سەرەکی » ئابووری » بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت

بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت

بەهۆی وەرگرتنی فۆرمی خۆراكی 2018 لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمەوە بەبیانووی لابردنی نوسینی كوردی لەسەر فۆڕمەكە، كێشەیەكی دیكە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا دروستدەبێت، پەرلەمانتارێكی كوردیش رایدەگەیەنێت: ئەو گرفتە نابێتە رێگر لەبەردەم پێدانی بەشە خۆراكی ئەمساڵ بەهاووڵاتیان.
نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری‌و وەبەرهێنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: وەزارەتی بازرگانی عیراق دانی بەوەدا ناوە كە لابردنی زمانی كوردی لەسەر فۆرمی خۆراك، هەڵەیەكی تەكنیكی بووەو لەدیراسەكردندان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە چاپكرێتەوە، بەڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە.
وتیشی: «پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، وەزارەتی بازرگانی عیراق گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە بۆ چاپكردنی فۆرمەكە، بەڵام لەدوای ریفراندۆم، كێشە سیاسییەكە بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە».
سەبارەت بەوەی ئایا وەرنەگرتنی فۆرمی خۆراك لەلایەن هەرێمەوە، مەترسی دەبێت لەسەر بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بۆ ساڵی 2018، نەجیبە نەجیب رایگەیاند: كێشەكە تەكنیكییەو نابێتە رێگر لەبەردەم پێدانی بەشە خۆراك بەهاووڵاتیانی هەرێم، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش بزانین تائێستا بودجە پەسەند نەكراوەو گرێبەستیش نەكراوە بۆ كڕینی بەشەخۆراك بۆ ساڵی 2018.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*