سەرەکی » زانست » وزەی خۆر، هەرزان و هەمیشە بەردەست و هاوڕێی ژینگەیە

وزەی خۆر، هەرزان و هەمیشە بەردەست و هاوڕێی ژینگەیە

بۆ ئەوەی ژینگە بپارێزرێت و كەشو هەوای زەویش لە گەرمبوون ڕزگار بكرێت، وزەی خۆر ئامڕازێكی گونجاوە و تا خۆر هەبێت ئەو وزەیەش لەبن نایەت.

ئەم وزەیە گرنگییەكەی لەوەدایە كە لە بەرهەمهێنانی كارەبادا تێچووەكەیەكی زۆر هەرزانی دەوێت هیچ دووەم ئۆكسیدێكی كاربۆنیش فڕێناداتە هەواوە.

بە گوێرەی داتاكان تا ئێستا(%3)ی پێداویستی كارەبای جیهان لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابیندەكرێت و پێشبینی دەكرێت تا ساڵی (2030)دا وزەی خۆر (%30) پێداویستیەكانی جیهان بۆ كارەبا دابین بكات.

خەرجییەكی كەمتر
لە زۆر شوێنی جیهان بەرهەمهێنانی كارەبا بەوزەی خۆر تێچووەیەكی كەمتری هەیە، بە تایبەت گەر لە ڕێگەی دامەزراوەی گەورەوە بێت و لەو ناوچانەدا بێت كەخۆرەتاوی زۆرترە و دواجاریش دامەزراوەی خۆریی زۆر زیاد دەبێت و ئەمەش وا دەكات كە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە شێوەیەكی گشتیی لەسەرئاستی جیهان زیاتر بێت.

لەكوێ خۆر هەبێت وزەی خۆر بەردەستە
دەتوانرێت دامەزراوەی خۆری لە زۆربەی شوێنەكان بونیات بنرێت بە تایبەت بیابان و ڕووبەرە وشكەكان و رووبەری ئاسایی و حەوزی ئاویی، بۆ نمونە لە سویسرادا دامەزراوەی وزەی خۆر لەسەر حەوزێكی دەستكردی ناوچەی ئەلپ دروستكراوە.

بەكارهێنانی دوولایەنە
دەتوانرێت لەپاڵ بونیاتنانی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر سوود لەو ڕووبەرانە ببینرێت كە پلێتە گەورەكانی تێدا دادەنرێت و بۆ مەبەستی كشتوكاڵیی و ئاژەڵ و پەلەوەر بەخێوكردن، چونكە هەرچەندە ئەو ناوچانە گەرم بن، بەڵام ژێر پلێتەكان دەبنە ڕووبەرێكی گونجاو بۆ كشتوكاڵ و بە خێوكردنی ئاژەڵ و پەلەوەر، ئەم شێوازەش لە چەند ناوچەیەكی چین گیراوەتەبەر كە ژێر پلێتەكان كراونەتە كێلگەی بەخێوكردنی پەلەوەر و لە هەندێك ناوچەی بیابانیش سوود لە سێبەری پلێتەكان دەبینرێت بۆ كشتوكاڵ.

كارەبایەكی هەرزان
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیی پسپۆڕانی ژینگەیە ئەوەیە كە لە زۆربەی ڕووبەرەكانی جیهاندا پلێتی وزەی خۆر شتێكی ئاساییە و دەتوانرێت لە هەمان شوێنێش وزەی كارەبا بەرهەمبهێنرێت و پێویست بە ڕاكێشانی تەلی كارەبا و تاوەری گۆڕەر ناكات واتە پارەیەكی كەمتر دەچێتە بەرهەمهێنانی كارەبا، بۆ نمونە لە ئەڵمانیا تێچووی ئەو كارەبایەی لەپلێتێكی وزەی خۆرەوە بەدەست دێت سێ هێندەی كارەبای ئاسایی هەرزانە.

بەرهەمهێنانێك لەگەڵ داهاتوو
تەنانەت پیشەسازیش كە پێویستی بە وزەیەكی زۆرە ئێستا پشت دەبەستێت بە وزەی خۆری هەرزان، بۆ نمونەش لە ئیسپانیا كارگەیەكی زەبەلاحی كیمیایی وەك پایەر دەیەوێت لەئایندەیەكی نزیكدا(%100)ی بەرهەمهێنانی پشت ببەستێت بە كارەبای خاوێن بە تایبەتیش لە وزەی خۆرەوە بە دەستی بێنێت، ئەمەش شتێكی ئەرێنییە بۆ وەبەرهێنەكان كە كۆمپانیای دۆستی ژینگەیان بەلاوە پەسەندە.

نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو هەر لە ئیسپانیادا سوود لە پلێتەكانی وزەی خۆر وەرگیراوە و ژێرەكانیان كراونەتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل، كە ئەمەش وایكردووە ئەو وڵاتە هەنگاو بەرەو ئەوە بنێت تا (10) ساڵی ئایندە زۆربەی زۆری ئۆتۆمبیلەكانی بگۆرێت بە ئۆتۆمبیلی كارەبایی و بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە وزەی خۆر ببینێت.

كارەبا بۆ هەموان و لە هەموو شوێنێك
ماوەی دوو دەیەیە زۆربەی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان هاو تەریب لەگەڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان بیر لەوە دەكەنەوە كە وزەی خۆر بكەنە جێگرەوەی زۆر سەرچاوەی تری وزە و زۆربەی ئەو ئامێرانەی كالە پیشەسازییەكانی بواری ئەلكترۆنیی و كارەبایی ئامێر دروست دەكەن كە بەوزەی خۆر كاربكات، ئەمەش كارئاسانیی زۆر دەكات بۆ ئەو كەسانەی لە شوێنە دوور دەستەكاندا دەژین بۆ ئەوەی سود لەو بەرهەمانە ببینن كە بە وزەی خۆر كاردەكەن و بەكاری بهێنن بۆ ڕاییكردنی كاروباری ڕۆژانەیان.

پێشتر بە تەنها(770) ملیۆن كەس لە چەند ناوچەیەكی بەرفراوانی ئەفریقیا و هەندێك وڵاتی باشوری ئاسیا و ئەمریكای لاتین بێ كارەبا دەژیان، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە ئەم واقیعە گۆردراوە و نزیكەی (٢٥٠) ملیۆن كەس دەتوانن سوود لە كارەبا وەرگرن كە بە هۆی وزەی خۆرەوە بەرهەم دێت یان لە رێگەی ئەو پاترییە تایبەتە بارگاوی كراوانە بەوزەی خۆر و ڕوناككەرەوەی ئابورییانەوە كارەبایان بۆ دابینكراوە بەم ڕێگەیەش نزیكەی (٤) ملیۆن ماڵی بەنگلادیش وزەی كارەبایان پێدراوە.

چین دەبێتە پێشەنگی وزەی پاك
پێشتركارەبای وەرگیراولەوزەی خۆرەوە تێچووی زۆر بوو، بەڵام ساڵانە(%5بۆ%10)كەمدەكات، ئەمەش بە واتای هەرزانبوونی ئەو جۆرەی وزەیە، چینیش ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و بڕیاریشە گەورەترین كۆمپانیای ئەو وڵاتە تا ساڵی(2023)چەندین جۆر پلێتی وزەی خۆر دروست بكات كە توانای وزەكەی لە ساڵێكدا بگاتە(60) گیگا وات.

سەرچاوە:DW

 142 جار بینراوە