سەرەکی » دۆسێ » قەبارەی داهات و خەرجییەكان بۆ پاشماوەی ئەمساڵ ئاشكرا دەكرێن

داوای پاكێجی چاكسازیی لە حكومەت دەكرێت

قەبارەی داهات و خەرجییەكان بۆ پاشماوەی ئەمساڵ ئاشكرا دەكرێن

وەزارەتی دارایی قەبارەی داهات و خەرجییەكانی پاشماوەی ئەمساڵ لە پرۆژە یاسای تەمویلكردنی كورتهێنانی داراییدا ئاشكرا دەكات، ئەنجومەنی نوێنەرانیش داوای پاكێجی چاكسازیی لە وەزارەتەكەدا دەكات كە بە «پاكێجی سپی» ناودەبرێت.

بەپێی نوسراوە تایبەتەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، قەبارەی چاوەڕوانكراوی داهاتەكان بۆ پاشماوەی ئەمساڵ، و قەبارەی خەرجی و مووچەی پێویست ئاشكرادەكرێن، لە هەمان كاتدا كورتهێنانێك دەركەوێت كە بڕەكەی 41 ترلیۆن دینار تێدەپەڕێت، تەنیا بۆ ئەم چەند مانگە.

وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كردبوو، یاسای قەرزكردن پەسەند بكات، تا تەمویلی ئەو كورتهێنانە بكات كە لە پاشماوەی ئەم چەند مانگەدا لە بودجەی 2020دا دروست دەبێت، لە هەمان كاتدا پەرلەمان رەزامەندی خۆی لەسەر پرۆژە یاساكە بە دۆزینەوەی چاكسازیی ئابوریی و پێشكەشكردنی «پاكێجی چاكسازیی كە بە «پاكێجی سپی» ناودەبرێت، دەبەستێتەوە.

بەپێی ئەو نوسراوانەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پێشكەش بە پەرلەمان كراون سەبارەت بە رەوشی دارایی عیراق، بڕی خەرجییە چاوەڕوانكراوەكان بۆ پاشماوەی چەند مانگی داهاتووی 2020، دەگاتە 57 ترلیۆن دینار.

داهاتەكانی بودجەی گشتی لە مانگی ئەیلولی رابردووەوە، بەپێی نوسراوەكان، بە 197 ترلیۆن دینار مەزەندە دەكرێت، داهاتەكانی نەوتی خاویش بە 40.51 دۆلار بۆ بەرمیلێك ئەژماركراوە كە تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانە بە 30 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بە 250 هەزار بەرمیل نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەهای یەك دۆلاریش بە (1182) دینار دانراوە، خەرجییە جارییەكان بە زیاتر لە 53 ترلیۆن دینار خەمڵێنراون، خەرجییەكانی وەبەرهێنانیش بە زیاتر لە 3 ترلیۆن و قەرەبووكردنەوەكانی كوێتیش لەخۆدەگرێت كە بە زیاتر لە 513 ملیار دینار خەمڵێنراون، گرێبەستی پاشماوەی مۆڵەكانیش بۆ كۆمپانیاكانی نەوت بە 5 ترلیۆن دینار خەمڵێنراون.

ئاماژە بە دروستبوونی كەلێنێكیش كراوە (كورتهێنان) كە دەگاتە زیاتر لە 41 ترلیۆن دینار.

بەپێی خەمڵاندنەكان بۆ خەرجی جاری لە ماوەی ناوەڕاستی ئەیلولی 2020 بۆ كۆتایی ساڵ، مووچەی فەرمانبەران دەگاتە زیاتر لە 24 ترلێۆن دینار، مووچەی خانەنشینانیش دەگاتە نزیكەی 4 ترلیۆن دینار، بڕی قەرزاریش بەپێی وەزارەتی دارایی دەگاتە 3 ترلیۆن دینار، رێژەی ئەو سودانەش كە دەچێتە سەر قەرزەكان دەگاتە 1 ترلیۆن دینار.

لە 11ی تشرینی یەكەمی 2020، پرۆژە یاسای قەرزكردن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان كرا، تا رەزامەندی لەسەر بدرێت.

پێشتر ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، پرۆژە یاسای قەرزكردن كە دەبێت بە تەوافوق رەزامەندی لەسەر بدرێت، پێویستی بە 6 رۆژە بۆ تێپەڕاندنی لە پەرلەمان، بەو پێیەی خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ دەكرێت و پاشان دەنگی لەسەر دەدرێت.

چاودێران پێشبینیان كردبوو پەرلەمان رەزامەندی لەسەر یاسای قەرزكردن دەرببڕێت، بەڵام گوشاریش دەكات تا وەزارەتی دارایی پاكێجی چاكسازیی پێشكەش بكات، تا بزانرێت ئەوچاكسازییانەی بەنیازە ئەنجامیان بدات، دەبنە مایەی ئەوەی جارێكی تر پەنا بۆ قەرزكردن نەبرێت.

پرۆژە یاسای تەمویلكردنی كورتهێنانی دارایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكرا و پاشان رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا، بۆ مەبەستی تێپەڕاندنی تەنگژەی داراییە كە لەئێستادا وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت. بەپێی بەڵگەنامەكانی پرۆژە یاسای تەمویلكردنی كورتهێنانی دارایی كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە، ماددەكانی داهاتەكانی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2020 لەخۆدەگرێت، وێڕای خەمڵاندنی قەرەبووكردنەوەكانی كوێت، و خەمڵاندنی گرێبەستی مۆڵەتی كۆمپانیاكانی نەوت، و خەمڵاندنی تەواوەتی داهاتەكانی نەوت.

هەروەها بەڵگەنامەكان، ژمارەیەك ماددە لە پرۆژە یاسای تەمویلكردنی دارایی، و خەمڵاندنی خەرجی جاری پلان بۆ داڕێژراو لە 17ی ئەیلولەوە بۆ 31ی كانوونی یەكەمی سەمساڵ بەخۆدەگرن، وێڕای خەمڵاندنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە ماوەی 1ی كانوونی دووەمی 2020 بۆ كۆتایی ساڵ.

هەر لە بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بە پرۆژە یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2020 كراوە كە تایبەتە بە قەرزی ناوخۆ و دەرەكی بۆ تەمویلكردنی كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 كە ماددەكانی یاساكەی لەخۆگرتووە، و وەزیری داراییش سەرپشك دەكرێت و دەسەڵاتی دەبێت قەرزی ناوخۆ و دەرەكی بكات، بە مەرجێك رێژەی لانی كەم 15% لە هەموو قەرزەكان بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمەكان دابین بكات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، پرۆژە یاسای كورتهێنانی دارایی بە قەرزكردن و قەرەبووكردنەوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2020 وەسفكرد.

سەفار لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی رەسمی رایگەیاندووە»پرۆژە یاسای كورتهێنانی دارایی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان رەوانەكرا، بۆ قەرزكردن و قەرەبووكردنەوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2020، و داهات و خەرجییەكانی چوار مانگی پاشماوەی ساڵ لەخۆدەگرێت، كورتهێنانی بودجە تێیدا دەگاتە 41 ترلیۆن دینار و 692 ملیار دینار كە بۆ دابینكردنی بودجەی كارپێكردنی تایبەت بە مووچە و قەرەبووكردنەوەكان و گرێبەستی مۆڵەكان و خەرجییەكانی ترە».

لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەش كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە لە 11ی تشرینی یەكەمی 2020 سازكرا لەگەڵ مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندی، سەفار وتی»لیژنەكە دۆخی بانكی ناوەندی و یەدەگی دارایی لە دراوی بیانی و (پاكێجی سپی) كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ چاكسازیی لە رەوشی دارایی و ئابوری وڵاتدا پێشكەش دەكرێت، گفتووگۆكرد».

بە وتەی سەفار»بەر لە پرۆژەی قەرزكردنی یكەم لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، قەرزی ناوخۆی 40 ترلیۆن دینار بوو، لە مانگی حوزەیرانیشدا 15 ترلیۆن قەرزكرا و قەرزی ناوخۆیی گەیشتە 55 ترلیۆن دینار، لەگەڵ رەزامەندی پەرلەمانیش لەسەر قەرزێكی تر بە بڕی 41 ترلیۆن دینار، كۆی گشتی قەرزی ناوخۆ دەگاتە 96 ترلیۆن دینار».

بڕیاردەری لیژنەی دارایی عیراق دەڵێت»بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەی قەرزكردن، عیراق لە ئایندەدا بەرەو مایەپوچبوون دەبات، بەبێ‌ ئەوەی دیدێكی چاكسازیی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە هەبێت، بە تایبەتیش كە قەرزكردن لە زیادبوونێكی بەردەوامدایە».

 102 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*