سەرەکی » دۆسێ » هۆكاری كۆبوونەوەی فراكسیۆنە شیعەكان لەگەڵ كازمی

پەیوەندی بە سەردانەكەی ئەمریكاوە هەیە

هۆكاری كۆبوونەوەی فراكسیۆنە شیعەكان لەگەڵ كازمی

عەممار شبلی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، ئەركی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانە، گفتووگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییە كارگەرەكاندا بكات لەبارەی ئەو دۆسێانەی لە سەردانە دەركییەكاندا تاوتوێیان دەكات، بەڵام كازمی تەنیا لەگەڵ دوو لایەنە كۆبۆتەوە.

شبلی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی كە لە 1ی ئابی 2020 بڵاوكرایەوە رایگەیاندووە»كازمی لە دوایین كۆبوونەوەی لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، بەڵێنیداوە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بهێڵێتەوە، ئەمەش ئەركی خۆیەتی، وەك لە دەستوردا دیاریی كراوە، فراكسیۆنە شیعەكانیش لەبەر دوو هۆكار داوای چاوپێكەوتنیان كرد لەگەڵ كازمی كە یەكەمیان كۆنترۆڵنەكردنی چەكە كە لەڕێیەوە تیرۆركردنەكان و كێشە خێڵەكیەكان و روخاندن و سوتاندنی بارەگاكان ئەنجام دەدرێن».

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا»پێویستە جموجۆڵیكی راستەقینە بەرەو چاكسازیی رەوشەكە دەستپێبكرێت و تەنیا بە بڕیاری لابردنی فەرماندەی پۆلیس لە بەسرەوە نەوەستن».

عەممار شبلی پێیوایە»هۆكاری دووەم، رێكەوتنەكانی كازمییە لەماوەی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن، لەگەڵ بەشداریی لە كۆبوونەوەی لوتكەی سێ‌ قۆڵی لەگەڵ پادشای ئەردەن و سەرۆكی میسر، بۆیە پێویستە كازمی لەگەڵ هێزە سیاسییە كاریگەرەكان بۆ گفتووگۆ لەسەر دۆسێكانی سەردانەكەی كۆببێتەوە و هەر تەنیا بە چاوپێكەوتن لەگەڵ دوو لایەن، بابەتەكە دانەخات».

هەروەها دەڵێت»ئەركی سەرۆك وەزیرانە، رێكەوتنەكان بخاتە بەردەم پەرلەمان، چونكە مەرجدارە بە رەزامەندی پەرلەمان، دانیشتنیش لەسەر یەك مێز لەنێوان كازمی و هێزە سیاسییەكان، رێگر دەبێت لەبەردەم دروستبوونی ململانێی سیاسی نوێ‌ لەنێوان سەرۆك وەزیران و فراكسیۆنەكان».

بە بۆچوونی پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا»ئەركی كازمییە رووبەڕووی چەكی لەدەستدەرچوو ببێتەوە، ئەمەش پێویستی بە روماڵێكی یاسایی نییە، چونكە گەر هێزە سیاسییەكانیش رێگربن، كە ناتوانێت بەڕووی دەوڵەتدا رابوەستێت لە هەوڵی دەستگرتن بەسەر چەكی لەدەستدەرچوو، لەلایەكی ترەوە كازمی لە كۆبوونەوەكەیدا بە فراكسیۆنە سیاسییەكانی راگەیاندووە، لەئێستادا ناكرێت ئەمریكا بچێتە دەرەوە و پێویستە چارەسەرێكی مامناوەند بدۆزرێتەوە».

ئەو پێیوایە»ئەركی هێزەكانی شیعە و سوننە و كوردە، لەسەر چارەرێكی مامناوەند رێبكەون سەبارەت بە بوونی ئەمریكا كە ببێتە مایەی پاشەكشەكردنی لەماوەی 6 یان 9 مانگ یان ساڵێك».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون، وردەكاریی نوێی لەبارەی كۆبوونەوەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و هێزە شیعەكان لە ماڵەكانی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئاشكرا كرد.

مەسعودی لە لێدوانێكی رۆژنامەونیدا رایگەیاندووە»هاوپەیمانی سائیرون لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا بەشداریی كرد كە تێیاندا گفتووگۆ لەسەر دۆسێكانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و تەئكیدكردنەوە لەسەر ئەنجامدانی بەپێی رەوشی گونجاو، كرا».

بە وتەی مەسعودی»لە دوو كۆبوونەوەكەدا، گفتووگۆ لەسەر دۆسێی خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی باشوور كرا و تەئكید لەسەر پێویستی پەلەكردن لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق كرا بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان، لە هەردوو كۆبوونەوەكەشدا دیالۆگێكی سیاسی باش بەڕێوەچوو بۆ یەكخستنی راوبۆچوونی نێوان هێزە سیاسییەكان، بە تایبەتیش هێزە شیعەكان».

لەم ماوەیەی دواییدا، كازمی دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە شیعەكان ئەنجامدا كە دوایین كۆبوونەوەیان لە 28ی ئابی رابردوودا بوو».

پێشتر فراكسیۆنی فەتح، دەركەوتووترین ئەو دۆسێیانەی ئاشكرا كردبوو كە لە كۆبوونەوەی سەركردەكانی فراكسیۆنە سیاسییەكان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە 26ی ئابی رابردوودا، تاوتوێ‌ كران.

ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) لە زاری محەمەد غەببان سەرۆكی فراكسیۆنەكەوە بڵاویكردەوە»سەركردەكانی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، ئەو رووداوانەیان تاوتوێ‌ كرد كە لە پارێزگەكانی باشووردا روودەدەن».

بە وتەی غەببان»سەكردەكان تەئكیدییان لەسەر گرنگی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی و رێگرتن لە تێكدەران و گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا كردەوە، وەك گرنگترین بەرپرسیارێتی حكومەتەكەی كازمی كە چاوەڕوان دەكرێت كەشی لەبار بڕەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە حوزەیرانی داهاتوو».

سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت»لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا، تەواو رێوشوێنەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی و كۆتایی هێنان بە پشێوی و دەستدرێژكردنە سەر موڵكداریی گشتی و تایبەت بگرێتەبەر، رێنمایی روونیش بداتە هێزە ئەمنییەكان بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و دەستگیركردنی لەیاسادەرچووەكان».

بەر لە سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، محەمەد غەببان ئامادەی كۆبوونەوەیەكی نێوان هادی عامری و سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بوو كە ژمارەیەك لە سەركردەی گروپە چەكدارەكان ئامادەی بوون».

دوای ئەوە، كازم فەرتوسی وتەبێژی كەتیبەكانی سەیدلشوهەدا وردەكاریی كۆبوونەوەكەی ماڵی عامری ئاشكرا كرد و وتی»لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆ لەبارەی دەستدرێژییەكانی توركیا كراوە بۆسەر عیراق».

فەرتوسی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح و گروپەكانی مقاوەمە، لە كۆبوونەوەكەیاندا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە ماڵی عامری، زۆرێك لەو كێشە و تەنگژانە گفتووگۆیان لەبارەوە كرا كە رووبەڕووی عیراق دەبنەوە».

بە وتەی فەرتوسی»هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا باس دەستدرێژییەكانی توركیا كرا بۆسەر خاكی عیراق، وێڕای تاوتوێكردنی سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتۆن و تەئكیدكردنەوە لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق».

فەرتوسی رایگەیاندبوو»كۆبوونەووەكە تەئكیدی لەسەر پێویستی راستكردنەوەی پێشێلكارییەكان و هەڵە حكومییەكان و كردەوە كە ئەركی راستكردنەوەیان دەكەوێت ئەستۆی حكومەت»، بەبێ‌ ئەوەی قسە لەبارەی وردەكاریی ئەو هەڵە خوازراوانە بكات.

print

 151 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*