سەرەکی » زانست » ئیكیا لە سەرەتاوە تائەمڕۆ

چیرۆكی سەركەوتن

ئیكیا لە سەرەتاوە تائەمڕۆ

بەشی یەكەم

چیرۆكی كۆمپانیای ئیكیا(IKEA) چیرۆكی سەركەوتنی پیاوێكە كە لە فرۆشتنی شقارتەوە دەستیپێكردووە و دواتر بووەتە خاوەن كۆمپانیایەكی دروستكردنی مۆبیلیات كە پلەی چوارەمی هەیە لە سەرانسەری جیهاندا.
زۆربەمان ناوی كۆمپانیای(IKEA)مان بیستووە كە یەكێكە لە بەناوبانگترین كۆمپانیاكانی دروستكردن و فرۆشتنی مۆبیلیات كە خاوەن ماركەی بازرگانی خۆیەتی، كێ خاوەنی بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم كۆمپانیایە و نهێنی سەركەوتنەكەی چییە؟

خاوەنی كۆمپانیای ئیكیا كە كۆمپانیایەكی سویدییە ناوی (ئینگیڤار فێۆدۆر كامپراد)ە و یەكێكە لە خاوەن كارە دەوڵەمەندەكانی جیهان.

كامپراد لە ساڵی (١٩٢٦)لە كێلگەی بچووكی ناسراو بە(Elmtaryd) ئەلمتارید كە نزیكە لە گوندی(Agunnaryd)( ئەگوناریید)ی ناوچەی (سمولاند)( Smland)ی سوید و لە كێڵگەیەكدا بووەو لەدایك بووە كە هیی باپیری بووە، بەرلەوەی كامپراد لەدایك بێت باپیری بە هۆی ئەوەی نەیتوانیە ئەو قەرزانەی لەسەرێتی بیداتەوە خۆی كوشتووە,

كامپراد لە كاتێكدا لە دایك بووە كە سوید وڵاتێكی كشتوكاڵیی و هەژار بووە، خەڵكەكەی كاری قورس و گرانیان كردووە بۆ ئەوەی بژین، برسێتی و هەژاریی سیمای دیاری گوندنشینان بووە.

ئەمانە كاریان نەكردووەتە سەر كەسایەتی كامپراد، ئەو لە منداڵییەوە كەسایەتییەكی باشی هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی نەخۆشیی(دسلكسیا)ی هەبووە كە بریتییە لە پشێوییەكی فێربوون و ئەو كەسەی ئەم نەخۆشییەی هەبێت ناتوانێت بە ئاسانی پیتەكانی نوسین ببینێت.لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە مناڵییەوە واتە لە تەمەنی (٦) ساڵییەوە چووتە ناو كارەوە و ڕێكەوتننامەی بازرگانیی بچووكی كردووە و یەكەمجاریش بە پاسكیلێكەوە لە كۆڵانەكەی خۆیاندا شقارتەی فرۆشتووە، دواتر بیری كردووەتەوە لە (ستۆكهۆڵم)ی پایتەخت شقارە بە (كۆ) و بە نرخێكی هەرزان بكڕێت و دواتر بە دانە و بە نرخێكی كەم بیفرۆشێتەوە بۆ ئەوەی قازانج بكات.

دواتر لە تەمەنی (١٠) ساڵیدا پەرەی داوە بە بازرگانییەكەی و تۆوی گوڵ و كارتی جەژنەپیرۆزە و بابەتەكانی ڕازاندنەوەی درەختی سەری ساڵ و قەڵەم و ماسیی ڕەنگاو رەنگی فرۆشتووە، بە هۆی جوانیی مامەڵەی لەگەڵ كڕیارەكانی هەر زوو ناو و ناوبانگ پەیدا دەكات نەك لە گەڕەكەكەی خۆیان و دەوروبەری، بەڵكو لە گەڕەكە دوورەكانیش، هەر لەو كاتەشەوە خۆی فێری چەندین تەكنیكی بازرگانیی كردووە بۆ پەرەپێدانی كارەكەی.

لە ساڵی (١٩٤٣) دا كە تەمەنی دەگاتە (١٧) ساڵیی بە بۆنەی ئەوەی نمرەی بەرزی هێناوە لە قوتابخانە باوكی وەك خەڵات بڕێك پارەی كەمی دەداتێ، لەوێوە و لە سەر مێزی چێشتخانەكەی ماڵی مامی بۆ یەكەم جار كۆمپانیای ئایكیا دادەمەزرێنێت.

ناوی(IKEA)ش بریتیە لە(IK) یەكەم پیتەكانی ناوی خۆی (Ingvar Kampard)و (E) پیتی یەكەمی كێڵگەكەی باوانێتی كە تێیدا گەورە بووە و (A) پیتی یەكەمی شارۆچكەكەیەتی كە (Agunnaryd)یە و قۆناغی نەوجەوانی تێدا بەسەر بردووە بەرلەوەی ببێتە یەكێك لە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و سەركەوتووتریان بەو پێیەی دامەزرێنەر و خاوەنی كۆمپانیای ئیكیای جیهانییە، كۆمپانیاكەی بە چوارەمین كۆمپانیای مۆبیلیات دادەنرێت لە جیهاندا وخۆشی لە ساڵی (٢٠٠٧) دا بووە چوارەم دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و لە ساڵی(٢٠١٨) دا سامانەكەی گەیشتە (٥٧٨) ملیارو (٧٠٠) ملیۆن دۆلار

 297 جار بینراوە