سەرەکی » دۆسێ » پاكێجی سپی و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ چاكسازیی

گەندەڵی ئابووری عیراقی شەكەت كردووە

پاكێجی سپی و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ چاكسازیی

حكومەتی ئێستای عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، هەموو رێڕەوێك بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی و كەمكردنەوەی گەندەڵی و زیاتركردنی داهاتەكان دەگرێتەبەر، بە تایبەت لە سایەی ئەم تەنگژە ئابوریی و داراییە بێ‌ پێشینەیەدا كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت.

پاكێجی سپی بۆ چاكسازیی، یەكێكە لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەرگرتن لە گەندەڵی كە لە دوای ساڵی 2003وە عیراقیان دووچاری رەوشێكی نەخوازراو كردووە.

نەهێشتنی دوو مووچەیی
دوو مووچەیی یان (بندیوار) یەكێكە لەو كێشانەی كە عیراق پێوەی گیرۆدەیە و بۆتە ئاستەنێگ لەبەردەم پەرەسەندنی ئابور ی.

لیژنەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 2ی تشرینی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو، دوای وردبینیكردنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی‌ و ئاشكراكردنی ژمارەیەكی زۆر لە دوو مووچەیی توانراوە بڕی 9 ملیار دیناری مانگانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە.

فازڵ فەتلاوی ئەندامی لیژنەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، وردبینیكردنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ئاشكراكردنی ناوی وەهمی‌ و ئەو كەسانەی دوو مووچە وەردەگرن لە لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتەكەی بەردەوامە‌ و هەوڵەكانیشی لە بارەوە چڕكردووەتەوە تا پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە.

فەتلاوی ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرترین ئەو فەرمانبەرانەی كە مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن ئەوانەن كە فەرمانبەری گرێبەستن یاخود بە كرێی ڕۆژانە لە وەزارەتەكانی تری حكومەتدا كاردەكەن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق لەڕێگەی ئاشكراكردنی ناو دوو مووچەییەوە توانیویەتی 9 ملیار دیناری مانگانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و رێوشوێنی یاسایشی گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەو كەسانەی بەشێوەی نایاسایی ئەو پارانەیان وەرگرتووە.

دەستگیركردنی گەندەڵكاران
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بۆ بەرگرتن لە گەندەڵییەكان، دەستەی دەستپاكی عیراق لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دەستگیركردنی بەرپرسێكی لە فەرمانگەی تاپۆی زیقار بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و شاردنەوەی زیادەڕۆییەكان، راگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی دەستەی دەستپاكی عیراق،» بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تاپۆ لەپارێزگای زیقار دەستگیركراوە».

دەستەی دەستپاكی عیراق ڕوونیشیكردووەتەوە، دەستگیركردنی ئەو لێپرسراوە بە پێی فەرمانی دادگا بووە، دوای ئەوەی نووسینگەی دەستەكەیان توانیویەتی بەڵگەی سەلمێنەری بەرتیل وەرگرتنی جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تاپۆی زیقار بخاتە بەردەست.

دەستەی دەستپاكی عیراق ڕاشیگەیاندووە، ئەو لێپرسراوە تۆمەتبارە بە وەرگرتنی پارە لەبەرامبەر شاردنەوەی زیادەڕەوییكردنەسەر پارچەیەك زەوی لەناوچەی شامییە و نووسراوێكی دەزگای تاپۆی لەسیەر ئەو زیادەڕەوییە جێبەجێنەكردووە.

پاكێجی سپی
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، باسی لە چاكسازییەكانی حكومەت و پاكێجی سپی دەكات، وێڕای ئاماژە كرد بەم تەنگژە داراییەی كە لەئێستادا وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت كە بە بۆچوونی ئەو، «ڕەوانەوە و كۆتایی تەنگژەی دارایی لە وڵاتدا وابەستەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كرد لە بازاڕەكانی جیهان و رایگەیاندبوو، تا نرخی نەوت لەم ئاستەی ئێستادا بێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەنگژەی دارایی بەردەوام دەبێت».

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندبوو:”حكومەتی فیدراڵ دەستی بۆ یەدەگی فیدراڵی بردووە و گەر قەرزیش بكات هەر لە بانكی ناوەندی قەرز دەكات، بۆیە ئەم تەنگژە داراییەی ئێستادا لە وڵاتدا هەیە، تا نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە و كاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمنەبێتەوە، بەردەوام دەبێت”.

بە وتەی شیروان میرزا:”بەردەوامبوونی تەنگژەی دارایی لە وڵاتدا، وێڕای ئەوەی پەیوەندی بە نرخی نەوتەوە هەیە، پەیوەندیشی بەو چاكسازییە چاوەڕوانكراوەشەوە هەیە كە حكومەت بەڵێینداوە ئەنجامی بدات، ئایا حكومەت چاكسازیی دەكات؟ پرسیارە گەورەكە خۆی لێرەدا دەبینێتەوە”.

سەبارەت بە پاكێجە سپییەكەش كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە ئامادەكراوە، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق وتی:”پاكێجی سپی كە لەلایەن حكومەتەوە بڵاوكرایەوە، ماوەی دیاریكراو بۆ پراكتیزەكردنی 3 بۆ 5 ساڵە و حكومەت بەنیازە لێوەی چاكسازیی ڕیشەیی بكات، بەپێی ئەم چاكسازییە ڕیشەییەش، پێدەچێت ڕەوشی عیراق باشتر ببێت، گەر وەكو خۆی جێبەجێ‌ بكرێت”.

هەر لەبارەی پاكێجە سپییەكەوە، شیروان میرزا دەڵێت:”هەوڵێكی باشە و هەنگاوێكی باشە، كۆمەڵێك خاڵی زۆر باشی تێدایە، بەڵام دەبێت بڕگەكانی كاتیان بۆ دیاریی بكرێت بۆ مەبەستی جێبەجێ‌ كردن و دەبێت ئەو كەسانەش دیاریی بكرێن كە جێبەجێی دەكەن، یان كێ‌ بەرپرسە لە جێبەجێكردنی، لە ڕاستیدا ئەمانە كەلێنن لە پاكێجەكەدا”.

ئامانجەكانی پاكێجی سپی
(پاكێجی سپی) نەخشە رێگەیەكی هەمەلایەنە و ئامانج لێی چاكسازییە لە ئابووری عیراق و بۆ چارەسەركردنی ئەو رووبەڕووبوونەوە مەترسیدارانەیە كە بەهۆی كەڵەكەبوونیان لەماوەی چەندان ساڵی داهاتوو بەهۆی سیاسەتی هەڵە و خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی و نەبوونی پلان و پشتبەستنی تەواوەتی بە نەوت وەك سەرچاوەی سەرەكی بۆ داهاتەكانی دەوڵەت دروستبوون.

عەلی عەللاوی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عیراق لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، ئامانج لە پاكێجی سپی، گێڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ ئابوری عیراقی و دانانیەتی لەسەر رێڕەوێك كە رێگە بە دەوڵەت بدات، لە داهاتوودا هەنگاوی گرنگ بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەكی داینامیكی هەمەجۆر هەڵبنێت كە لێوەی بوار بۆ ژیانێكی شكۆمەندانە بۆ هاووڵاتیان دابین بكات.

هەرچەندە ئەم تەنگژە داراییەی لە ئێستادا وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆناوە هەیە، بەڵام لە (پاكێجی سپی)دا بەشێوەیەكی ورد و بە ژمارە و راستییەكان و بە پشتبەستن بە سەرچاوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان رونكراوەتەوە كە ریشەی ئەم تەنگژە و قەیرانەی ئێستا، بۆ دەیان ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە.

لە پاكێجەكەدا، زنجیرەیەك فاكتەر خراونەتەڕوو كە ئابوری عیراقیان شێواندووە و تواناكانیان بۆ رەخساندنی ژیانێكی شكۆمەندانە بۆ توێژێكی فراوانی عیراقییەكان كەمكردۆتەوە، ئەمانە بوونەتە مایەی شكستخواردن لەڕووی رێكردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە ئابوریانەی كە لە جیهاندا هەیە.

 67 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*