سەرەکی » زانست » جیف بیزوس چۆن (amazon)ی دامەزراند؟

چیرۆكی سەركەوتن

جیف بیزوس چۆن (amazon)ی دامەزراند؟

بەشی دووەم

لێرەدا بەشێكی تری ئەو چیرۆكی سەركەوتنتان بۆ دەخەینەڕوو كە دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمەزۆنی پێدەناسرێت و هەوڵ و كۆششەكانی وایلێكردووە ببێتە جێگەی سەرنجی هەموان.

كاتێك (جیف بیزوس) بڕیاری دامەزراندنی كۆمپانیایەكی دا بە ناوی(amazon)، مەبەستی بوو ئەو ناوەی لێبێنێت، چونكە دەیویست پرۆژەكەی وەك ڕووباری ئەمەزۆن گەورە بێت كە گەورەترین ڕووباری جیهانە و دەیویست پرۆژەكەی ئەویش ببێتە گەورەترین بازاڕی ئەلكترۆنیی لە جیهاندا.

سەرەتا لە(16)ی تەمموزی(1994)دا و لە گەراجی ماڵە سادەكەیدا بڕیاری دامەزراندنی ئەمەزۆنی دا بەڵام بۆ ئەم پرۆژەیەی پێویستی بە پارە بوو، بۆیە نزیكەی (100) هەزار دۆلاری لە دایك و باوكی وەرگرت و چەند خاوەن سەرمایەیەكیشی قایلكرد یەكی(50) هەزار دۆلاریان پێدا. لەو كاتەدا (جیف بیزوس)ڕەخنەی لە سەرمایەداران و ترسەكانیان دەگرت و دەیوت»وەبەرهێنەران تێگەیشتنیان لاوازە و بڕوایان بە تواناكانی ئینتەرنێت نییە و گومانیان لە توانای سەركەوتنی پرۆژەی ئەمەزۆن هەیە».

لە (16)ی تەموزی ساڵی 1995) بە رەسمی كۆمپانیای ئەمەزۆن دامەزراند، سەرەتا (جیف بیزوس)دەیویست لە پرۆژەكەیدا تەنها كتێب بفرۆشێت و پێگەكەی بكاتە گەورەترین بازاڕی كتێب كە چەند هێندەی گەورە بازاڕەكانی كتێب بێت لە جیهاندا و هەرواش بوو، لەیەكەمین هەنگاویدا كتێبێكی نووسەری ئەمریكیی (دۆگلاس هنۆفشتادر)ی فرۆشت كە تەنها لە دوو مانگی یەكەمدا فرۆشێكی زۆری هەبوو و داواكاریی كڕیارانی گەیاندە (50) ویلایەتی ئەمریكا و(40) وڵاتی جیهان، دواتر دامەزرێنەری ئەمەزۆن رێكەوتننامەیەكی لەگەڵ دامەزراوەیەكی جیهانیی ئیمزاكرد كە لە بواری ژمارەپێدانی دیجیتاڵیدا كاری دەكرد بۆ ئەوەی بتوانێت كتێبی نووسەرانی جیهانیی دیكەش بفرۆشێت.

پێشتریش كۆمپانیای ئەمەزۆن چەند پشكێكی بە نرخێكی كەم لە كۆمپانیای گۆگڵ كڕییەوە و پاش ماوەیەك بەهای ئەو پشكانە بەرز بووەوە بۆ (2.2)ملیۆن دۆلار.

لە ساڵی (2000) یشدا دامەزرێنەری كۆمپانیاكە بیری لەوە كردەوە كە چەند بابەت و كاڵایەك بەمەبەستی فرۆشتنیان لەڕێگەی پێگە ئەلكترۆنییەكەی بفرۆشێت و بۆ ئەم مەبەستەش دەستكاریی لۆگۆكەی كرد و تیرێكی لە ژێر پیتی (a)ەو بۆ ژێر پیتی(z) ڕاكێشا، كە ئاماژە بوو بۆ ئەوەی ئیدی هەوڵ دەدات هەموو بابەتێك بكاتە ناو بازاڕە ئەلكترۆنییەكەیەوەو و تەنها بە كتێبەوە نەوەستێت.

چەند ساڵ دواتر و لە ساڵی (2003)دا ڕۆژنامەی(واشنتۆن پۆست)و چاپەمەنییەكانی سەربەو ڕۆژنامەیەی بە نرخی(250)ملیۆن دۆلار كڕییەوە و بەوەش كۆتایی بە دەسەڵاتی خێزانی (Graham)هێنا كە ماوەی(٤٠)ساڵ ئەو ڕۆژنامەیەیان بەڕیوەبردووە كە بە دێرینترین ڕۆژنامەی ئەمریكی دادەنرێت.

(جیف بیزوس)لە ساڵی (2004)دا كۆمپانیایەكی تری دامەزراند بە ناوی (Blue Origin)ەوە دامەزراند كە ئەركی گەشەپێدانی هەندێك تەكنیكە بە مەبەستی دەستەبەركردنی گەشتی فەزایی بۆ كڕیارەكانی.

لەساڵی(2008)دا زانكۆی كارینجی میلۆن(Carnegie Mellon University)ئەمریكی دكتۆرای فەخری لەبواری زانست و تەكنەلۆجیادا بەخشییە (جیف بیزۆس) و چەند ساڵ دواتریش لە لایەن دامەزراوەی (U.S. News & World Report) ەوە وەك باشترین سەركردەی دامەزراوەیی دەستنیشانكراوە.

لە ساڵی (2011)دا گۆڤاری(The Economist) خەڵاتی داهێنانی بەخشییە (جیف بیزۆس) وەك ڕێزێك بۆ داهێنانی (the Amazon Kindle) و لە ساڵی (2012) شدا گۆڤاری (Fortune) جیف بیزوسی وەك بیزنسمانی ساڵ دیاریكرد.

لەكانونی یەكەمی ساڵی (2012)شدا یەكێتی نیشتمانی كۆگا بازرگانییەكانی فرۆشتن بە تاك خەڵاتی ئاڵتونیی بەخشییە كۆمپانیای ئەمەزۆن و نازناوی باشترین كۆگای فرۆشتنی بەتاكی ئەو ساڵەی پێبەخشی لە پای بەشدارییە بەرچاوەكانی لەو بوارەدا.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 317 جار بینراوە