سەرەکی » زانست » چیرۆكی سەرەتاكانی خەڵاتی نۆبڵ

چیرۆكی سەرەتاكانی خەڵاتی نۆبڵ

بەشی پێنجەم و كۆتایی

ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێك ئەكادیمیای شاهانەی سوید بۆ زانستەكان ناوی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا و كیمیا و زانستی ئابوریی ڕادەگەیەنێت‌و لیژنەی نۆبڵی پەیمانگەی (كارۆلینسكا) لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشكیی ڕادەگەیەنێت، لە كاتێكدا ئەكادیمیای سویدی لە ستۆكهۆڵم خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب ئاشكرادەكات، هەروەها لیژنەی نەرویژی خەڵاتی نۆبڵ ناوی براوەی نۆبڵی ئاشتیی ڕادەگەیەنێت.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ئایا پشكی ژن لە بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتەدا تا چ ڕادەیەك گرنگیی پێدراوە و چۆن لە ڕێگەی بەخشینی ئەو خەڵاتەوە بایەخ دراوە بەلانی كەمی یەكسانی جێندەریی و بڕوابوون بە تواناكانی ژنان؟

ئەوەی دەزانین ئەوەیە كە ژنان ماوەی چەند سەدەیەكە و بە تایبەت لە سەدەی بیستو یەكدا لە زۆربەی بوارەكانی مرۆڤایەتیدا هەنگاوێكی باشییان ناوە‌و لەبواری زانستییشدا بەشێوەیەكی بەرچاو پێشكەوتوون، بەڵام هێشتا ئەو بەشداربوونەیان وای نەكردووە كە مافی تەواویان پێبدرێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە هەڵبسەنگێندرین بۆ بەدەستهێنانی هەندێك خەڵاتی گرنگی جیهانی و لەوانەش خەڵاتی نۆبڵ.

پشكی ژنان لە نۆبڵی ساڵی (2020)
ئەمساڵ ڕەنگە ساڵێكی باش بوبێت بۆ ژنانی بە توانا، چونكە لە نێو (١٠) كەس كە خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشرا (٤)یان ژن بوون، بەڵام هێشتا ئەمە لە ئاست چاوەروانیی خودی ژناندا نییە، چونكە ڕێژەكە لەسەرەتای دروستبوونی ئاكادیمیای نۆبڵەوە تا ئەمساڵ دەكاتە(%6).

(لویزگلوك)ی خانمە شاعیری ئەمریكی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێبەخشرا و بەمەش دەبێتە(16)یەمین ژن ئەو خەڵاتە وەربگرێت، هاوكات هەریەك لە (جینڤەر.Aدودنا) ی زانای كیمیای زیندەیی لە زانكۆی كالیفۆرنیا و (ئیمانویل شارپنتییە)ی زانای مایكرۆلۆجی فەرەنسیی وەك دوو ژن خەڵاتی نۆبڵی كیمیایان بردەوە، ئەمەش یەكەمجارە دوو ژن بە هاوبەشی ئەو خەڵاتەیان پێ ببەخشرێت، هاوكات خانمە زانای گەردوونیی ئەمریكیی(ئەندریا گیز)لەگەڵ زانای فیزیای گەردونیی ئەڵمانیی(راینهارد جینزیل) لە پای توێژینەوەكانیان لەبارەی (كونە ڕەش)ەكانەوە خەڵاتی نۆبڵیان بەهاوبەشیی پێبەخشرا، بەمەش ئەندریاگیز بووە چوارەمین ژن كە خەڵاتی نۆبڵی فیزیای پێببەخشرێت، پێش ئەویش هەریەك لە ماری كۆری لە ساڵی (1903) دا و ماریا گویبەرت لە ساڵی (1963) و (دۆنا ستریكلاند) لە ساڵی(2018) ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی ژنان زۆر دڵخۆش بن بە تایبەت چونكە ژمارە و ڕێژەكان دڵخۆشكەر نین. بە تایبەت گەر لەم بەراوردكارییە بڕوانین

خەڵاتی نۆبل و یەكسانیی جێندەریی
تا ئێستا (17) ژن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشراوە لە كاتێكدا ژمارەی پیاوانی براوەی ئەو خەڵاتە (90) پیاوە، هەروەها (16) ژن خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێبەخشراوە و لە بەرامبەردا (101) پیاو بوونەتە خاوەنی ئەو خەڵاتە، هەروەها (12) ژن خەڵاتی نۆبڵی پزیشكییان بردووەتەوە لەبەرامبەردا (210) پیاو بوونەتە براوەی ئەو خەڵاتە بۆ هەمان بوار، (7) ژن خەڵاتی نۆبڵی كیمیایان پێبەخشراوە و ژمارەی پیاوانی براوەی ئەو خەڵاتەش(179) كەسن، ئەو ژنانەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان پێبەخشراوە (4) ژنن ، لەكاتێكدا پیاوانی براوەی ئەو خەڵاتە بۆ هەمان بوار ژمارەیان (212) كەسە، هەرچی بواری ئابوورییشە تا ئێستا تەنها دوو ژن لەو بوارەدا نۆبڵیان پێبەخشراوە لە كاتێكدا (82) پیاو بوونەتە خاوەنی ئەو خەڵاتە.

بەپێی ناوەندەكانی بواری مافەكانی ژنان و مرۆڤ كۆی ڕێژەكە دەكاتە (58) ژن بەرامبەر (874) پیاو كە ئەمەش بەڕێژەیەكی پڕخەوش لەقەڵەم دەدەن، لەبەرامبەر ئەو بەشدارییە بەرفراوانەی ژنان لە بوارەكانی زانست و بڵاوكردنەوەی زانستدا و بەشداری چالاكی ژنان لە دامەزراوە زانكۆییەكاندا هەیانە.

ئاماژەدەرێكی داتایی گۆڤاری (نیچەر) ئەو نا هاوسەنگییەڕەگەزییەی ئاشكرایكردووە بە شێوەیەك لەو (607) مەدالیایەی لە ساڵی (1901 – 2018) بەخشراون (%3)ی بۆ ژنان بووە، هەروەها لە (331) خەڵاتی نۆبل بۆ بوارە زانستییەكان تەنها (2.77)ی بۆ ژنان بووە.

لە 10 ساڵی رابردوودا تەنها (15) ژن خەڵاتی نۆبڵی بوارە جیاوازەكانی زانستیان پێدراوە ئەم ژمارەیەش هەمان ژمارەی ئەو ژنانەیە كە لە(100) ساڵی مێژووی خەڵاتی نۆبڵدا ئەو خەڵاتەیان پێدرابێت.

لە ساڵی (1961) بۆ (1980) تەنها (7) ژن خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشراوە، لەساڵی (1981 – 2000) ژمارەكە بەرز بووەتەوە بۆ (11) ژن و لە ساڵی (2000 – 2020) ژمارەكە گەیشتووەتە (28)، بەڵام هێشتا ناوەندە تایبەتمەندەكان پێیان وایە ژنان و پیاوان بە یەكسانیی ئەو خەڵاتە وەرناگرن ، چونكە بۆ نمونە و بە پێی گۆڤاری(ScientificAmerican)ی ئەمریكیی ڕێژەیەكی زۆری ئەو نامەی ماستەر و دكتۆرایانەی لە بوارە جیاجیاكانی زانستدا پێشكەش بە زانكۆكانی ئەمریكا دەكرێت لەلایەن ژنانەوەیە.

ئەو گۆڤارە ئەوەش ئاشكرا دەكات لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش ئەو ژمارانە گەر زۆرتر نەبن كەمتر نین و ئەمەش بەشداری بەرفراوانی ژنان دەردەخات لەو بوارانەی كە ڕۆژگارێك تەنها تایبەت بوون بە پیاوان، هەربۆیە هیچ بیانوویەك نامینێتەوە بۆ لیژنەكانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەجیاوازیكردن لە نێوان پیاوان و ژنان.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 87 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*