سەرەکی » ئەدەب و هونەر » یا گیاسی:حه‌زم ده‌كرد رۆمانه‌كه‌م نیشانده‌ری جۆره‌ها عه‌شق بێتپەڕە 2

یا گیاسی:حه‌زم ده‌كرد رۆمانه‌كه‌م نیشانده‌ری جۆره‌ها عه‌شق بێت

كەمتر نووسەرێك بەدیدەكەین بە یەكەم كتێبی لەسەر ئاستی جیهان ناسرابێت. (یا گیاسی-Yaa Gyasi) یەكێكە لەو نووسەرانەی بە یەكەم كتێبی واتە رۆمانی (Homegoing-گەڕانەوە بۆ نیشتمان) كە لە ساڵی (2016) بڵاوبۆتەوە و ئەو كاتە نووسەر تەمەنی (26) ساڵ بووە، توانیوێتی رێگەی سەد ساڵە بە شەو و رۆژێك تەی بكات. رۆمانەكە هەمان ساڵ كە بڵاوبۆوە توانی ببێت بە یەكێك لەو (دە) كتێبەی لەو ساڵەدا باشترین كتێب بوون. ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە بەشی دووەمی گفتوگۆیەكە لەگەڵ (یا گیاسی) سەبارەت بە هاوكاریی و ئەزموونی جۆراو جۆری رەشپێستان سەبارەت بە رەوتی نووسینی رۆمانەكە و عەشق كە گرنگترین رەگەزی رۆمانەكەن.

 

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

2-2

*چ هەستێكت هەبوو؟ دەزانم هەندێ كات قسە و باس دەربارەی نەوەی یەكەم یان سەبارەت بە نەوەی دووەمی ئەو ئەفریقاییانە دەكرێت كە لە ئەمریكا گەورە دەبن لەوانەیە دوو جۆر هەستیان هەبێت بەتەواوەتیی نە خۆیان بە ئەمریكایی دەزانن و نە بەئەفریقایی.

رێك وایە. پێم وایە هەندێ جار ئەمە لە خۆم روویداوە. كاتێ دەچمە گانا تەواو هەستی گاناییبوونم نییە. كاتێ لە ئەمریكاشم تەواو هەستی ئەمریكاییبوونم نییە. ئەم هەڵواسراوییە لە نێوان دوو دنیادا كە بۆ هەریەكێكیان جۆرێك هەستی غەریبیم هەیە، بەڕاستی بەلای منەوە رۆشنگەرانە بوو، هەمان ئەو شتە بوو كە ئەم رۆمانە دەیەویست لێی بكۆڵێتەوە. ئەویش هۆشیاریی دوانەیی بوو.

*زۆر قسە لەو بارەیەوە كراوە كە لە رەوتی سەرەكی ئەدەبدا كەمتر باسی چیرۆكی عەشقی رەشپێستان كراوە. لەم دواییەدا بینیم لە چاوپێكەوتنێكدا وتبووت وەكو كاریگەریی چیرۆكی نەوەكان چیرۆكەكانی ئەم رۆمانە كۆمەڵێ چیرۆكی عاشقانەشی تیایە. ئایا كاتێ دەستت بە نووسینی رۆمانەكە كرد شتێكی وات لە خەیاڵدا هەبوو؟ گرنگی نووسینەوەی ئەو هەموو چیرۆكی عەشقە چییە؟ عەشق نەك تەنیا بە مانای عەشقی رۆمانسی بەڵكو جۆرەها عەشق بۆ نموونە عەشق و خۆشەویستیی ناو خێزان و عەشقی تێگەیشتن لە یەكتری نەوەكان.

لەڕاستیدا لە سەرەتای ئیشەكەدا بەچاوی چیرۆكی عەشق لێم نەدەڕوانی. سەیركردنم زۆر عەمەلی بوو بەو مانایەی دەمەوێت رۆمانێك سەبارەت بە چەند نەوەیەك بنووسم و كارەكتەرەكان دەبێت مناڵیان هەبێت. بەڕاستی بەو شێوەیە بیرم لە مەسەلەكە نەدەكردەوە تا ئەوەی ئەو مامۆستایەی رێنمایی دەكردم دوای خوێندنەوەی رۆمانەكە وتی: «دەزانی هەموو ئەمانە هەموویان چیرۆكی عەشقن؟» من یەكسەر هاتمەوە سەر خۆم وتم: «ئۆی بەڵێ، بەڵێ.» هەربۆیە ئەمە ئەو شتەبوو كە لە پاكنووسییەكانی دواییدا هەوڵمدا زیاتر نیشانی بدەم وا بكەم جوانتر دەركەوێت. بەڵام پێم وایە ئەو شتەی ئەم رۆمانە بۆ من دەهێڵێتەوە عەشقی ناو خێزانە. پێش هەموو شتێك ئەوە خێزانێكی مەزنە كە دووسەد و پەنجا ساڵ و دوو قارە لە خۆی دەگرێت، بەڵام وێڕای ئەوە هەمیشە عەشقی ناو خێزان هەیە كە لە هەموو بەشێكدا هەیە. هەمیشە وانییە كە پەیوەندی نێوان عاشق و مەعشوقەكەی سەرچاوەی شادیی و خۆشیی بێت بۆیان. هەندێ جار ئەو ئەزموونانە مایەی ترس و دڵەڕاوكێن و هەندێ جاریش ئازاراویین، بەڵام پێم وایە ئەو كارەكتەرانەش كە بە مانای رۆمانسی پەیوەندی خۆشەویستییان هەبوو، وەزعیان زۆر باش و كامڵ نەبوو، عەشقیان بۆ مناڵەكانیان بەشێوەیەك لە شێوەكان زاڵ دەبوو. هەر بۆیە حەزم دەكرد رۆمانەكەم نیشاندەری جۆرەها عەشق بێت، نەك تەنیا عەشقی رۆمانسی بەڵكو عەشقی خێزان، عەشقی دوو هاوڕێ بۆ یەكتر و هەروەكو وتت دەمەویست عەشقی كامڵ و دڵگیریی رەشپێستان لە هەموو روویەكەوە نیشان بدەم.

*چۆن بوو كە بڕیارت دا رۆمانەكەت بە ژن دەستپێبكەیت؟

دوای سەفەر بۆ ئەو قەڵایە هەمیشە دەمزانی كە رۆمانەكە بە ژن دەستپێدەكات. لەبەرئەوەی ئەو شتەی یەكسەر سەرنجی راكێشام ئەو بیرۆكەیە بوو كە ژنانی گانا- هەڵبەتە ئەو كاتە پێی دەوترا كەناری ئاڵتوون- دەیانتوانی وجودیان هەبێت كە ببنە ژنی ئینگلیزەكان و بتوانن بە ئیسراحەت لە چینە بەرزەكانی قەڵا لەسەر ئەو ژنانەوە بژین كە لە زیندانەكاندا بوون. ئەو بابەتەی كە دژایەتییەكی لەو شێوەیە لە واقیعدا بێتە ئاراوە بەلامەوە مایەی سەرسامیی بوو. هەربۆیە وێنەی دوو زڕخوشك لە واقیعدا ئەو شتەبوو كە بوو بە دەستپێكی رۆمانەكەی من. بەڵام لەلایەكی دیكەوە هۆزی (ئاكانی دایك و ژن) رۆڵێكی گرنگیان هەیە، هەر بۆیە هەستم دەكرد ئەگەر رۆمانێك بنووسم لەسەر خێزان و بەردەوامیی نەوە، بەتایبەتی تەركیز لەسەر بەردەوامی نەوەی خێزانێكی (ئاكانی) بكات دەبێت رۆمانەكە بە دایكان دەستپێبكات.

*ئەم كارەكتەرانە لە كوێوە هاتن؟ چۆن بڕیارت دا لە كوێی رۆمانەكەوە ئەم كارەكتەرانە بهێنیتە ناوەوە؟

دوو كارەكتەری یەكەم لە باقی ئەوانی تر زیاتر فۆرمەڵە ببوون. بەشێوەیەك لە شێوەكانیش دەمزانی دوو كارەكتەری كۆتایی دێنە ئاراوە، چونكە هەمیشە دەمەویست رۆمانەكە لە حاڵی حازردا تەواو بێت و دەمەویست هەردوولای خێزانەكە بەیەك بگەن. كارەكتەرەكانی ناوەڕاست بە شێوازی جیا جیا هاتنە ئاراوە. زۆر جار كاتی دەركەوتنیانم دەزانی. لەوانەیە ناو و رەگەز و شتی لەم بابەتەم زانیبێت بەڵام كارەكتەرەكان لە رێگەی گەڕان و پشكنینەوە فۆرمەڵە بوون. لەگەڵ بیركردنەوە لەوەی بەسەریان هاتووە زیاتر بەم كارەكتەرانە ئاشنابووم. من لەو نووسەرانە نیم كە لە سەرەتای ئیشەكەیانەوە بە وردیی نەخشەی كارەكتەرەكان دادەنێن. پێم وایە دەمەوێت ئیشەكە لەوە ئاسانتر و رەوانتر بێت. زیاتر لەوەی بمەوێت نەخشەیەك بۆ كارەكتەرەكان دابنێم، بوار بەخۆم دەدەم كارەكتەرەكان بگۆڕم و ببمە مایەی سەرسامی خۆم. كاتێ دەمنووسی نەخشە یان پلۆتێكی گشتیم نەبوو. تەنیا شەجەرەنامەیەك بوو، رێگەم پێدان خۆیان وردە وردە دەركەون.

*ئاشتبوونەوەی (یاو و ئەكوا) بەجۆرێك دەڵێی ساتەوەختێكە بۆ ئەوەی ئەم دوانە پێكەوە دابنیشن، پرسیارێك بكەن و گوێ لە بەسەرهاتی یەكتری بگرن. كاتێ ئەمەت دەنووسی هەستی بەراوردكردن یان تەواوبوون یان شتێكی لەو بابەتەت هەبوو؟

بەڵێ، بێگومان. ئەو بەشە، بەشێكی زۆر گرنگ بوو بەلای منەوە لەبەرخاتری كارەكتەری (ئەكوا) كە یەكێكە لە كارەكتەرە تووڕەكانی رۆمانەكە، بەڵام بەشێوەیەك دیارە كەسێكە هەموو شتەكان پێكەوە پەیوەست دەكات. ئەم كارەكتەرە لە خەیاڵ و وەهمەكانیدا ژنێك دەبینێت كە ئێمە هەست دەكەین نەنكێتی.

*بەڵام (ئەكوا) ئەمە نازانێت. بۆیە وا دیارە زۆر گرنگ بێت ئەو چانسەی پێبدرێت داوای لێبووردن لەمناڵەكەی بكات، لەو مناڵەی كە (ئەكوا) ئەو بەڵا ترسناكەی بەسەر هێناوە و جگە لەوەش ئەو پێگەیە ببێتە جێگایەك بۆ ئەوەی ئەم بەشەی چیرۆكی خێزانەكە بخرێتەڕوو هەرچەندە شتێكە تاڕادەیەك رەمزی نەك ئەوەی شتێك بێت كە لە یاداشتێكدا یان لە كتێبی مێژوودا نووسرابێت. چیرۆكەكە لەسەر بنەمای خەون و هەستەكانی (ئەكوا)یە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین كە واقیعییە. پێم وایە (یاو)یش كاتێ قسەی دایكی دەكات دەزانێت كە چیرۆكەكە واقیعییە. هەر بۆیە بەلامەوە ئاشتبوونەوە هەم بۆ كارەكتەرەكان گرنگ بوو هەم بۆ پەیوەستكردنی هەموو كتێبەكە و بیرۆكەكانی بەیەكترەوە.

بەڕاستی من چێژم لە رەگەزە رەمزیی و رۆحانییەكانی رۆمانەكە دەبینی، بە تایبەتی ئەوانەی بە ناڕاست لە قەڵەم نەدەدران. ئەوەی لەسەر بنەمای نەخشەیەك كە كارەكتەرەكان لەخۆیان نیشان دەدا فۆرمەڵە دەبوون و چۆن لە رۆمانەكەدا جێگای خۆیان دەكردەوە. بەلامەوە گرنگ بوو بەهای شتێك نەخەمە ژێر پرسیارەوە، بە تایبەتی ئەو شتانەی كە لە لایەنی عیرفانییەوە خەریكن كەم بەهاتر یان بێ متمانەتر دەبن لە فۆرمە ناسراوەكانی مەزهەبی مەسیحییەت یان لایەنەكانی تری زانستی- ئەكادیمی یان رۆحانی یان هەر شتێك كە هەیە. پێم وایە ئەو شتانە دەبێت جێگای خۆیان هەبێت و بەلای منەوە ئەمانە بەهەمان رادەی لایەنەكانی دیكە کە لە رۆمانەكەدا هەیە، بایەخیان هەیە.

*پێم وایە دەبێت دەربارەی میراتێك قسە بكەین كە پێمان دەگات، بەڵام هەمیشە رەگ و ریشە یان كاریگەریی ئەو میراتە نازانین. بە درێژایی رۆمانەكە جوانیی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەستا و دەستی پێدەكرێت. زۆرجار ئاماژە بەوە دەكرێت كارەكتەرە ژنەكانی رۆمانەكە جوانن، بەڵام ئازار و ئەشكەنجەش بەهەمان شێوە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەگوێزرێتەوە. دەمەویست بزانم دەكرێت لەبارەی ئەمەشەوە قسە بكەیت؟

كاتێ ئەم رۆمانەم دەنووسی زۆر بیرم لە مەسەلەی میرات دەكردەوە. هەم میراتی خێزانیی فیزیكی، هەم چەند شتێكی لەبابەتی جوانیی واتە ئەو شتانەی نابینرێن، ئەو شتانەی ناتوانین بیانبینین كە بە میرات بۆمان ماونەتەوە. من بیر لە كارەكتەرێكی وەكو (ه) دەكەمەوە ئەو توانا سۆپەرمانییەی هەیە و هەموان بە چاو دەیبینن كە كەسێكە دەڵێی تووڕەیی و توانای دەروونیی هێزی پێدەبەخشن. خۆی نازانێ بەڵام ئێمە دەزانین باپیرەی (سم) هەم لەو جۆرە مرۆڤانە بووە- سم لە بەشی (نیس)دا ئەو پیاوە ئەفریقاییەیە كە بەهیچ شێوەیەك دەستەمۆ نابێت. هەر بۆیە ئەو میراتە زۆر گرنگە چونكە (ه) ناتوانێت ئەوە ببینێت، بەڵام ئێمە دەزانین كە وجودی هەیە.

*ئەی ئەوەی هەردوو نەوە لە ئەمریكاوە سەر دەردەهێنن چ مانایەكی هەیە؟
سەرەتای ئیشەكە دەمەویست رۆمانەكە لە حاڵی حازردا رووبدات و هەندێ جاریش بگەڕێتەوە بۆ رابردوو و سەدەی هەژدە لە گانا، چونكە زۆر حەزم دەكرد لەبارەی ئەوەوە بێت چی بە ئێمە گەیشتووە. چ شتێك لە میراتی بازرگانیی كۆیلە بۆ ئێمە ماوەتەوە. هەم وەكو كۆچەرێكی ئەفریقایی و هەم وەكو رەشپێستێكی ئەمریكایی، بۆیە یەكەمجار بیرم لە (مارگری و ماركۆس) دەكردەوە. لە راستیدا ئەمەش بۆ من مەسەلەیەكی تایبەتە. حەزم دەكرد دەربارەی كۆچەرانی ئەفریقایی و رەشپێستانی خودی ئەمریكا قسە بكەم هەر بۆیە وادیارە كە دەبێت هەردووكیان لە ئەمریكاوە سەردەربهێنن بۆ ئەوەی بگەمە ئەو ئامانجە.

*لە ئەمریكا رەسپێستمان هەیە، بەڵام ژمارەیەكیش ئەفریقایی- ئەمریكایین، بۆ نموونە ئەو كەسانەی لە ناوچە جیاجیاكانی ئەفریقاوە هاتوون و بوون بە هاووڵاتی ئەمریكا.
بەڵێ. بەلای منیشەوە بێگومان ئەم مەسەلەیە بەشێك بوو لە پڕۆژەكە. پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە یان بەلای كەمەوە دروستكردنی فەزایەك بۆ گفتوگۆ دەربارەی مانای رەشپێستبوون لە ئەمریكا. ئێمە هەموومان باكگراوندی جیاجیامان هەیە، شێوازە جیاوازەكانی رەشبوون و دەرخستنی ئەو رەشبوونە. كاتێ رۆمانەكەم دەنووسی ئەم بابەتەم زۆر لە مێشكدا بوو.

*بۆ نووسینی ئەم رۆمانە بەرهەمی چ كەسانێك بەلاتەوە ئیلهام بەخش بوون؟
تۆنی مۆریسۆن كاریگەرییەكی زۆر قووڵیی لەسەر من هەبووە. رۆمانی (ئاوازی سلێمان)ی مۆریسۆن یەكێكە لە رۆمانە خۆشەویستەكانی من. جەیمس باڵدوین-یش بەهەمان شێوە بە رۆمانی (بڕۆ بە كێوەكان بڵێ). كورتەچیرۆكەكانی (ئیدوارد پی، جۆنس)یشم زۆر خۆشدەوێت. (چنیوا ئاچێ بێ)یش پێم وایە رۆمانی (هەموو شتێك لەبەریەك هەڵدەوەشێت) یەكێك بێت لە باشترین كتێبەكانی، ئەم رۆژانە زۆر بەلامەوە جوانە.

*دوا پرسیار، بۆ كێ دەنووسیت؟
پێم وا نییە خوێنەر یان وەرگرێكی تایبەتی لە مێشكمدا هەبێت، بەڵام بەڕاستی ئەو قسەیەی تۆنی مۆریسۆنم قبووڵە كە دەڵێت: ئەگەر سەیری كتێبخانەكەت كرد و ئەو كتێبەت نەبینی كە حەزت لێیەتی، دەبێت خۆت ئەو كتێبە بنووسیت. هەر بۆیە پێم وایە بۆ خۆم دەنووسم یان بۆ كەسانێكی وەك خۆم كە ئەم پرسیارانەیان هەیە و زۆرجار وەڵامەكانیان لە كتێبەكاندا چنگ ناكەوێت. ئەم كتێبە رێك وەكو ئەو كتێبە وایە كاتێ لە ئامادەیی بووم عاشقی بووم دەچووم و دەمخوێندەوە، یانی لەو قۆناغەدا كە سەبارەت بە ناسنامە و ناسنامەی نەژاد و رەگەزم گێژ و وێژ بووم. ئەگەر كەسێك كتێبێكی ئاوای بدایە بە من زۆر یارمەتی دەدام. پێم وایە بۆ مرۆڤێكی ئاوا دەنووسم، بۆ هەمان كچ.

سه‌رچاوه‌: cafecatharsis.ir

 499 جار بینراوە