سەرەکی » هەمەڕەنگ » ماڵئاوایی

ماڵئاوایی

شێرکۆ بێکەس

ھەورازی کووڕ: پشتی شاخێکی بەعومرە
بۆ پێشمەرگە دانەویوە
ئێوارەیە
رێچکەو ریزی یەک لەدوای یەک
بەرە و بناری ئەودیوە
دەنگ: ھەر پڕمەی
وڵاخێکە و وردە بەرد و زیخی ژێر پێ
بێدەنگ، بێدەنگ
بەسەر پەیژەی دانەبەردا
ئەم کاروانە کڕوماتە سەر ئەکەوێ
بەسەر پشتی وڵاخەکەی پێشەنگەوە
تەرمی شەھید
دوو دەستی شۆڕ بەرەو زەوی
ـ ھۆ بنچکی قژ خۆڵاویی
ئەمە زامێکی تازەیە و لێی نەکەوی.
ئێوارەیە.
خۆر وێنە کێشێکە لاواز
دەستی دوا تیشک درێژ ئەکا و
بە ئاستەمێ
زەردە، ڕەنگێ
ئەدا لە لوولەی تفەنگ و
یاڵی خوێناویی وڵاخ و
ئینجا ئیتر چاو لێک ئەنێ
ـ ھۆ شەماڵی تۆزێ بزێو!
پەلە مەکە و ئاگات لێ بێ
ئەمە زامێکی تازەیە و
با کاکۆڵ و قژی رەشی نەئاڵۆزکێ
ئێوارەیە
وا لووتکە چەتری ھەورێکی زۆر بەنزمی
لەسەر سەری خۆی ھەڵ داوە
ـ ھۆ لووتکەی بەرز!
ئەوا ئێستە ئەگەنە لات
مل ھەڵبرە و بەو ھەورە تەنیایە بڵێ
کە گەیشتنە سێبەرەکەی
نمە، نمە، با ببارێ
مل ھەڵبرەو سووک پێی بڵێ
شەھیدێکیان لەگەڵدایە
ئەڕواتەوە بۆ دێکەی خۆی
لەوێ ئەنوێ
سووک پێی بڵێ
شەھیدێکە زۆر تینویەتی و ئاوی ئەوێ.

(دەفتەری کەشکۆڵی پێشمەرگە) 1982

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*