سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״یەكهەڵوێستیی (كوردستانییەكان) لە بەغدا هەمیشە پێویستە״

״یەكهەڵوێستیی (كوردستانییەكان) لە بەغدا هەمیشە پێویستە״

كۆتایی هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەندكرد، لەوبارەیەوە فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكهەڵوێست بوون و پەرلەمانتارانیش «یەكهەڵوێستیی نوێنەرانی كورد و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بە پێویست دەزانن».

״پاراستنی یەكڕیزیی״
لەوبارەیەوە، لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ئاماژەبەوەدراوە «مەكتەبی سیاسی پاراستنی ئەو یەكڕیزییەی، كە لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە هاتە ئاراوە، بەگرنگ زانی و پێداگریی لەسەر پاراستنی دەكات، بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان».

سەرۆكایەتییەكانی هەرێم دەستخۆشی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەن
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدا «دەستخۆشی لە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان و نوێنەرانی بەڕێزی هەرێمی كوردستان دەكەین كە یەكهەڵوێست بوون بۆ داكۆكیكرن لە ماف و شایستەكانی گەلی كوردستان».
هەروەها سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەڕوو «سوپاس و دەستخۆشی زۆری خۆمان بۆ تەواوی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم نوێنەرانی هەرێمی كوردستان كە یەكهەڵوێست و هاوڕابوون».
هەرلەوبارەیەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەنراوێكدا، دەستخۆشی لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد، كە هەڵوێستێكی یەكگرتوویان لە بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەربڕی.

یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی
هەروەها ئارەزوو مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستە لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا لە سەرجەم پرسە چارەنووسسازەكاندا یەكهەڵوێست بن، وەك ئەوەی لە كاتی پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی-دا، فراكسیۆنە كوردستانییەكان هۆڵی دانیشتنەكەیان بەجێهێشت، وتیشی: زۆرجار كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رەنگدانەوەی لەسەر نوێنەرانی كورد دەبێت لە بەغدا، هەرئەمەش وایكردووە تائێستا نەتوانراوە لەم خولەدا هاوپەیمانیی كوردستانی پێكبهێنرێت، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بڕیارە چارەنووسسازەكاندا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بوون، ئەمەش هەنگاوێكی باشە و پێویستە بەردەوام بێت.

״یەكهەڵوێستیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان خاڵێکی گەشە״
محەمەد ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش پێیڕاگەیاندین: لەگەڵ ئەوەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، پەسەندكرا، بەڵام یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەو دانیشتنەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، هەنگاوێكی باش و پێویست بوو، وتیشی: فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە یەكهەڵوێستی دەتوانن داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*