سەرەکی » زانست » ئیكیا لە سەرەتاوە تائەمڕۆ

چیرۆكی سەركەوتن

ئیكیا لە سەرەتاوە تائەمڕۆ

بەشی دووەم و كۆتایی

چیرۆكی كۆمپانیای ئیكیا(IKEA) چیرۆكی سەركەوتنی پیاوێكە كە لە فرۆشتنی شقارتەوە دەستیپێكردووە و دواتر بووەتە خاوەن كۆمپانیایەكی دروستكردنی مۆبیلیات كە پلەی چوارەمی هەیە لە سەرانسەری جیهاندا.
لە سەرەتادا ئایكیا تەنها كەلوپەلی ناوماڵی بچووك و پێداویستی نووسینی وەك قەڵەم و قووتووی قەڵەم و چوارچێوەی وێنە‌و چوارچێوەی سەعات‌و هەندێك پێداویستی نووسینگەكانی بە نرخێكی كەم دەفرۆشت.
دوای دوساڵ لەدامەزراندنی كۆمپانیاكە، (كامپراد) بیری لەبەكارهێنانی پیكابی دابەشكردنی شیر كردەوە بۆ گواستنەوەی كەلوپەلەكانی، دوای پێنج ساڵ و لە ساڵی(1948)دا یەكەمین كارمەندی لەكۆمپانیاكەی دامەزراند و بڕیاریشیدا چالاكییەكانی بەرفراوان بكات و تایبەتمەندیی وەربگرێت لە دروستكردنی مۆبیلیاتدا، دەستییكرد بە هێنانی ئەو پارچە مۆبیلیاتانەی كە لە ناوخۆدا دروستدەكران و كەسانی سویدیی كاریان تێدا دەكرد و داری ئەو دارستانەشیان بەكاردەهێنا كە لە نزیك ماڵەكەی ئەوەوە بوو.

ئەم بازرگانییەی زۆر ناوبانگی دەركرد و خواست لەسەر كەلوپەلەكانی زیادی كرد، بۆ ئەوەی كەلوپەلەكانیشی ڕووبەرێكی زۆری شوێنەكەی نەگرێت‌و خەرجی گواستنەوەكەی زۆر نەبێت، بیری لەوە كردەوە كە كڕیار خۆی بێتە دوكانەكەی و ئەو شتانەی دەیەوێت كۆی بكاتەوە و بیبات، بۆ ئەوەی زیاتریش كەلوپەلەكانی بناسرێت، ریكلامێكی بڵاوكردەوە بۆ ناساندنی ماركەی كەلوپەلەكانی، دواتر كەتەلۆكێكی تایبەتی بڵاوكردەوە و هۆڵێكی بۆ نمایشی كەلوپەلەكانیشی كردەوە. ساڵانەش چەندین بیرۆكەی دەخستەڕوو لە پێناو سوودگەیاندن بە كڕیار.

لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا بەرهەمەكانی لە ڕێگەی پۆستەوە لە كێبەركێدا بوون، بۆیە كامپراد بڕیاریدا شوێنی تایبەت بكاتەوە بۆ ئەوەی كریار بابەتەكە یان كەلوپەلەكان ببینێت بەرلەوەی بیانكڕێت.
لەساڵی (1951)دا كۆمپانیاكە یەكەمین نامیلكەی ریكلامیی خۆی بڵاوكردەوە كە هەموو بەرهەمەكانی تێدا بوو، لەبەر ئەوەی كامپراد نەخۆشیی (دیسلكسیا)ی هەبوو نەیدەتوانی ژمارەكان بەڕیز لەبەر بكات، بۆیە هەر كەلوپەلە و ناوێكی پێبەخشیوە.

لە ساڵی (1955) دا كۆمپانیای ئایكیا بەدەست دوژمنایەتی هەندێك بازرگانی مۆبیلیاتی سویدییەوە ناڵاندویەتی، ئەو بەرهەمهێنەرانە كەوتنە بایكۆتكردنی ئایكیا وەك نارەزایەتیەك لە نرخە هەرزانەكانی كە كامپراد دەیخستە سەر كەلوپەلەكانی، ئیدی كەوتنە بایكۆتكردنی ئەوانەشی كە مامەڵەیان لەگەڵ ئایكیا دەكرد وەك هەوڵێك بۆ شكستپێهێنانی ئایكیا.

بەڵام كامپرادی خاوەنی ئایكیا دەستەوەستان نەبوو، ئەو هەڕەشەیەی كردە هەلێك و پەنای بۆ میكانیزمێك برد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بازرگانانە، ئەمەش وایكرد هەندێك پارچەی مۆبیلیات لە كۆمپانیاكەی خۆی دروست بكات و ئیدی بە نهێنی كەرەستە سەرەتاییەكانی لە هاوردەكاران وەردەگرت، بەڵام ئەم كارە بە لای كامپرادەوە شتێكی باش نەبوو لە هەمان كاتیشدا بەشی ئەو هەموو خواستەی نەدەكرد كە كۆمپانیای ئایكیا پێویستی بوو، چونكە بەردەوام لە گەورەبووندا بوو.

كامپراد ناچار بوو بڕوات بۆ پۆلەندا و لەوێوە تەختە هاوردە بكات و هەوڵیدا زیاتر گرنگیی بە كڕیارەكانی بدات، بۆیە بیری لە دروستكردنی چێشتخانە و كافتریای بچوك كردەوە لە ناو دوكانەكانیدا و ئەوەش بووە هۆی بەرفراوانبوونی جەماوەری كەلوپەلەكانی ئایكیا و تا ئێستاش بەردەوامە.

لەو كاتانەدا زۆر كەس گرەوی لەسەر شكستی كامپراد دەكرد، جگە لەوەی كە بازاڕەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەوروپای خۆرهەڵات زۆر جیاواز بوون لە بازاڕی وڵاتانی ئەسكەندناڤی. بەڵام كامپراد كۆمپانیاكەی بەرفراوانتر دەبوو و لقی لە زۆر وڵاتی ئەوروپاییدا دەكردەوە، بە شێوەیەك لە ساڵی (١٩٥٩) دا ژمارەی كارمەندانی كۆمپانیاكەی گەیشتە (100) كەس و دەستیكرد بە ئیمزاكردنی بۆندی هاوبەشیی بازرگانیی و دامەزراندنی دیزاینەری بلیمەت و كارا لەبواری مۆبیلیاتدا.

لە ساڵی شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا زنجیرە خواردنگەیەكیشی كردەوە كە جێگەی رەزامەندیی كریارانی بوو هاوكاتیش بەردەوام بوو لەسەر فرۆشتنی كەلوپەلەكانی بە نرخی هەرزانتر لە چاو كۆمپانیاكانی تردا.

كۆمپانیای ئایكیا بەردەوام بیری لای ئەوە بوو باشترین خزمەت بە كڕیارانی بكات بۆیە بەردەوام داهێنانی دەكرد لە شێوازی گواستنەوەی كەلوپەلەكانی بۆ كڕیاران و كەمكردنەوەی قورسایی ماددی لەسەر شانیان، هەروەها بە باشترین شێوەش پابەندی یاسا و ڕێسا بازرگانییەكان دەبوو لە ئیمزاكردنی بۆندە بازرگانییەكانی لە ناوەوە و دەرەوەی سوید و بایەخی زۆریی دەدا بە لایەنی كلتوری و سیاسی لە بەرهەمەكانیدا.

بەم شێوەیە ئەو كۆمپانیایە بەردەوام بوو لەگەشەكردن و لە ساڵی (1964) دا گەورەترین دوكانی لە سوید كردەوە كە بۆ یەكەمین جار كڕیار خۆی خزمەتی خۆی دەكرد، لەساڵی (1969) دا دوكانێكی گەورەی لە دانیمارك كردەوە و لە (1973)دا لە سویسرا و لە (1974) لە ئەلمانیا و لە (1976) لە كەنەدا و (1977) لە ئوسترالیا و دواتریش لە چەند وڵاتێكی تری ئەوروپا و پاشانیش دوكانەكانی پەلیان كێشا بۆ شاری شەنگەهای بەناوبانگ لە چین و لە یەك ڕۆژدا (8000) كەس سەردانیان كرد.

لە سەرەتای هەشتاكانیشدا كۆمپانیاكە زنجیرە لقێكی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیتالیا و فەرەنسا و بەریتانیا كردەوە و چەندین كۆمپانیای دیكەی بواری مۆبیلیاتی ڕاكێشایە ناو كارەكانی لەوانەش (KLIPPAN) كە كۆمپانیای خێزانێكی سویدی بوو و هەروەها كۆمپانیاكانی (LACK) و(MOMENT)یش.

لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا كۆمپانیاكە زیاتر گەشەی كرد و زنجیرەیەك دوكانی تایبەت كرد بە كەلوپەلی مناڵان و كاری دیزانیكردنی ژووری مناڵانیشی گرتەئەستۆ بۆ ئەو خێزانانەی مناڵیان هەبوو یان نەیاندەزانی چۆن ژووری مناڵەكانیان ڕێكبخەن.

هەر لەو ساڵانەشدا خاوەنی كۆمپانیاكە ڕووی كردە گرنگیدان بە ژینگە و داواشی لە هاوبەشەكانی كرد كە گرنگیی تایبەت بدەن بەو لایەنە بۆ ئەوەی بتوانن ببنە پێشەنگی كۆمپانیاكان لە پاراستنی ژینگەدا.
لە ساڵی دوو هەزاریشەوە ئایكیا چووە بازاری دیكەی جیهانی و لقی خۆی لە ژاپۆن و روسیاشدا كردەوە و لە پاڵیشیدا بەشداریكرد لە دەیان پرۆژەی كۆمەڵایەتی و ژینگەیدا.

لە ساڵی (2004) دا و كاتێك ( ئینگڤارد فیۆدۆر كامپراد) خاوەنی ئایكیا تەمەنی گەیشتە (88) ساڵ بڕیاریدا واز لە كۆمپانیاكەی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە ( سمۆلاند) و كاروباری كۆمپانیاكەشی سپارد بە سێ كوڕەكەی.

شێوازە سەیرەكانی ژیانی كامپراد
هەرچەندە كۆمپانیای ئایكیا ئێستا (412) لقی لە (49) وڵاتی جیهان هەیە، بەڵام لە هەموو ماوەی كاركردنیدا هەرگیز پەنای بۆ قەرز نەبردووە بۆ گەشەكردن و پشكەكانیشی بە كارنەهێناوە بۆ ئەو كارانە.

هەرچەندە كامپرادی دامەزرێنەری ئایكیا بە دەوڵەمەندترین پیاوی ئەوروپا و بەحەوتەم پیاوی دەوڵەمەنی جیهان دادەنرێت، بەڵام هەرگیز زیادەڕۆیی لە خەرجكردنی پارەدا نەكردووە و هەرگیز نەیویستووە ژیانی جیاواز بێت لە كەسانی ئاسایی .

ئەو پیاوە هەرگیز ئۆتۆمبیلی مۆدیل بەرزی بەكار نەهێناوە و و جلی گرانبەهای لەبەر نەكردووە.

هەمیشە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی كارمەندەكانی فێری ئەوە بن هیچ شتێك فڕینەدەن و بە شێوەیەكی تر بەكاری بهێنن.

بەردەوام لە چێشتخانە هەرزانەكان نانی خواردووە و لە فڕۆكەشدا لە بەشیی گەشتیارییدا دانیشتووە و لە شەمەندەفەریشدا لە ریزی پلە دوودا دانیشتووە و هەرگیز نەچووەتە ئوتێلی گرانبەها.

(ئینگڤارد فیۆدۆر كامپراد) لە (27)ی كانونی دووەمی (2018) و لە تەمەنی (92) ساڵیدا كۆچی دواییكردووە.

لە دوای مردنی كامپارد، كۆمپانیای ئایكیا، چەند تازەگەرییەكی تری كردووە بۆ پاراستنی ژینگە بە شێوەیەك لەو ناوچانە تەختە هاوردە دەكات كە زیان بە ژینگەی دارستانەكان ناگەیەنن و هەموو ئەو بابەتانەی كە پارچەی مۆبیلیاتەكانی پێ دەپێچرێتەوە لە ماددەیەك دروستدەكرێن كە بە ئاسانی شیدەبنەوە و زیان بە ژینگە ناگەیەنن.

سەرچاوە: sky news

 423 جار بینراوە