سەرەکی » کەلتوور » بڕیاری یەکلاکەرەوە لای هێزە باڵادەستەکانە

بڕیاری یەکلاکەرەوە لای هێزە باڵادەستەکانە

هیوا موحەمەد

لەوەتەی مادە هەیە و بزووتن هەیە و بەدواشیدا گیانلەبەر هەبووە و تا گەیشتۆتە ئەم گیانلەبەرەی پێی دەوترێت مرۆڤ ململانێ هەبووە، هەندێکجار ئەم ململانێیانە گەیشتونەتە خوێنڕشتن، هەمووشی لەپێناوی مانەوەو وەرگرتنی زیاتری دەسەڵاتدا بووە.

سەرەتا گەورەترین خواستەکانی مرۆڤ بریتیبوون لە خۆشترین شوێنی کاتبەسەربردن و حەوانەوە کە لەگەڵ کەشوهەوای سارد و گەرمدا بگونجێت، هەبوونی باشترین کەرەستەی ڕاو، خۆشترین و بەتامترین خواردن و بەدەستهێنانی بە ئاسانترین شێوە، بەدەستهێنانی شتە پێویستەکان بەکەمترین ماندووبوون، موڵکدارێتی هەموو شتە تامدارەکان لەسەرووشیانەوە داگیرکردنی جوانترین کچ یان ژن کە لەوانی دیکە باشتر و جوانتر بێت لە هەموو روویەکەوە، چونکە تەنها سێکس و جووتبوون بووە کە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا هەبووە و هۆکارێکی رەوانی هەیە و پێویستی بە پلاندانان نەبووە و لەماوەی چەند چرکەیەکدا پرۆسەکە دەستی پێکردووە و کۆتایی هاتووە و ئەو تام و چێژەش وای کردووە جیاوازیی نێوان جووتبوونەکان و کەسەکان هەستی پێ بکرێت.

دروستبوونی ڕابەر
مرۆڤ لەگەڵ پێشکەوتنی قۆناغەکانی ژیانیدا شێوازی ململانێکانیشی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەردەوامیش بۆ بردنەوەی ململانێکە، پێویستیان بەهۆکاری پروپاگەندە و بەشان و باڵداهەڵدان بووە تا ململانێکەی پێ بەهێز بکرێت، چونکە سەرەتا هەندێک سیفەت پێویست بوون بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە دەمڕاستی ئەوانی دیکە.

لەو سیفەتانەش هێز، لێزانین، فرتوفێڵ، هەیکەل، دەنگی زل و تۆقاندن، خاوەندارێتی شتە خۆش و باشەکان بووە.

هەرکەس ئەمانەی هەبووبێت، توانیویەتی خۆی بەتەنها رابەری ئەوانە بێت کە لە شوێنێکدا پێکەوە ژیاون، ئەوانەش کە هەموو ئەو سیفاتانەیان تێدا نەبووە هەندێکیان تێدابووە، نزیکبوونەتەوە لەو رابەرە و هەمیشە سەرخەری ئەو بوون و رێخۆشکەری بوون تا دەسەڵاتەکانی فراوان بکەن، چونکە زانیویانە کە ئەوانیش رووبەڕووی سەرکوتکردن دەبنەوە ئەگەر لەدەوری کۆنەبنەوە.

بەشێوەی سنووردار پەیوەندییەکانی رابەر یەکەم لە دەوروبەرەکەی خۆیەوە دەستپێدەکات دواتر لە رێگەی ئەوانەوە بۆناو خزمان و هاوتیرە و لەڕێگەی ئەوانیشەوە بۆ ناوخەڵکە لاواز و بێدەسەڵاتەکەی ناو تیرەکە یان ئەو گروپەی واڕێککەوتوە لە دۆڵێکدا یان لەسەر پارچە زەوییەک پێکەوە بژین.

ئەو رابەرەش لەو دەستکەوتانەی کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بەدیهاتووە بەشی لاوازەکانیشی داوە لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان تا بەدزییەوە نەچن ئەو دەستکەوتانە بۆخۆیان بەرن بۆنموونە رەنگە دۆڵێک پڕ بووبێت لە نێچیری باش، دوەمیان بێبەشکردنیان واتا هەڵگەڕانەوەیان لەوکەسەی کە ملکەچی بوون و وەک رابەر دەیپەرستن .

رابەر دەبوو چی بکات؟
ئەوکەسەی ئەو رۆڵەی بینیووە لەو جەنگەڵستانەدا، هەروەکو هەریەکێک لەوانی تر لەو ئافرەتانەی لەگەڵیاندا خەوتووە منداڵی بووە و منداڵەکانیش لەوانی خێزانەکانی دیکە جیاوازتر ژیاون و زیاتر پابەند بوون بەو خێزانەوە، چونکە هەمیشە جیاکراونەتەوە و کەسانێک تایبەت و دیاریکراو یاوەریان بووە.

رابەریش بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی پێویستی بەهێز بووە، بۆئەمەش دەبوو متمانەی تەواوی هەبێت بەو کەسانەی کە لە دەوروبەریدان، هەربۆیە رابەر بەپێی تەمەنی خۆی رێگەی بەچەند کەسانی نزیکی خۆی داوە کە لەدەوری بن و ئیمتیازاتی تایبەتی پێداون، لەمەشدا کوڕەکانی یان کچەکانی خۆی زیاتر لە هەرکەسێکی تر پێیوە پابەند بوون و لە دەسەڵاتەکانی خۆی نزیک کردونەتەوە و بەشێکی پێداون، بۆ نموونە لەناو جەنگەڵستانەکەدا قسەی یەکەم و کۆتا بۆ کوڕەکەی ئەو بووە لەناو هەموو لاوانی تیرەکەدا .

یان خانمەکەی ئەو لەناو خانمەکاندا هەروا کچەکەی، دوا بەدوای ئەمانە کەسەکانی دیکەی خۆی لە براو خوشک و کەسانی تر .

ئەم خەڵکانەی خزمی رابەری دەسەڵاتداری جەنگەڵ سوودمەند بوون بۆ نموونە لەم پلەی خزمایەتییە، کوڕەکەی کاتێک هەست دەکات لەهەموو روویەکەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت، لەخۆی بایی دەبێت، هەست دەکات وەک ئەوان ماندوو نابێت ، کەسێکی تر بەدارەکەدا هەڵدەگەڕێت و میوەکە لێ دەکاتەوە و دەیخاتە بەردەستی، ئەمیش بێ ئەوەی شوێنێکی بریندار بێت، یان ئازاری بەرکەوێت دەیخوات، برای رابەر هەر لەبەر ئەو خزمایەتییەی هەیەتی بەخۆی نازانێت خەڵکەکانی دیکە کار ئاسانی بۆ دەکەن و لەوەی ئیمتیازاتی دەدەنێ و خۆیان بە ماندووبوون بەدەستیان هێناوە دەیبەخشن بەو، هێندەی هەڵدەکێشن تا خۆی لەو وێنا کردنەدا دەبینێتەوە دواتریش کە بەتەواوی چووە ناو دەورەکەوە، ئیدی بەهیچ کۆڵ نادات و دەشکرێت سەری ئەوانە لە پێشدا پان بکاتەوە کە گەیاندوویانەتە ئەو پلەیە.

ژنی رابەریش بەوەی لەناو ژنەکانی تیرەدا کەس قسە لە قسەیدا ناکات، خۆشحاڵە و بست بست باڵای پێدەکات ، هەموو ئەمانە وادەکات ململانێ لە سەر خزمەتکردنی رابەر و سەر بۆ دانەواندی بکرێت، خەڵکەکان بە جیاوازییەکانی پلەی ژیانیانەوە پاشقول لەیەکتر دەگرن بۆ خۆبردنە پێشەوە، هەرچەند ململانێ و پێشبڕکێکان لە پێناوی زیاتر هەوادارییان بۆ رابەر توندتر و خەست تر بێتەوە، دووهێندە دەسەڵاتی رابەر هەڵدەکشێ و ترس لە نێو دڵی خەڵکدا دەنێتەوە .

پیرۆزکردنی رابەر!
کەسە نزیکەکان دەبوو لە دەرەوەی سنووری راستییەکان شتێک بڵێن و باسی لێهاتوویی رابەرەکەیان بکەن ،رابەریش زۆر لەبەرچاوی خەڵک دەرنەکەوتووە و شوێنی ژیانی لەدووری بەرچاوی ئەوانی دیکەوە بووە، چونکە بەدەرکەوتن و تێکەڵبوونی زۆری لەگەڵ خەڵک، زۆرێک لە راستییە شاردراوەکان دەردەکەون و ئەو هێزە خوڵقێندراوەی کە بۆ رابەریان بە خەیاڵ دروستکردووە لەملاولاوە شتێکی لێ بە درۆ دەکەوێتەوە و لەترس و گەورەیی رابەر کەم دەکاتەوە، چونکە کەسانێک دەبوو شتێک بڵێن کە وای پیشان بدەن رابەر نەبێت هەر لەماوەی چەند چرکەیەکدا ئاژەڵە دڕندەکان کەسیان ناهێڵن.

ململانێکان وایانکردووە کە رابەریش و کەسانی نزیکیش لەرابەر نەیانتوانیووە بە ئارامی سەربنێننەوە و زانیویانە ئەوەی ئەوان دەیکەن، بەشێکی زۆری درۆ و دەلەسە و هەڵخەڵەتاندنە و زلکردنی پرۆسەکەیە و خەڵکانێک هەن کە لەدژی ئەمەن، بەڵام هیچیان پێناکرێت و چاوچنۆکی ئادەمیزادیش بۆ بەدەستهێنانی خواردن و سێکس کە تەنها دوو شتی سەرەکی بوون ناڕازی بوون لە رابەر بە رواڵەت نیشاننەدراون.

گەورەکردنی پاشا پێویستی بەو درۆیانە بووە کە وەک شێواز بەکاریانهێناوە بۆ بردنەوەی ململانێکان، ئەمەی باسی لێوەدەکەین رەنگە هەر قۆناغێکی کەمی چەند هەزار ساڵێکی خایاندبێت و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیبێت.

ئەوان درۆی وایان بۆ دەسەڵاتی رابەر کردووە کە ئەستەمبووە بە زوویی راستییەکەی دەربکەوێت، بۆ نموونە نەیان هێشتبێت خەڵک تخونی ئەشکەوتێکی دیاریکراو کەوتبێت، بەو هۆکارەی ئەگەر بچنە ناوی، دارستانەکە گڕدەگرێت و تەنها رابەر بۆی هەیە بچێتە ناوی و لەوێوە قودرەتەکانی پڕکاتەوە و بە کۆمەڵێک درۆی شاخداری دیکەوە بێتەدەر.

زۆرجار وابووە کە زۆرێک لەوانەی دەوری رابەر هەستیان کردووە کە رابەرەکەیان پیر بووە و پەکی کەوتووەو ئەو ئازایەتی و لێهاتوییەی نەماوە، کۆبوونەتەوە و بێ ئەوە لە پیرۆزییەکەی کەم بکەنەوە، بیانوویەکیان لەسەر زمانی خۆیەوە دۆزیوەتەوە و ئەو کەسە گونجاوەیان لە جێگەی داناوە کە ئەو خەسڵەتانەی بوون بەرابەریان تێدابووە کە سەرەتا باسمان لێوە کردن، ئەمیش لەسەر هەمان رێچکە درێژەی پێداوە و لێرەوە سیفەتەکانی رابەریی بوون چەسپیووە و هەر یەکە پەیڕەوی ئەوەی پێش خۆی کردووە.

پەیوەندیی رابەر و خەڵک
هەموو ئەو گروپ و تیرانەی مرۆڤایەتی کە لەسەرەتاوە هەبوون و بەو جۆرەی باسمان لێوەکرد، درێژەیان بە ململانێکانی ژیان داوە، بەڵام مەرج نییە هەمووان بەیەک جۆر پەیڕەوی ململانێکان و خۆسەپاندن و دەسەڵاتدارێتییان کردبێت. لە ئیسلامدا وەسفی دۆزەخ بەشوێنێک دەکەن کە ئاگری تێدایە، بەڵام لای زەردەشتییەکان بەشوێنێکی ساردی پێناسە دەکەن، هەربۆیە دەکرێت جیاوازیش لەو شێواز و بۆچوونانەنەدا هەبووبێت بۆ درێژەدان بە ململانێکان، تیایاندا هەبووە ئەنجامدانی چاکەی کردووە بە شێوازی بەڕێوەبردنی ململانێکان و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی خۆی، واتا زیاتر خۆی لە خەڵک نزیککردۆتەوە بۆئەوەی لەو پاڵەوە جێپێی خۆی قایم بکات، بۆ نموونە کەسێک بووە شارەزایی لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکدا هەبووە و لەو رێگەوە هەم رابەر بووە و هەم حەکیم، بەمەش زیاتر خەڵک خۆشیان ویستووە، یان دەکرێت کە لە بوارێکی دیکەدا چالاکییەکی نواندبێت.

جاران بەپێی رووداوە مێژووییەکان پاشاکان کچیان داوە بەکەسێک لە تیرەکەی خۆیان، یان هی دوژمن کە لە زۆرانبازیدا ئازا بووە یان دوو کەس کەیەکێکیان ئەوی تری کوشتووە و ئەوەی ماوەتەوە کچەکەیان داوەتێ .

دەشکرێت کەسێک بەهۆی هەڵدانی بازەوە دیاری کرابێت بە رابەر، بەڵام لەمەشیاندا مەرجدار بووە، بۆ نموونە تەنها ئەوانە چوونەتە شوێنی راوەستان، بۆئەوەی باز لەسەر شانیان بنیشێتەوە کە مەرجی رابەرییان تێدابووە.

ئەوانەش کە زۆر زاڵم بوون و رێگەی چەوساندنەوە و سەرکوتکردنیان گرتۆتەبەر لە کۆتاییدا ژیانیان بە فەوتانی خۆیان و بنەماڵەکەیان تەواوبووە، چونکە مێژوو نەوەستاوە و تۆمارەکانیش دەستاو دەست هاتوون و کاتی تۆڵەش ئەگەرچی درەنگ بووە، بەڵام بەزەبربووە.

رابەرێتی و شێوازەکەشی بەپێی شوێن و تیرە جیاواز بووە، واتا لە بچووکەوە بۆ گەورە یان لەو شوێنانەدا کە خەڵکانی تیرەکە چاوکراوەتربوون لەوانەی شوێنێکی تر، هەروەک ئەو جیاوازییانەی ئێستا لە نێوانی کۆمەڵگە جیاوازەکانی جیهاندا دەیبینین .
ئەو سەردەمانەی پێشوو هۆیەکانی گواستنەوە و هاتوچۆ نەبوون، رەنگە گەشتێکی ئەمسەری زەوی بۆ ئەوسەری و گەڕانەوە چەندین ساڵی پێ چووبێت بەجۆرێک گواستنەوەی زانیارییەکان سوودی ئەوتۆی نەبووبێت، یان خەڵکەکە ئەوەندە بیری لە گۆڕانکاریی نەکردبێتەوە و رادەی هۆشیاریش سفر بووە، بۆیە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هێندە درێژخایەن بووە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ، ئەو پێشکەوتنەش کە لەمڕۆدا دەیبینین، زۆربەیان لە 100 ساڵی رابردوەوە دەستیان پێکردووە، دەنا پێشتر نەبوون.

لەو سەردەمانەدا کە مرۆڤەکان لەژیانی سەرەتاییدا بوون، رابەرەکان بەشدارییان لە یادەکانی خۆیاندا کردووە، هەرچییەک ئەوان واتا تیرەکەیان یان گروپەکەیان بۆخۆیان کردبێتە باو، رابەریش تیایدا بەشداربووە بەو مەبەستەی خۆی خۆشەویست بکات.

ئەگەر لەکاتی تینوێتی سەختدا کەسێک ئاوت بداتێ و تینویەتیت بشکێ، ئیدی ئەمە دەبێتە یادێک و هەرچەند تینوت بێت، ئەوەت بیردەکەوێتەوە، بۆیە دەکرێت رابەرێک بەدانی پارچە گۆشتی نێچیرێک بە برسییەک جێگەی خۆی لەدڵی ئەو کەسەدا کردبێتەوە و وای لێکردبێت کە سوجدەی بۆ ببات و پیرۆزی بکات.

سەرمایەی ئەو کات کۆکردنەوەی بۆ پلانی درێژخایەن نەبووە، چونکە هیچ نێچیرێک بۆ ساڵێک نەماوەتەوە دوای دەستبەسەرداگرتنی، ململانێکانیش بۆ مانەوە بووە واتا ئەوەندە بخۆیت کە لە برساندا نەمریت، یان خۆت لە پێشهاتە سروشتییەکان بپارێزیت تا زۆرتر بمێنیت .

هەر لەبەر ئەمەش بووە کە رابەر هەوڵەکانی تەنها بۆ ئەوە بووە کە هەمیشە ئەو خاوەن قسەی یەکەم بێت و تا ئەو ئامادەبێت لەسەر نێچیر کەس بۆی نەبێت دەستی بۆ درێژبکات. لێرەوە پەیوەندییەکانی رابەر و خەڵک زۆر سەخت نەبووە لەگەڵ ئەوەشدا کە رابەر هەمیشە لەناو خەڵکدا نەبووە.

دیسان رابەر پێویستی بەخەڵک هەبووە بۆ روبەڕوبونەوەی لەگەڵ تیرەکانی دیکە کە هاتوونەتە سەریان و شەڕیان پێ فرۆشتوون بۆئەوەی ئەو ناوچەیەیان لێ بستێنن کە پڕیەتی لە نێچیر و بەروبومی گیایی باش، لەبەرئەوە رابەر پشتی لە خەڵک نەکردووە و پەیوەندیی کەم تا زۆر و بەجۆری جیاجیا درێژە پێداوە و پاراستوێتی.

گرنگیدان بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیش هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە هەبووە و هەر وەک ئەوەی لای ئاژەڵەکان هەبووە.

پێکهاتەکانی ناو تیرە
لەناو تیرەکاندا بەپێی پێکهاتەی جەستەی مرۆڤەکان، دەتوانین پێش هەموو شت لاواز و بەهێز وەک دوو سیفەت وەربگرین، چونکە ئەمەیان لەناو خودی مرۆڤەکاندا وەک شتێکی سروشتی هەبوون،(لەئێستاشدا بەپێی تێڕوانینە فەلسەفییەکان، چینی هەژار و دەوڵەمەند بە چەندین چینی جیاجیا دابەشکراون وەک سەرمایەدار و بۆرژوازی و پرۆلیتار و..) بە سەرزاریی سادەش، دەوڵەمەند و هەژار ناوزەد دەکرێن. ئەوەی کە ئازاو بەهێز بووبێت هەمیشە هاوەڵی رابەر و دەسەڵات بووە لەم رێگەوە توانیوێتی ژیانی خۆی مسۆگەربکات، ئەوەش لاوازبووبێت بۆتە سێبەر و داردەستی بەهێزەکان و ئەوان ئەڵقەی نێوانیان بوون لەگەڵ رابەرو دەسەڵاتدا، ئەگەرچی مرۆڤی سەردەمانی زوو بەگشتی ئازاو بەهێزتر بوون لەمانەی ئێستا، بەڵام هێشتا ئازاو ئازاتر و لاوازو لاوازتریان هەبووە، ئەوانەی ئازابوون سڵیان لە زۆر شت نەکردۆتەوە، ئەمەش وایکردووە کە خۆشباوەڕ و لەرزۆک نەبن. ئەم جۆرەیان زیاتر لای رابەر حسابی بۆ کراوە.

لاوازەکان دەکرێت هەروەک لەشکری رەش بەکاریان هێنابن و زووتریش زیانیان بەرکەوتبێ . مێژوو لەگەڵ ئەوەی گۆڕانکاریی سستی بەسەرداهاتووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەم جۆرە ژیانی بەسەربردووە و تا گەیشتووە بە حوکمڕانی و فراوانترکردنی دەسەڵات، ئەویش لەگەڵ هەڵکشانی تەماع و چاوچنۆکی بۆ فراوانکردنی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی ژیانی خۆشتر نەک هەر بۆ ئەمڕۆ (وەک پێشتر) بەڵکو بۆ سبەینێ و ساڵێکی دیکەش.

ژیانی مرۆڤ ملیۆنان ساڵە دروست بووە، بەڵام ململانێکان لە پێناوی مانەوەی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر و چاوچنۆکی ئەوەی ئەمڕۆش زادەی سەرەتای ئەوکاتی مرۆڤە و تائێستاش بەردەوامە و چینەکانی خەڵکیش بەهەمان شێوەی سەرەتاییەکان دابەشبوون بەسەر چەند ئاستێکی ژیاندا.

 64 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*