سەرەکی » راپۆرت » كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە مێژووی كەركوك

كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە مێژووی كەركوك

كەركوك، كوردستانی نوێ

39 توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە كەركوك لەڕووی مێژوو و جوگرافیاو زمان و میدیا، لەكۆنفرانسێكی نێودەوڵەتیدا، خرانەڕوو، كە بەپێی بەڵگەنامەو دۆكیومێنتە مێژووییەكان، كەركوك شارێكی كوردستانییە.

پێكەوەژیانی نەتەوەكان
رۆژانی 15و16/9، كۆلیژی ئاداب لەزانكۆی كەركوك، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی تایبەت بەمێژووی شاری كەركوك، بەبەشداریی توێژەرانی چەندین وڵات، رێكخست. لەچوارچێوەی چالاكییەكانی كۆنفرانسەكەدا، ئەوە روونكرایەوە كە كەركوك شارێكی كوردستانییە‌و چەندین نەتەوەو پێكهاتەو ئایینی جیاواز تێیدا نیشتەجێن‌و بەدرێژایی مێژوو نەتەوەكان لەشارەكەدا پێكەوەژیاون.

لەبارەی كۆنفرانسەكەشەوە، د.عومەر نەجمەدین ئینجە راگری كۆلێژی ئاداب لەزانكۆی كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند: مێژووی كەركوك بۆ 5000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، خودی شارەكەش بەچەندین قۆناغی مێژووییدا تێپەڕیوە، كە لەبەشێك لەقۆناغەكاندا هەوڵی شێواندنی ناسنامەی كەركوك دراوە، بەڵام هیچ كاتێك كەركوك ناسنامەی راستەقینەی خۆی لەدەستنەداوە.

رێگریی لە بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكە هەبوو
هەروەها، د.دڵشاد عومەر سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە، ئەوەی خستەڕوو كە «چەند مانگێك رێگریی كرا لە بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكە، بەڵام دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی عیراق، كۆنفرانسەكەمان بەسەركەوتوویی بەڕێوەبرد». وتیشی: بەشی زۆری توێژینەوەكان ئاماژەیان بۆ مێژووی كەركوك و قۆناغە مێژوییەكان لەكەركوك دەكرد، كە بەپێی بەڵگەنامەو دۆكیومێنتە مێژووییەكان، كەركوك شارێكی كوردستانییە.

دروستكردنی پردی پەیوەندی
ئەوەشی خستەڕوو كە لایەنێكی زۆر گرنگی كۆنفرانسەكە، ئەوەبوو جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویست دەكات كار بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیان لە شارەكەدا بكرێت، مەبەستێكی دیكەش ئەوەبوو وەك زانكۆی كەركوك پردی پەیوەندیی لەنێوان توێژەران لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق و جیهان دروستبكەین، بەوەش توێژەران ئاشنادەبن بە واقعی كەركوك لەڕووی مێژووییەوە.

print

 133 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*