سەرەکی » راپۆرت » توركیا و فەرەنسا، لە گرژیی دیپلۆماسییەوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان

توركیا و فەرەنسا، لە گرژیی دیپلۆماسییەوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان

توركیا و فەرەنسا پێدەچێت هەنگاو بەرەو قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانیان بنێن و كۆتایی بەو بارگرژییە دیپلۆماسییە بهێنن، كە لە ساڵی رابردوودا تاكو توندترین ئاستی خۆی رۆیشت.

پەیوەندییەكانی پاریس و ئەنقەرە ئاسایی دەبنەوە؟
تا ئێستا روون نییە كە قۆناغی نوێی پەیوەندیی سیاسیی نێوان فەرەنسا و توركیا چۆن و لە سەر چ ئەساسێك روو لە ئاساییبوونەوە دەكات، بەڵام ئەوەیە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، رێكەوتوون بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەی نێوانیان و باشتركردنی پەیوەندییەكانیان. ئەم نیەتە سیاسییە دوای ئەوە دێت كە هەردوولایەن نامەیان ئاڵوگۆڕكردووە و ئەردۆغان لە سەرەتای ئەمساڵدا نامەیەكی ئاراستەی ماكرۆن كردووە و لەبارەی چەند رووداوێكی كۆتایی ساڵی رابردوو، لەوانە كوژرانی مامۆستاكەی فەرەنسا، سەرەخۆشی خۆی پێڕاگەیاندووە. لە بەرامبەردا، ماكرۆن وەڵامێكی ئەرێنی ئەردۆغانی داوەتەوە. ئاماژەكانی ئەو ئاڵوگۆڕكردنی نامەیە بە باوەڕی شرۆڤەكارانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، لە سادەترین روانیندا خۆی لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتدا دەبینێتەوە.

كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە كوێ دەگەن؟
وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە، ماكرۆن رەزامەندیی بۆ چاوپێكەوتن و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان پیشانداوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە بە درێژایی ساڵی رابردوو، توركیا و فەرەنسا گرژی و ئاڵۆزییەكی زۆر لە نێوانیاندا روویدا، پرسەكانی وەك، شەڕی سوریا و لیبیا، كاریكاتۆرەكانی شارلی ئیبدۆ، چالاكییەكانی گەڕانی توركیا بەدوای وزەدا لە بەشی خۆرهەڵاتی ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست، شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناوچەی كاراباخ، تا هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لەو كێشانەن كە هەردوو وڵاتی تاكو لێواری هەڵگیرسانی شەڕ برد.

زۆرترین ئەو پرسیارانەی كە ئێستا دەكرێن ئەوەیە، ئایا بە تەنها كۆبوونەوەیەك و ئاڵوگۆڕی نامەیەك، كێشەكانی نێوان پاریس و ئەنقەرە بەرەو كۆتایی دەچن؟ لە كاتێكدا هەردوو وڵات كۆی ئەو كێشانەیان بە كێشەی جیۆپۆلەتیك دەبینن.

كێشەی جیۆپۆلەتیكی
هەرچەندە دروستبوونی بەستەڵەكی نێوان توركیا و فەرەنسا شتێكی نوێ نییە، بەڵام لە سەردەمی هاتنی ماكرۆن بۆ كۆشكی ئەلیزێ، ئاستی پەیوەندییەكانی هەردوولا خراپتر بووە، توركیا و فەرەنسا لە سەردەمی نیكۆلا ساركۆزی سەرۆكی پێشووی فەرەنسا، پەیوەندییەكانیان تێكچوو، بەتایبەت لەسەر پرسی بە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپادا. ساركۆزی پێیوابوو كە توركیا پەیوەندی هەیە بە ئاسیا و جیهانی ئیسلامەوە و نابێت بچێتە ئەوروپا، بەڵام لەسەردەمی ماكرۆن، كێشەی نێوان هەردوو وڵات چووە ئاستی ناوچەی جێ نفوز، واتە پرسی جیۆپۆلەتیكی، بەمەش وەك شرۆڤەكارانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی دەڵێن، ململانێ و دەرگیری هەردوو لایان جیۆپۆلەتیكییە، توركیا لە ناوچەی جێ نفوزی فەرەنسا لە هەوڵی بەهێزكردنی شوێن و پێگەی خۆیدا بوو، ئەمەش ناكۆك بوو لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی فەرەنسا وێك نەدەهاتەوە. لەم رووەوە، سیاسەتەكانی ساڵی رابردووی توركیا لەبەرامبەر لیبیا، سوریا، میسر و گرژییەكانی دەریای ناوەڕاست و قەوقاز، بوونە هۆكاری نیگەرانیی فەرەنسا، وەك دەوترێت، توركیا لە ناوچەكەدا لەو شوێنانەدا بەدوای بەهێزكردنی نفوزی خۆیەوەیەتی كە پێشتر جێ نفوزی فەرەنسا بوون.

وێڕای هەموو ئەو ناكۆكی و ململانێ سیاسی و دیپلۆماسییانەی لە نێوان پاریس و ئەنقەرەدا لە ئارادان، دوور لە چاوەڕوانی نییە كە لە ماوەیەكی كەمدا هەردوولایەن لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیدا كۆببنەوە.

ئەنجامی كۆی ئەو كێشانەی تا ئێستا لە ئارادابوون، روون نییە چۆن دەشكێنەوە، بەڵام بەبینینی كۆی ئەو كێشانەی لە نێوان هەردوولا لە ئارادان، رەنگە مامەڵەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە ئاراوە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 126 جار بینراوە