتاوەکو دەسەڵاتداران گوێیان بۆ بگرن ؟!
ئەمڕۆ دەمی هەر کەس دەکەیتەوە داوای هەڵوێست لە نووسەر دەکات، کەچی خۆشی ئامادە نییە کتێبێک بخوێنێتەوە یان ئامادەبێت گوێ بۆ نووسەرێک بگرێت. ئەمەش یەکێکی ترە لە پارادۆکسەکانی کۆمەڵگەی کوردیمان.

 286 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*