سەرەکی » ئاراستە » ناسینی نەتەوە

ناسینی نەتەوە

شیوا میرەکى

بۆ ناسینی هەر نەتەوەیەک سێ لقی ئەدەبیاتی ئەو نەتەوە واتە ئەدەبی فولکلۆر، شیعر و مێژووی ئەدەبی ئەو میللەتە زۆر گرینگە. یەکێک لە سەرچاوە جێگەی متمانە و باوەڕپێکراوەکان بۆ ناسین و ناساندنی مێژوو،کەلتورو ئەدەبی میللەتەکان بێ گومان مۆسیقا،شیعر و ئەدەبی فۆلکلۆرە. فۆلکلۆر لە دوو وشەی folk) میللەت ) و lore) چیرۆک و هونەر ) پێکهاتووە. بۆیە فۆلکلۆر بە وێنەی ئاوێنەی باڵانوێنێکە کە بەشێکی بەرچاو لە یاسا و دابو نەریتەکان کە لە درێژەی زەمان وەکو دەسکەوت بۆ میللەتەکەمان ماوەتەوە، پیشان دەدات.

ئەدەبی زارەکی
ئەگەر فۆلکلۆری میللەتێک وەکوو کەلتوری نەنووسراو یان «فەرهەنگی زارەکی « پێناسە بکەین ئەم بۆچوون و بانگەشەیە زیاتر خۆی نیشان ئەدات.زیاترین بەش لە تایبەتمەندییەکانی کەلتوری لە هۆنراوە و گۆرانییەکاندا دیارە و سینە بە سینە نەقڵ کراوە پیشانی داهاتووانی دەدات.بە بڕوای د. عیزەدین مستەفا ڕەسوول گۆرانی کۆنترین بەش لە ئەدەبی فولکلۆر و گۆرانی کە لە ڕۆژگارێکی زۆر کۆن کە هێشتا هۆشیاری میللەتەکان زۆر لە خوار بووە، دروستبووە و زانایان دەڵێن گۆرانی شوانی کۆنترین جۆری گۆرانییە.

هەر میللەتێک، کە ئەدەبیاتی نەنووسراوی دەوڵەمەندی هەبێت، ئەوا کەلتورێکی پتەوتر و تایبەتمەندی زیاتری لە وانی دیکەی هەیە. یەکێک لەو میللەتانە کە بە درێژایی مێژوو خاوەنی کەلتورو ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند بووە و کێشە و جەفاکانی ڕۆژگار نەیتوانیوە ڕەسەنایەتی لێ بسێنێ کورد بووە . ئەدەبیاتێکی « سهل وممتنع « کە بۆ ڕۆح و مێشک و زمانی هەر تاکێکی کورد ئاشنایە و ئەتوانین بڵێین ڕەنجێکی هاوبەشە هەر لە لەیلاخ تا موکریان ،لە هەوشار تا لوڕستان.

مرۆڤی کورد بە شیعر و گۆرانی لە دایک دەبێت،بە شیعر و گۆرانی باڵا دەکات و بە شیعر و گۆرانی ئەمرێ کە ئەمە لە گۆرانی و بەیتە فولکلۆرەکان وەکو لای لایە،بەرتەونانە،چەمەری و … خۆی نیشان داوە .

گۆرانی کوردی تووشیاری ژان و کێشەی ڕۆژگار نییە و نەبووە بەڵکوو گۆرانی کوردی خودی ئێش و ژانە.گۆرانی کوردی تەنیا کەرەستەیەک بۆ شادی‌کردن نییە بەڵکو خۆی بەشێکە لە ئەلفوبێی ژیان. شیعر و گۆرانی کوردی ئەزموون و فەلسەفەی ژیانی میللەتی کوردە و یەکێکە لە باشترین سەرچاوەگەلی ناسین و ناساندنی میللەتی کورد .هەرچەندە کە ناسینی کەلتوری یەک میللەت ئاسان نییە و خاڵگەلێکی زۆر لە دروستبوون ئەو ئەدەبیاتە نەخشی هەیە،بەڵام یەکێک لە ڕێگەگەلی ناسینی بنەمای کەلتوری؛ زمانی و ناسینی شتە باو دیرۆکییەکانە کە لە گۆرانیە فولکلۆرەکان خۆی شاردووتەوەو نیشاندەری شێوازی ژیان،ڕەسم و یاساکانی ژیانی میللەتەکانە. کە بە جۆرێک وەکوو ئاوێنە ئەتوانین تێدا بڕوانین و مێژووەکەی شی بکەینەوە .

فۆلکلۆری کوردی ناوچەی چەرداوڕی
یەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی چەرداوڕی،ئەسپەن ئاوا و لەیلاخە (قوروەو دێولان) کە تایبەتمەندیێکی بەرچاوی لە باقی ناوچەکان هەیە.یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرچاوەکانی فرەکەلتوربوون و فرە زاراوەییە چۆن شاری قوروە لە لایێکەوە هاوسنووری ناوچەی گەڕووس،لە لایێکەوە هاوسای هەمەدان و ئەسەدئاوا،لە لایێکەوە بە سونور ،کولیایی و کرماشان و لە لایێکی ترەوە پاڵی داوە بە لەیلاخ و سنەی ئەردەلانەوە .

زاراوەکان
لە ناوچەی لەیلاخ تێکەڵێک لە زاراوەکانی ئەردەڵانی و گۆرانی،لە ئەسپەنئاوا یا قوروە تێکەڵێک لە زاراوەکانی ئەردەڵانی،گۆرانی،لەکی ( بە هۆی هاتنی کۆچبەرەکانی لەک ) کەلهوڕی،هەورامی (قەڵای کامجورد،قەڵای ئەومەلەکی ) بوونی هەیە.

بوونی تایفەی شێخ ئیسماییلی کە بەشێکیان لەشارەزوورەو و بەشێکیان لە جوانڕۆ بۆ ئەم ناوچەیە کۆچیان کردووە لە باشووری ئەم شارە و گوندەکانی نیشتەجێ بوون کە لە ئاڵۆگۆڕی زمانی ناوچە و فرەچەشنیکەلتوریی نەخشێکی گرینگ و بەرچاویان بووە.

سیما تایبەتییەکانی گۆرانییەکانی ئەم ناوچەیە
هەرچەند کە زۆربەی گۆرانییە کۆنەکانی ناوچە،گۆرانی کار بووە و سازیان لە گەڵدا نییە .گۆرانیە بەزمی و شادەکانیش زۆر سادە بووە و دەوڵ و زوڕنایان لێ داوە کە لە درێژەی زەمان لە دوزەلە،زمارە (نی هفت بند)،نەرمەنەی،دومەک کەڵیان گرتووە. لە بەزمگەلێکی ئایینیدا سۆفی و دەروێشەکان دەفیان لێداوە و بڕێ جار لە زەماوندەکان و بەزمی بوێژگەل و دەل و گەل کە لە کووچە و کۆڵان بەڕێ ئەچوو کەمانچە و دایرەیان بەکاربردووە.هەروەها له جەژنەکان و کۆبوونەوەی بنەماڵەیی لە «قاوەسینی» و «پووت هەژدەکیلوو» هاوکات لە گەڵ گۆرانی کەڵکیان گرتووە .

گۆرانی لەم ناوچە وەکو باقی ناوچەکان کوردەواری تەنیا بۆ کاتی شایی و خۆشی نەبووە بەڵکو لەهەموو کاتێکدا بۆ کشتوکاڵ،تەون‌کردن،مناڵداری‌کردن،عاشقی کردن، تەنیایی و دەرددی‌دڵ، دوینەنیانن، بۆ مەڕوماڵات و …گۆرانی و ئاوازیان خوێندووە کە زۆربەی ئەو گۆرانیگەلە سادە و ساکار و لە ناخی دڵدا جێگیر ئەبێ . بۆ ڕاو،نەچیر یان شەڕکردنیش گۆرانی تایبەت لەم ناوچە باو بووە

بۆ شەڕ ؛
ئەی خوا لەو ڕووژە دەور قەڵا گیریا
عەبدولباقی خان تیرباران کریا
بۆ ڕاو ؛
ئەڕا ناحوەیدەی گووشت شکارم
چەن ک و ییل گەڕام ئەڕای تو بارم

بەزمی هوورە زیاتر لە نێوان کورد شێخ ئیسماعیلی (کوردپابنەوا) زیاتر بینراوە.بەزمی چەمەری لە کاتی ئازیەتباری بەتایبەت مردنی جوان بەڕێ ئەچوو.ژنان بۆ دامرکاندنی کوڵی دڵ گۆرانییان چڕیوە و مردوویان لاواندووە کە بڕێ جار هاوکات لە گەڵ هەڵپەڕکێیکی نەرم و ئارام و بە پێچەوانەی هەڵپەڕکی شاد لە چەپ بۆ ڕاس بووە کە زیاتر لە ناوچەی کولیایی باو بووە بەڵام بە گشتی لەزۆربەی ناوچەدا بەزمی چەمەری بوونی هەبووە .

گۆرانی ئایینی
مەقام ئایینی و سۆز ئایینی لە لەیلاخ وئەسپەن ئاوا بە گشتی و لە بەشگەلێک ناوچەی چەرداوڕی لە شەوی میعراج مەولوودی خوێندن بەڕێ چووە بەڵام تەکیە و خانەقاگەل ناوچە هەمیشە بەزمی دەف‌لێدانیان بووە.

ئاگر چ قسە لیم بەو خامووشم کە
ئەڵقەی خوڵامید فەخر گووشم کە

لەناوچەی چەرداوڕی بەزمی ئازیەتباری عاشوورا بووە کە ئەڵبەتە زۆربەی هەڵبەستەکانی بە زمانی فارسییە و وا دیارە دیاردەی ساڵانی نزیکە و مێژوویێکی لە پشتەوە نییە.

یارسانەکان
ئایینی یارسان لە قوروەی کۆن بوونی هەبووە و یەکێک لە هێماکان ئایین یارسان تەموور بووە کە زیاتر یارسانەکان لە کەڵاژێران بوونە بەڵام لە تەواوی ناوچە بوونیان بووە. لە کاتی نووڕ و نزاکردندا دەیانگوت ؛ با کوسوارت بۆ نەچڕم (کوسوار جێ‌نشین و دەلیل سوڵتان سەهاک پێغەمەر یارسانە ) کە نیشاندەری یارسان بوونی ناوچەس.

لە گوندەکانی پیر باوە قەڵا،پیرسلیمان،خەنان ئاوا،باوە شووراو قەسڵان.باوە شیداڵە،باوە قشلاقی تووغان،باوه گوڕ گوڕ،شەیای نازار،پیر مکە یان پیر مکاییل میناوا،پیر یوونس علیاوا،باوە سورخاو مەلک ئاوا،باوەسارۆ نەجەفاوا نیشتەجێ بوونە .

گۆرانی ژنانە
لە شەوی چلەی زستانیش وەکوو دیکەی ناوچەکان بەزمی کووسە کووسە بەڕێ ئەچوا, بۆ مەشکەژەندن و تەون کردن هەروەها گۆرانی تایبەت ژنان بوو

دار مەشکەگەم هەنارە،مەشکەژەنەگەم بیمارە
دار مەشکەگەم هەنجیرە ،مەشکەژەنەگەم چە پیرە

بۆ تەون:
قەزات لە ماڵم گورد و پشت گوردی
مرخەک ڕەنگامە هیلمگەل وردی
قەتار مەزهەبی لە زۆربەی ناوچەکەدا بوونی بووە ؛
حەفت لە خوار و حەفت لە ژور

پڕ تەوەقی پڕ لە نقر
هەر چێ جبرەییل بیکا هونەر
سەڵوات بوو ڕۆح پەیغەمەر

مەقام
مەقام گۆرانیێکی بەسۆز و خەمین بووە کە نیشاندەری هەستی خەمین و عاتیفی لە ڕووداوێک یا بیرەوەریێکی شیرین بووە و لەو کاتە مەقامیان خوێندووە کە هاوتای «تصنیف» فارسییە وەکوو گۆرانی خاڵووڕێوار،گەڕیان گەڕیان،سەوزە سەوزە و هەوری لار .

یەکێ لە ناوازەترین مەقامەکان مێرزام سەراوێ‌یە کە نیشاندەری حاڵ و بیرەوەری کەسانێکە کە مەقامیان خوێندووە

مێرزام سەراوێ،مێرزام سەراوێ
ڕووژێ ڕاگەم کەفت وە سەر سەراوێ
دیم دانیشتیە،باوان خراوێ
کونەی پڕ ئەکرد یەی مەسە چاوێ

قەتار
زیاتر لە ناوچەی چەرداوڕی مەقامی مناڵان باو بووە کە لە کاتی کایەکردن گۆرانی کورت و یەک بەدوای یەکیان خوێندووە بەڵام قەتار مناڵانە و لایەلایە کە دایک بۆ کۆرپەی ئەخوێند لە تەواوی ناوچە بوونی بووە.

کوورپەم خەفتیە خەو خەیری وێ
دەس فریشتەگان لە ژێر سەری وێ
گوروانە شەو،گوروانە شەو
لە ماڵ ئیمە دوور وانە شەو

گۆرانیگەلێکە کە بەدوورە مناڵێکی کورد ئەو گۆرانیانەی نەبیستوێ و بەو دەنگه خەوی لێ نەکەوتووێ .

بالوورە کە گۆرانی خوێندن کچ و کوڕ لە جواوی یەکتر بووە و لەکاتی لەدەس داین ئازیزانیش کەڵکیان لێ بردووە
قەتار شوانی و دەورەگەردی زیاتر لەناوچەی کرماشان بەڕێ چووە کە بەیت شاکە و مەنسوورخانیان خوێندووە و لە نێو خەڵکی «دەلۆ «ناوبانگی بووە خەڵکیان لە کووچە و کۆڵان کۆ کردووە و گۆرانییان خوێندووە کە بڕێ جار بەباڵای کەسانێک ئەیانخوێند و پووڵیان ئەسەند،بڕێ جاریش بووکەڵەیان لەگەڵ بوو و گۆرانی ؛

مینا بوو خوەی مینایە
خاڵێ لە سەر گوونایە یان ئەخوێند .

گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان ناوچەکە
گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان ناوچە؛ شاڕۆخ مەیهەمی،ڕەمەزا کولیایی،مەولوو کەرەمی،ئەحمەد قادرمەرزی،حەمە حسێن وەیسی،ڕەمەزان خوسرەوی،سەی حەمە حسێنی،فەتحوڵا میرزایی،لفتە سەحرایی،عەبدوڵا قوربانی ناسراو بە عەبدوڵا ماچکەیی،نەبی زەڕین،حەبیبەڵا موفاخێری ناسراو بە حەبیب ملەیی..

وەکوو یوونگ دەڵێت: وێژە دەربڕینی هەست و نەستی گەلە .بۆیە دەبێت بۆ ناسینی فەرهەنگی نەتەوەکان پەنابەرین بۆ وێژەی ئەو نەتەوە کە بەرهەمی هەرمان و زیندووی پێشنیانیانی ئەو گەلە نیشان ئەدات. بێگومان ئەم بەیت و باو و گۆرانیگەلە تایبەت بە یەک ناوچە نییە و زمانی هاوبەشی میللەتی کوردە.

 195 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*