سەرەکی » راپۆرت » هاووڵاتیان: دابەشکردنی نەوت بە خاوی بەڕێوەدەچێت

لە بازاڕ بەرمێلێک نەوت بە 115 هەزار دینارە

هاووڵاتیان: دابەشکردنی نەوت بە خاوی بەڕێوەدەچێت

ئەسرین محەمەد

فولکەی مامە ریشە شوێنی سەرەکی فرۆشتنی نەوتە لە سلێمانی، مام عوسمان هاتووە سەودای کڕینی بەرمیلێک نەوت دەکات و لەگەڵ دوکاندارەکە لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بەرمیلێک نەوتی بە 105 هەزار دینار پێ بفرۆشێت و دوکاندارەکە رازی نابێت.

مام عوسمان فۆڕمی خۆراکەکەی مەڵبەندی نۆیە و هاوینی رابردوو بەرمیلێک نەوتی کڕیوە بەو هیوایەی لەگەڵ بەشە نەوتی ئەمساڵدا زستانی پێ بەڕێ بکات، بەڵام لە وەرگرتنی بەشە نەوتەکەی بێ ئومێد بووە و دەڵێت،» پێشینان وتویانە ئەگەر بە تەمای ماڵە هاوسێ بیت بەبێ شێو سەردەنێیتەوە، منیش گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر بە تەمای وەرگرتنی بەرمیلە نەوتەکەم بم بۆ ئەم زستانە دەبێت رەق بینەوە».

بەپێی ئەو بەشە نەوتەی لە حکومەتی عیراقەوە ساڵانە بۆ پارێزگاکانی هەرێم و سلێمانیش لە نێوانیاندا دەنێردرێت بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکات لە پارێزگای سلێمانی.

دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێتەوە
ئێستا کە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، نزمترین پلەی گەرمای پێشبینی کراو لە پارێزگای سلێمانی دوو پلە ژێر سفر و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینی کراو نۆ پلەی سەدییە، لە هەر هاووڵاتییەک دەپرسیت دەربارەی دابەشکردنی نەوت گلەیی هەیە.

ئامینە محەمەد هاووڵاتییەکە گلەیی لە خاوی دابەشکردنی نەوت هەیەو دەڵێت، ساڵی نەوتی مەڵبەندێک دابەش دەکرێت من مەڵبەندی حەوتم و چاوەڕێم دوای حەوت ساڵی تر بەشە نەوتەکەم وەرگرم.
کەمال عەلی دەڵێت، ناکرێت وڵاتەکەت نەوت بنێرێتە دەرەوە کەچی حکومەتەکەت ساڵانە نەوتی پێ نەدرێت و هاووڵاتییەکانی بە دەبە نەوت بکڕن.

گلەیی ئەو هاووڵاتییانە لە کاتێکدایە پاش ماوەیەکی زۆر لە وەستانی، ساڵی رابردوو دەست بە دابەشکردنی بەشە نەوتی هاووڵاتیان کرایەوە لە پارێزگای سلێمانی و تائێستا تەنها مەڵبەندەکانی دوو و سێ نەوتیان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە نەوت خەزن ناکەن و بەپێی ئەو بڕە نەوتەی لە بەغداوە بۆیان دەنێردرێت بەردەوام دەبن لە دابەشکردنی نەوت بەسەر خێزانەکاندا.

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، لە بەغداوە بڕە نەوتی تریان بۆ هاتووە بەم زوانە لە مەڵبەندی چوار دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەنەوە.

نەوت فرۆشان رێگرن لەبەردەم هاووڵاتیان
گرفتی هاووڵاتیان تەنها خاوی دابەشکردنەکە نییە، بەڵکو کاتێک لە گەڕەکێک نەوت دابەش دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە نەوت فرۆشان دەچنە گەڕەکەکان هەر یەکەو بە ژمارەیەک بەرمیلی بەتاڵەوەو دەیانەوێت نەوت وەربگرن و رێگری لە هاووڵاتییانی گەڕەکەکان دەکەن بە ئاسانی نەوتەکەیان وەرگرن.

سەبیحە عەلی هاووڵاتییەکە وتی،» یەکەمجار کە نەوت هاتە گەڕەک لەبەر نەوت فرۆشەکان بەر من نەکەوت و بۆ جاری دووەم کە هاتەوە ئینجا وەرمگرت».

کاروان عەبدوڵا هاووڵاتی وتی،» تا بەشە نەوتەکەم وەرگرت دوو شەڕم کرد لەگەڵ نەوت فرۆشەکان لە بەردەم ماڵی خۆم رێگەیان نەدەدا نەوتەکە وەرگرم و نۆرەبڕییان دەکرد».

نەوت فرۆشەکانیش بیانووی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی دەیکەن و ئاوات عوسمانی نەوت فرۆش وتی،»هەر بەرمیلە نەوتێک کە بۆ هاووڵاتیانی وەردەگرین 10 هەزار دیناری تێدایە بۆ ئێمە و کاسبی دەکەین».

لەسەر ئەو دیاردەیە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە نووسراوی رەسمی داوای لە ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی کردووە لە کاتی دابەشکردنی نەوتدا هاوكاریان بن و مەفرەزەیەک لەگەڵ لیژنەکانیان بنێرن تا هاووڵاتیان بتوانن بە باشی بەشە نەوتەکەیان وەرگرن و نەوت فرۆشەکانی قۆرخی نەکەن بۆ خۆیان، محەمەد حەسیب وتی:» ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە وەک پێویست نەچوون بەدەم داواکارییەکەیانەوە و تەنها یەکجار مەفرەزەیان نارد لەگەڵ لیژنەکانی دابەشکردنی نەوت».

کۆمپانیاکان ناچارکراون نەوت بهێننە بازاڕ
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لەوکاتەوەی دەستی بە دابەشکردنی نەوت کردووەتەوە، 14 ملیۆن و 163 هەزار و 668 لیتر نەوتی لە بەغداوە بۆ هاتووەو لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و قەزاکانی چوارقوڕنە و چەمچەماڵ و دەربەندیخان و عەربەت و ئیدارەی گەرمیان دابەشی کردووە کە بۆ هەر خێزانێک بڕی 200 لیترە و لە بەرامبەردا 44 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.

لە بازاڕی هەرێمدا نەوتی بەغدا و ئێران دەفرۆشرێت و دابەزینی بەهای دیناریش لە بەرامبەر دۆلار دا کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، دلۆڤان کەریم نەوت فرۆش وتی:» پێشتر نرخی بەرمیلێک نەوت 100 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە 115 هەزار دینارە».

لە پێناو راگرتنی نرخی نەوت لە بازاڕدا بەبڕیارێک کۆمپانیاکانی هێنانی بەنزین ناچار کراون لە مانگەکانی زستاندا نەوتیش بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەنگی نرخی نەوت رابگرن و زۆر بەرز نەبێتەوە محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند،» لە ماوەی رابردودا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت زیاتر لە سێ هەزار تەنکەر نەوتیان هێناوەتە بازاڕەوە و ئەوش وادەکات نەوت لە بازاڕدا زۆربێت و نرخەکەی تاڕادەیەک بە جێگیریی بمێنێتەوە».

تەنها پارێزگای سلێمانی پێویستی بە نزیکەی 108 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک بڕی بەرمیلێک نەوتی پێ بدرێت و دابەشکردنی بەشە نەوتی هاووڵاتیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە ماوەی سێ ساڵە لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێر نەوت دابەش نەکراوەو لە پارێزگای دهۆکیش بە هەمان شێوە پرۆسەی نەوت دابەشکردن بەسەر هاووڵاتیاندا بە خاوی بەڕێوە دەچێت.

 171 جار بینراوە