سەرەکی » راپۆرت » كیم كارداشیان، ئەو ژنەی بێ ئەوەی هیچ بەهرەیەكی هەبێت دەوڵەمەند بوو!

كیم كارداشیان، ئەو ژنەی بێ ئەوەی هیچ بەهرەیەكی هەبێت دەوڵەمەند بوو!

لەم رۆژگارەدا كەم كەس هەیە بە ناوی كیم كارداشیان ئاشنا نەبێت لە رێگەی ئەویشەوە خێزانە قەرەباڵغەكەی نەناسێت.

كیم كارداشیان كە رۆژی (21)ی ئۆكتۆبەری رابردوو تەمەنی بووە (40) ساڵ، كێیە و بە چی ئەو هەموو ناوبانگەی پەیدا كرد؟

مانگی پێشوو راگەیەنرا كە زنجیرە درامای (لەگەڵ خێزانی كارداشیان) دوای (14) ساڵ نمایش راگیرا، كۆتایی ئەم بەرنامەیە كە بووە هۆی دەوڵەمەندبوون و بەناوبانگبوونی كیم كارداشیان زۆر گرنگ نییە، كیم بەم دواییانە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: داهاتەكەی لە رێگەی ئینستاگرامەوە لە یەك بەشی یان فەسڵی تەواوی ئەو زنجیرە درامایە زیاترە كە(14) ساڵە پێشكەش دەكرێت.

پێش بەرنامەی (لەگەڵ خێزانی كارداشیاندا)، كیم كچێكی بێ ناونیشان بوو، بە هۆی هاوڕێیەتییەوە لەگەڵ (پاریس هیڵتۆن)ی میراتگری زنجیرە هۆتێلەكانی هیڵتۆن خۆی گەیاندە بەردەمی فۆتۆگرافەرە زیتەڵەكان.

زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی (لەگەڵ خێزانی كارداشیاندا) كە لە كەناڵی (E) پەخش دەكرا، جگە لە پیشاندانی ژیانی رۆژانەی خێزانی كارداشیان شتێكی دیكە نەبوو، بەڵام نەك تەنیا كیم، بەڵكو براكەی و دوو زڕخوشكەكەی و دایك و باوەپیارەكەشی گۆڕی بۆ كەسانی بەناوبانگ و دەوڵەمەند، تا ئەو رادەیەی كە بچووكترین ئەندامی خێزانەكەیان كە (كایلی جینەر) بوو بە یەكەم ژنی ملیاردێری خۆپێگەیەنەری جیهان، زڕخوشكەكەی دیكەشی كە (كەنداڵ جێنەر) بوو چووە ریزی مۆدێلە بەناوبانگەكانی جیهانەوە.

پێش هاوینی پار گۆڤاری (فۆرێبز) ئامارێكی بڵاو كردەوەو تیایدا دەڵێت: «سامانی كیم كارداشیان دەگاتە 900 ملیۆن دۆلار. كیم تەنیا لە ئینستاگرام 190 ملیۆن فۆلۆوەری هەیەو لە سایتە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەش زۆر چالاكە.»

ئەوانەی كە رەخنە لە كیم كارداشیان دەگرن كەم نین، كەسانێك كە پێیان وایە ژنێكی بێ بەهرەیەو بە یارمەتی راگەیاندنی زەرد دەركەوتووە و بووەتە خاوەنی سەرمایە، خۆیشی چەندان جار وتوویەتی كە ئەو دەستكەوتانە بۆ كچێكی بێ بەهرە كەم نییە.

ئەم ژنە لەدایكبوونی لۆس ئەنجلۆسە و نە ئەكتەرە و نە گۆرانیبێژ، نە هونەرمەندە و نە وەك هاوڕێ دێرینەكەی واتە (پاریس هیڵتۆن) میراتگری سامان، دەكرێ بڵێین بەخت یاوەری بووە ‌و دەرفەتەكانیشی باش قۆستۆتەوە، ئێستاش كاروباری زۆری هەیە لە بوارە جۆراو جۆرەكانی وەك پێداویستییەكانی جوانكاریی و مۆدێلی جلوبەرگ.

شووكردنی كیم كارداشیان بە (كانێ وێست)ی گۆرانیبێژی راپی ئەمریكا، زیاتر لەوەی ناوبانگی كیم كارداشیان زیاد بكات، ناوبانگی (كانێ وێست)ی زیاد كرد و ناوی هێنایەوە ناو ناوان.

بەڵام ئەم ژنە بێ بەهرەیە ئەوەندە ناوبانگی پەیدا كرد، كە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە یاسای چاكسازی لە یاسای زیندانەكاندا گەیشتە كۆشكی سپی.

ناكرێ باس كیم كارداشیان بكەین و باسی ئەو ڤیدیۆ پۆرنۆیە نەكەین كە لەگەڵ (رەی جەی)، واتە كەپڵە كۆنەكەیدا تۆماری كردبوو، ئەو ڤیدیۆیەی لە ساڵی 2002دا تۆمار كراوە، بەڵام ساڵی 2007 و چەند مانگێك پێش دەستپێكردنی زنجیرە دراما بەناوبانگەكەش كارداشیان بڵاو كرایەوە، تا ئێستاش كەس بە تەواوی نازانێ كە كارداشیان بە ئەنقەست بڵاوی كردەوە یان بەهۆی لەدەست دەرچوونەوە دزەی كردە ناو ئینتەرنێتەوە.

كیم كارداشیان ماوەیەك لەمەوبەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (ئۆپرا وینفر)ی وتی: «ئەو ڤیدیۆیە كاریگەری هەبووە لەسەر راكێشانی سەرنجی راگەیاندنەكان.) لە كۆتاییدا كیم كارداشیان ئەگەر سەردەمانێك وەك كچێكی بێ بەهرەش ناوبانگی پەیدا كردبێت، بەڵام لەم بیست ساڵەی دواییدا سەلماندی كە توانایەكی باشی لە قۆستنەوەی دەرفەتەكاندا و نایەڵێت هیچ هەلێكی لە كیس بچێت.

و: کوردستانی نوێ

سەرچاوە: BBC فارسی

 241 جار بینراوە