سەرەکی » زانست » زاناكان: قەدەخانەی ناوكە پەتكی كۆرپەی تازە لە دایكبوو چارەسەرێكی باشە بۆ كۆرۆنا

زاناكان: قەدەخانەی ناوكە پەتكی كۆرپەی تازە لە دایكبوو چارەسەرێكی باشە بۆ كۆرۆنا

زانایانی زانكۆی مەیامی لەئەمریكا ئاشكرایانكردووە، قەدە خانەی ناوكەپەتكی كۆرپەی تازە لە دایكبوو دەتوانێت ببێتە چارەسەرێكی باش و ژیانی سەدان كەس لەوانەی بە تووندی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون ڕزگار بكات.

ئەو زانایانە لە توێژینەوەیەكیاندا كە ئەنجامەكانیان لە گۆڤاری(Stem Cells Translational Medicine)دا بڵاوكردووەتەوە، ئەو قەدە خانانەیان بۆ (٢٤) نەخۆشی خۆبەخش بەكارهێناوەكە تەمەنیان لە(٨٥)ساڵ كەمتر بووە و تووشی جۆرێك هەناسەتووندیی مەترسیدار بوون، ئەو ماددەیە توانیویەتی لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا هەلی ڕزگاربوونیان بۆ برەخسێنیت و لە پەتای ( كۆڤید-19) ڕزگاریان بكات.

زاناكان ئاماژە بەوە دەدەن قەدەخانە كۆئەندامی هەناسەدان چارەسەر دەكات، چونكە توانایەكی دەگمەنی هەیە لەخۆنوێكردنەوە و چاككردنەوەی شانە خراپبووەكان، هەروەها بە یەك خانەی ناوكە پەتك دەتوانرێت(١٠٠٠) نەخۆش چارەسەر بكرێت.

پرۆفیسۆر (كامیلۆ ریكۆردی) سەرۆكی تیمی توێژینەوەكەی زانكۆی مەیامی وتی» ئێستا كلیلێكی هەرزان و بەكارمان لە بەردەستە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا، ئەمەش لە تەكنیكی بۆمبێكی زیرەك دەچێت كە دەكرێتە سییەكانەوە بۆ ئەوەی دووبارە وەڵامدانەوەی بەرگریی سروشتیی بۆ بگەڕێنێتەوە و ئەو لاوازییانە نەهێڵێت كە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی نەخۆشەكان».

ریكۆردی وتیشیی « دوای بەكارهێنانی ئەو چارەسەرە كاریگەریی لاوەكیی لە هیچ یەكێك لە نەخۆشەكاندا سەریهەڵنەداوە».

(جیاكۆمۆ لانزونی) ئامادەكاری لاپەڕەی توێژینەوەكە وتی: قەدە خانە چالاكییەكی دژە مایكرۆبی هەیە و هاندەری نوێبوونەوەی خانەكانە و دەتوانێت سییەكان و هەندێك ئەندامی دیكەش چاكبكاتەوە و پێش دە ساڵیش توێژینەوەیان لەسەر ئەوە كردووە كە قەدەخانەی ناوكە پەتك بەكار بهێنن بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی شەكرەی جۆری یەكەم».

ئەو وتیشی» ئەنجامەكانی بەدەستهاتوون ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە ناوكە پەتك كاریگەریی بە هێزی دژە هەوكردن و چاكسازیی سیسیتمی بەرگریی هەیە، هەروەها ڕێگریی لە هوروژمی سیتۆكین دەكات كە ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی ئەوانەی بە تووندیی تووشی پەتای (كۆڤید-19)دەبن».

جارێكی تر پڕۆفیسۆر رێكۆردی وتی»لەگەڵ دامەزراوەی خۆراك و دەرمان پەیوەندیمان كرد و ئەوان رازیی بوون بە تاقیكردنەوەكەمان كە لە هەفتەی یەكەمدا ئەنجامی باشی دا بە دەستەوە».

توێژەرەوانیش ئاماژە بەوە دەدەن ئەو قەدەخانانە لە شێوەی دەرماندا دەدرێت لە دەماری نەخۆشەكان و دواتر بە سروشتیی دەگاتە سییەكان و لەوێدا كاری خۆی دەكات و ئەوانە لە مردن ڕزگار دەكات كە تووشیی هانەسەتوندیی قورس بوون.

ئەو توێژەرەوانە ئاشكرایدەكەن كە قەدەخانەكان چارەسەرێكی باشن بۆ هەوكردنی سییەكان كە بە هۆی ڤایرۆسەكانەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بە تایبەتیش جۆرەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئێستاش ئەو توێژەرەوانە و سەنتەری چاندنی خانەكانی سەربە پەیمانگای توێژینەوەی نەخۆشیی شەكرە لە مەیامی پلانی ئەوەیان هەیە كۆگایەكی گەورە دروست بكەن بۆ كۆكردنەوەی قەدەخانە بۆ ئەوەی ئەوەی ئامادە بێت بۆ بەكارهێنان لە كاتی پێویستدا و دابەش بكرێت بەسەر نەخۆشخانەكانیشدا.

سەرچاوە: BBC

 87 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*