كۆسره‌ت ئه‌حمه‌د
ئه‌م كتێبه‌ی بوخاری وشیاری ئه‌گه‌ر له پێشه‌كییه‌وه حسابی بۆ بكه‌ین بریتییه له17 به‌ش، یان بابه‌ت سه‌باره‌ت به مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان، لێكۆڵه‌ر 29 سه‌رچاوه‌ی به زمانی جیاواز به كارهێناوه ئه‌مه‌ش متمانه ده‌داته خوێنه‌ر سه‌باره‌ت بهلێكۆڵینهوهكه. گرنگی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌وه‌دایه. ده‌كرێت ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی كورت و پوخت سه‌باره‌ت بهماه شه‌ره‌فخان، دۆزینه‌وه‌ی زانیاری و په‌یوه‌ندی نوێ به‌شێكه له هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه. دیاره لێكۆڵه‌ر باس له ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی مه‌ستووره ده‌كات. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته بهمهستووره و ساڵڕۆژی له دایكبوونی كه (1805)ه و چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی مه‌ستووره له‌و سه‌رده‌مه‌دا له لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه. چ ئاستێكی به‌رزی یه‌كسانی جێنده‌ری هه‌بووه له‌و په‌روه‌رده‌یه‌دا، ئێمه لایه‌نی عه‌قڵی كراوه‌ی باوك و باپیره‌ی مه‌ستووره ده‌خوێنینه‌وه. كه‌واته لێره‌دا په‌روه‌رده‌ی مه‌ستووره پهروردهیهكی عه‌قڵی بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ستووره خۆی منداڵێكی ژیر و زیته‌ڵ بووه. لێ به‌ختیش یاوه‌ری بووه له په‌روه‌رده‌بوونی له نێو خێزانێكی پێشكه‌وتوو و خاوه‌ن فیكرێكی فیمینزمانه به‌پێوه‌ری ئێستاكه. باوانی مه‌ستووره گرنگیان به خوێندن و فێربوونی زمانه‌كان داوه و مه‌ستووره‌یان خستۆته حوجره و له‌گه‌ڵ ناڕازیبوونی شێخی مزگه‌وت بۆ ئه‌م هه‌نگاوه، لێ باپیری مه‌ستووره ده‌ڵێت: ئێمه ده‌مانه‌وێت كچه‌كه‌مان به‌سه‌واد بێت. نه‌ده‌مانه‌وێت له فه‌رمانگا كار بكات و نه‌ببێته مامۆستا. دیاره زیره‌كی و وریایی و خولیا و جددیه‌تی مه‌ستووره له به‌رده‌وامبوونی له خوێندن و فراوانكردنی ئاسۆی زانست و زانیاری كه‌سایه‌تی ماه شه‌ره‌فخانی به نه‌مری هێشتۆته‌وه. لێكۆڵه‌ر مێژووی له دایكبوونی مه‌ستووره به به‌ڵگه ساغ ده‌كاته‌وه. له دایكبوونه‌كه به‌حكومه‌تی حاكمی ئه‌رده‌ڵانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
په‌یوه‌ندی نالی و مه‌ستووره
له په‌یوه‌ندی نالی و مه‌ستووره بوخاری پرسیارێك ده‌وروژێنێ و ده‌پرسێ: ئایا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان مه‌لا خدری شاره‌زووری (نالی)ی شاعیر و مه‌ستووره هه‌بووه؟ به‌ڕای لێكۆڵه‌ر قه‌سیده‌ی (مه‌ستووره) ی نالی له سه‌رده‌می خۆیدا نوێگه‌ری و ره‌چه‌شكێنی بووه، ئه‌ویش به‌ده‌ستبردن بۆ ئیرۆتیكا و جۆری ئه‌تككردنی شاعیر له باسكردنی ئه‌ندامی زاینده‌ی ژن. لێكۆڵه‌ر له‌نێو بێنه و به‌رده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌سیده‌كه بۆ نالی یانیش ئایا مه‌ستووره‌ی نێو قه‌سیده‌كه هه‌مان مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانییه؟ بوخاری هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه هاویه‌ك و دژیه‌كانه باس ده‌كات له مشتومڕی پرسیاره‌كاندا. دێت و به‌كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه له لێكۆڵینه‌وه له خاسیه‌تی شیعری نالی قه‌سیده‌كه بۆ نالی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، بۆ نموونه دووباره‌كردنه‌وه وشه له هه‌مان دێر و هه‌مان قه‌سیده‌دا به‌كارهێنانی چه‌ند جاره‌ی هه‌مان وشه به‌واتای جیاواز له نیوه‌ی دێڕی یه‌كه‌م و دووه‌می یه‌ك به‌یتدا. یانیش یه‌ك وشه به دوو واتای جیاواز له نێو دێڕی یه‌ك به‌یتدا. «ئایینه به ماینه ده‌بێ رهنگومابێ مه‌ستووره به مه‌ستووره ده‌بێ موهره گوشابێ» ئه‌م چه‌ند بارهكردنهوه بهخاسیهتێكی به‌هێزی شیعری نالی له قه‌ڵه‌م ده‌دات. خاڵێكی تر دانانی نیشانه یان ناسنامه بۆ شیعره‌كه. هه‌ر وه‌ك نالی له دێری (47) نازناوی خۆی داناوه وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ خاوه‌ندارێتی و به‌هێزترین به‌ڵگه‌ی خاوه‌ندارێتی نالی بۆ ئه‌م قه‌سیده‌یه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و رۆژه‌ی قه‌سیده‌ی مه‌ستووره ده‌نووسێت، ئێواره‌كه‌ی نالی سنه به‌جێدێڵێت. به بۆچوونی لێكۆڵه‌ری ئه‌م قه‌سیده‌یه له‌شیعره‌كانی سه‌ره‌تای نالی- یه و سه‌ره‌تای سۆزداری نالی بۆ مه‌ستووره‌یه دواتر گۆڕاوه بۆ حه‌بیبه (كه‌واته شیعره‌كه هی نالی- یه و حه‌بیبه‌ش مه‌ستووره‌یه) خاوه‌نێتی نالی بۆ شیعره‌كه له شێوه‌زاری نووسینی شیعره‌كه‌دا دیاره شاعیر خه‌ڵكی ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری سلێمانییه ئه‌ویش به به‌كارهێنانی چه‌ند نموونه‌یه‌ك له وشه‌كانی ناو شیعره‌كه «ئه‌م ساحێبی ئهشریحه ده‌بێ هه‌یئه‌ی (چا)بێ» چا واته (چاك ) وشه‌یه‌كه له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری به‌كاردێت و زۆر نموونه‌ی دیكه‌شی له‌م شێوه‌یه هێناوه‌ته‌وه. مه‌ستووره له قه‌سیده‌ی نالی دا سه‌رده‌می نووسینی قه‌سیده‌كه سه‌رده‌می گه‌نجیه‌تییه كه له سنه ژیاوه. ئه‌م دوانه هاوچه‌رخ بوون. هه‌ردووكیان گه‌نج بوون. به به‌كارهێنانی چه‌ند وشه‌یه‌ك له شیعره‌كه (عوقده‌م هه‌یه، بیكر نه‌سوابێ …هتد) مانای پاكیزه‌یی مه‌ستووره ده‌دات كه هه‌مان رای مه‌سعود محه‌مه‌ده. له ساڵی شووكردنی مه‌ستووره 1829 كه بیست ساڵ بووه، ساڵی له دایكبوونی نالی 1797 به گوێره‌ی سه‌جادی كه‌واته نالی له ته‌مه‌نی (25-30) ساڵیدا به‌گه‌نجی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی نووسیوه.
یه‌كه‌م ژنی مێژوونووس
هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌ر به‌هێنانه‌وه‌ی شیعرێكی دی نالی له سه‌رده‌می گه‌نجی دا نووسیویه‌تی و هاوچه‌رخی شیعری مه‌ستووره‌یه ده‌ڵێت كه حه‌بیبه‌ی نالی هه‌مان مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانییه له چه‌ند وشه‌یه‌كی ناو شیعره‌كه مه‌به‌ست له مه‌ستووره‌یه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كاتێك خه‌ون بهكهسێكهوه ده‌بینێت. ده‌بێت پێشتر ئه‌و كه‌سه‌مان دیبێ. گه‌رنا نه‌یناسیووه. بۆیه نالی و مه‌ستووره یه‌كتریان بینیووه. له توێژینه‌وه‌ی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی مه‌ستووره‌دا لێكۆڵه‌ر مه‌ستووره وه‌ك سیمبولێك بۆ ژنانی كورد داده‌نێت و كاریگه‌ری مه‌ستووره له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و نووسین ده‌رده‌خات. ئه‌و دیده‌ی كه نووسین كاری پیاوانه ده‌گۆڕێت بۆ نووسین كاری لێهاتوانه. هه‌روه‌ها بواره‌كانی نووسینی مه‌ستووره به‌یان ده‌كات هه‌ر له شیعر و مێژوو و ئایین و بیۆگرافیا. مه‌ستووره یه‌كه‌مین ژنه مێژوو بنووسێته‌وه، هه‌روه‌ها له بواری ئایینیش بنووسێت. هه‌روه‌ها خاوه‌نی كتێبێكه له‌سه‌ر شاعیر و ئهدیباتی كورد (مجمع الادباو) به‌ڵام چاپ نه‌كراوه و دیاریش نییه.
مێژووی ئه‌رده‌ڵان وه‌ك یه‌كه‌مین مێژوونووسی كورد و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لای لێكۆڵه‌ر گرنگی نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌رده‌ڵان له لایه‌ن مه‌ستووره‌وه نووسه‌ر به‌ویستی خۆی و بێ هیچ راسپارده‌یه‌ك مێژووه‌كه‌ی نووسیوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش واده‌كات راستییه مێژووییه‌كان له‌به‌رخاتری كه‌س نه‌شێوێنرێت باش و خراپ وه‌ك خۆی بنووسرێته‌وه. لێكۆڵه‌ر جیاوازی ده‌كات له نێوان مێژووی مه‌ستووره و شه‌رفخان، ده‌ڵێت شه‌رفخان ویستوویه‌تی پارێزگاری له ناوی خانه‌واده‌كانی كورد بكات. به‌ڵام مه‌ستووره به‌دیدێكی ره‌خنه‌گرانه و به‌راوردكارییانه مێژوو ده‌نووسێته‌وه. یه‌ڤگینی ڤهسیلیڤای رۆژهه‌ڵاتناس ده‌كاته شایه‌تی نووسینه ره‌خنه‌ییه‌كانی مه‌ستووره (گه‌واهیده‌ری ئه‌م جۆره نووسینه) و مه‌ستووره به‌هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه و به‌راورد كردن‌دا داهێنان له نووسینه‌وه‌ی مێژوو ده‌كات. هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌كه باس له لایه‌ن و چۆنیه‌تی بیركردنه‌وه‌ی مه‌ستووره ده‌كات و بڕوا و یه‌قینی مه‌ستووره له‌سه‌ر رووداوه‌كان و په‌یوه‌ست به‌بوونی به‌ویستی ئیراده و رازی بوون به‌و قه‌ده‌ره له‌خودا ده‌نووسێته‌وه. راستگۆیی مه‌ستووره له نووسینه‌وه‌دا له‌وه به‌دیار ده‌كه‌وێت كه به بڕیار و ویستی خۆی و دوور له فشار مێژووه‌كه‌ی نووسیوه‌ته‌وه. به‌ڵگه‌شی ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌ڕای خۆشه‌ویستی بۆ خوسره‌وخانی هاوسه‌ری باس له‌خراپ ره‌فتاری خوسره‌و خان ده‌كات و چاوی له زوڵم زۆری ئه‌و نهنووقاندووه. لێكۆڵه‌ر شێوازی نووسینهوهكهی هێناوه‌ته به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه باس له‌سه‌رچاوه مێژووییه‌كان و ئاوێته‌كردن و به‌راوردكردنیان و دۆكۆمێنته مێژووییه‌كان و دووباره داڕشتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن مه‌ستووره‌وه باس ده‌كات.
شایه‌تحاڵی حكومڕانیی میرانی ئه‌رده‌ڵان
مه‌ستووره خۆی بۆته شایه‌تحاڵی حكومڕانی میرانی ئه‌رده‌ڵانی و خاڵه به‌هێز و لاوازه‌كانی ده‌ستنیشان كردووه بۆ په‌ند وه‌رگرتن. لێكۆڵه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای دروستكردنی مێژووییه‌كی فه‌لسه‌فییه. له‌م لێكۆڵینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ مێژووی ئه‌رده‌ڵان ته‌نێ مێژوویه‌كی سیاسی نییه، به‌ڵكو نووسینه‌وه‌ی جومگه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دارایی و سه‌ربازی و شارستانیشه. لێره ره‌خنه‌گرتن له زمانی نووسینی مه‌ستووره خۆی قووت ده‌كاته‌وه. دیاره مه‌ستووره زۆرینه‌ی نووسینه‌كانی به زمانی فارسی بووه وێڕای زانینی كوردییه‌كی ره‌وان. لێ شاره‌زایی باشی له زمانی فارسی وایكردووه به‌زمانێكی ئه‌ده‌بی پته‌وی فارسی بنووسێت. ئه‌مه‌ش مایه‌ی داخه كه به‌كوردی نه‌نووسراوه. لێكۆڵه‌ر گرنگی داوه به بابه‌ته تاقانهییهكانی مه‌ستووره. چ وه‌ك نووسینه‌وه‌ی مێژوو یانیش ئایین له نووسینه‌وه‌ی كتێبی (شرعیات) هه‌روه‌ها باس له‌و سه‌رده‌مه ده‌كات و ره‌خنه له‌و حاڵه‌ته ده‌گرێت كه ژن له‌و ئاسته نزم تره له‌وه‌ی ده‌ست بۆ بابه‌ته ئایینییه‌كان ببات. به‌م شێوه‌یه مه‌ستووره یه‌كه‌مین ژنه كه له‌بواری ئایینی‌دا نووسیوێتی و یه‌كه‌مین كتێبی ئایینییه به زمانی فارسی نووسرابێت. لێره‌دا كاریگه‌ری فیكر و رێبازی مه‌ولانا خالید (ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی) له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی مه‌ستووره ده‌خوێنینه‌وه. له هه‌ر به‌شێك و باسی هه‌ر كتێبێك وه‌ك زێده‌كردنی بانكی زانیارییه‌كان، ناوی كتێب و ساڵ و جاری چاپ له كۆتایی به‌شه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه. به‌شێكی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه بۆ دیوانی شیعری مه‌ستووره ته‌رخان كراوه و تێیدا ماه شه‌ره‌فخان به پێشه‌نگ و نوێخواز ناساندراوه هه‌روه‌ها خاڵی به‌هێزی شیعره‌كان و دیاری كردنی ته‌مه‌نی نووسینی شیعر لای مه‌ستووره و هۆكار و پاڵنه‌ری مه‌ستووره بۆ شیعر ئه‌مانه هاتوونه‌ته به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه. شیعره‌كانی به كوردی و فارسی نووسیوه و ئه‌گه‌رچی شیعره كوردییه‌كانی كه من لێ خۆشبه‌ختانه ماون و به‌زاری هه‌ورامی و سۆرانی نووسراون لێكۆڵه‌ر باس له گرێی شیعری مه‌ستووره ده‌كات ئه‌ویش كه قه‌ڵه‌مێكی پیاوانه‌یه زێتر له‌وه‌ی ژنانه بێت، نووسه‌ر ئه‌م گرێییه شی ده‌كاته‌وه و ئه‌م جۆره نووسینه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه خوێندن و شیعر بۆ ژنان له رووی ئایینیه‌وه نه‌هی لێكراو بوو. به‌ڵام دوای مردنی خوسره‌وخانی مێردی شێوازی شیعری ده‌گۆڕێت بۆ شیعری ژنانه و شیعره‌كانی له رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه زۆر غه‌مگینن ده‌بن به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت به‌دامه‌زرێنه‌ری شیوه‌نه شیعر. هه‌روه‌ها باس له رواڵه‌تی شیعر ده‌كات. له شیعره كوردییه‌كانی مه‌ستووره خۆی له كتێبی (عه‌روزی) بێگانه رزگار كردووه و كێشی بڕگه‌یی به‌كارهێناوه: به‌ڕای لێكۆڵه‌ر مه‌ستووره له شیعره كوردییه‌كانی داهێنان ده‌كات و جیاوازه له‌شیعره فارسییه‌كان. لاپه‌ڕه 95 تا 172 شیعره‌كانی مه‌ستووره به زمانی فارسی و كوردی زاراوه‌ی جیاواز بڵاوكراوه‌ته‌وه. لێكۆڵینه‌وه‌كه باس له ده‌ستخه‌ته‌كانی مه‌ستووره ده‌كات و بێبه‌ش نه‌بوونیان له كه‌م و كوڕی و له‌ناوچوون و ونبوون. له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌قی نووسراوی م.(محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی) و هه‌روه‌ها وێنه‌ی ده‌ستخه‌ته زۆر جوانه‌كه‌ی به‌خه‌تی (نه‌سته‌علیق) ی شكست ئامێزه. به‌شێكی دی لێكۆڵینه‌وه‌كه پیره‌مێرد و مه‌ستووره‌یه. باس له سه‌رسامی پیره‌مێردی شاعیر ده‌كات بهشیعرهكان و ده‌سخه‌تی مه‌ستووره ده‌كات و كه چۆن (پیره‌مێرد) حاجی تۆفیق به‌گ مه‌ستووره وه‌ك گه‌وهه‌رێكی شه‌وچرای كوردستان ده‌بینێت و ده شیعری وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی كوردی و له‌رۆژنامه‌ی ژین بڵاوی كرۆته‌وه .
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه بوونی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فارسییه و وه‌رگێڕانه كوردییه‌كه‌شی دانراوه كه تێیدا هاتووه وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سێ نووسه‌ری به توانا دیاری ده‌كات بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورد و بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورده‌كان ئێرانی ره‌سه‌نن و به‌شێكی دانه‌بڕاوی فارس و ئیرانن، به‌رای لێكۆڵه‌ر ئه‌مه‌ش شێواندنی مێژووی كورده. له دوابه‌شدا وێنه‌ی گۆڕی مه‌ستووره و ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی بۆی دروستكراوه له‌گه‌ل كۆشكی خوسره‌وخان كه ماه شه‌ره‌ف تێیدا ژیاوه. به‌رگی كتێبی تاریخ اردلان و دیوانی ماه شرف خانم كردستانی و نالی و پیرمێرد بڵاوكراوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ په‌راوێزێكی زۆر له لاپه‌ڕه‌ی 223—264 هه‌یه ده‌ستخۆشی له بوخاری وشیار ده‌كه‌م بۆ ئه‌م لێكۆڵینه‌وه زانستیانهیهی كه ماندووبوونێكی زۆری پێوه دیاره.
267 جار بینراوە