سەرەکی » ئاراستە » سەرهەڵدان و پووکانەوەی کۆمۆنیزم لە فەرەنسا

سەرهەڵدان و پووکانەوەی کۆمۆنیزم لە فەرەنسا

جولیان میچی

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

1-2

حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا هەر لە دامەزراندنییەوە لە کانوونی یەکەمی (1920)، پێگەیەکی تایبەتی لە ڕوانگەی سیاسیی فەرەنساوە هەبوو، چونکە تەنها حیزبی جەماوەریی، بە ڕابەرایەتی خودی جەماوەر و بۆ خزمەتکردن بە سوودەکانیان بوو. لە کاتێکدا کوتلەچێتی نێوان سەرکردە سیاسییەکان و چینی کرێکار لە پێشوو قووڵتر دەردەکەوت، مێژووی ئەم حیزبە پڕبوو لە ڕێنماییەکان.

زاڵبوونی فکری مارکسی لینینی
دوو دروشمی بریقەداری کارڵ مارکس و فریدیک ئەنگڵس، لە پشت سەکۆی وتاردانەوە دەبینرێت: یەکەم (کرێکارانی جیهان یەکگرن!) و دووەم: (ئازادبوونی چینی کرێکار تەنیا لە دەستی خۆیدایە). لە (25ی 1920) هەژدەمین کۆنگرەی (بەشی فەرەنسی کرێکارانی نێونەتەوەیی) (SFIO) لە شاری تور بەسترا و زۆرینەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حیزبی سۆسیالیست (لە 70%ی نوێنەرانی بڕیار بە دەست) بریاریاندا بچنەگەڵ (کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی)( IC)یەوە. لە ئازاری (1919) و پێش کۆبوونەوەی نێونەتەیی سییەم، ئەم کۆنگرەیە بە گوشاری لینین و بەڵشەفیکە روسەکان بەو ئومێدە بەسترا کە شۆڕشەکەیان بە سەرانسەری دونیادا بڵاو بکەنەوە.

باس و گفتوگۆکانی ئەو کۆنگرەی دامەزراندنە و ئەنجامەکانی نەک تەنیا بەهای مێژووییان نەبوو، بەڵکو هەوڵدرا بەدەر لە خۆپەرستی نەتەوەیی هاوپێوەندی نێونەتەوەیی بەدەست بێنن و ئەو نوێنەرە هەڵبژیردراوانە کۆنتڕۆڵ بکەن، دەیانویست سازش لەگەڵ دامەزراوە بۆرژازییەکان یان هزرگەلێک لە جووڵانەوەی مشتومڕی سیاسی و خەباتی سەندیکایی دا بکەن. لەواقیعدا، جووڵانەوەی کۆمۆنیستی توانیبووی ڕایەڵەیەکی زۆر لە لایەنگران لە ناو کرێکارانی فەرەنسی و زیاتر لە ناو دانیشتوانی شار یان گوندەکان دروست بکات. کە توانای گرینگیدان بە بەرژەوەندی چین و توێژەکانی خەڵک شتێک بوو، ئەمڕۆ حیزبە چەپەکان ئەو توانایەیان نەماوە.

ئەو داکۆکیکارانەی چووبوونە ناو کۆمۆنیستی نێونەتەوەییەوە دەیانەویست لە کۆنگرەی تور بەڕەکە لە ژێر هەژموونی (بەشی فەرەنسی کرێکارانی نێونەتەوەیی)(SFIO) دەربێنن، لایان وابوو ئەم حیزبە بە بەشداریکردن لە حکومەتی (هاوپەیمانیی پیرۆز) بە درێژایی جەنگی یەکەمی جیهان (کە ژول برێکس سەرۆک وەزیرانی بوو)، سازشی کردووە. ئەوان دژی ئەو نوێنەرانەی ئەنجومەن وەستانەوە، کە ڕوویان لە (هاوکاری چینایەتی) کردبوو و بنەمای شۆڕشگێڕی و ئاشتییانەی نێونەتەوەیی دووەمی کۆمۆنیستییان پێشێل کردبوو. دژی ئەو سەرۆکانەی سۆسیال دیموکرات بوون کە بێگوێدان بە پرەنسیپی خۆیان پشتگیری سەرکوتکردنیان دەکرد. بە تایبەت ئەو سەندیکالیست و فێمینیستانە ئامانجی ئەو سەرکوتکردنە بوون کە ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو زەبروزەنگە دەردەبڕی کە لە کیشوەری ئەورووپا دەکرا. ئاستی نوێی بە دڵی بەڵشەفیکەکان لە حیزبدا، کوتلەی نوێنەرانی حیزب لە ئەنجومەن و بڵاوکراوەکانی ژیر هەژموونی چالاکوانان بوو کە لایەنگرانی نیونەتەوەیی ئومێدییان پێی بوو. جیاوازی بۆچوونی بەرچاو لە نێوان نوێنەرانی ئەنجومەن و لایەنگرانی حیزب هەبوو. بە جیاوازی دەنگی ئەندامان، (50) لە (68) نوێنەری وەک لیۆن بلوم، سەرۆکی نووسینگەی پێشووی وەزیری کاری گشتی، بە درێژایی شەڕ پەیڕەویان لە زۆرینە نەکرد و لە بەشی فەرەنسی کرێکارانی نێونەتەوەیی (SFIO)دا مانەوە.

داوای بە رادیکاڵ بوون
ئەمیل لۆرا، کرێکاری پێڵاو دروستکردن و نوێنەری فدراسیۆنی (خراپە)، بە خستنەڕووی سازشی دوو نوێنەری سۆسیالیستی ئەنجوومەن، لە کۆنگرە پشتڕاستی کردەوە کە: (ئێمە دژی پەرلەمانین، چونکە سەرنجمان لە سەر کردەی نەگریسی هەڵبژێردراوانی خۆمانە. ئێمە دەڵێین، چەند نوێنەرمان لە پەرلەمان کەمتر بێت، لایەنگرمان زیاتر دەبێت. ئێمە سەبرمان نەماوە کە دەبینین لە حیزبەکەی خۆمان بووینەتە مەقاشی خزمەتکردنی بەرژەوەندی کەسانێک کاتێک هەڵدەبژێردرێن، بەخۆمانەوە خەریک دەبن، یەکێتیمان تێک دەدەن، ڕێکخستنەکانمان لە گرێژنە دەبەن و بەرەی نیشتمانی پێکدەهێن. ئێمە لە دەست حیزبی سۆسیالیست گیانمان گەیشتوەتە سەر لووتی، کە تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکان قووت دەبێتەوە و ئێمە خوازیاری حیزبێکی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕین). پێوەندیکردن بە کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی دەربڕی ویستی بە ڕادیکاڵبوونی سۆسیالیزم و هەروەها پشتیوانیکردن بوو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری (1917)ی روسیا، کە بۆ هێنانەدی (دەسەڵاتی کرێکاران) خەباتی دەکرد.

مامۆستا و چالاکوانی سەندیکایی فێرناند لوریۆ و ڕۆژنامەنووس بۆریس سۆڤارین، یاداشتی پێوەندیکردن بە (کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی) (IC)یان نووسیبوو، بەڵام لە بەر زیندانی بوونیان، لە کاتی کردنەوەی کۆنگرە ئامادە نەبوون، کە بەشێک لەو ئەندامە زۆرانە بوون دوای بەهاری (1920) بە تۆمەتی ئەگەری دەستبوون لە (پیلانێک)ی روسیا، دەستگیر کرابوون. هەر وەک لە کاتی بایکۆت، بۆ سەرکوتکردنی کریکارانی هێڵی ئاسن سوودیان لە قسەی پووچی (هەڕەشە لە ئاسایشی حکوومەت) وەرگرت و زۆر بە ئاسانی (15) هەزار کرێکارییان لە سەر کار دەر کرد.

لەو کاتەدا حیزبی کۆمۆنیست چەکەرەی دەکرد و دەبوایە لە بەردەم زەربە توندەکانی (حکومەتی بۆرژوازی) خۆی بگرێت و هاوکات چاودێری ئاسایشی ناوخۆی خۆیشی بکات، کە ئامانجی هەڕەشەی ئەو پێگەخوازانەبوون، کە دەیانەویست هەژموونی بە سەردا بکەن. ئەم بابەتە وایکرد لە ناو حیزبدا، جەخت لە بوونی دیسپلین بکرێتەوە.

سەنترالیزمی دیموکراسی
بنەمای (سەنترالیزمی دیموکراسی) یەکیک بوو لەو (21) مەرجەی پێوەندیکردن بە (کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی)ەوە کە لە بەڵشەفیکەکان لە کۆنگرەکەیاندا لە (تەمووزی 1920) دەنگیان بۆدا: (کاتێک حیزبی کۆمۆنیست لەم بارودۆخە سەختەی شەڕی ناوخۆدا دەیتوانی ڕۆڵی خۆی ببینێت، کە وەک دیسپلینی سەربازی، ڕێکخراوترین ڕێکخراو و دیسپلینی پۆڵایینی هەبێت).

ئەم داوا سەرقاڵییە دەربارەی زەروریبوونی داکۆکیکردن لە شۆڕشی روسیا و ئەو شۆڕشانە بوو لە ئەورووپا سەرییان هەڵدەدا و چاوەڕوانیگەلێک کە چالاکوانانی فەرەنسی هەیانبوو و پێیان وابوو بە کارهێنانی بۆچوونی سۆسیالیستەکان، پێویستی بە ڕێکخستنێکی توندوتۆڵە. چالاکوانەکان لەو باوەڕەدا بوون کاتی قسە نەماوە و کردار شەرتە. بۆنموونە، نوێنەرێکی (Oise-et-Seine) گوتی: (قسە هەزارە، بەڵام دوانی بەکارە). ئێرنێست دانانت، مامۆستا و نوێنەری پارێزگای وکلوزیش بە نۆرەی خۆی گوتی: (ئێمە نێونەتەوەیی سێیەممان دەوێت، چونکە دەمانخاتە ناو یاساوڕێسای جدییەوە، کە بەشانازییەوە لە بەردەمی سەر دادەنەوێنین و نامانەوێت حیزبی سۆسیالیست ماڵێکی گەورەبێت، هەر کەسێک بیەوێت خۆی پێدابکات، چی ویست ئەنجامی بدات، یان ئاشی ئاو لێبڕاوبێت. ئێمە بۆیە نیونەتەوەیی سێیەممان دەوێت، چونکە ئیدانەی ڕیفۆرمیزم و ڕابردوویەک کە ماییەی شەرمەزاری ئێمەیە، واتا ڕابردووی سۆسیالیزمی شەڕانی ئیدانە دەکات).

دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیست
لە دەرەوەی کۆنگرەی تور، کە پێویستبوو مرۆڤ لە ئەفسانەی ڕاستبوونی دوور بکەوێتەوە، حیزبی کۆمۆنیست لە فەرەنسا بە چەند قۆناغێک دامەزرا و خودی ناوی (کۆمۆنیست)یش تا کانوونی دوەمی (1922) پەسەند نەکرا. لە ڕاستیدا ساڵانێکی زۆرتێپەڕی تا حیزبێک دابمەزرێت لەحیزبی سۆسیالیستی پێشوو جیا بێت و لە ژیر کاریگەری وازهێنەران لە حیزبی سۆسیالیست و بە پێی مۆدێلی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران گیان بە بەر بەڵشەفیککردنی ساڵی (1925)دا بکاتەوە. ئەو سەرۆکانەی لە (بەشی فەرەنسی کرێکارانی نێونەتەوەیی) (SFIO) هاتبوون، وەک لودۆڤیک ئۆسکار فرۆسار، یەکەم سکرتێری گشتی حیزب تا ساڵی (1923)، وازیان لە ڕێکخراوێک هێنابوو کە لەودا خەباتێگڕی سەندیکایی ئازادیخوازی وەک پی یەر مۆنات، هەڵەچنی چاپخانە، دەر کرا بوو. زیاتر دامەزرێنەرانی وەک سۆڤارین و لۆریۆ، بە ویستی خۆیان یان بە زۆر، لەو حیزبە دوور کەوتنەوە، کە وردە وردە دیموکراسییەکەی بەرەو نەمان چوو.

لە کاتێکدا (SFIO) کەوتبوە ژێر دەسەڵاتی دەستەبژێران و ڕووناکبیران و کەسانی پرۆفیشناڵ و ئازادەوە و ژمارەیەکی زۆر پارێزەر و ڕۆژنامەنووسی تێدابوو، کۆمەڵێک سەرکردەی کرێکاری لە ناوەڕاستی بیستەکان، حیزبی کۆمۆنیستییان دامەزراند. ڕێکخراوەکە لە چەند ڕێکخستنێک لە ناو دامەزراوەکان پێکهات کە (SFIO) ستراکچەری بەشە ناوخۆییەکانی لێ دروستکردن و لە ناو ئەندامەکانی دەستی بە کاری سەندیکایی کرد. حیزب لە ژێر گوشاری (کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی)، کاندیدەکانی هاندا بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن. پییەر سمار، سەندیکایی شۆڕشگێڕی پێشوو و ساڵی (1920) لە هێڵی ئاسن دەرکرابوو، لە ساڵی (1924) بە سکرتیری گشتی حیزب هەڵبژێردرا.

دژایەتیکردنی کۆڵۆنیالیزم
هەروەها کۆمۆنیستەکان لە ژێر گوشاری مۆسکۆ بەگژ کۆڵۆنیالیزمدا چوونەوە، لە کاتێکدا (SFIO) تا ئەوکاتە ئەوەندەی بەس بوو ڕەخنە لە کۆڵۆنیالیزم بگرێت. بەم شیوەیە، کۆمۆنیستەکان داوای چوونە دەرەوەی فەرەنسایان لە مەراکیش کرد و لە شەڕی (ڕیف) لە ساڵی (1925 و 1926) پشتیوانیان لە عەبدولکەریم ئەلختابی کرد. (هاوپەیمانی نێوان کۆڵۆنیالەکان) کە لە سەرەتای ساڵی (1922) دامەزرا، لایەنگرانێکی لە کۆڵۆنیالی فەرەنسی لە دەوری یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی (کاری یەکسان، مافی یەکسان) کۆ کردەوە. بەشی هیند و چینی ئەم هاوپەیمانییە لە ژێر چاودێری نگوین ئای کویوک (هۆشی مینە) کە لە ئەیلوولی (1945) بوە سەرۆک (کۆماری دیموکراتی ڤێتنام)، لە ساڵی (1925) کاندیدی سەرۆکی شارەوانی پاریس بوو. (کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی) بۆ هاوپێوەندی نێوان نەتەوەکان زیاد کرا و بە هاوشان دانانیان و هاوکاریکردنی چالاکوانانی، ڕەوتی دژە کۆڵۆنیالی، پان ئەفریقیی و دژە ڕەگەزپەرستی دروست کرد.

چالاکییە کۆمۆنیستییەکان لە ئاستی جیا جیاو لە ناو ڕایەڵە فرەنەتەوەیی و شارەکانی فەرەنسا ئەنجامدرا، کە لە سییەکان بە هاوتەریبی دامەزراوەکانی پەیوەست بە سەرۆک شارەوانییەکانی (سوور) ڕایەڵەیەک لە ئەنجومەنی هاوڕێیەتی پێکهات و سەریکێشایە قەڵەمبازێک لە لایەنگران. گونجاندنی پەیامی کۆمۆنیستی لەگەڵ واقیعیەتی کۆمەڵگای فەرەنسی بووە هۆی تەشەنەکردنی ئەم پەیامە لە قەڵا کرێکارییەکانی وەک کارگەکانی ڕینۆ لە بیانکۆی خۆرئاوای پاریسەوە بۆ ناو گوندەکانەوە و وەڵامی ویستی بەرگریکردن لە خاوەندارییکردنی تایبەتی خێزانی دایەوە و لە سەرقاڵ بوونیان بە زەوییەکان، توشی بارودۆخێکی ناسکی کردن. ئەلفرید کۆستنی کرێکاری پێشووی کارگەی دروستکردنی ڕینۆ و کاندید لە بولوین – بیانکور لە ناو نوێنەرانی نوێی کۆمۆنیستی دابوو کە ساڵی (1936) لە سەردەمی (بەرەی جەماوەریی) هەڵبژێردرا و ماریۆس وازیلس، جووتیاری نموونەیی لە سەندیکای کشتوکاڵی، لە کورز هەڵبژێردرا.

سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک، دیسامبر2020

 111 جار بینراوە