سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » لیژنەیەك بۆ چارەسەری كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی لیبیا پێكهێنراوە

نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان:

لیژنەیەك بۆ چارەسەری كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی لیبیا پێكهێنراوە

بە مەبەستی چارەسەركردنی خاڵە ناكۆك و دۆسێ هەڵپەسێردراوەكان و گەیشتن بە كۆدەنگیی سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی دەسەڵاتی داهاتووی جێبەجێكردن، كە ئیدارەی قۆناغی راگوزەر و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی كۆتایی ئەمساڵ لەو وڵاتە بەڕێوەببات، نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا، پێكهێنانی لیژنەیەكی راوێژكاریی راگەیاند، كە لە دیداری دیالۆگی سیاسیی لیبیاوە سەرچاوەی گرتووە.

لیژنەكە لە 18 كەس پێكهاتووە
ستیڤان ولیامز نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لیژنەكە لە 18 كەس و لە نوێنەرانی سەرجەم هەرێم و ئینتیما سیاسییەكان پێکهاتووە، كە ئەركی سەرەكییان تاوتوێكردنی دۆسێ هەڵپەسێردراوەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی دەسەڵاتێكی یەكگرتووی جێبەجێكردن دەبێت، لەگەڵ پێشكەشكردنی راسپاردەی بەڵگەدار و كردارەكی بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر پێشنیازەكان بدرێت. هەروەك تەئكیدیكردەوە، كە كاركردنی لیژنەكە كاتیی دەبێت.

دوا دەرفەت
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە: ئەو لیژنەیە وەكو دوا دەرفەت دەبێت لەبەردەم لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا، بۆ رێكەوتن لەبارەی دەسەڵاتێكی یەكگرتوو و بەرگرتن لە گەڕانەوەی هەڕەشە و پێكدادانی سەربازی، چونكە بەهۆی ناكۆكی لەسەر پۆستە باڵاكانی ئایندە و دوای شكستی دانوستانە سیاسییەكان و گەیشتن بە رێیەكی داخراو، ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە زیادیكردووە.

ئاماژەیان بەوەشكردووە: دوای دوو مانگ و نیو لە دەستپێكردنی كارەكانی دیداری گفتوگۆی سیاسی لە تونس، بەشداربووان نەگەیشتنە لێكتێگەیشتنی چاوەڕوانكراو و بەرنامە بۆداڕێژراو، جگە لە رێكەوتن لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە كۆتایی ئەمساڵدا، لە كاتێكدا بەهۆی ناكۆكی لەسەر میكانیزمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی وڵات، ئاستەنگی گەورە لەبەردەم یەكخستنی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا دروستبووە.

یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانی لە لیبییەكان دەكات
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سابادیل خوسێ نێردراوی یەكێتیی ئەوروپا بۆ لیبیا رایگەیاند: سەبارەت بە دۆخی سیاسیی لیبیا، چەند هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت.

سابادیل خوسێ روونیكردەوە: لە هەوڵەكانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی، یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانی لە لیبییەكان دەكات. جەختیشیكردەوە، كە تۆكمەكردنی بڕیاری ئاگربەست و بووژانەوەی ئابووریی وڵات و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن، لە كارە لەپێشینە و سەرەكییەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپایە.

مانگی رابردوو و پێش كۆبوونەوەی لایەنە ناكۆكەكانی ئەو وڵاتە لە تونس، نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا تەئكیدیكردەوە لەوەی كە دیداری دیالۆگی سیاسیی لیبی لە تونس، وەكو دوا دەرفەتە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاشتەوایی، بۆیە پێویستە لەدەست نەدرێت.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 72 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*