سەرەکی » راپۆرت » دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق

دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق

راپۆرتی، تەحسین تەها چۆمانی

عیراق نزیك دەبێتەوە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، رۆژی شەشی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە.

هێشتا حەوت مانگ و چەند رۆژێك بۆ كاتی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراق ماوە، بەڵام بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكان، هەوڵەكانیان بۆ ئەو مەبەستە خستۆتەگەڕ. هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق فرەبازنەیی دەبێت، كە بۆ ماوەیەكی زۆر یەكێك بوو لە بابەتە كێشە لەسەرەكانی نێوان حزبە سیاسییە عیراقی و كوردستانییەكان.

قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكان
پێدەچێت ئەو ماوەیەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق دیاریكراوە، لەگەڵ خۆیدا ناكۆكی نێوان لایەكان قووڵتر بكاتەوە.

بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردن، چەند گۆڕانكارییەك لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەكرێت، ئەمەش وادەكات هەندێك لایەن بەمەبەستی هێشتنەوەی دەنگی لایەنگرانیان دەست بۆ هەندێك شت ببەن، یەكێك لەو هەنگاوانەش دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكانە.

دوای هێوربوونەوەی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆكایەتیی وەزیران و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاتنە سەركاری مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانی عیراق، موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لە عیراق كە لە هەڵبژاردنی رابردوودا، براوەی هەڵبژاردنەكان بوو، داوا لە لایەنگرانی دەكات رووبكەنەوە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان.

لە چەند رۆژی رابردوودا، موقتەدا سەدر لە رێی بەیاننامەیەكەوە داوای لە لایەنگرەكانی كرد، لەبەرامبەر ماف و داواكارییەكانیان بڕژێنە سەر شەقامەكان، رۆژی هەینی رابردووش لانگرانی سەدر بە دەم داواكارییەكەوە چوون و لە مەیدانی تەحریری بەغدا و حبوبی ناسرییە كۆبوونەوە.

بەڵێنی موقتەدا سەدر
دوابەدوای خۆپیشاندانی هەزاران کەس لە لایەنگرانی لە مەیدانی تەحریر، سەدر لە وتارێكدا كە لەلایەن نوێنەرەكەیەوە خوێندرایەوە، بەڵێنی ئەوەی بە لایەنگرانیدا، كە ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن، ئەوا بەتەنها حكومەت پێكدەهێنن. ئەمە یەكێك بوو لەو پەیامە سیاسییانەی كە دەوترێت سەدر بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو، ئەگەر زۆرینە بەدەستبهێنێت، نایەوێت بچێتە ناو هیچ هاوپەیمانییەكەوە، بەوپێیەی سەدر لە هاوپەیمانی ئەم كابینەیە نیگەرانە، كە دەرەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە. لەلایەكی دیكەوە، سەدر لە تویتێكدا بۆ لایەنگرانی دەڵێت: عیراق وڵاتی مەرجەعییەتە و كەسانی دەرەوەی سنوورەكان و گەندەڵ و لەڕێ لادەر دەسەڵاتیان نییە. ئاماژە بەوەش دەكات، كە هەڵبژاردنی داهاتوو لە دەست كەسانی دەستپاكدا دەبێت.

كاردانەوەی سەرۆك وەزیران
هەروەها میدیاكانی عیراق لەبارەی ئەو ئاڵۆزییانەی لە خۆپیشاندانەكەی هەینیدا، دروستبوون، بڵاویانكردەوە «مستەفا كازمی فەرماندەی پۆلیسی زیقاری لەكار دوورخستەوە». دواتریش لە تویتێكدا كازمی رایگەیاندووە: خراپبوونی دۆخی عیراق لە بەرژەوەندیی وڵاتدا نییە. دەشڵێت: حكومەت لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن دەكات و سندوقەكانیش، هەڵوێستەكان یەكلایی دەكەنەوە.

 108 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*