سەرەکی » زانست » بازدان یان گۆڕانی ڤایرۆسی كۆرۆنا چییە؟پەڕە 3

بازدان یان گۆڕانی ڤایرۆسی كۆرۆنا چییە؟

ماوەیەكە جیهان سەرقاڵی سەرهەڵدانی نەوەیەكی گۆڕدراوی ڤایرۆسی كۆرنان كە لە بەریتانیا دەركەوت و بە شێوەیەكی خێرا بڵاو دەبێتەوە.

ئەم گۆڕانكارییەی ڤایرۆسەكەش وای لە (بۆریس جۆنسۆن)ی سەرەك وەزیرانی بەریتانیا كردووە كە ڕێوشوێنەكان توندتر بكات بەتایبەت لەكاتی پشووەكانی كریسمس و سەری ساڵی نوێدا و لێپرسراوانی چەند وڵاتێكی تریشی ناچار كردووە گەشتی هاوڵاتیانیان بۆ بەریتانیا و بە پێچەوانەشەوە ڕابگرن.

(مات هانكوك)ی وەزیری تەندروستیی بەریتانیاش ئاماژە بەوەدەدا گۆرانكاری‌و بازدانی جینی ڤایرۆسەكەیان لە دوو نەخۆشدا بەدیكردووە و ئەوەشی روونكردەوە ئەم ڤایرۆسەگۆڕدراوە پەیوەندی بە باشوری ئەفریقیاوە هەیە.

دكتۆر (ئەنتۆنی فاوچی) گەورە پسپۆڕانی نەخۆشییە گوازراوەكانی ئەمریكاش لە لێدوانێكیدا ئەوەی خستەڕوو كە دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكان بە تەواوی چاودێری ئەم جۆرە تازەیەی ڤایرۆسەكە بكات و ناشبێت لە كاردانەوەكانیدا زیادەڕۆیی بكات.

ئەو پسپۆڕە ئەمریكییە باسی لەوە كرد كە سیستمی بەرگریی مرۆڤ هێندە بە هێزە بە تایبەت ئەوەی بە خانەكانی (T)دەناسرێت لە لەشی مرۆڤدا و ئەو دژەتەنانەی هەیەتی دەبنە گەرەنتییەكی باش بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

فاوچی نیگەرانی خۆی ڕاگەیاند لەوەی گۆرانكارییە نوێیەكەی ڤایرۆسەكە بە جۆرێكە كە لە ناو مناڵانی تەمەن خوار (18) ساڵدا بە خێرایی دەگوازرێتەوە .

پسپۆڕانی تەندروستیش باس لەوە دەكەن تا ئێستا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ زانینی ڕادەی كوشندەیی ڤایرۆس نوێیەكە بە بەراورد بە ڤایرۆسی كۆڤید-19.

دكتۆر (پۆپ لاهیتا) مامۆستای زانكۆی پزیشكی نیویۆرك و سەرۆكی نەخۆشخانەی سانت جۆزیفی زانكۆیی وتی» ئەم جۆرە بازدانە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی (كۆڤید -19)ەوە چاوەڕوانكراو بوو تا ئێستا (٢٣) جار خۆی گۆڕیوە هەشت جاریان لە پرۆتینە دەرەكییەكەیدا بووە»

پرۆفیسۆر لاهیتا ڕونیشكردەوە، ئەو بازدانە لە ڕووكاری دەرەوەی ڤایرۆسەكەدا وا دەكات زۆر بە كارامەیی بە گەورەترین خانەخوێیەوە بلكێت كە لە خانەكانی دەم و لووت و چاودا هەن، ئەمەش وا دەكات بەخێرایی بگوازرێتەوە».

ئەو وتیشی « مانەوەی ڤایرۆسەكان بەو بازدان و گۆڕینەوە بەندە و زۆربەی ڤایرۆسەكان لە ساڵێكدا چەندجارێك دەگۆردرێن لەوانەش ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا ، ئەم گۆرانكارییە زۆرەش وا لە ڤایرۆسێكی وەك كۆرۆنا دەكات (كۆڤید-19) ببێتە ڤایرۆسێكی هەمیشەیی و ئەمەش وا دەكات دروستكردنی ڤاكسینی نوێ ونوێتر ببێتە كارێكی ساڵانە .

لە كۆتاییدا پرۆفیسۆر لاهیتا وتی» پێشبینی دەكرێت ئەو بازدانە وا لەڤایرۆسەكە بكات لەڕووی كوشندەییەوە لاواز بێت بەبەراورد بە ڤایرۆسی (كۆڤید-19)، تا ئێستاش ئەو مەسەلەیە مشتومڕی زۆری لەسەرە».

وتیشی»هەرچەندە لە ڕووی تیوری گەشەكردنەوە بۆیە ڤایرۆسەكان دەگۆردرێن بۆ ئەوەی بەهێزتر بن، ئەمەش تەنها گریمانەیە كاری لەسەر دەكرێت و وەك ڕاڤەیەكی گونجاوە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی (كۆڤید-19) لەو شوێنانەی كە تێیدا سەرنجدراوە لە بازدان و گۆرینی ڤایرۆسەكە.

سەرچاوە : الصحە والحیاە

 475 جار بینراوە