سەرەکی » دۆسێ » هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا

نرخی دراوەكە ناجێگیرە

هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا

راوێژكارێكی مستەفا كازمی سەرۆك وزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی، راستی ئەو داواكارییە ئاشكرا دەكات كە لە عیراق كراوە بۆ‌و بەرزكردنەوەی یەك دۆلاری ئەمریكایی بۆ 1660 دینار «لەپێناو یارمەتیدانی عیراق بۆ چالرەسەركردنی تەنگژەی دارایی كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت».

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»پرۆگرامێك نییە لەنێوان عیراق و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە لەئێستادا وڵات پابەند بكات، بەڵام ئەو دامەزراوە داراییە بەدواداچوون بۆ كورتهێنانی حیسابی جاری بودجەی خەرجی وڵاتە ئەندامەكان دەكات».

بە وتەی راوێژكارەكەی كازمی»سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەدواداچوون بۆ حیسابی جاری دەكات، بەهۆی ئەو پوكانەوەیەی لە ئابوری جیهاندا دروستبووە، لەگەڵ كاریگەرییە جێگیرەكانی لەسەر ئابوریی وڵاتانی ئەندام، بەڵام ئەوەی باسكراوە تەنیا كاریی رۆتینین و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەك راوێژ لەگەڵ هەموو ئەندامەكانیدا ئەنجامی دەدات».

پێشتر بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وزیرانی پێشووتری عیراق، رایگەیاندبوو، بانكی نێودەوڵەتی داوای لە عیراق كردووە، بەهای دۆلار بگەیەنێتە 1660 دینار، بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی وڵاتەكەی.

ئەعرەجی لە تویتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی (تویتەر) بڵاویكردبۆوە»لەپێناو یارمەتیدان و پشتیوانی لە عیراق بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی.. بانكی نێودەوڵەتی داوای لە عیراق كردووە، نرخی خەرجی دۆلار بكاتە (1660) دینار».

ئەعرەجی پرسیاری كردبوو»ئایا حكومەت و پەرلەمان هەڵوێستێكی یەكگرتوویان دەبێت، لەڕووی رەتكردنەوە یان قبوڵ كردنی ئەو داواكارییە؟ یان هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان ئەمە موزایەدە وەك چۆن پێشتر كردوویانە؟!».

بانكی ناوەندی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، یەك دۆلار بە 1460 دینار دەداتە كۆمپانیا و نوسینگەكانی فرۆشتنی دراو، تا یەك دۆلار بە بەهای 1470 دینار بە هاووڵاتیان بفرۆشرێت».

عیراق بەهای خەرجی دۆلاری بەڕێژەی نزیكەی لەسەدا 20 بەرزكردەوە، تا كەلێنی نێوان داهات و خەرجییەكانی لە بودجە پڕبكاتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی پلانێكی چاكسازیی ئابوری كە لەئێستادا لەلایەن حكومەتی عیراقەوە جێبەجێ‌ دەكرێت.

هەر لەبارەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆ، ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێكی لە دیاریكردنی نرخی دراوی عیراقیدا نییە.

بەپێی میدیا عیراقییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەریەكە لە كوتلەكانی (سائیرون و فەتح و نەسر) لە پەرلەمانی عیراق كۆدەنگن لەسەر ئەوەی نرخی 100دۆلار داببەزێنن بۆ 127 هەزار دینار بۆ بانكی ناوەندی تاوەكو بە 130 هەزار دینار لەبازاڕەكاندا بگاتە دەستی هاووڵاتیان.

بە گوێرەی هەواڵ، ئەم نرخە وەكو چارەسەرێكی مامناوەند بۆ خەڵك و حكومەت دانراوە، تاوەكو حكومەت بتوانێت داهاتی پێ‌ زیادبكات و كورتهێنانی بودجە پڕبكاتەوە و هاووڵاتیانیش نرخی كاڵا و خۆراك و پێداویستییەكانیان لەسەر زیاد نەبێت و بەهای دیناری عیراقیش زۆر دانەبەزێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»دیاریكردنی نرخی دیناری عیراقی كاری پەرلەمان نییە و لە دەسەڵاتی ئەویشدا نییە».

بە وتەی شیروان میرزا»ئەو دەنگویانە راست نیین كە دەڵێن پەرلەمان دەتوانێت گۆڕانكاریی لە بەهای دراوەكەدا بكات، چونكە نرخی دۆلار كاری پەرلەمان نییە و ناشتوانێت دەستوەردان بكات”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت»بانكی ناوەندی سەربەخۆیە و ئەو نرخەی كە دیاریكردووە بە راوێژ لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كراوە و لە ڕاگەیەنراوێكیشدا پشتگیری ئەو هەنگاوەی لە حكومەتی عیراقی كردووە».

لەئێستادا بانكی ناوەندی عیراق 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 145 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕ و فرۆشتنەوەی دۆلار لەلایەن هاووڵاتیانەوە نرخەكەی لە بازاڕ دابەزیوە و بە 142 بۆ 143 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

 125 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*