سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیكردنی نوێ له‌ سه‌رده‌می زانیاریدا

ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیكردنی نوێ له‌ سه‌رده‌می زانیاریدا

-نووسه‌ری كتێب: د.حه‌سه‌ن عیماد مه‌كاوی

-ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌: دار المصریة اللبنانية – قاهیره‌

-جۆری كتێب: توێژینه‌وه‌ی زانستی

-نۆبه‌و ساڵی چاپ، چاپی شه‌شه‌م، 2015

-پێكهاته‌ی كتێب: 15 نه‌سك، له‌ 294 لاپه‌ڕه‌دا

2-2 کۆتایی

ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیكردنه‌ ژماره‌ییه‌كان Digital communications
ئه‌م جۆره‌ له‌ ته‌كنه‌لۆژیا، گوزارشته‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی داتاو زانیارییه‌كان بۆ مه‌ودایه‌كی دوور، ئه‌وه‌ش له‌ شێوه‌ی زنجیره‌یه‌ك سیگناڵی ئه‌لكترۆنی، ئیتر ئه‌و زانیاری و داتایانه، له‌ فۆرمی گرافه‌ردا بێت، یان وێنه‌، یان ده‌ق، یان ده‌نگ، یان تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌هه‌موو ئه‌وانه‌.‌ هه‌مه‌ڕه‌نگیی سیگناڵه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان به‌ جۆرێكیشن كه‌ هاوتای سیگناڵه‌ ره‌سه‌نه‌كان/ئۆرجیناڵه‌كان بن، به‌م جۆره‌ش له‌ په‌یوه‌ندیكردن ده‌وترێت سیگناڵه‌ ئه‌نه‌لۆگه‌كان.

ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، ده‌رفه‌تی سه‌رله‌نوێ پێشكه‌شكردنی سیگناڵه‌ ئه‌نه‌لۆگییه‌كان له‌ فۆرمی سیگناڵی ژماره‌یی Digital Signal ده‌دات. ئه‌م شێوازه نوێیه‌ پشت به‌ ناردنی له‌رینه‌ كاره‌باییه‌كان ده‌به‌ستێت به‌ شێوه‌ی هه‌ڵكردن و كوژاندنه‌وه‌(ON/OF) و هه‌موو پیته‌كان و ره‌مزه‌كان و وشه‌كان و وێنه‌كان و گرافه‌ره‌كان كۆدێكی ژماره‌یی وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ ژماره‌ی(0،1) پێكدێت، هه‌موو ژماره‌یه‌ك گوزارشته‌ له‌ ره‌مزێك Bit كه‌ ده‌توانرێ له‌ كۆمپیوته‌ردا هه‌ڵبگیرێت. ئه‌و زانیارییانه‌ش كه‌ به‌ ژماره‌ گوزارشتیان لێ ده‌كرێت ده‌خرێنه‌ سیستمێكی كۆدیكردنه‌وه‌ Encoded.

به‌ پێی ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا نوێیه‌، ده‌توانرێت كه‌ سیگناڵه‌ ئه‌نه‌لۆگییه‌كان بگۆڕدرێن بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ئامرازێكه‌وه‌ كه‌ پێی ده‌وترێ A_D Converter به‌ هه‌مان ئامرازيش له‌ دیجیتاڵییه‌وه‌ بگۆڕدرێن بۆ ئه‌نه‌لۆگ. هاوكات ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه‌ له‌ په‌یوه‌ندیكردنی دیجیتاڵی، به‌رگه‌ی ژاوه‌ژاو و به‌یه‌كداچوونی شه‌پۆله‌كان ده‌گرێت، به‌ درێژای مه‌ودای په‌یوه‌ندیكردن و گه‌یاندنیش پارێزگاری له‌ هێزی سیگناڵه‌كان ده‌كات.

ئه‌م تۆڕه‌ دیجیتاڵییه كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی خۆیشی هه‌یه‌، له‌وانه‌‌: زیره‌كی، كارایی، نه‌رمونیانی Flexibility، سه‌راپاگیری له‌ گواستنه‌وه‌ی جۆری جیاوازی په‌یوه‌ندییه‌كان و، پاراستنی نهێنیی په‌یوه‌ندیكردنیش.

ده‌ركه‌وته‌كانی تری ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیكردنی نوێ
خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی كێبڵی: ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌‌ بریتییه‌ له‌ په‌خشكردنی سیگناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان له‌ رێگه‌ی كێبڵه‌وه‌ له‌ جیاتی ناردنی له‌ رێگه‌ی شه‌پۆله‌ هه‌واییه‌كانه‌وه‌.

بیرۆكه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م ته‌كنیكه‌ نوێییه‌ش له‌ په‌یوه‌ندیكردن و راگه‌یاندندا له‌ كۆتایی حه‌فتاكانه‌وه‌ له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ ده‌ستیپێكرد و به‌هۆیه‌وه‌ توانرا په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی بگه‌یه‌نرێته‌ زۆر ناوچه‌ی سه‌خت و دووره‌ده‌ست و داخراو.

له‌م رووه‌وه‌ كه‌ناڵی CNNی ئه‌مریكی، یه‌كه‌مین تۆڕی هه‌واڵی ئه‌مریكییه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1977دا ئه‌م تۆڕه‌ی كێبڵییه‌ی بۆ په‌خشكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌واڵ به‌كارهێناوه‌ به‌بێ بچران. له‌ هه‌شتاكانیشه‌وه‌، خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای كێبڵی دوو ئاراسته‌‌، توانی خزمه‌تگوزاریی ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌منیی پێشوه‌خت له‌ دژی رووداوه‌كانی دزی و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ فه‌راهه‌م بكات، هاوكات خزمه‌تگوزاریی پزیشكیی خێرا، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رامبه‌ر به‌شداریكردنێكی مانگانه‌دا.

ئامڕازه‌كانی تری په‌یوه‌ندیكردنی نوێ
ته‌كنه‌لۆژیای ته‌له‌فزیۆنی هێز خاو Low- Power Television و ته‌له‌فزیۆنی هێز به‌رز:
به‌ سروشتی حاڵ، ته‌كنه‌لۆژیای ته‌له‌فزیۆنیی هێز خاو، ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو و بچووك رووماڵ ده‌كات و فریكوێنسه‌ هه‌وائییه‌كانی نزمن. له‌ به‌رامبه‌ردا، ئه‌و وێستگه‌ به‌هێزانه‌ هه‌ن كه‌ په‌خشی ئاسمانیی راسته‌وخۆ به‌كارده‌هێنن DBS وه‌ك خزمه‌تگوزارییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی – نێوده‌وڵه‌تی به‌هێزی بێ سنوور.

پاشان سیسته‌می ته‌له‌فزیۆنی وردنوێنی به‌رز(عال الدقة) هاته‌ كایه‌وه‌ High Definition Television كه‌ ره‌مزه‌كه‌ی(HD)یه‌ و خزمه‌تگوزاریی وێنه‌ی زۆر روون و كوالیتی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌ سكرینی گه‌وره‌ش كه‌ له‌ سكرینی سینه‌ما ده‌چێت.

خزمه‌تگوزاریی ته‌له‌فزیۆنی HD كۆمپانیای(سۆنی/SONY)ی ژاپۆنی دایهێناوه‌، ئه‌ویش له‌ رێی به‌كارهێنانی 1125 هێڵی ستوونی له‌ گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا!.

ته‌كنه‌لۆژیای ڤیدیۆ كاسێت و ڤیدیۆ دیسك و تۆماركردنی مۆزیك
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ له‌ تایپی جیاجیای ته‌كنه‌لۆژیا،‌ پێیان ده‌وترێت ته‌كنه‌لۆژیای گواستنه‌وه‌ی زانیاری، نموونه‌شیان له‌مانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌:

1- كاسێتی ڤیدیۆ: ئه‌مه‌ بڕێكی دیاریكراو له‌ زانیاری له‌خۆ ده‌گرێت و سه‌رده‌مانێكی زۆر له‌ زۆر ماڵدا به‌كارهاتووه‌.

2- دیسك: بڕێكی یه‌كجار زۆر له‌ زانیاری هه‌ڵده‌گرێت و ده‌شتوانێت ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ كۆمپیوته‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئامرازێكی نموونه‌یی بۆ كارلێككردن له‌ بواری فێركاری و بابه‌تی راهێنان.

3- CED: ئه‌مه‌یان پانتاییه‌كی ئه‌لكترۆنییه‌و بڕێكی دیاریكراو 700میگابایت له‌ وێنه‌ و داتاو زانیارییه‌كان هه‌ڵده‌گرێت و بواری ده‌ستكاریكردنی زانیارییه‌كانی تیا نییه‌.

4- DVD (Digital Video Disc): ئه‌مه‌شیان بڕێكی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت و دۆسییه‌و داتاو زانیارییه‌ هه‌ڵگیراوه‌كانی قابیل به‌ ده‌ستكاریكردنن‌. بێگومان، جگه‌ له‌وانه‌، له‌ ئێستادا جۆره‌ها ئامرازی پێشكه‌وتووترمان له‌ ڤیدیۆ دیسك و كه‌ره‌سته‌كانی ترمان هه‌یه كه‌ بڕێكی یه‌كجار زۆر له‌داتاو زانیاریمان بۆ هه‌ڵده‌گرن. ‌

ته‌كنه‌لۆژیای ئامێره‌كانی تۆماركردنی ده‌نگیی دیجیتاڵی
له‌ تۆماس ئه‌دیسۆن-ه‌وه‌(داهێنه‌ری فۆنۆگراف 1877) بۆ ئمیڵ برلنگه‌ر(داهێنه‌ری فلات دیسك)، گه‌شه‌ به‌م تایپه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا دراوه‌ تا‌ به رۆژگاری پێشكه‌وتووی ئه‌‌مڕۆی گه‌یشتووه‌، نموونه‌كانیشی بریتین له‌ ئامێره‌كانی تۆماركردنی ده‌نگی موزیكی، ئامێره‌ مۆزیكییه‌ دیجیتاڵییه‌كان.

بێگومان روونه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی فیدیۆ كاسێت و ڤیدیۆ دیسك و تۆماركردنی موزیك، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رۆڵیان له‌ په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیكردن و راگه‌یاندندا هه‌بووه‌و هه‌یه‌و به‌رده‌وامه‌.

ته‌كنه‌لۆژیای ڤیدیۆ تێكس Videotext
ئه‌مه‌یان بریتییه‌ له‌ ئامرازێكی كارلێككار و تایبه‌ته‌ به‌ پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری بۆ گێڕانه‌وه‌و به‌ده‌ستخستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو. ڤیدیۆ تێكس خزمه‌تگوزاریی زۆر و كارا له‌ بواری به‌ڕێوه‌بردنی كار، پیشه‌سازیی بڵاوكردنه‌وه‌، خزمه‌تگوزاریی بانكه‌كان و كڕین و به‌جێگه‌یاندنی په‌یوه‌ندیی دوو ئاراسته، فه‌راهه‌م ده‌كات‌.

ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه‌ ئامێری ریسیڤه‌ری ته‌له‌فزیۆنی ده‌كاته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی كارا بۆ گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له‌رێگه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی به‌ كۆمپیوته‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ رێی هێڵی ته‌له‌فۆنه‌وه‌، یان كێبڵی دوو ئاراسته‌وه‌.

له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ڤیدیۆ تێكس له‌ ئه‌مریكا، چه‌ندین تایپ هه‌ن، له‌وانه‌، خزمه‌تگوزاریی ڤیوتران Viewtron و خزمه‌تگوزاریی گه‌یتوه‌ی Gateway و خزمه‌تگوزاریی كیفاكسKey fax
هه‌ر له‌وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا، گۆڤارو رۆژنامه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌، له‌وانه‌ Los Angeles times له‌ رێگه‌ی ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه‌وه‌ به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی پێشكه‌ش كراوه‌و وه‌رگر توانیویه‌تی زانیاریی لێوه‌ وه‌ربگرێ و پرنتی بكات.

ته‌كنه‌لۆژیای تلیتێكست
ئه‌مه‌یان زیاتر ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی باو و بڵاوتره‌، به‌ڵام سیسته‌مه‌ كۆمه‌نیكه‌یشنه‌كه‌ی وه‌ك فیدیۆ تێكس دوو ئاراسته‌ نییه‌، به‌ڵكو زانیارییه‌كان به‌یه‌ك ئاراسته‌دا ده‌گوازێته‌وه‌.

ئه‌م سیسته‌مه‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی به‌كارنه‌هێنراو به‌كارده‌هێنێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی داتاكانی خۆی بۆ ئامێره‌كانی ریسیڤه‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی په‌خشی ئاسایی، به‌ربكه‌وێت. ئه‌م سیسته‌مه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می ڤیدیۆتێكس كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كارلێككاری هه‌زاره‌ها لاپه‌ڕه‌مان پێشكه‌شده‌كات، ته‌نها چه‌ند سه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌كی كه‌م ده‌خاته‌ به‌رده‌ست. ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ له‌ پێش خزمه‌تگوزاریی ڤیدیۆتێكس له‌ ماڵاندا هه‌بووه‌. له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانه‌وه‌ له‌ به‌ریتانیا به‌ ناوی CEEF AX فه‌راهه‌م كرا، دواتر له‌ فه‌ره‌نساو كه‌نه‌داو یابان و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌له‌فۆن، پۆستی ئه‌لكترۆنی، كۆنگره‌كان له‌ دووره‌وه‌
ئه‌م تایپانه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا، كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاریی خۆیان هه‌یه‌، له‌وانه‌، خزمه‌تگوزاریی ته‌له‌فۆنی، ئیمه‌یل و خزمه‌تگوزارییه‌كانی، تیلیكس، تلیتكس وه‌ك ئامرازی گواستنه‌وه‌ی تێكسته‌كان، له‌وه‌ش زیاتر خزمه‌تگوزاریی پۆستی ده‌نگی Voice Mail، پۆستی گرافه‌ری Graphics Mail له‌ بابه‌ت فاكسمیل، به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ زمانه‌ نوسراوه‌كه‌ی پشت به‌ گرافه‌ر ئه‌به‌ستێ وه‌ك ژاپۆن.

هه‌روه‌ها كۆنگره‌كانی دوورمه‌ودا Teleconferencing كه‌ په‌یوه‌ندیكردنێكی ئه‌لكترۆنییه‌ له‌بابه‌ت ئه‌و وانه‌ ئۆنلاینانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناوه‌ له‌ زانكۆ و خوێندنگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی جیهاندا په‌یڕه‌وییان لێده‌كرێت، هه‌روا ڤیدیۆكۆنفرانسه‌كانیش وه‌ك نموونه‌ی تر‌. بێگومان ئه‌م تایپه‌ ته‌كنه‌لۆژییانه‌ رۆڵی گه‌وره‌شیان له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجی و ماندووبوون و گه‌شتكردنی تاكه‌كان و گروپ و وه‌فده‌كاندا هه‌یه‌ بۆ شوێنی كۆنفرانس و چالاكییه‌ سیاسی و ئابوری و زانستی و ئه‌كادیمییه‌كان.

كاریگه‌رییه‌ پێشبینیكراوه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ
یه‌كێك له‌ دیارترین كاریگه‌رییه‌ پێشبینیكراوه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ زۆر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆییدا به‌ شێوه‌كی زه‌ق و ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت بریتییه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ له liquefaction Massه‌وه‌ بۆ Demassification .

واته‌ ئه‌م قۆناغه‌ پێشكه‌وتووه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا، كه‌ تا ساڵی 1980یش له‌ رووی په‌یوه‌ندیكردنی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ Mass Communication و له‌رێی گواستنه‌وه‌ی په‌یامێكی یه‌كگرتووه‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوان، كاری له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر كردووه‌، له‌و مێژووه‌ به‌دواوه‌ ئیتر‌ كار له‌سه‌ر كه‌رتوپه‌رتكردنی جه‌ماوه‌ر ئه‌كات، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ئاراسته‌كردنی جۆره‌ها په‌یامی هه‌مه‌جۆر و بێ سنور بۆ كۆمه‌ڵێك گروپی وه‌رگری جیاجیاو زۆرو زه‌وه‌ند، یان بۆ تاك تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی.

بێگومان دیارترین ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ش زۆرن، له‌وانه‌، بۆ نموونه‌، ده‌ركه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی كێبڵی، وێستگه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌ خاو هێزه‌كان LPTV، ئامێره‌كانی ته‌له‌فزیۆنی ترانزستۆر كه‌ بینینی به‌ ته‌واوه‌تی كردۆته‌ پرۆسه‌یه‌كی خودی. هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزارییه‌كانی رادیۆی مه‌ودا به‌رته‌سك Narrow Cast له‌ جیاتی رادیۆ گشتییه‌كان Broadcast، له‌وانه‌ش زیاتر، ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ پێویستییه‌كانی تاك فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن و بژارده‌ی زۆری ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ست، وه‌ك : ڤیدیۆكاسێت، ڤیدیۆتێكس، ڤیدیۆدیسك، تلیتیكست، په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆ به‌ بنكه‌ی داتاكانه‌وه‌، هه‌روا یارییه‌ ڤیدیۆییه‌كان و پۆستی ئه‌لكترۆنی.

ده‌ره‌نجامه‌ پێشبینیكراوه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن
به‌شێكی زۆری شاره‌زایانی بواری ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیكردن و راگه‌یاندن، باس له‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی پێشكه‌وتنه‌ بێ سنوره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بواری په‌یوه‌ندیكردن و میدیا، له‌وانه‌:

1- دروستكردنی گۆشه‌گیریی بۆ وه‌رگر و كه‌رت و په‌رتكردنی جه‌ماوه‌ر: بێگومان ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ ده‌مێكه‌ له‌سه‌ر فۆرمی ژیان و په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌كان و جۆره‌كانی به‌ركه‌وتنی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و راگه‌یاندن ده‌ركه‌وتووه، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ ئه‌م كه‌رتوپه‌رتبوونه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌‌ له‌ناو هه‌موو خێزان و ماڵێكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناولێنانی كۆمەڵگه‌ی زانیارییان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ببێت‌.
به‌مانایه‌كی روونتر، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می كۆندا، شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان خێزانه‌كانی كۆده‌كرده‌وه‌و سروتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی پێ ده‌به‌خشی، ئه‌وا ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كانییه‌وه‌ له‌ بواری په‌یوه‌ندیكردن و راگه‌یاندن، هه‌ر تاكێك بۆ خۆی، زیاتر له‌ ئامرازێكی په‌یوه‌ندیكردنی تایبه‌تی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش فۆرمێك له‌ گۆشه‌گیریی بۆ مرۆڤه‌كان دروستكردووه‌ كه‌ له‌مڕۆدا هه‌موو كه‌سێك هه‌ستی پێده‌كات.

2- دروستكردنی هه‌ژموون و پێكه‌وه‌گرێدانی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن: له‌م باره‌یه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ قه‌واره‌ی گه‌وره‌ی راگه‌یاندن و خاوه‌ندارێتیی هاوبه‌ش و فره‌ ره‌گه‌ز دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌مڕۆدا راستییه‌كی به‌رچاوه‌، به‌تایبه‌تی كاتێك ئیمپراتۆرییه‌ته‌ میدیاییه‌كانی جیهان و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی ده‌بینیت، له‌بابه‌تی تایم وارنه‌ر Time Warnerكه‌ چوار گه‌وره‌ كۆمپانیای میدیایی له‌خۆیدا كۆكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆمپانیای په‌خشكردنی تێرنه‌ر Turner Broadcasting System، كۆمه‌ڵه‌ی تایم بۆ بڵاوكردنه‌وه ‌Time Incو، ئیمپراتۆرییه‌تی میدیایی News Corporationكه‌ ملیاردێری ئوسترالی/ئه‌مریكی/جوله‌كه(رۆبه‌رت مه‌ردۆخ) خاوه‌ندارێتی ده‌كات‌ و، ئیمپراتۆرییه‌ته‌ میدیاییه‌كانی تری وه‌ك CBS و ڤیاكۆم Viacom و دیزنی Disney ..هتد.

3- سازانی نێوان ته‌كنه‌لۆژیای كۆن و نوێ: واته‌ ته‌كنه‌لۆژیای نوێ كه‌موكوڕییه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای كۆن پڕ بكاته‌وه‌و بایه‌خ به‌ تاك بدات و به‌شداریی گشتی و ئامانجی هاوبه‌ش و ناشناڵ فه‌رامۆش نه‌كات. ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ش له‌سه‌رده‌می هاوچه‌رخی ئێستاماندا به‌ كرده‌یی هاتۆته‌دی. ئه‌مڕۆ هه‌موو ئامرازه‌كانی میدیای ته‌قلیدی ناچار به‌ سوودوه‌رگرتنن له‌ ته‌كنه‌لۆژیای نوێی میدیاو میدیای نوێ New Mediaو به‌هۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پێگه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانه‌وه‌، به‌رهه‌م و به‌رنامه‌و په‌یامه‌كانی خۆیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌مڕۆ له‌ واقعی ماسمیدیای هه‌رێمی كوردستانیشدا هه‌یه‌و په‌یڕه‌و ده‌كرێت.

 394 جار بینراوە