سەرەکی » راپۆرت » ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای لێپێچینەوە لە سەرپێچی و گەندەڵییەكانی ئیدارەی كەركوك دەكات

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای لێپێچینەوە لە سەرپێچی و گەندەڵییەكانی ئیدارەی كەركوك دەكات

كەركوك، كوردستانی نوێ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، پەردە لەسەر گەندەڵییەكانی ئیدارەی كەركوك هەڵدەداتەوەو رایدەگەیەنێت: بەداخەوە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە ناوچەو گەڕەك و كۆڵانەكانی كەركوك، وەك یەك نییە و ناوچە كوردنشینەكانی پارێزگاكە، لەچەندین رووەوە فەرامۆشكراوە.

شارەكە بێبەشكراوە لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان
لەكۆبوونەوەیەكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، رێبوار تەها، رەخنەی لەكارەكانی ئیدارەی كەركوك، گرتووەو وتوویەتی: كەركوك، ئیدارەیەكی گەندەڵ و شكستخواردوو بەڕێوەیدەبات. ئاماژەی بەوەشكردووە كە شارەكە بێبەشكراوە لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان، ئەوەش وایكردووە هاووڵاتیانی كەركوك هەست بە غەدری گەورە بكەن.

لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتمان لێ ئاگاداركردۆتەوە
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، وتیشی: زۆر بەوردی چاودێریی كارەكانی ئیدارەی كەركوكمان كردووەو بەردەوامیش دەبین و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراقیشمان لێ ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ رێوشوێنێك لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتەوە بەرامبەر ئیدارەی كەركوك نەگیراوەتەبەر.

بەیاننامەی مەڵبەندی كەركوك
لەبەیاننامەیەكیشدا، مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتیوانیی تەواوی بۆ لێدوان و بۆچوونەكانی رێبوار تەها و پەرلەمانتارانی دیكەی یەكێتی لەكەركوك، دەربڕیوەو داوادەكات «لێپێچینەوە لەگەندەڵییەكانی ئیدارەی كەركوك بكرێت و گەندەڵكاران سزا بدرێن. دەستەی نەزاهەو چاودێریی داراییش ئەركە یاسایی و كارگێڕییەكانیان جێبەجێبكەن بەرامبەر گەندەڵییەكانی ئیدارەی كەركوك«.

 137 جار بینراوە