سەرەکی » راپۆرت » بڕیار و راسپاردەکانی 1325 ئەنجومەنی ئاسایش ژن، ئاشتی، ئاسایش

بڕیار و راسپاردەکانی 1325 ئەنجومەنی ئاسایش ژن، ئاشتی، ئاسایش

ئامادەكردنی : جوتيار قادر كەريم

لە ئاکامی شەڕ و کێشمەکێشەکانی نێوان ووڵاتانی ناوچەکە سەدەی رابردوو لە عیراق و ھەرێمی کوردستان، ژن و منداڵ زۆرترین قوربانی ئەو شەڕانە بوون کە ڕوویان داوە، شەڕی نێوان عیراق و ئێران(1980تاوەکو 1988) و داگیرکردنی کوێت لەلایەن عیراقەوە کە بوو بەهۆی گەمارۆی ئابووری هاوپەیمانا بۆ سەر عیراق، کارەساتی بۆردوومانکردنی هەڵەبجە بەچەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لەلایەن دەوڵەتی عیراقەوە، دواتر ئەنفالکردنی منداڵ و پیاوان و کوشتنیان وشاردنەوەیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا، ھەروەھا وەحشەتگەری هێزێک بەناوی داعش بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ئەنفالکردنی ژن و پیاو و منداڵی ئێزدی کورد لە شەنگاڵ ببینینەوە کوشتنی پیاوان و کۆیلەکردنی کوڕان و سەبی کردنی ژنان و کچان و دانانیان بۆ فرۆشتن لە بازاڕەکانی نەینەواو ڕەقە…ھتد.

بڕیارێکی گرنگ
جگە لەوەش زۆرترین قوربانی لە ئاکامی ئەو شەڕانەن کە لە وڵاتانی وەکو (عیراق، سوریا، لیبیا، ئەفغانستان، کۆڵۆمبیا، زۆر لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) بەرپابوون، هەروەها لە ئەنجامی پەراوێزخستنیان لەرووی کۆمەڵایەتیەوە. دیارە زۆربەی قوربانیانی ئەو شەڕانە ژنان و منداڵانن، بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان درکی بەو کارەساتە مرۆییانە کردووە و لێی بێدەنگ نابێ و بڕیاری ژمارە (1325) ی لە (31)ی ئۆکتۆبەری (2000) دەردەکات. بۆ ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی و پاراستنی ژنان و بەرقەرارکردنی ئاشتی ئەو بڕیارە بە ناوی (ژنان و ئاشتی و ئاسایش) کە تایبەتە بەو وڵاتانەی کە شەڕ و ململانێ و ناکۆکی چەکداری تیایەو ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لای سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. شایەنی باسە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت بە بەشێک لە دەستوری ئەو وڵاتانە و دەبێت ھەموو بەندەکانی جێبەجێ بکەن بە پێی بارودۆخی وڵاتەکە و یاسای تایبەتی بۆ دەربکرێت لیژنەی تایبەتی بۆ دروست بکرێت بۆ بەداواداچوون وباش جێ بەجێ کردنی،ئەو بڕیارە حکومەتەکان وابەستە دەکات بە گرنگی دان بە بەشداری پێکردنی ژنان لە دەسەڵاتەکاندا.

ئامانج لەو بڕیارە
ژن ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕێت لە نەھێشتنی میملانێ و بنیاتنان و بەدیھێنانی ئاشتی و گرنگی بەدەستھێنانی ھاوسەنگی و بەشداری پێکردنی تەواوی لە ھەر ھەوڵێک، بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و ھاندانیان و زیادکردنی ڕۆڵیان لە بڕیاردان بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان ھەیە بە نەھێشتنی ململانێ و چارەسەرکردن و پاراستنی مافی ژنان و کچان لەکاتی ململانێیاندا بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و جیاکاری ژنەوە لەگەڵ پیاودا و بەتایبەتیش ھاندانی حکومەتی عیراق لەسەر پابەندبوون بە پرۆتۆکۆلەکە و دانانی پلانی کاری تایبەت لە بڕیاری (1325) لەسەر بەشداری پێکردنی ژنان لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتی و بەکارخستنی ستراتیجیەتی نیشتمانی بۆ گرنگیدان بە ڕۆڵی ژنان.

گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکە
گرنگترین ئەو خاڵانەی کە لە بڕیاری (1325)ی کۆبوونەوەی (4213)یەکەمینی ئەنجومەنی ئاسایش لە (31ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2000) ھاتووە بەم شێوەیەی خوارەوە:

1-ھاندانی وڵاتانی ئەندام بۆ دەستەبەرکردنی بەشداری چالاکانەی ژنان لە ھەموو بوارەکانی بڕیاردان لە نێوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بە گرتنەبەری میکانیزمی پێویست بۆ ڕێگرتن لە و ململانێیەکانو یەکلاییکردنەوەیان.

2-ھاندانی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێ کردنی کاری ستراتیجی (A/49/587) کە داوای زیادکردنی ڕۆڵی ژن بکرێت لەو بڕیارانەی کە دەدرێت سەبارەت بە ململانێیەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی.

3-داوا لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ دامەزراندنی ژنانی زیاتر وەک نوێنەر و ناوبژیوان، داوا لە وڵاتانی ئەندام بکرێت بۆ ناردنی ناوی ھەڵبژێردراویان بۆ ئەو مەبەستە.

4-ھەروەھا داوا لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ پەرەپێدانی زیاتری ڕۆڵی ژنان و بەشداری پێکردنیان لەو بوارانەدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی زیاتری تێدا دەبینێت، بەتایبەت چاودێرانی سەربازی پۆلیسی مەدەنی و کارگوزار لە بوارەکانی مافی مرۆڤ.

5-دەربڕین و خۆئامادەکردن و پەیوەست بوون بە پێکەوە بەستنی دیدگاکانی جۆری کۆمەڵایەتی لە بواری پاراستنی ئاشتیدا، داوا بکرێت لەسکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دڵنیابوون لە مەرجێکی گونجاو بێت لە بەڕەچاوکردنی مەجرای کارەکە.

6-داوا لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت کە زانیاری و کەلوپەلی مەشق دابین بکات بۆ وڵاتانی ئەندام بۆ ڕاھێنان لەسەر پاراستنی ژنان، گرنگیدان بە بەشداریپێکردنی ژن لە بوارەکان پاراستنی ئاشتی و ھەوڵدانی بەردەوام بۆ بنیاتی ئاشتی، داواکردنی وڵاتانی ئەندام بەمەبەستی ڕاھێنان و ھۆشیارکردنەوە لە بوارەکانی نەخۆشی ئایدز، بەرنامەی ڕاھێنان بۆ کەسانی سەرباز و پۆلیسی مەدەنی بۆ ئامادەکاری لەو کارە، وە داوا بکرێت لە سکرتێری گشتی کە فەرمانبەرە مەدەنیەکان کەبەشدارن لە کرداری پاراستنی ئاشتی دەبێت ئەو ڕاھێنانە ئەنجام بدەن.

7-داوا لە وڵاتانی ئەندام بکرێت ھاوکارییە ماددی و تەکنیکی و لۆجستیەکانیان زیاد بکەن بۆ مەبەستی خولەکانی ڕاھێنانی جۆری کۆمەڵایەتی، بۆ ھاوکاریەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارەکانی پەنابەری و منداڵ و ئۆرگانەکانی تردا.

8-لەسەر ھەموو لایەکی پەیوەندیدار پێویستە بۆ دانوستان کردن لەسەر ڕێککەوتنەکانی ئاشتی جێبەجێکردنی دەبێت ئەو خاڵانە ڕەچاو بکرێت:-

‌أ-پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆ ژنان و کچان دابین بکرێت، وەک گەڕانەوە بۆ وڵات و دووبارە نیشتەجێکردن و ئامادەکار و دروستکردنەوەی شوێنوارەکانی پاش جەنگ دابین بکرێت.

ب-ئامادەکاری بکرێت بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵەی ژنانی نێوخۆ و دەستپێشخەری بۆ ئاشتی و یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان و بەشدارییەکی بەرچاوی ژنان لە پەیماننامەکانی ئاشتیدا.

‌ج-ئامادەکری بۆ ڕێزگرتن لە داخوازیەکان و پاراستنی ژنان و کچان لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەوەی بە دەستورەوە بەندە، وەک یاسای ھەڵبژاردن، پۆلیس، دادگا.

9-داوا لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ململانێیە چەکدارەکان بکرێت کە ڕێز لە یاسای نێونەتەوەیی بگرن، سەبارەت بە مافەکانی ژنان و کچان پەیوەست بوون بە ڕێککەوتننامەی جنێڤی ساڵی (1949) پرۆتۆکۆڵەکانی (1977) و ڕێککەتننامەی پەنابەری (1951) لەگەڵ پرۆتۆکۆڵەکانی ساڵی (1967) وە (1979) ڕێککەوتننامەی نەھێشتنی ھەموو جیاوازیەکی ڕەگەزی دژ بە ژنان و پرۆتۆکۆلی ھاوپێچ لە (1999) و ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی مافی منداڵ ساڵی (1989) و پرۆتۆکۆڵی (25ی ئایاری 2000) و چاوخشاندنەوە بە یاسای دادوەری پەیوەندیدار بە یاسای بنەڕەتی ڕۆما (دادگای تاوانی جیھانی).

10-داوا لە ھەموو لایەنی پەیوەندیدار بە ململانێیە چەکداریەکان بکرێت کە پەیوەست بن بەپاراستنی ژنان و کچان لە دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی و جۆرەکانی تری توندوتیژی لەکاتی ململانێیە چەکداریەکان.

11-جەختکردنەوە لەسەر ھەموو وڵاتان کە دەربازبوون نییە بۆ ئەو کەسانەی کە پێشێلکاری دادگای نێودەوڵەتی دەکەن، چ تاک بێت یا کۆمەڵ کە تۆمەتبار بن بە کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و ئەو تاوانانەش کە پەیوەندی ھەبێت بە دەستدرێژی سێکسیەوە، یا ھەر شێوەی تری تاوان دژ بە ژنان و کچان، وە ئەو جۆرە تاوانبارانە بەھیچ شێوەیەک لێبوردن نایانگرێتەوە.

12-داوا لە ھەموو لایەنی پەیوەندیدار بە ململانێیە چەکدارەکان دەکرێت کە دەبێت ڕێز لە پەناھەندە و شوێنی پەناھەندەکان بگیرێت بە شێوازێکی شارستانی مرۆیی، دڵنیاکردنەوەی ژنان و کچان بەلای کەمەوە لەو شوێنانەی کە تێیدا دەژین بە ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (1208) لە (19 تشیرینی 1998)ەو لە (1269) لە (19 ی نیسانی 2000).

13-داوا لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی پلاندابڕێژن بۆ داماڵینی چەک و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە و دابینکردنی پێداویستیە جۆرەوجۆرەکانی ڕەگەزی مێیینە و نێرینە، لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی جەنگاوەرەکانی پێشوو ڕێزلێنانی ژنان و کچان و ھۆکارە مرۆییەکان.

14-دووبارە دووپاتکردنەوە و ئامادەکردنی ھەرکات جێبەجێکردنەکە ڕێککەوت بەپێی ماددەی (41) لە بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ تێڕوانین لە کارتێکردنی ئەگەری بۆ ئەو جێبەجێکردنە لەسەر دانیشتوانی شارستانی لەگەڵ دابینکردنی پێداویستیەکانی خۆیەتی و مرۆڤایەتی بۆ ژنان و کچان.

15-دەربڕین و خۆ ئامادەکاری بۆ ئاسوودەیی و دڵنیایی بوون وە ڕەچاوکردنی جۆری کۆمەڵایەتی و مافەکانی ژن ئەویش لە ڕێگای ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵەکانی ژنانەوە دەبێت.

16-داوا دەکرێت لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان کە خوێندنەوەیەک لەسەر پاشماوەکانی ئەو ململانێیە چەکداریانە لەسەر ژنان و کچان و ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی ئاشتی و ڕۆڵیان بۆ چارەسەری کێشەکان بکرێت، داوا دەکرێت کە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێک بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ڕەوانە بکات سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان و ئاگاداری ھەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەو ڕاپۆرتە بکرێت.

17-داواکردن لە سکرتێری گشتی لەکاتی ناردنی ڕاپۆرتەکەی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش تەواوی ئەو ھەوڵ و کارانەی جۆری کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت، کە دراوە بۆ پاراستنی ئاشتی لەلایەن ئەو تیمانەی کاریان بۆ ئەو مەبەستە کردووە، وە بەلایەنەکانی ژنان و کچانیشەوە.

18-لە بڕیارەکەدا هاتووە کە بەردەوامی بدرێت بەبەشداری چالاکانەی ئەم پرسە.

عیراق و بڕیارەکە
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە ساڵی (2014) پێداگیری لەسەر شەش خاڵ کردۆتەوە کە ئەمانەن:-

1-بەشداری پێکردن، پێویستە ژنان لە ھەموو کایەکانی حوکمڕانی بەشداریان پێ بکرێ.

2-پاراستن لە کاتی شەڕ و ململانێکان ئەرکی حکومەتە کە ناوچەکانی سڤیل نشینەکان بپارێزێ، چونکە لەو کاتانەدا زۆرینەی قوربانیەکان ژن و منداڵن، چی بەھۆی برسیەتی بێت یا بەھۆی شەڕەکانەوە.

3-ھەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە، پێویستە ئەو دەستە و بەڕێوەبەرایەتیانە ڕەوشی ژنان لە ناوچەکە لە ڕووی بەشداری پێکردنیانەوە ھەڵسەنگێنن.

4-بەرگریکردن لە ژنانی ھەڕەشە لێکراو گێڕانەوەی متمانەی دەروونی بۆ ئەو ژنانەی بەزۆر دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر، یان ھەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە.

5-تۆمارکردنی پێشێلکاریەکانی سەر مافی ژنان و منداڵان.

6-ڕاگەیاندنی بڕیارەکە پێویستە لە ڕاگەیاندنەکان گرنگی تەواو بدرێت بە بڕیاری (1325).

لەدوای بەشداربوون لە پرۆژەی وۆرک شۆپێکی میدیایی ڕێکخراوی (ئەزموون)بەھاوکاری ڕێکخراویی ئاسودە ئەم بابەتە نوسراوە. ئەم پرۆژەیە بودجەی بۆدابین کراوە لەلایەن ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆکاروباری خانمان و (سندوقی ژنان ئاشتی و ئاسایش) صندوق المرأة الأمن والسلام .

 418 جار بینراوە