سەرەکی » راپۆرت » سودان و میسر یه‌کتری تاوانبار ده‌که‌ن

سودان و میسر یه‌کتری تاوانبار ده‌که‌ن

له‌ماوه‌ی پێشوودا په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان میسروسودان گرژیی زۆری تێکه‌وتووه‌، هه‌فته‌ی پێشوو ئه‌م گرژییه‌ گه‌یشته‌ ئاستێکی خراپترو سودان باڵیۆزی خۆی له‌ قاهیره‌ بۆماوه‌یه‌کی دیاری نه‌کراو بانگهێشت کرده‌وه‌. به‌مه‌ش په‌یوه‌ندین نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ به‌ره‌و ئاڵۆزتر ده‌چێت. زۆرێک له‌ چاودێرانی سیاسیش، هۆکاری ئه‌م کێشه‌یه‌ بۆ که‌ڵه‌که‌بوونی کێشه‌کانی ساڵانی پێشوو ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ « دیاریکردنی سنووری نێوان هه‌ردوولا، ئاوی نیل، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌سیوپیا» جگه‌ له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌کی تر.

هۆکاری کێشه‌کان
که‌ناڵی بی بی سی به‌ریتانیا راپۆرتێکی له‌مباره‌یه‌وه‌ کردووه‌، تێیدا باسی له‌ پێنچ خاڵی گرنگ ده‌کات، که‌بۆته‌وه‌ هۆی گرژی نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ : کێشه‌ی سنووری نێوانیان به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ناوچه‌ی حه‌لایب و شلاتین هه‌یه‌، ئاوی نیل، به‌نداوی نه‌هزه‌ی ئه‌سیپویا، کێشه‌ی دارفور و تاوانبارکردنی میسر به‌پشتگیرکردنی دارفورویه‌کان، دواجاریش پێدانی دوورگه‌ی سه‌واکن به‌ تورکیا. هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆی تێکدانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌.

ناوچه‌ی حه‌لایب و شلاتین
هه‌ردوو وڵات ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌، کێشه‌یان له‌سه‌ر ناوچه‌ی حلایب و شلاتین هه‌یه‌، که‌ کۆی گشتی رووبه‌که‌ی ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 20.580 کم چوارگۆشه‌. ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌که‌وێته‌ که‌ناری ده‌ریای سووره‌وه له‌به‌شی ئه‌فریقا‌. سودان به‌هی خۆی ده‌زانێت و داواشی له‌میسر کردووه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌، هانا بۆ دادگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رن، لێ میسر ئه‌م داوایاییه‌ سودان ره‌ت ده‌کاته‌وه‌ به‌ زه‌وی خۆی داده‌نێت.

ئاوی نیل
له‌پاشئه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشوتانی میسر گه‌یشته‌ 100 ملیۆن، ئاوی نیلیش به‌تاکه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ ئه‌و بڕ‌ه ‌ئاوه‌ی‌ که‌ بۆ میسر دانراوه‌، له‌چاو ژماره‌ی دانیشتوانی که‌مبێت. لای خۆیه‌وه‌ عه‌بدول فه‌تاح سیسی سه‌رۆکی میسر رایگه‌یاند: به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رازی نابین، ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ی که‌بۆ میسر دانراوه‌، ده‌ستی بۆ ببرێت و که‌مبکرێته‌وه‌. گه‌رچی سودان حکومه‌تی میسر تاوانبار ده‌کات، که‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌، میسر زیاد له‌ به‌شی خۆی ئاوی بردووه‌و زۆرجاریش به‌شی سودانیش خواردووه‌. هه‌رچه‌نده‌ سامیح شوکری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر ، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی سودانی ره‌تکرده‌وه‌و رایگه‌یاند: ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ ، سودان به‌شی ته‌واوی خۆی له‌ ئاوی نیل بردووه‌. جێگه‌ی ئاماژیه‌ له‌ساڵی 1959 رێکه‌وتنێک له‌نێوان ئه‌سیوپیا و میسرو سودان کراوه‌، بۆ رێکخستنی به‌شی ئاوی نیل ،له‌نێوان هه‌رسێ ده‌وڵه‌تدا. ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی تری نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌یه‌.

به‌نداوی نه‌هزه‌ی ئه‌سیوپیا
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ ئه‌سیوپیا خه‌ریکی رێکخستنی سیسته‌می ئاوی خۆیه‌تی، بۆ‌ئه‌مه‌ش ده‌ستیکردووه ‌به‌دروستکردنی به‌نداوی نه‌هزه‌، که‌ئامانج لێی ده‌ستکه‌وتنی ووزه‌ی کاره‌باو گه‌یاندنی ئاوه‌ بۆ هاوڵاتییانی و که‌رتی کشتوکاڵی، میسریش ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ بۆخۆی داده‌نێت. واچاوه‌ڕوان ده‌کرێت، که‌له‌ساڵی 2018 پرۆژه‌که‌ ته‌واو بێت. میسر ده‌ڵێت: ئه‌م به‌نداوه‌ که‌ ده‌بێته‌ ‌گه‌وره‌ترین به‌نداوی ئه‌فریقا، رێژه‌یه‌کی زۆری ئاوی ده‌وێت و له‌به‌شی میسر که‌م ده‌کاته‌وه‌. گه‌رچی ئه‌سیوپیا ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی میسر ره‌تده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت: ‌ ره‌چاوی به‌شی میسریان کردووه‌. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ میسر، حکومه‌تی سودان به‌وه‌ تاوانبار ده‌کات، که‌ له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سیوپیا له‌دژی میسر رێکه‌وتوون، هه‌رچه‌نده‌ سودانیش ئه‌م تۆمه‌تانه‌ ره‌ت ده‌کاته‌وه‌.

کێشه‌ی دارفوور
له‌ماوه‌ی پێشوودا عومه‌ر به‌شیر سه‌رۆکی سودان، میسری به‌وه‌ تاوانبارکرد، که‌ چه‌ک ده‌داته‌ چه‌کداره‌ دارفووریه‌کان که‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌دژی حکومه‌تی سودان ده‌جه‌نگێن. هه‌رچه‌نده‌ عه‌بدول فه‌تاح سیسی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی ره‌تکرده‌وه‌و رایگه‌یاند: میسر به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نایه‌وێت ده‌ستبخاته‌ ناوکاروباری ده‌وڵه‌تان و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌کیش دژی سیاسه‌تی پیلانگێڕانه‌ له‌دژی ده‌وڵه‌تانی بیانی.

تورکیا ئاگره‌که‌ی خۆشکرد
هه‌فته‌ی پێشوو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ردانی سودانی کردو پاشتریش 12 رێکه‌وتنیان له‌بواری سه‌ربازی و ئابووری و کشتوکاڵی مۆرکرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بووه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی قاهیره‌و ده‌وڵه‌تانی تری عه‌ره‌بیش، فرۆشتنی دوورگه‌ی سه‌واکینه‌، که‌ده‌که‌وێت ناو ده‌ریای سوور به‌ تورکیا‌. هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌تی سودان ده‌ڵێت:‌ ئیداره‌کردنی ئه‌م دوورگه‌یه‌ی‌ داوه‌ به‌ تورکیا بۆ ماوه‌یه‌کی نادیار. به‌ڵام میدیای میسری ده‌ڵێت: سودان ئه‌م دوورگه‌یه‌ی به‌تورکیا فرۆشتووه‌. چ میسرو چ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ش، له‌م کاره‌ی سودان ناڕازین و پێیان وایه‌، تورکیا به‌مشێوه‌یه‌ له‌سنووره‌کانیان نزیک ده‌بێته‌وه‌ و ئاژاوه‌یان بۆ ده‌نێته‌وه‌. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌ردۆغان و حکومه‌ته‌که‌ی، ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌، دژایه‌تی میسر ده‌کات و پشتگیری ئیخوان موسلمین و گروپه‌ ئیسلامییه‌کان دژی حکومه‌تی میسر ده‌کات. هه‌ر‌ئه‌مه‌ش وایکردووه‌، که‌ میسر به ‌ترسه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ گه‌رمه‌ی نێوان سودان و تروکیا بکات.
هه‌تاوه‌کو ئێستاش هیچ ئاسۆییه‌کی روون نییه‌ که‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ئاسایی بێته‌وه‌، چونکه‌ هیچ هه‌نگاوێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان نه‌دراوه‌.

 505 جار بینراوە