سەرەکی » راپۆرت » هەڵبژاردنی پێشوەختە؛ دەرچوون لە تەنگژەكان

شرۆڤەی رۆژ

هەڵبژاردنی پێشوەختە؛ دەرچوون لە تەنگژەكان

تەحسین تەها چۆمانی

زیاتر لە نۆ مانگ ماوە بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق، بەڵام وەك دەبینرێت لە ئێستاوە هەڵمەتی بانگەشە و ململانێكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەیە دەستیپێكردووە. ئەمەش وایكردووە دۆخی ئەمنی و سیاسیی ئێستای عیراق زیاد لە هەر كاتێكی تر، جۆرێك لە هەستیاری بەخۆیەوە ببینێت.

ئێستا بەهۆی ئەو دۆخەوە، هەڵوێستی بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق تاڕادەیەك بۆتە مایەی دروستبوونی گرفتی نوێ، هەروەك لێپرسراوانی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان لە لێدوانەكانیاندا بەڕوونی ئاماژە بەوەدەدەن «هەڵوێستی هەندێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكان بۆتە گرفتێكی نوێ لە بەردەم سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عیراقدا».

لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە، هیچ كات هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە بێ كێشە و ململانێی توند نەبوون، ئێستاش كە ماوەیەكی زۆر لەبەردەم هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ساڵی داهاتوودا ماوە، بەڵام ململانێیەكی قورس لەئارادایە، دۆخەكە بە ئاستێک گەیشتووە كە تەنانەت لێرە و لەوێ هۆشداریی دەدرێت.

مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، خۆپیشاندان لە چەندین شاری عیراق دەستیپێكرد و چەندین داواكارییان خستەڕوو، یەكێك لەوانە پرسی هەڵبژاردن بوو. خۆپێشاندەرانی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق بۆ دەرچوونی وڵاتەكەیان لەو تەنگژە سیاسی و ئابوورییەی تێیكەوتووە، هەڵبژاردنی پێشوەختەیان بە رێگەچارەی دەرچوون لەو تەنگژانە دەزانی، واتە هەڵبژاردنیان وەك دەریچەی چارەسەری كێشەكان، لێكدەدایەوە.

ئێستا دۆخی عیراق، لە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بە ئاقارێك گەیشتووە كە خۆپیشاندەران هەست ناكەن داواكاریی خۆیان بووبێت.

بۆیە بەو قەیرانانەی كە لە ئارادان وەك كۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی و لەسەرووی هەمووشییەوە خراپی دۆخی ئەمنی، ئەگەر ململانێكان بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بگەنە بنبەست، ئەوا بێگومان دۆخی عیراق بە ئاقارێك دەگات كە راستكردنەوەی تاڕادەیەك ئەستەم دەبێت.

ئەم ململانێیانەش لە كاتێكدایە ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی چەند مادەیەكی یاسای هەڵبژاردنەوە، بەتایبەت لەسەر پرسی فرە بازنەیی و یەكبازنەیی، تائێستا نەگەیشتۆتە رێكەوتن.

 189 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*